لەم دواییانەدا لە تەلەفزیۆنی رووداو سەیری بەرنامەی 'لەگەڵ رەنج'ـم کرد، کە دوای زیاتر لە 35 ساڵ له جینۆسایدی کورد لە عێراق، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و فلیمساز و مۆسیقاژه‌ن و رزگاربووان سەردانی كه‌مپى نوگرە سەلمانیان کرد. ئەم جۆرە بەرنامانەى وه‌كو 'لەگەڵ رەنج' گرنگییه‌كى زۆریان هه‌یه و ده‌كرێ بەشدارییەکی بەرچاویان هەبێ لە به بەڵگەنامەکردنى جینۆسایدى كورددا.
وەکو توێژه‌ر و چارەسەرکارێكى دەروونی، به پێوستم زانى كه‌وا چه‌ند سه‌رنجێكى ره‌خنه‌یانه له‌سه‌ر به‌رنامه‌كه بخه‌مه‌ڕوو، دواتریش چه‌ند پێشنیارێك بۆ میدیاكاران بخه‌مه‌ڕوو كه رزگاربووانى جینۆساید و مه‌رگه‌ساته‌كانى تر به‌شداری پێده‌كه‌ن له به‌رنامه‌كانیاندا.
به‌هۆى ئه‌زموونكردنى ئه‌و رووداوه مه‌رگه‌ساتانه‌ى كه‌وا له‌كاتى جینۆسایدا به‌سه‌ریاندا هاتووه، رزگاربووانی جینۆساید زیاتر له‌مه‌ترسیدان بۆ تووشبوون به بارودۆخه ده‌روونیه نه‌خوازراوه‌كان، كه ئەم جۆرە چاوپێکەوتنانە ئەگەر بە وریاییەوە ئەنجام نەدرێن، رەنگە ببنە هۆی ناڕەحەتیی زیاتر بۆ رزگاربووان. بۆیە، ره‌چاوكردنى بنه‌ماكانى "كاركردنی وشیار به زەبر" له‌م جۆره به‌رنامانه پێویستییه‌كى گرنگه. كاركردنی وشیار به زەبر، شێوازێكه له كاركردن كه له‌لایه‌كه‌وه ئاشنایه به کاریگەرییە بەربڵاوەکانی زەبر و توندوتیژى له‌سه‌ر رزگاربووان، له‌لایه‌كى تریشه‌وه سه‌لامه‌تى و خۆشگوزەرانی رزگاربووان لە پێشنهى هه‌موو شته‌كانى تردا داده‌نێت.
نه‌بوونى شوێنێك بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و رزگاربووانهى كه به‌شدارى به‌رنامه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ ره‌نجدا بوون تێدا دابنیشن یه‌كێك بوو له كێشه دیاره‌كانى به‌رنامه‌كه. زۆرێک لە بەشداربووان و رزگاربووان به پێوه لە جێگه‌یه‌كى ته‌سكى پڕ له پاڵه‌په‌ستۆدا وه‌ستابوون. ئه‌وه‌ی تێبینیم كرد ئه‌وه بوو كه له دڵپڕى خۆیانه‌وه زۆرجار رزگاربووان لە یەک کاتدا قسەیان دەکرد، هەریەکەیان له ئاستى خۆیه‌وه هەوڵی ئه‌وه‌ی دەدا كه ئەزموونەکانی خۆی یان ئه‌ندامانى خێزانەکەی باس بکات، بەبێ ئەوەی دەرفەتێکی گونجاو بۆ هەریهكهیان هەبێت بۆ ئەوەی چیرۆكه‌كانى خۆی یان خێزانه‌كه‌ی بخاتەڕوو. له‌م جۆره چاوپێكهوتنهنانهدا نەبوونی شوێنێكى گونجاو كه تێدا رزگاربوهكه نه‌توانێ به ئارامى چیرۆكه‌كانى خۆی باس بكات ره‌نگه ببێته هۆى تووندتركردنى نیشانە دەروونیهكانى.
پرسێکی دیکە کە تێبینیم کرد، ئه‌وه بوو كه‌وا هیچ پزیشکێک و ئۆتۆمبیلێكى فریاگوزارى سه‌ره‌تایی لە شوێنەکەدا نەبوو بۆ چارەسەرکردنی هەر كێشه‌یه‌كى له ناكاوى تەندروستیی بەشداربووان. بە لەبەرچاوگرتنی تەمەن و کێشە تەندروستییە درێژخایەنەکانی رزگاربووان، ئامادەبوونی کارمەندانی پزیشکی بۆ پێشكه‌شكردنى فریاگوزاریی ته‌ندروستیى خێرا زۆر گرنگە، بە تایبەت کە کەمپی نوگره سەلمان دوورە لە بنه‌كه‌كانى چاودێری تەندروستی. سەرەڕای ئەوەش، وەک لە کاتی بەرنامەکەدا پیشاندرا رێگه‌كانى كه‌مپه‌كه قیرتاو نەکراون و لە دۆخێکی کارەساتباردان.
لە ئەزموونی كارى چارەسەركاریمهوه هه‌ره‌وه‌ها له ئه‌زموونى توێژینەوەکانم لەگەڵ رزگاربووانی جینۆساید، تێبینی ئه‌وه‌م كردووه كه زۆربه‌ى رزگاربووه‌كان بەدەست گیروگرفته تەندروستیه درێژخایەنەکانی وەکو شەکرە، بەرزه فشاری خوێن و نەخۆشییەکانی دڵه‌وه دەناڵێنن. به‌ڵگه‌یه‌كى زانستى زۆر هه‌یه كه‌وا ئەم حاڵەتانە بەهۆی فشار و ناڕەحەتی ده‌روونیه‌وه خراپتر ده‌بن. بۆیه لەم جۆرە بارودۆخانەدا، کە رێگاکان لە دۆخێکی کارەساتباردان و له‌كاتى بوونى كێشه‌یه‌كى له‌ناكاوى ته‌ندروستى ئه‌ستمه لە کاتی خۆیدا رزگاربووه‌كان ده‌ستیان بگاتە نەخۆشخانەکان، بوونی تیمى پسپۆڕی پزیشکی و فریاگوزارى سه‌ره‌تایی دڵنیایی دەدات لەوەی کە هەر کێشەیەکی تەندروستی مەترسیدار بۆ سەر ژیانى ئه‌و رزگاربووانه دروست ببێ دەستبەجێ چارەسەر ده‌كرێ.
جگە لەوەش، ئه‌وه‌ى كه بینیم ئه‌وه‌بوو كه بەرنامەکە هیچ تیمێكى پسپۆڕى تەندروستیی دەروونی وەک چارەسەرکاری دەروونی تێدا نه‌بوو. لە بەرنامەکەدا ئه‌وه خرایه روو كه بۆ زۆرینەی رزگاربووان ئەوە یەکەمجار بوو له دواى رزگاربوونیان له كه‌مپه‌كه سەردانی نوگره سه‌لمان بکەنه‌وه. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، رەنگە یادەوەرییە زەبرئامێزهكان دووباره سەرهەڵبدەنهوه و ببێتە هۆی ئەوەی رزگاربووان جارێكى تر له‌گه‌ڵ ئەزموونەکانیان بژینەوە. كه ئەمەش هەندێک جار له‌وانه‌یه ببێته هۆى دروستبوونى بێزاری و کاردانەوەی توندى ده‌روونى، یان له‌وانه‌یه ببێته هۆى ئه‌نجامدانى رەفتاری مەترسیدار، کە هەندێکجار رەنگە ببێتە هۆی هەوڵی خۆکوشتنیش. بۆیه بوونی چارەسەرکارانی دەروونی لەم جۆرە بارودۆخانەدا پێویستیه‌كى گرنگه. چارهسهركارى ده‌روونى كارامه توانای دابینکردنی فریاگوزاری سەرەتایی دەروونی هەیە و ده‌توانیت هاوکاری دووباره هاوسه‌نگكردنه‌وه‌ى و ئارامكردنه‌وه‌ى بارودۆخى ده‌روونى رزگاربووان بكات.
به سه‌رنجدانى ورد له به‌رنامه‌كه، په‌یم به‌وه برد كه‌وا ستافی بەرنامەکە راهێنانی پێویستیان وەرنەگرتووە لەسەر چۆنییەتی کارکردن لەگەڵ رزگاربووانی زەبر و توندوتیژى. بنه‌ما ئاكاریهكانى كاركردن پێمان ده‌ڵێن كه رۆژنامەنووسان و ئەو کارمەندانەى كار دەکەن کە لەگەڵ رزگاربووانی زەبر و توندوتیژى، ده‌بێت راهێنانی پێویست وەربگرن بۆ ئەوەی ئه‌و كار و چالاكییانه‌ى كه ده‌یكه‌ن نه‌بنه هۆى زیان گه‌یاندن به رزگاربووان. ئەم بنه‌مایانه یارمەتی چاوپێکەوتنکاران دەدەن كه په‌یوه‌ندییه‌كى متمانه‌دار له‌گه‌ڵ رزگاربوواندا دروست بکەن و خۆیان لە دووبارە به قوربانى كردنه‌وه‌ى رزگاربووان بەدوور بگرن.
چه‌ند پێشنیارێك
• دابینکردنی شوێنێکی ئارام و سەلامەت له‌كاتى به‌رنامه‌كه‌دا كه‌وا بەشداربووان بتوانن بە ئاسوودەیی دابنیشن بۆ ئەوەی ئارامی و ئازادیه‌كى جه‌سته‌یی وایان هه‌بێ تا بتوانن چیرۆک و نیگه‌رانییه‌كانیان په‌یوه‌ست به جینۆسایده‌وه باس بكه‌ن. ستافى به‌رنامه‌كه ده‌بێت بیر له دروستكردنى شێوازێكى چاوپێكه‌وتنى نیمچه رێكخراو بكه‌نه‌وه كه‌وا هەر رزگاربوویەک بتوانێ قسه‌كانى خۆى بكات بەبێ ئەوەی كه‌سێكى تر هه‌وڵى پچڕاندنى وته‌كانى بدات. بیركردنه‌وه له هاوبهشیپێكردنى رزگاربووان له‌سه‌ر هه‌ندێك یاساى زه‌مینه‌سازى پێشوه‌خته كارێكى گونجاوه، واده‌كات كه‌وا هه‌مووان بتوانن په‌یامه‌كانى خۆیان بگه‌نن.
• بوونى ئۆتۆمبێل یان هیلیكۆپتهری فریاگوزارى سه‌ره‌تایى و پاڵپشتیی پزیشکی لەكاتى ئاماده‌كردنى ئه‌م جۆره بەرنامانەدا زۆر گرنگە، بۆ چاره‌سه‌ركردنى له‌ناكاوى هەر کێشەیەکی تەندروستی کە لەوانەیە رووبه‌ڕووى رزگاربووان ببێته‌وه. سەرەڕای ئەوەش، چارەسەرکارانی دەروونی دەبێ بەشێک بن لە تیمی پشتیوانیی پزیشکی بۆ دڵنیابوون لەوەی كه ئه‌و رزگاربووانهى كه تووشی کاردانەوەی دەروونی توند دەبن، فریاگوزارى ده‌روونى سه‌ره‌تایی وەربگرن.
• هەموو ئەو کارمەنده میدیاییانەی کە کارلێک لەگەڵ رزگاربووان دەکەن، پێویستە راهێنانی گشتگیر لەسه‌ر كاركردنى وشیار به زه‌بر و توندوتیژى وه‌ربگرن. زۆر گرنگە دام و ده‌زگا میدیاییەکان کە پشتگیری و چاودێری بەردەوام پێشکەش بە ستافەکانیان بکەن بۆ یارمەتیدانیان لە هه‌ڵكردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه ده‌روونیه‌ى كه ده‌شێ تووشى ببن له ئه‌نجامى كاركردنیان له‌گه‌ڵ رزگاربووانی زەبر و توندوتیژیه‌وه، وه‌كو زه‌برى ناڕاسته‌وخۆ یان برینداربوونى ئاكارى.
• رزگاربووانی جینۆساید هێمای خۆڕاگری و خۆنهچهماندنى كوردن بەرامبەر به زه‌بر و توندوتیژى، هه‌روه‌ها ئه‌وان هێماى خواستی كوردن بۆ مانه‌وه و ژیان. بۆیه پاراستنی سه‌لامه‌تیان و پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست بەرپرسیارێتی بەکۆمەڵى هه‌موومانه. ئه‌ركى ئاكارى میدیایه كاتێك رزگاربوویهكى جینۆساید له به‌رنامه‌كه‌یدا نیگهرانیهكانى ده‌خاته روو، باسى له‌وه ده‌كات كه هیچ ئومێدێكى به ژیان نه‌ماوه، ژیانى واتایه‌كى نییه و مه‌رگى پێخۆشتره كه دواى به‌رنامه‌كه هه‌روا به ئاسانى به جێی نه‌هێڵى، هه‌وڵبدات هه‌واڵه‌ى خزمه‌تگوزارى تەندروستی دەروونیان بكات، تا له ژینگه‌یه‌كى دوور له په‌راوێز خستن و تانهلێداندا، بتوانن هەست و کاردانەوەکانیان پرۆسێس بكه‌ن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ