كەلێنی ئەنجوومەنی فیدراڵی رێگرە لە دەوڵەتسازی

27-02-2024
دلاوەر عەلائەدین
A+ A-
لاوەر عەلائەدین
 
لە سەرەتای ئەو مانگەدا بوو، كە گرووپێكی تووندڕۆ لە یاسادانەرەكانی نێو شیعەی عێراق زیاتر لە 100 واژۆیان کۆکردەوە، داوای دانیشتنێکی بەپەلەی پەرلەمانیان کرد بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسایەک بۆ دەرکردنی ئەمریکا و هێزە بیانییەکانی دیکە لە عێراق گەڵاڵە بكەن. پەرلەمان لە 10ی شوباتی 2024 کۆبووەوە، كەچی نەیتوانی رێژەی یاسایی بەدەستبهێنێت، بەڵام رەنگە لە هەوڵێكی دیكەی لەوجۆرەدا شكست نەهێنن، چونکە لە ساڵی 2020 سەرکەوتوو بوون لە دەستەبەرکردنی دەنگی زۆرینە بۆ بڕیارێکی پەرلەمانی بۆ دەرکردنی هێزە سەربازییە بیانییەکان. هەڵبەتە بڕیارەكە پابەندكەر نەبوو. جا کێشەکە لێرەدا لە بابەتی دانیشتنەكە نییە، بەڵکو لەوەدایە؛ پەرلەمانێكی لەرزۆکی بەوشێوەیە لە عێراق دا لە لووتكەی دەسەڵاتی یاسادانان دا بەتەنیایە و قۆرخکارە، بەبێ ئەوەی لەژێر كاریگەریی هیچ جۆرە فیلتەر و چاودێرێك یان میكانیزمێكی هاوسەنگیدا بێت.
 
دەبووایە تائێستا و بەپێی دەستوور، عێراق ئەنجوومەنێکی فیدراڵی (ئەنجوومەنی پیرانی) هەبێت، کە رۆڵی فیلتەری بەسەر پەرلەمان و پڕۆسەی یاسادەركردنەوە هەبێت و، لە رێگەیەوە بتوانێت رۆڵێکی بێهاوتا لە بنیاتنانی دیموکراسی و دەوڵەتسازی و سەروەریی یاسا لە وڵاتدا بگێڕێت. پێکهێنانی ئەم ئەنجوومەنە لە مادەكانی 48 و 65ـی دەستووری ساڵی 2005ـدا سەپێنرا و وا بڕیاربوو لە یەکەم خولی ئەنجوومەنی نوێنەران (2006-2010) یاسای بۆ دابڕێژرێت و دابمەزرێنرێت. ئەو ئەنجوومەنە بە شێوازێك دەبێت، كە نوێنەرانی هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی لە چوارچێوەی هەرێمێكدا رێكنەخراون، تێدابێت.  لەو چوار ساڵەشدا، تاوەکو كاتی دامەزراندن، دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی فیدراڵی بە ئەنجوومەنێکی سەرۆکایەتی كۆمار سپێردرا، کە لە سەرۆکێک و دوو جێگری سەرۆک پێکدێت. ئەنجوومەنی سەرۆکایەتی دەیتوانی بە كۆدەنگی، ڤیتۆ لەسەر یاسای نوێ دابنێت، یان رەتیبکاتەوە و بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان. 
 
بەڵام ئەنجوومەنی فیدراڵی دانەمەزرا، ئەنجوومەنی سەرۆکایەتیی كۆماریش دوای ئەو خولە هەڵوەشایەوە و جێگەی تەنیا بە (سەرۆک) پڕكرایەوە بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جێگری سەرۆک بكرێت. سەرۆك كۆماریش لە ئەڵقەی یاساداناندا کەمترین دەسەڵاتی پێدراوە و دەسەڵاتەكانی دیكەشی رێوڕەسم و تەشریفاتین. تەنانەت، لە ماوەی 19 ساڵی رابردوودا چەندین جار ئەو بڕە دەسەڵاتەشی كە بۆ سەرۆك كۆمار ماوەتەوە لەلایەن پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی دادوەرییەوە پێشێلكراوە یان پشتگوێخراوە. پەرلەمان بە ئەنقەست و وەك كارێكی رۆتینی لە سەرجەم پڕۆژەیاساكاندا دەنووسێ كە "کاتێک یاساکە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە دەرچوو، كاری پێدەكرێ"، واتە پێش ئەوەی بخرێنە بەردەم سەرۆک کۆمار بۆ پەسەندکردن. ئەمەش نە كارێكی یاساییە و نە دەستوورییە و لە شكۆی سەرۆك كۆمار دەدات، چونکە یاساکان تەنیا دوای 15 رۆژ لە رۆژی وەرگرتنی لەلایەن سەرۆک كۆمارەوە بە پەسەندکراو دادەنرێت (مادەی 73-سێیەم).
 
سەرۆکە یەک لە دوای یەکەکانی كۆمار هەمیشە جەختیان كردووەتەوە لەوەی ئەوان مافی دەستوورییان هەیە بۆ گەڕاندنەوەی هەر یاسایەکی نوێ بۆ پەرلەمان بەبێ پەسەندکردن، بەڵام تەنیا بۆ یەك جار. لە واقیعدا پەرلەمان توانیویەتی لەسەر یاساکە سووربێت و گوێنەداتە سەرۆک کۆمار. لەوکاتەدا، سەرۆك كۆمار تەنیا بڕە دەسەڵاتێكی لەبەردەستدا ماوە بۆ رێگریکردن لە دەرکردنی هەر یاسایەكی نوێ، ئەویش بە رێگریکردن لە بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (ئەلوەقائیع ئەلعیراقیە)، كە پێشمەرجێكە بەر لە بەكارخستنی یاسای نوێ. ئەو یاسایانە تەنیا كاتێك دەكرێ لەو رۆژنامەیە بڵاوبكرێنەوە كە بە واژۆی سەرۆك كۆمار ژمارەی سەرچاوەیان پێدەدرێت، بەڵام تەنانەت ئەم بڕە دەسەڵاتە تایبەتەش پێشتر پێشێلكراوە و یاسا بەبێ واژۆ و پەسەندكردنی سەرۆک کۆمار بڵاوکراونەتەوە و كاریان پێكراوە. لە ساڵی 2020، یاسادانەران دەیانویست پاڵ بە یاسایەکی مشتومڕاوییەوە بنێن سەبارەت بە یەکسانکردنی بڕوانامەکانی خوێندنی باڵا، کە سەرۆکی ئەوکات (و کابینەی حکومەت) ناڕەزایی بنەڕەتییان لەسەری هەبوو، بەڵام یاسادانەران، سەرۆک كۆماریان ناچارکرد بە پاشەكشەكردن، ئەویش بە هەڕەشەکردن لە گۆڕینی یاسای (ئەلوەقائیع ئەلعێراقییە) (ژمارە 78ـی ساڵی 1977). بەوە سەرۆك كۆمار یاساكەی پەسەند كرد و  دواتر كاریشی پێكرا. ئەم کێشەیە لە سیستەمی یاسادانان ئاستی لێكترازان و پێشبڕکێی نێوخۆیی یان رکابەریی نێوان دامەزراوە یاساییەکان نیشاندەدات، کە لە راستی دا دەبێت تەواوکەری یەكتربن.
 
شاراوە نییە کە زۆر لە یاسادانەران، بەتایبەتی لەنێو کورد و عەرەبی سوننە، هۆشداری دەدەن لەوەی پەرلەمان ببێتە - ئامرازێکی كول- کە لەلایەن پێکهاتەی زۆرینەی شیعەی عێراقەوە بەکاردەهێنرێت، لە بەرامبەر ئەوانی دیکە. دیارە كە هەر سێ پێکهاتەکەی عێراقیش بە قووڵی دابەشبوون و تووشی جەمسەرگیری بوونە بەبێ توانای بەرگری لەخۆکردن لە بەرامبەر هەر یاسایەکی نیوە کوڵاو، یا خراپ داڕێژراو یان زیانبەخش.
 
خۆشبەختانە عێراق پابەندە بە دیموکراسییەکی پەرلەمانییەوە و ئەرکی پەرلەمانە، دەستوور بکاتە نەخشەڕێگەیەک بۆ دەوڵەتسازی و نیشتمانسازی، بەڵام لە وڵاتێکی ناسك و لەرزۆك دا، کە قەیرانە ناوخۆییەكانی بێكۆتایین و لە رکابەرییەکانی نێو هێزە هەرێیمەكاندا تێئاڵاوە، ئەم پرۆسەیە هەرگیز ئاسان نەبووە. لەڕاستی دا نزیکەی دوو دەیە دوای پەسەندکردنی دەستووری 2005، هیچ نیشانەیەکی دەستوورخوازیی لە عێراق دا بەدیناكرێت. لە ئاستی كردەوەدا، کەس لە وڵاتەکەدا دەستوور وەک گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی پیرۆز یان ناوبژیوانی لووتكەیی نابینێت. سەرکردە سیاسی و دامەزراوەییەکانی عێراق، بەبێ هەڵاوێردن، لە جێبەجێکردنی دەستووردا، بە بژاردەی، خۆویستی یان تایفەگەریەوە مامەڵەیان كردووە. لەڕاستی دا دادوەرە باڵاکانی عێراق بە راشكاوانە و بە كراوەیی فیدراڵی لە عێراق رەتدەكەنەوە كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە. بۆیە سەیر نییە کە تائێستا 33 لە کۆی 144 مادەی دەستوور چاوەڕێی دەرچوواندنی یاسان و دەیان یاسای دیکەش چاوەڕێی هەموارکردنەوەن، وەک لە دەستووردا هاتووە. زۆربەی ئەم یاسایانە گرنگن بۆ دانانی عێراق لەسەر رێڕەوێک بەرەو سەروەری یاسا، بەدامەزراوەییکردنی پەیوەندییەکانی ناوەند و هەرێمی کوردستان، بەهێزکردنی میكانیزمەكانی حکومڕانی و باشکردنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە و سەروەت و سامانی نیشتمانی. لە ئەنجام دا ئێستا چەندین بۆشایی یان لاوازی پێکهاتەیی و کارایی لە سیستەمی حوکمڕانی عێراق دا هەن، کە ناسکی وڵاتەکەیان زیاتر کردووە و وەک بزوێنەری سەربەخۆی ململانێیەکان رۆڵیان گێڕاوە.
 
بە کورتییەكەی، ئێستا هیچ دامەزراوەیەكی باڵاتر لە عێراق دا نییە کە دەسەڵات و پێگە و شەرعیەتی پاراستنی سیستەمی یاسادانانی وڵات و رێگریکردن لە دەرکردنی یاسای كرچوكاڵ یان زیانبەخشی هەبێت. بەداخەوە هیچ کام لە سەرۆک كۆمارە یەک لە دوای یەکەکان و سەرۆکی پەرلەمانەکان و سەرۆک وەزیرانەکان ئەولەویەتیان نەدایە دامەزراندنی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و ئەمەش تاوەکو رادەیەکی زۆر بەهۆی نەبوونی ئیرادەی سیاسییەوە بوو. ئەگەر بۆ سرووشت بەجێبهێڵرێت، رەنگە یەک تاوەکو دوو نەوەی دیكە بخایێنێت تاوەکو ئەنجوومەنەکە بە جیدی مشتومڕی لەسەر دەکرێت، چ جای دامەزراندنی. لەم نێوەندەدا، ناسکی و ناسەقامگیری عێراقێك كە ئایندەكەشی پێشبینی لێكراو نابێ، وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر گەلەکەی خۆی و بۆ سەر هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان دەمێنێتەوە. پێناچێت عێراق ببێتە ئەو دەوڵەتە بەهێز و سەروەر و کاراییەی کە ئاواتەخوازە، بەبێ ئەوەی ئەنجوومەنێكی فیدراڵی بەهێز و تەواو کارای هەبێت.
 
 
*سەرۆكی ئینستیتیوتی مێری
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد سەفار، بەرپرسی دیجیتاڵ کریەیتڤی رووداو

تیرەکەی رووداو بۆ کوێ؟

تیرەکەی رووداو بەشێوەیەک نەخشێندراوە و دروستکراوە، کە ئامانجی لەنێوبردن نییە، بەڵکو نیشانەی روونی ئاراستەی رۆیشتن و دیاری ئامانج نیشان دەدات.