تەعریب بەدەستی کورد

28-06-2015
غەیاسەدین نەقشبەندی
نیشانەکردن تەعریب
A+ A-

هاتنی پەنابەر بۆ کوردستان بەوشێوازە، بار و ئەرکێکی زۆر دەخاتە سەر شانی حکومەتی کوردستان و خەڵکەکەشی، لەوانەیە وەکو هەڵوێستێکی سیاسی، کوردستان تا ڕاددەیەک سوودی مەعنەویی لێ وەرگرتبێ، بەڵام زیانی زیاتربووە، چونکە ئەو گرفتانەی لە ئەنجامی هاتنی پەنابەرانەوە دێنە ئارا، بەڕۆیشتنیان چارەسەرناکرێن و شوێنیان هەردەمێنێ.

نازانم ئەو حکومەتەی ئێمە بە چ پێوەرێک شتەکان لێکدەداتەوە، هێشتان خێزانی پێشمەرگە و شەهیدەکان کرێچین و خانوویان نییە، کوڕەکانیان بێ مووچە و بە چەکی خۆیان بەرگری لە خاکی کوردستان دەکەن و خوێن دەبەخشن. لەکاتێکدا عەرەب لە کوردستان دەبنە خاوەنی خانوو و گەشت بۆ هاوینەهەوارەکان دەکەن، پێشمەرگە بەرگرییان لێدەکات و ئەوانیش لە کافتریا و مۆڵەکان نارگیلە دەکێشن. دونیا هەمووی قەرزداری پێشمەرگەیە و پێشمەرگەش قەرزاری خاوەن خانوو.

حەفتەی رابردوو پارێزگاری هەولێر لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی بەردی بناغەی ئاڤاکردنی 500 خانووی لە بەحرکە  بۆ ئاوارەی عەرەب دانا!

 ئەمە بەشێکە لە پرۆگرامێکی کودەتایی تەعریبکردنی کوردستان کە ئێمە پێی نازانین، بەڵام ئەمجارەیان بەدەستی خۆمان و بەپارەی ئیماراتی 1500 خانووی کۆنکریت - نەک خێوەت و کابینە و کەڕەڤان- خانووی بەبنیات کە دەبێتە سامانی نەگوازراوە، بۆ عەرەب دروست دەکرێت، بۆ؟ بۆچی لە بەحرکە ؟ بۆچی لە تەل ئەلوەرد و سوڵتان عەبدوڵڵا دروست ناکرێن؟ یان لەودیوی حەمرین لە دەرەوەی سنووری کوردستان و لەژێر کۆنترۆڵ و پارێزگاریی پێشمەرگە؟ ئەوسا خاکەکەی ئەولاشمان مسۆگەر دەکرد و هەرکاتێ بمانویستبایە سنوورەکانی خۆمان دەبردە پشت هێڵەکانی ئەوان و ئەو خاکەشمان مسۆگەر دەکرد، بەڵام وا دیارە جگە لەوەی کە کورد حەزی لەوەیە پێی بڵێن: ئافەرین، کۆمیسیۆنێکی چاکیشی تێدایە و چەند کەسێکی تر پێی دەوڵەمەند دەبن، بۆیە خاکی کوردستان وا بەئاسانی دەفرۆشرێت و کەسیش نییە لێی بێتە دەنگ.

هاتنی پەنابەر بۆ هەرشوێنێک تەنانەت لەکاتی جەنگیشدا پێوەر و ڕێسای خۆی هەیە و ناکرێت بەهەڕەمەکی و بێ پلان بەلێشاو بێنە ناو وڵاتێکی تر. 
مەبەستم پەنابەری عەرەبە، چونکە ناکرێ بە کوردی رۆژئاوا بگوترێ پەنابەر، ئەوان وڵاتی خۆیانە و هیچ منەت و پیاوەتییەکی تێدا نییە، تەنانەت ئەگەر نانەکەی سەرسفرەشمان بکەینە دوو کەرت و نیوەی بدەینە ئەوان، تەنیا عەرەبەکان پەنابەرن بۆ ناو خاکی کوردستان کە بۆ ئەوان شوێنێکی ئاسایشە و بۆ خۆیان و خێزانیان جێگای حەسانەوەیە، بەڵام ئەوانەی دێن و خانووبەرە دەکڕن و دەبنە خاوەنی موڵک، ئەوانە جارێکی دی کوردستان بەجێناهێڵن، چونکە منداڵیان فێری کوردی دەبێت و کۆبوونی خۆراک نەقڵی کوردستان دەکەن و بێگومان دیمۆگرافیای کوردستان زیاتر دەشێوێنن.

کاتی خۆی رژێمی بەعس عەرەبی بۆ کەرکووک هێنا و دیمۆگرافیای گۆڕی، ئێستاشی لەگەڵدابێ وا لەدەستی دەناڵێنین و پێمان چارە ناکرێت، ئەی تەعریبکردنی کوردستان ئەگەر بەدەستی خۆمان بکرێت چۆن چارە دەبێت؟ پرسیارێکە بۆ هەرکەسێک کە دەستی لەو کودەتایەدا هەیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە