هێرش بۆ سەر عەقڵانی و دیپلۆماسی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
فەرمان ساڵح
A+ A-
 
لە هاوکێشە سیاسییە ئاڵۆزەکاندا، هەندێک هێرش تەنیا وەک کردەیەکی سەربازیی کاتی نابینرێن، بەڵکو وەک کۆدێکی سیاسی و پەیامێکی تووند دەخوێندرێنەوە. بۆردوومانکردنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک، لەلایەن گرووپە پرۆکسییەکانەوە، تەنیا بەزاندنی سەروەریی خاک و شکاندنی شکۆی سنوورەکان نییە، بەڵکو هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تیرۆرکردنی ئەو عەقڵانییە سیاسییەی کە ساڵانێکە توانیویەتی هاوسەنگییەکی ورد لەنێوان هەولێر، بەغدا و ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان دا دروست بکات.
 
نێچیرڤان بارزانی لە ناوەندە سیاسییەکانی جیهان دا بە ئەندازیاری دیپلۆماسیی کوردی و سیمبوولی "سیاسەتی نەرم" دەناسرێت. ئەو کارەکتەرێکە کە هەمیشە وەک هێڵێکی پەیوەندیی کراوە لەنێوان لایەنە ناکۆکەکاندا ماوەتەوە و رێگری لە تەقینەوەی قەیرانەکان کردووە. کاتێک ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکرێتە ئامانج، پەیامە بنەڕەتییەکە روونە، ئیتر بواری گفتوگۆ و دیپلۆماسی تەسک کراوەتەوە. ئەمە هێرشە بۆ سەر ئەو دیدگایەی کە دەیەوێت هەرێمی کوردستان لە کورەی ململانێ وێرانکەرەکان بەدوور بگرێت.
لەڕووی پرۆتۆکۆلی نێودەوڵەتییەوە، ماڵی سەرۆکی وڵات یان هەرێمێکی فەرمی، هێڵی سوورە. بە ئامانجگرتنی ئەم شوێنە، بەواتای تێکشکاندنی هەموو رێسا و نۆرمە سیاسییەکان دێت. ئەم رەفتارە دەریدەخات کە گرووپە سێبەرەکان چیتر هیچ بایەخێک بۆ دەوڵەتبوونی عێراق دانانێن و دەیانەوێت بڵێن، هیچ کەسێک پارێزراو نییە ئەگەر لەژێر هەژموونی ئەجێنداکانی ئەواندا نەبێت. ئەمە نەک هەر سووکایەتییە بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو شەرمەزارکردنێکی راستەوخۆی حکومەتی ناوەندیی عێراقیشە کە ناتوانێت پارێزگاری لە سەقامگیری و سەرکردە باڵاکانی بکات.
 
هەرێمی کوردستان لە ناوچەیەکی پڕ لە ئاگردا، وەک "دوورگەیەکی سەقامگیر" دەردەکەوێت. هۆکاری سەرەکیی ئەم هێرشانە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە نەیارانی هەرێمی کوردستان، سەرکەوتنی کوردستان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە بەهێزەکانی بە هەڕەشە دەبینن. ئەوان دەیانەوێت هەولێر ناچاربکەن یان ببێتە پاشکۆی ئەجێندا هەرێمییەکان، یان باجی سەربەخۆیی و بڕیارە نیشتمانییەکانی بە مووشەک و درۆن بدات.
 
پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا ئامانجەکە پەلکێشکردنی هەرێمی کوردستانە بۆ نێو جەنگەکە؟ وەڵامەکە بەڵێ یە. بە تێوەگلانی هەرێمی کوردستان لەم شەڕانەدا، پرۆکسییەکان دەیانەوێت سەرنجی جیهان لەسەر ناوچە گەرمەکانی دیکە لادەن و گوشار بۆ سەر هاوپەیمانانی هەرێمی کوردستان دروست بکەن. ئەوان دەزانن نێچیرڤان بارزانی و سەرکردایەتی هەرێمی کوردستان رێگربووە لەوەی کوردستان ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی حیساباتی وڵاتان، بۆیە بە لێدانی ئەو، دەیانەوێت ئەو بێلایەنییە ئەرێنییە تێکبشکێنن کە هەرێمی کوردستانی پێی ناسراوە.
 
کاردانەوە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان تووندبوون، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا "شەرمەزارکردن" بەسە بۆ راگرتنی مووشەکەکان؟ بێگومان نەخێر. ئەگەر گوشاری جیدی و کردەیی نێودەوڵەتی نەبێت، ئەم پێشێلکارییانە دەبنە سەرەتایەک بۆ تێکچوونی تەواوی سەقامگیریی ئابووری و سیاسی لە ناوچەکەدا.
 
ئەم هێرشە، تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ دیپلۆماسیی کوردی و ویژدانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. جیهان پێویستە تێبگات کە پاراستنی هەولێر و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، تەنیا پاراستنی جوگرافیایەک نییە، بەڵکو پاراستنی دوایین سەنگەری عەقڵانی و میانڕۆییە لە عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستێکی پڕ لە جەنگ دا. ئەگەر ئەمڕۆ رێگری لەم "تیرۆرە سیاسییە" نەکرێت، سبەی هیچ پایتەختێکی ناوچەکە لە هەژموونی گرووپە سێبەرەکان پارێزراو نابێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دلێر عەبدولخالق

هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی ئاشتی بە زەبری هێز دا

پێشتر هۆشیاری درا کات درەنگە. ئەمڕۆ چی دیکە بوار نەماوە بۆ تاقیکردنەوە. ئاشتی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان لە گرەوی یەکخستنی هێزەکان و پەیڕەوکردنی حکومڕانی دروست و خۆئامادەکردنە بۆ مەترسییەکانی داهاتوو. هەرێمێک کە هێزەکەی دابەش بێت، ناتوانێت داوای ئاشتییەکی بەردەوام بکات. وەکچۆن لە سیاسەتی نوێی جیهانیدا دەبینین، تەنیا ئەوانە شایستەی ئاشتین کە دەتوانن بە هێزەوە پارێزگاری لە خۆیان بکەن