زاراوەی برا گەورە، لای بەشێکی زۆری پارتیەکان بۆ بەڕێز مەسروور بارزانی بەکاردێت. لە ئەدەبیاتی سیاسی کورد و جیهانیشدا زاراوەکانی برا، کاک، مام، هاوڕێ، هەڤاڵ، هاوبیر و.. تاد، جگە لە رەهەندە کۆمەڵایەتیەکەی رەهەندێکی سیاسیشیان هەیە. بۆ نموونە زاراوەی رەفیق، یان هاوڕێ تا ئێستاش لەناو ریزی گشت پارتە کۆمۆنیستەکانی جیهاندا بەکاردێت. زاراوەی "برا گەورە" لە ئەدەبیاتی کوردیدا گوزارشتە لە کەسێک کە ئەرکێکی سەرەکی خانەوادەکەی یان گروپێک لەئەستۆ دەگرێت، لە هەمانکاتدا دەسەڵاتیشی پێدەبەخشێت و دەبێتە جێگای هیوا و ئومێدی کەسەکانی. کەچی بەپێچەوانەوە ئەو چەمکە لە رۆمانەکەی جۆرج ئۆروێڵدا (1984) گوزارشتێکی دکتاتۆریانە و نێگەتیڤی هەیە، بەڵام من لێرەدا کارم بە گوزارشتە نێگەتیڤەکەی نییە، ئەوەی کارم پێیەتی گوزارشتە کوردیەکەیەتی کە پڕە لە ئەرک و بەرپرسیارێتی بەو مانایەی دوای نزیکەی سێ دەیە لە چاوەڕوانی، کەسێک یان چەند لایەنێکی سیاسی چاوەڕێی ئەوەیان لێدەکرێت ئەو وڵاتە بخەنە سەر رێگای حوکمڕانیی دروست، واتا گەر هیچ نەبێت بناغەیەکی سیاسی، ئابووری، یاسایی و دەوڵەتداری بۆ دابنێن کە بەداخەوە تائێستا ئەو بناغەیە نەبووە. بۆ نموونە، کوا بناغەی کەرتی کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن، کارەبا، پیشەسازی، تەندروستی، ژینگە و.. تاد. ئەوەی هەیە تا ئێستا تەنیا بناغەی کەرتی وزەیە، ئەویش لەبەر ئەوەی وزە دەتوانێت پارەیەکی خێرا و کاشی زۆر بخاتە دەست حکومەتەوە. ئابووریی هەرێم تا ئێستاش هیچ بنەمایەکی زانستی ئابووری نییە، بەڵکو لە کورتترین واتادا بریتیە لە بەفیڕۆدانی هەڕەمەکیانەی سامان و داهات.
هەنگاوەکانی چاکسازی چۆن دەڕۆن؟
سەرەتای هەنگاوەکانی هەر حکومەتێکی تازە بۆ رای گشتی زۆر گرنگن، چونکە یەکەم ئینتباعی خەڵک لەسەر حکومەت دروست دەکەن، لەرووی سایکۆلۆجیشەوە رای زۆربەی خەڵک لەسەر حکومەت لە یەکەم هەنگاوەوە دروست دەبێ.
"برا گەورە" سەرەتا بە کارنامەیەکی پوخت و ئومێدبەخش هاتە مەیدانەوە کە لەڕاستیدا هەموو بڕگەکانی کارنامەکەی گوزارشت بوون لە ناخی خەڵک. هەرچەندە هێشتا زۆر زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی ئەم حکومەتە، بەڵام وەک ئەکادیمیستێکی ئەو بوارە دەتوانم بڵێم کە گشت هەنگاوەکان هەتا ئێستا بە رێگای دروستدا دەڕۆن. هەوڵی جددی بۆ رێککەوتن لەگەڵ بەغدا، تەبەنیکردنی پرۆژەی چاکسازی و بە تایبەتیش دەستکاریکردنی پلەی خانەنشینی و پێداچوونەوە بە پلە تایبەتەکان، گهڕانهوهی سهرجهم داهاتهكانی وهزارهتهكان بۆ خهزێنهی وهزارهتی دارایی و ئابووری کە لهمهودوا هیچ وهزارهتێك بۆی نەبێت بهبێ گهڕانهوه بۆ وهزارهتی دارایی ئهو پارهیه خهرج بکات، بەکارنەهێنانی موڵکی گشتی و گەڕاندنەوەی بۆ حکومەت. راستە ئەمانە هەمووی هەنگاوی سەرەتایی راستکردنەوەی بواری حوکمڕانین لە هەرێمی کوردستاندا، بەڵام دەبێت لەبیرمان نەچێت کە هەر بڕیارێکی گەورە بە هەنگاوێکی بچووک دەستپێدەکات. بۆ پاڵپشتیکردن لەو هەوڵانە دەبێت خەڵک لە ورد و درشتی ئەو پرۆسەیە ئاگادار بێت و زوو زوو ئەنجامەکانی بخرێنە روو بۆ رای گشتی، هەر لایەنێکیش بەربەستی بۆ دروستبکات حکومەت دەتوانێت پەنا بباتە بەر رای گشتی کە پاڵپشتێکی گەورەی پرۆسەی چاکسازیە بۆ ئەو حکومەتە. قسە شکاندنی سەت کۆنە وەزیر و راوێژکار زۆر باشترە لە دۆڕاندنی متمانەی چەند ملیۆنێک هاووڵاتی. لەڕاستیدا دەرفەتێکی زێڕین لەبەردەم ئەو کابینەیەدایە کە مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار بکات.
کێ دەتوانێ نوێنەری بارزانی بێت لە بەغدا؟
گومانی تێدا نییە کە کورد لە بەغدا کاریگەریی جارانی نەماوە بەسەر پرۆسەی سیاسییەوە، بە نەمانی مام جەلال کەلێنێکی گەورەی تێکەوت، لە دوای نوشستیەکەی شانزەی ئۆکتۆبەریش گەیشتە لووتکە. هەندێک پێشنیاز دەکەن ئەو رۆڵەی جارانی مام جەلال بە دکتۆر بەرهەم بسپێردرێت. لەڕاستیدا نوێنەرایەتی کورد لە بەغدا نە بە دکتۆر بەرهەم و نە بەهیچ سەرکردەیەکی تریش دەکرێت. ئەو قۆناغە بەسەرچوو لایەنە کوردیەکان گوێرایەڵی یەک سەرکردە بن. ئەو قۆناغە سیاسەی ئێستا لە بنەڕەتدا بە ئاراستەی یەکدەنگیی نەتەوەیی و مەزهەبی نییە. دابەشکردنی پێکهاتەکانی عێراق بە پێوەرە کۆنەکانی پێشوو، واتا سێکوچکەی شیعە، سوننە کورد، ئێستا کێشەی تێکەوتووە، چونکە دابەشبوونەکە چیتر تەنیا لەسەر ئەو بنەمایە نییە، خودی سێ پێکهاتەکان چەندین دابەشبوونیان تێکەوتووە. لەلایەکی ترەوە بەشی هەرە زۆری هێزی هەر سەرکردەیەکی سیاسی لە خودی حزبەکەی خۆیەوە دێت، ئاشکرایە دکتۆر بەرهەم ناتوانێ سەرچاوەی یەکخستنی ناو حزبەکەی خۆیشی بێت چجای هی کورد. دواتریش سەرەرای ئاشتبوونەوەی پارتی لەگەڵ دکتۆر بەرهەم، بەڵام هێشتا بەستەڵەکی نێوان پارتی و دکتۆر بەرهەم نەتواوەتەوە. خودی پارتیش ئامادە نییە ئەو رۆڵە بداتە دکتۆر بەرهەم. بۆ دەربازبوون لە بەشەخسەنەکردنی پێگەکانی حوکمڕانی کە لە پێشوودا کورد زۆر زیانی لێ بینیوە، دەکرێت ئەم رۆڵە بدرێت بە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە لە بەغدا رۆڵی مەرجەع ببینێ بۆ کورد. ئەم پرسە سیاسی و یاساییانە دەبێت بە دامەزراوەیی بکرێن ئەگەرنا کورد هەر لە دەوری یەک بازنەی داخراودا دەسوورێتەوە. پەرلەمان بە حوکمی ئەوەی نوێنەری هەموو پێکهاتە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی تێدایە، دەکرێت ئەو رۆڵە ببینێ. لەو چوار ساڵەدا گرنگە کار بۆ ئەو پرسە بکرێت، چونکە پەرلەمانتارەکانی کورد لە بەغدا بە دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان چوونەتە بەغدا و دەبێت پارێزەری بەرژەوەندییەکانی هەرێمیش بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ