ژمارە تۆقێنەرەكان لە كوردستان

30-11-2015
فرسەت سۆفی
نیشانەکردن فەرسەت سۆفی قەیرانی دارایی کوردستان
A+ A-
لەگەڵ هاوڕێم (گۆران ئازاد) لە پەرلەمانی كوردستان لە ماوەی زیاتر لە سێ هەفتەدا بەدواداچوونێكی وردمان كرد بۆ گەیشتن بە ژمارەی دروست و چۆنیەتی زیادكردنی داهات و كەمكردنەوەی خەرجیەكان، لە چوارچێوەی ئەم بەدواداچوونەدا كە بەشێوەیەكی مەیدانی سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كرد، كۆمەڵێك ژمارە بەلای ئێمەوە جێی مەترسی بوون و ئەگەر كاریان لەسەر نەكرێت، هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر ئابووریی هەرێمی كوردستان، لە خوارەوە چەند نموونەیەك دەخەینەڕوو:

- داهاتی ساڵانەی كارەبا بریتییە لە 300 ملیۆن دۆلار، كەچی تێچووی ساڵانەی كارەبا بریتییە لە زیاتر لە 3 ملیار دۆلار و لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا 12 ملیار دۆلار لە كارەبا خەرج كراوە. یەك كیلۆ وات كارەبا بە یەك سەنت دەدریتە هاووڵاتیان، كەچی لەسەر حكومەت بە 16 سەنت دەكەوێت، یەك كیلۆ وات كارەبا لە توركیا بە 13 سەنتە. بەپێی ئەو گرێبەستەی حكومەت لەگەڵ كۆمپانیای (ماس گلۆباڵ) كردوویەتی، ئەگەر حكومەت وەحدەیەكی كارەبا بە رێژەی پێویست بەكاریش نەهێنێ، دەبێ پارەی تەواوی 100% بداتە كۆمپانیاكە. تەنیا لە شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2014دا حكومەت نزیكەی 43 ملیۆن دۆلار بەم هۆیەوە غەرامەی كەوتووەتە سەر. ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی پێویستی گازوایل بۆ وێستگەكانی كارەبا 28% زیادی كردووە و ساڵانە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ گازوایلی كارەبا خەرج دەكرێت، هۆكاری زیادبوونی رێژەی گازوایل بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە كۆمپانیا پابەند نەكراوە بە سیانەكردنەوەی وێستگەكان و گازوایلیش لەسەر حكومەتە. 

- ئێستا هەرێمی كوردستان رۆژانە پێویستی بە حەوت ملیۆن لیتر بەنزینە، رۆژ بە رۆژ رێژەی پێویستی هەرێم بۆ بەنزین لەزیادبووندایە، بۆ نموونە پارێزگای سلێمانی لەساڵی 2010 رۆژانە پێویستی بە نیو ملیۆن لیتر بوو، ئێستا پێویستی بە زیاتر لە دوو ملیۆن لیترە، بەم پێیەش حكومەت ساڵانە نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار بۆ پاڵپشتیی نرخی بەنزین خەرج دەكات.

- بەپێی دوایین راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، رۆژانە (5370) تانكەر لە هەرێمی كوردستان لە جوڵەدان، كاریگەریی ئەم تانكەرانە لەسەر ژینگە و رێگاوبان و رووداوەكان ئێجگار زۆرە، ساڵانە تەنیا لە گواستنەوەی نەوتی شیواشۆك بۆ بازیان 20 ملیۆن دۆلار تێچووەكەیەتی، بەڵام دروستكردنی بۆڕی لە شیواشۆكەوە بۆ بازیان پێویستی بە 60 ملیۆن دۆلارە، واتە بە پارەی سێ ساڵی كرێی تانكەرەكان دەتوانرێت بۆڕی دروست بكرێت.

- حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 15 ملیار دۆلار قەرزدارە و 6 ملیار دۆلاری حكومەتیش لەلای خەڵكە. لەو رێژەیە 721 ملیار دینار لای كۆمپانیا و بازرگانەكانە كە دەكاتە نزیكەی مووچەی یەك مانگی فەرمانبەران، ئەم پارەیە بە فائیدەی 3% تا 11% دراوەتە ئەم خەڵكانە و ئێستا زۆربەیان نە فائیدەكە دەدەن نە پارەكەش دەگەڕێننەوە، بەتایبەتی ئەوانەی لە سەرووی 3 ملیار دیناریان وەرگرتووە.

- كۆی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بریتین لە یەك ملیۆن و 387 هەزار و 957 كەس، مانگانە پێویستمان بە 878 ملیار دینار هەیە بۆ دابینكردنی مووچە، لەم بڕە 45% بۆ مووچەی بنەڕەتییە و 55% بۆ دەرماڵەیە، واتە دەرماڵە زیاترە لە مووچەی بنەڕەتی. ئەگەر ئەم ژمارە زۆرەی فەرمانبەرانی هەرێم بەراورد بكەین لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی دونیا، هیچ نموونەیەك نابینین هاوشێوەی ئێمە، بۆ نموونە وڵاتی چین ژمارەی دانیشتووانی یەك ملیار و 360 ملیۆن كەسە، كەچی ژمارەی فەرمانبەرانی بریتییە لە 7 ملیۆن كەس. لوبنان ژمارەی دانیشتووانی وەك ئێمە بریتییە لە پێنج ملیۆن كەس، كەچی ژمارەی مووچەخۆرانی بریتییە لە 317 هەزار كەس. سعودیە ژمارەی دانیشتووانی 30 ملیۆن كەسە، بەڵام ژمارەی مووچەخۆرانی بریتییە لە یەك ملیۆن و 200 هەزار كەس. ژمارەی دانیشتووانی مەغریب بریتییە لە 33 ملیۆن، كەچی ژمارەی فەرمانبەرانی بریتییە لە 577 هەزار كەس. توركیا 3 ملیۆن فەرمانبەری هەیە، بەڵام ژمارەی دانیشتووانی 77 ملیۆن كەسە.

- ئەگەر كەسێك بیەوێت خۆی لە كەرتی تایبەت تۆمار بكات، لەلای حكومەت بەشێوەی فەرمی پێویستی بە 106 واژوو هەیە.

- كۆی باجی یەك ساڵی هەرێمی كوردستان بریتییە لە نزیكەی 160 ملیار دینار كە تەنیا بەشی مووچەی یەك مانگی وەزارەتی پەروەردەیە، باجی یەك ساڵی كارگەیەكی گەورەی چیمەنتۆ بریتی بووە لە 10 ملیۆن دینار، چێشتخانەیەكی گەورەی شاری هەولێر تەنیا لە فرۆشتنی ئاو مانگانە 60 ملیۆن دینار قازانج دەكات، كەچی باجی یەك ساڵی بریتی بووە لە 40 ملیۆن دینار. رسوماتی كردنەوەی دووكانێكی ماستفرۆشی بریتییە لە 11250 دینار، كەچی كردنەوەی سوپەر ماركێت و بەنزینخانە رسوماتی نییە و بێ بەرامبەرە. 

ئەمانە تەنیا بەشێكی بچووكن لەو ژمارانەی لەم بەدواداچوونەدا لە چوارچێوەی راپۆرتێكدا پێشكەشی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانمان كردووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبین لەسەر ئەم بەدواداچوونە، بۆ هەریەك لە مەترسیەكانیش پێشنیاز و چارەسەرمان خستووەتە روو. پێمانوایە دۆخی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەبەردەم مەترسییەكی ئێجگار گەورەدایە، ئەگەر بە جورئەتەوە بڕیار نەدەین و دەست نەكەین بە چاكسازی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە