چەکداماڵینی پەکەکە بە مۆدێلی تورکیا

26-05-2025
رەسەن رەمزی
A+ A-
 
دوای بڕیاری دوانزدەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە 12ی ئایار کە تیایدا کۆتاییهێنانی بە خەباتی چەکداری پەکەکە و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکخراوە دراوە، ئێستا تورکیا چاوی لەوەیە پەکەکە دەست بکات بە داماڵینی چەکەکانی. چەکداماڵینی پەکەکە بە یەكێک لە گەورەترین و گرنگترین هەنگاوەکانی پرۆسەی ئاشتی و بەرەو دیموکراسی تورکیا هەژمار دەکرێت، بەتایبەتیش بۆ ئەو پڕۆژەیەی کە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ناوی ناوە "تورکیای بێ تیرۆر." 
 
ناڕازەیەتیەکانی نێو پەکەکە لەدژی چەکدانان:
 
لە ریزەکانی کۆما چڤاکێن کوردستان (کەجەکە) و پەکەکە، لە سەرەتاوە دەنگی ناڕازی هەیە کە نابێت پەکەکە چەک دابنێت. بەتایبەتیش لەنێو ئەو گرووپە مارکسیست-لینینیستانەی کە لە تورکیا ناتوانن خەباتی چەکداری ئەنجام بدەن و پەنایان هێناوەتە بەر پەکەکە و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو سوودیان لە سەرچاوەی چەک و کەمپەکانی حەوانەوە و حەشارگەکانی پەکەکە وەرگرتووە. لە چەند رۆژی رابردوو بەرەی/پارتی رزگاریخوازی گەلی شۆڕشگێڕ-DHKP-C بانگەوازی ئەوەی بۆ چەکدارانی پەکەکە کردووە کە دەرگەیان واڵایە بۆ ئەو چەکدارانەی پەکەکە کە نایانەوێت چەک دابنێن. لەنێو ریزەکانی سەرکردایەتیی پەکەکەش دیارترینیان فەهمان حوسێن (کۆد: باهۆز ئێرداڵ)ـە کە ئێستا لە رۆژئاڤایە، دژی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەیە. ئەو هەڵوێستەی ئێرداڵ تاوەکو ئێستاش بەردەوامە و پەکەکەش وەکو تێبینی بە نیازە بیگەیێنێتە ئیمراڵی.
 
ئامادەکارییەکانی دەزگای هەواڵگریی تورکیا:
 
دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی تورکیا (میت) لە نزیکەوە چاودێریی پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە دەکات. هەواڵگریی تورکیا لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو دیراسەیەکی وردی چەکەکانی دەست پەکەکەی کردووە و خاوەن داتایەکی باشە. لە پرۆسەی کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە، هەواڵگریی تورکیا دەیەوێت چەکەکۆکراوەکان بەروارد بە داتاکانی خۆی بکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لە کۆکردنەوەی تەواوی چەکەکانی پەکەکە، بەڵام یەكێک لە ئاڵنگارییەکان ئەوەیە کە تائێستا نازاندرێت چەند لەو چەکانەی پەکەکە رەوانەی رۆژئاڤا کراوە. هەروەها هەواڵگریی تورکیا بە هاوئاهەنگیی سوپای تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە لەو قۆناخەدا چەکەکانی دەست پەکەکە دەستاودەست نەکات لەنێوان پەکەکە و ئەو گرووپە مارکسیست - لینینیستانەی نزیکن لە پەکەکە یاخود لە هەر هەوڵێک بۆ حەشاردانی بەشێک لە چەکەکانی پەکەکە و رادەسنەکردنەوەیان. 
 
وەکو ئامادەکاری بۆ هەر سیناریۆیەک، هەواڵگریی تورکیا پلانی A و B و C ئامادە کردووە. چونکە ترسیان لەوە هەیە دەرستێوەردانێکی دەرەکی ئەو پرۆسەیە پەک بخات. هەروەها سەرجەم ئەو فاکتەرانەی پێناسە کردووە کە لە پرۆسەی ئاشتیی 2013-2015 پرۆسەکەی پەکخست و نایەوێت ئەو ئەزموونە دووبارە ببێتەوە. ئەو فاکتەرانەی هەر لە دەرەوەی تورکیا نین بەڵکو لەنێو خۆی تورکیاش ئەگەری دەستێوەردان و لەکەدارکردن و پەکخستنی پرۆسەکە لە ئارادیە. لە فاکتەرە دەرەکییەکان ترسیان لە دەستێوەردانی ئیسرائیل لە پاشکۆکانی پەکەکە لە رۆژئاڤا و دەستێوەردانی ئێران لە گرووپ و کوتلەکانی نێو پەکەکە هەیە.
 
کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە بە مۆدێلی تورکیا:
 
تورکیا نیازی وایە تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیران (نزیکترین کات)، کۆتایی وەرزی هاوین (درێژترین کات) پەکەکە بەتەواوی چەکی دانابێت. پەلەکردن لەکۆتای پێهێنانی پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە میکانیزمێکی پتەو و هاوئاهەنگییەکی چڕی دەوێت لە مەیدان. کارکردن وا ئاسان نابێت، چونکە بوونی پەکەکە لە سێ وڵاتی وەکو تورکیا و عێراق و سووریا لە رووی سەربازییەوە، کارەکەی قورستر کردووە. بەپێی ژمارە فەرمییەکانی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا ژمارەی چەکدارانی پەکەکە لەنێو سنووری تورکیا ناگەتە 100 چەکدار. زۆرینەی ژمارەی چەکدارانی پەکەکە لەنێو سنووری هەرێمی کوردستانن. ژمارەی چەکدارانی پەکەکە لە رۆژئاڤا کەمترن. بۆیە دەزگای هەواڵگریی تورکیا بۆ هەر وڵاتێک نەخشە رێگەیەکی جیاوازی داناوە. هێشتا لە سەرەتای مانگی شوباتدا بووین، لەگەڵ سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە ئەنقەرە باسمان لە میکانیزمە چاوەڕوانکراوەکانی کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە دەکرد. دواتریش بەشێک لەو میکانیزمەم لە رووداو باس کرد. ئەوەی ئەمڕۆ لە پلانی تورکیا دایە هەر ئەوەبوو لە مانگی شوباتدا باسمان کرد. دەزگای هەواڵگریی تورکیا بۆ کۆکردنەوەی چەکەکانی پەکەکە، لەڕێگەی کۆمیسیۆنی هاوبەش لەگەڵ شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک ناوەندی کۆکردنەوەی چەک دادەنێت. لە رۆژئاڤاش چاوەڕوان دەکرێت ناوەندێکی کۆکردنەوەی چەک لە قامشلۆ دابنرێت.  
 
تورکیا ترسی لە پەکخستنی پرۆسەکە هەیە و لەلایەکی دیکەشەوە هێندە نەفەسی درێژ نییە لەو پرسەدا و دەیەوێت زوو بگاتە ئەنجام. بۆیە تورکیا مۆدێلێکی خۆی پەیڕەو دەکات لە چەککردنی پەکەکە. نایەوێت وەکو گرووپە یاخیبووەکانی دیکەی ئەورووپا پرۆسەی چەکدانانیان درێژە بکێشێت. هەروەک چۆن پرۆسەی چەکدانانی گرووپە یاخیبووەکانی IRAی ئیرلەندی شەش ساڵی خایاند کە لە ساڵی 1999 پرۆسەی چەکداماڵینەکە دەستی پێکرد و تاوەکو کۆتایی 2005ی خایاند. هەروەها گرووپی یاخیبووەکانی ETA لە هەرێمی باسکی ئیسپانیا کە لە پرۆسەی ئاگربەست تاوەکو چەک داماڵین شەش ساڵی خایاند (2011-2017). تورکیا نایەوێت پرۆسەی چەکداماڵینی پەکەکە هێندە درێژە بکێشێت. ئەگەرچی پەکەکە لە رووی پێکهاتە و فراوانیی سەرچاوەی مرۆیی و سەرچاوەی سەربازی و فرە سەرچاوەیی دارایی لە گرووپەکانی IRA  و ETA گەورەترە، بەڵام تورکیا نە ‌هێندەی کاتی لەبەر دەستە، نە هێندە سنگ فراوانە و متمانەی هەیە کە پرۆسەکە درێژە بکێشێت. لەو چەند مانگەی کە تورکیا دیاری کردووە تاوەکو چەند چەکەکانی پەکەکە کۆدەکرێنەوە دیار نییە، بەڵام تورکیا رژدە لەسەر پەلەکردن لەو پرۆسەیە، ئیرادەی پەکەکە و متمانە بە پرۆسەکە رۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لەوەی کە چۆن لەو ماوە کورتەدا پەکەکە بەتەواوی چەک دادەنێت.
 
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە 15ی ئایاری 2025 لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە سوپای تورکیا بەردەوام دەبێت لە گەڕان و کێوماڵکردنی ئەو ناوچانەی لەلایەن پەکەکەوە بەکاردەهێندرێن، بەتایبەتیش، ئەشکەوت و شوێنی حەوانەوەی چەکدارانی پەکەکە، پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی کە لەلایەن پەکەکەوە مینڕێژکراون، لەنێوبردنی حەشارگەکانی پەکەکە و ئەو تەقەمەنییانەی لەلایەن پەکەکەوە ئامادەکراون تاوەکو ئەو کاتەی دڵنیادەبن لەوەی پەکەکە چی دیکە نەتوانێت ببێتە هەڕەشە بۆ سەر تورکیا. بێ گومان ئەوەی باسی لێوە دەکرێت زیاتر لەنێو ناوچە سنوورییەکانی نێو خاکی هەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەمە لە رواڵەتدا کات دەخایێنێت. لەکاتێکدا پەکەکە چاوی لەوەیە بۆ ئەوەی زیاتر متمانەیان بەو پرۆسەیە بێت، دەبێت تورکیا ئۆپەراسیۆنەکانی رابگرێت و هەنگاو بۆ پرۆسەی زەمینەسازیی یاسایی بدرێت لە تورکیا.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیروان رەحیم

عەبەی مامەسەعە و کوردە تێکدەرەکان

بەڕێزم؛ نەک هەر ئەو پیاوە باشە "کاکە عەبە" و نەک هەر ئەو جاشە، هیچ پەیوەندییان بە ئیسرائیل و کۆلۆنیالیزمەوە نەبوو، بەڵکو بەگشتی کورد بێ پەیوەندین بەو لایەنانەوە، کورد خاوەنی دۆزە. کەس دنەیان نادا، مرۆڤی کورد خۆی ویستی ئازادی و ژیانێکی شکۆدارانەی هەیە. بەداخەوە ئێوە ناژنەفن، بەڵام چ داگیرکەرێک دەبیستێت؟ دیرۆک ئەوەمان پێدەڵێت.