عێراقییەکان خیانەت لە مێژوو ناکەن

30-03-2017
د. هیوا حاجی
نیشانەکردن عێراقییەکان
A+ A-

فەیلەسوفانی مێژوو تیۆریزەی رەوتی جووڵەی مێژووی میللەتانیان کردووە. هەندێک دەڵێن مێژووی میللەتان وەک هێڵێکی بەرەوژوور وایە؛ میللەتان بەرەوپێش دەچن؛ ژیانی ئابووری و پەروەردەیی و سیاسی و کۆمەڵایەتییان بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر  و رەنگە باشتربوونی زیاتر بڕوات. هەندێکی دیکە پێیانوایە، مێژوو وەک بازنە وایە، میللەتان لە دایک دەبن، گەورە دەبن و بەهێز دەبن و لە کۆتاییشدا پیر دەبن و لەناو دەچن. هەندێکی دیکە، دەڵێن مێژوو لە هەڵبەزین و دابەزینی بەردەوامدایە، ئاراستەی جووڵەی مێژوو دیار نییە. دەکرێ میللەتان بۆ ماوەیەک بەرەوپێش بچن، لە دوای ماوەیەک، بۆ دواوە بگەڕێنەوە؛ مەرج نییە میللەتان پیر بن و لەناوبچن؛ هەروەک چۆن مەرج نییە هەموو میللەتانیش رۆژێک لە رۆژان گەنج و بەهێزبن. میژوو بە کورتی، لەپێشوەختەدا ئاراستەیەکی بۆ دیاری نەکراوە تا میللەتێک بەرەوڕووی بڕوات. بەپێی هەلومەرجیان، ئیمکاناتیان، سوودوەرگرتنیان لە ئیمکاناتەکان، میللەتان بەرەو پێش یان بەرەو دواوە دەڕۆن. من لەگەڵ ئەو رایەی دواییدام. مێژوو بێ ئاراستەیە، ئەوەی سوکانی مێژوو دەسوڕێنی هێزە کۆمەڵایەتییەکانن، نوخبەی سیاسی و زانایان و "پیاوچاک" و "پیاو خراپەکانن". میللەتانی دەوڵەمەند و هەژار هەمان چانسیان نییە لە مێژوودا. تەنانەت بۆ هەندێ لە میللەتان مێژوو خۆی دەبێتە کارەساتێکی دیکە بەسەریانەوە، لە کاتێکدا، بۆ هەندێ لە میللەتانی دیکە، میژوو دەبێتە وزە و سەرچاوەی بەرەوپێشچوون.     

بۆ عێراقییەکان، وەک لیام ئەندرسۆن و گاریس ستانسفیڵد (1) پێشنیار دەکەن، مێژوو تێکەڵەیەکە لە "دووبارەبوونەوە و درێژبوونەوە". سەیری رابردووی نزیکەی یەک سەدەی عێراق بکە! مەسەلە بنەڕەتییەکانی وڵاتەکە وەک خۆیان ماونەتەوە.

مەسەلەی هەڵاواردن و چەوساندنەوەی ئەویدی (تەنها کوردی نەگرتووەتەوە)، بەکارهێنانی زەبروزەنگ، دەستوەردانی ئاشکرای دەرەکی، جیاوازیی ژیانی شار و گوند، خراپیی رەوشی خوێندن و هەتا دوایی لە هەموو قۆناغەکانی مێژووی ئەو وڵاتەدا بە زیندوویی ماونەتەوە. لە باری سیاسییەوە، جاروبار گفتوگۆ و رێککەوتن هەبووە، نێوانی لایەنەکان خۆش بووە، لە شەو و رۆژێکدا، چەرخی زەمانە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و ریسەکە بووەتەوە خوری. عێراقییەکان لە 2003ش خیانەتیان لە مێژوو نەکرد. هەڵەکانی رابردوویان بە جلوبەرگێکی نوێوە دووبارە کردەوە. پێشتر دەگوترا "عەرەبی سوننە شیعەی چەوساندووەتەوە"، دوای 2003 بکەری چەوساندنەوە گۆڕا، ئەوجا "شیعە سوننەی چەوساندەوە. کردەی چەوساندنەوە وەک خۆی مایەوە، ئەوەی گۆڕا تەنها بکەرەکان بوون. بە هەمان شێوە، توندوتیژی وەک خۆی بە بەهێزی مایەوە. ئەوەی گۆڕا تەنها گۆڕانی فۆرمی توندوتیژی بوو لە فۆرمێکی زۆر رێکخراو و مەبەستداری سەردەمی بەعس بۆ فۆرمێکی ئەنارکی و سەرتاپاگیری  توندوتیژی لەدوای بەعس. کێشەکانی دیکەش، لەوانە پەیوەندیی کورد و پێکهاتە ئایینی و ئێتنیکییەکان لەگەڵ بەغدا و یەکدی، دیسان بەبێ جیاوازییەکی ریشەیی وەک خۆیان مانەوە. خوێندنیش بەرەوپێش نەچوو، زانکۆکانی عێراق لە ریزی هەزارانی یەکەمیش نین لەسەر ئاستی جیهان. تائێستاش رێژەکانی هەژاری و بێکاری زۆر بەرزە. فەساد و بە موشتەریکردنی سیاسی و بەشینەوەی ئیمتیازات وەک چۆن لە مێژووی ئەو وەڵاتەداهەن، دووبارە دەبنەوە. تا ئێرە، مێژوو دووبارە دەکرێتەوە و درێژەی پێدەدرێت. 

خۆدزینەوە لە پرسیارەکان

عێراق کێشەیەکی بنەڕەتیی هەیە، ئەویش کێشەی شەرعیەتی دەوڵەتەکە خۆیەتی. کێشەی شەرعیەتی حکومەتەکان بە پلەی دووەم دێت. تا ئێستا نوخبەی سەردەستی عێراق، پێشتر نوخبەی سوننی و دواتر نوخبەی شیعە، ئازایەتی ئەوەیان نەبووە ئەو پرسیارە بکەن کە "کێ دەیەوێ عێراقی بێت؟" عێراق بۆ هەمووان روونە، بەرهەمێکی کۆڵۆنیاڵی دەستکردە، بەرهەمی خەباتی سروشتی و ئاسایی میللەتانێک نییە بۆ دروستکردنی کیانێکی سیاسی و جوگرافیی  پارێزراو و دانپیادانراو.  لە دامەزراندنیەوە، دەبووایە ئەوە روون بێت کە کێ دەیەوێ لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا بژێت. یان بەلانی کەمەوە، ئەگەر مەسەلەی بوون بە بەشێک یان دووربوون لە عێراق، بۆ ئیرادەی میللەتان بەجێنەدەهێشترا، دەبووایە، سیستەمێکی سیاسی ئەوتۆ دامەزرێنرابا کە توانیبای هەمووان لەخۆ کۆبکاتەوە. لەو مێژووەدا، جارێک بە تەرغیب و جارێک بە تەرهیب، ویستراوە دەوڵەتەکە وەک خۆی بمێنێتەوە. ئەوەی پەیوەندی بە کوردەوە هەیە روونە: نە ئەوانی دیکە ویستوویانە کورد هاوبەشی یەکسانیان بێت و نە کوردیش توانیویەتی بەشێک نەبێت لەو عێراقە. جا لەوێوە، هەر لایە تا ئەوجێیەی بۆی چووبێتە سەر، هەوڵیداوە بەرەنگاری ئەویدیکە ببێتەوە. هیچ لایەکیش بە تەواوی سەرکەوتوو نەبوونە.  

عێراقییەکان خیانەت لە مێژوو ناکەن


بۆ هەموو میللەتان میژوو گرنگە، بەتایبەتیش مێژووی نزیک. عەقڵیەت و کولتوری میللەتان، خۆشی و ناخۆشیەکانیان، سەرکەوتن و نوشستیەکانیان لەنێو مێژوودا شێوە وەردەگرن. سیاسەت و پەروەردە و ئابووری و وەرزش و هەر مەسەلەیەکی دیکە رەوتێکی مێژوویی خۆی هەیە و لەبن کاریگەریی ئەو مێژووەشدا دەبن. سەرەڕای ئەو راستیەش، ئەگەر مێژوو لادانی تێدا نەکرێت، شتێک نابێ بەناوی گۆڕان و بەرەوپێشچوون. مێژوو نابێ هەمیشە دووبارە ببێتەوە یان رێگای پێبدرێت خۆی دووبارە بکاتەوە. 

مێژووی عێراق بارگرانییەکی گەورەی بۆ هەموو لایەنەکانی عێراق دروست کردووە. ئەوە تەنها کورد نییە کە بە دەست مێژووی عێراقەوە داخکرابێت. عەرەب (سوننە و شیعە) و ئێزدی و کاکەیی و تورکمان و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە، هەر یەکە بە ئەندازەیەک و لە سەردەمێکدا ناڵاندوویانە. عێراق پێویستی بەوە هەیە کە خیانەتێکی مەزن لە مێژووی خۆی بکات. شتێکی جیاواز لەوەی تا ئێستا هەبووە پێشان بدات. پرسیار ئەوەیە، ئایا ئاسۆیەک لە ئارادایە بۆ ئەوەی عێراقێکی جیاوازببینین؟ بە تێگەیشتنی خاکیانەی ئێمە وەڵامەکە نەخێرە لەبەر کۆمەڵێ هۆکار، لەوانە: نەبوون یان کاریگەرنەبوونی هێزە مەدەنی و دیمۆکراتخوازەکان لە وڵاتەکەدا. حیزب و رێکخراوە مەدەنیەکان لە عێراقدا هەمیشە بە لاوازی ماونەتەوە و نەیانتوانیوە شوێنپەنجە لەسەر رەوتی گۆڕانکارییەکان بەجێبێڵن. لەلایەکی دیکەوە، نەبوونی سەرکردەیەک کا کاریزما و رەواجی هەبێت لەلایەن عێراقیەکانەوە، دیسان ئاستەنگێکە لەبەردەم گۆڕانی مێژوویدا.لە کاتی ئێستادا، هیچ سەرکردەیەکی عێراق ناتوانێ بەربەستی سنووربەندیە تایفی و ئێتنیکییەکان ببەزێنێت و لەلای هەمووان پەسەند بێت. لەوەش زیاتر، ئینتیمای تایەفەگەری و ئێتنیکی لە وڵاتەکەدا زیاتر لە جاران بەهێزە و شتێک نییە بە ناوی هەستی هاوبەش بۆ وڵاتەکە. بە هەمان ئاراستە، دەستوەردانی بێسنووری دەرەکی، بەتایبەتی دراوسێکان، لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەدا ئەوەندەی دیکە وڵاتەکەی بێ ئیرادە و داڕزاندووە. 

بۆیە، ئەگەر عێراقییەکان بەڕاستیش لە مێژووی خۆیان ناڕازی بن و رەخنەی لێبگرن، لە کاتی ئێستادا زۆر ئەستەمە بتوانن خیانەت لەو مێژووە بکەن و شتێکی جیاواز پێشکەش بکەن. 

(1)  Anderson, L. and Stansfield, G. 2004. The Future of Iraq: Dictatorship, Democracy, or Division?. New York: Palgrave Macmillan.  


  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە