سندووق و تفەنگ لە ئامەد

31-10-2015
محەممەد کەرەم
نیشانەکردن محەممەد كەرەم هەڵبژاردنی توركیا
A+ A-
هەركە گەیشتینە هۆتێلەكەمان لە ئامەد، یەكەم شت كە بۆی چووم تەماشاكردنی هەواڵەكان بوو بۆ ئەوەی بزانم لە توركیا بە چ ئەندازەیەك گرنگی بە هەڵبژاردنەكان دراوە، ئەوەی بۆ من "سوپەر" بوو بە قەولی ئامەدییەكان، بینینی رووداو بوو لە ترۆپكی لیستی كەناڵە هەواڵییەكانی نێو تەلەفزیۆنەكانی هۆتێلەكەدا. خۆ خویایە رووداو لە كوردستان چ ناوبانگێكی هەیە، بەڵام جیاكردنەوەی لە هەموو تەلەفزیۆنە كوردییەكان و دانانی لە نێو دەستەبژێرێك لە كەناڵە هەواڵییەكانی توركیا و جیهان، پشتڕاستی كردمەوە كە رووداو لە باكووریش پڕ بینەرە.

ئەوەی دەیگێڕمەوە رێك باسی رۆژی 31/5/2015 بوو كە بۆ ماوەی 8 رۆژ رووماڵی هەڵبژاردنەكانی باكووری كوردستان و توركیامان كرد. ئەو كاتە چالینجەكان زۆر بوون، ئاستەنگییەكانی بەردەم پەخشكردنی بۆڵتنێكی هەواڵ بە تەواوی پاكێجەكانییەوە فرە بوون، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە چالینجێكی زۆر قورس بوو و بەسەلامەتی و سەركەوتوویی تێمانپەڕاند، پاراستنی باڵانس بوو لە نێوان پەخشكردن بە زمانی كوردی و راوەستان بە یەك مەودا لە نێوان هەموو حیزبە بەشدارەكانی هەڵبژاردنی توركیادا. ئاسان نییە بە كوردی پەخش بكەی، بەڵام بە مەرج و كواڵیتی تەلەفزیۆنە هەواڵییەكانی جیهان، زانیاری ئاراستەی بینەرانی كورد بكەی و وەڵامیشت هەبێت كە بۆچی لەنێو حیزبە كوردییەكاندا پشتگیری لە هیچ حیزبێك بەجیا ناكەی، چونكەكان زۆر بوون، بەڵام لە رەوشی ئاوارتەدا دەربڕینی بە گوتن ناكرێت بەڵكو بە كردار، ئێمەش لە حەوتی حوزەیران كردمان.

دوای تێپەڕینی نزیكەی پێنج مانگ و تێپەڕاندنی زۆر رووداو و وەرچەرخان و ستۆریی بالكێش، وا دیسان لە ئامەدەوە بە ئەزموونی باڵاتر و پلانێكی نوێوە لە خزمەتی بینەرانی رووداوداین، بەڵام ئەمجارە بە كۆمەڵێك جیاوازی و ستۆریی تازەوە.

ئەوەی لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا لە رووداو دەیبینن، زۆرترین زانیاری دەبێ لەسەر توركیا، باكووری كوردستان، گەنجان، پێكهاتە و چین و توێژە جیاجیاكان، ئاستەنگییەكانی بەردەم هەڵبژاردن، پەیوەندی نێوان پارتەكان و تەواوی وردەكارییەكانی پەیوەندیدار بە هەڵبژاردنەوە. جگە لەوەش بە قووڵی شەنوكەوی پێشهات و پەرەسەندنەكانی باكووری كوردستان و كاریگەرییان لەسەر دەنگی خەڵك دەكەین.
\
لە باكووری كوردستان بە روونی دیارە كە چ ململانێیەك لە نێوان هەڵبژاردن و شەڕدا هەیە، بە بازاڕ و روخساری هاووڵاتیانەوە دیارە ململانێی نێوان دەنگ و تفەنگ چ گرەوێكی یەكلاكەرەوەیە، هەر بۆیە رووداویش سلۆگانی هەڵبژاردنەكانی باكووری كوردستانی كردە سندووق و تفەنگ. 

ئەمجارە دوو بۆلتنی هەواڵ لە كاژێر 17:00 و 22:00 لە ئەنقەرە و ئامەدەوە پێشكەش دەكەین، لە بۆڵتنی ئامەددا فۆكۆس دەخەینە سەر باكووری كوردستان. لە ئەنقەرەش لە كێشە قەبەكانی توركیادا قووڵ دەبینەوە، لەم پێناوەدا رووداو دوو ستۆدیۆی پرۆفیشناڵی لە ئامەد و ئەنقەرە دروستكردووە و پەیامنێرانی لە شارەكانی ئامەد، مێردین، وان، دێرسیم، روحا، عەنتاب، ئەنقەرە، ئیستەنبوڵ و زۆر شار و شارۆچكەی توركیا و باكووری كوردستان بڵاوكردوونەتەوە كە لەبری چاو و گوێی بینەران، زانیاری دەگوازنەوە.

مەبەستی رووداو لە فۆكۆس خستنە سەر هەڵبژاردنی دووبارە لە توركیا، دووبارەكردنەوەی ئەزموونی رووماڵی پێشوو نییە، بەڵكو دڵنیاكردنەوەی بینەرانیەتی لەوەی كە مەحاڵە رووداو لە لیستی تەلەفزیۆنەكانیان هەبێت و هەواڵی گەرموگوڕ لەسەر رووداوێكی وەها گرنگ و یەكلاكەرەوە وەرنەگرن. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە