پۆدکاستەکانی رووداو ملیۆنین

31-10-2024
فەرمان ساڵح
A+ A-
 
پۆدکاست وەک ژانرێکی میدیایی نوێ ئێستا بە خێرایی گەشە دەکات و رۆژ لە دوای رۆژ وەرگر و هەواداری ئەو ژانرە میدیاییە زیاد دەبن. بەپێی نوێترین ئاماری ناوەندە جیهانییەکان، ئێستا زیاتر لە 414 ملیۆن پۆدکاست لە جیهان دا هەن، بەهای بازاڕی پۆدکاست نزیکەی 30 ملیار دۆلارە، ئەمە ئاماژەیە بۆ گەشەکردنی پۆدکاست وەک پیشەسازییەکی میدیایی.
 
بەپێی نوێترین توێژینەوەی ناوەندی Edison Research زیاتر لە 504 ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیهان دا گوێ لە پۆدکاست دەگرن. ئەمەش یەکسانە بە 23.5%ی کۆی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت و زیادبوونی 8.7% بە بەراورد بە 464.7 ملیۆن گوێگری پۆدکاست لە ساڵی 2023دا. لە هەر چوار کەسی بەکارهێنەری ئینتەرنێت کەسێکیان گوێ لە پۆدکاست دەگرێت. گوێگر و بینەرانی پۆدکاست لە جیهان دا لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
 
ئەوەی جێی سەرنجە ئامارە جیهانییەکان پێمان دەڵێن جیا لە هەر ژانرێکی دیکەی میدیایی، منداڵان بە رێژەیەکی زۆر گوێ لە پۆدکاست دەگرن، 74٪ی منداڵان پێیان وایە گوێگرتن لە پۆدکاست لەنێو ئۆتۆمبێل گەشتە خێزانییەکانیان سەرنجڕاکێشتر دەکات و شتی نوێ لە رێگەی پۆدکاستەوە فێردەبن.
 
لەنێو ئەو وڵاتانەی زۆرترین گوێگر و بینەری پۆدکاستیان هەیە، ئەمریکای باکوور بە پلەی یەکەم دێت، کە پێشبینی دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 ژمارەی گوێگرانی بگاتە 46.3%ـی کۆی گوێگرانی پۆدکاست لە جیهان دا؛ ئەورووپا بە پلەی دووەم دێت بە 32.8% گوێگری پۆدکاست، ئەمریکای لاتینیش لە پلەی سێیەم دایە بە 32.4%. پۆدکاست جیا لەوەی لەسەر تۆڕەکانی ئینتەرنێت پەخش دەکرێت، لەنێو ئۆتۆمبێلیش گوێگرێکی زۆری هەن، لەسەر ئینتەرنێت سپۆتیفای پەسەندترین پلاتفۆرمە بۆ گوێگرتن لە پۆدکاستەکان لە سەرانسەری جیهان دا، کە 35.8%ی گوێگران پێیان باشە لەوێ گوێ لە پۆدکاست بگرن.
 
ئەپڵ دووەم پلاتفۆرمی پەسندکراوە لە جیهان دا لەلایەن گوێگرانی پۆدکاستەوە، 33.8% لە گوێگرانی پۆدکاست ئارەزوو دەکەن لەوێوە گوێ لە پۆدکاست بگرن.
 
تۆڕی میدیایی رووداو لە 15ی تەممووزی 2023، بەشێوەیەکی فراوان دەستی بە بەرهەمهێنانی پۆدکاست کرد، لە 2ـی نۆڤێمبەری 2024 وەرزێکی نوێی پۆدکاستەکانی رووداو دەستپێدەکات، لەم وەرزەدا تۆڕی میدیایی رووداو 18 پۆدکاست لە بوارەکانی هەواڵ، تەندروستی، هونەر، ئەدەب، پەروەردە، مێژوو، بیرەوەری و شرۆڤە و لێکدانەوەدا پێشکێش دەکات. ئەم پۆدکاستانەی رووداو لەلایەن کەسایەتییە دیارەکان و گەنجانەوە پێشکێش دەکرێن. پۆدکاستەکانی ئەم وەرزەی رووداو پڕن لە چیرۆک و زانیاری نەبیستراو، هیواخوازم ببنە پۆدکاستی دڵخوازی وەرگرەکانمان لە هەموو جیهان.
 
تۆڕی میدیایی رووداو وەک یەکەم میدیای کوردستانی و عێراقی لە ساڵی 2023 پۆدکاستی بە شێوەیەکی فراوان بەرهەمهێنا، لەوکاتەوە رۆژانە ژمارەیەک پۆدکاستی جیاواز لەسەر ماڵپەڕێکی تایبەت بە پۆدکاست podcast.rudaw.net  و هەروەها لە پلاتفۆڕمە جیهانییەکانیشدا دەخاتە بەردەستی گوێگرانی کورد. گوێگرانی پۆدکاستەکانی رووداو دەتوانن لە رێگەی مۆبایلەکانیان ئەو پلاتفۆرمانە بەکاربێنن و بەدوای پۆدکاستی دڵخوازی خۆیان دا بگەڕێن. هەروەها لەنێو ئۆتۆمبێلەکانیان دا لە رێگەی رادیۆ و کارپلەیەوە گوێیان لێبگرن. 
 
ئێستا پۆدکاستەکانی رووداو لە هەموو جیهان دا گوێگر و بینەریان هەیە، بەهۆی ئەو بەرهەمهێنانە فراوان و جۆراوجۆرەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بواری پۆدکاست دا رۆژ دوای رۆژ وەرگری پۆدکاست زیاتر دەبن. تەنیا لە وەرزی رابردوودا پۆدکاستەکانی رووداو زیاتر لە 100 ملیۆن بینەریان لە سۆشیاڵ میدیا دا هەبووە. پۆدکاستی (یادەوەرییەکانی دۆزەخ) زیاتر لە 20 ملیۆن و 600 هەزار بینەری هەبووە، پۆدکاستی (زار و نەتەوە) زیاتر لە 16 ملیۆن بینەری هەبووە، پۆدکاستی (دەنگ و ئاواز) زیاتر لە 9 ملیۆن بینەری هەبووە، پۆدکاستی (بازاڕ) 13 ملیۆن بینەری هەبووە و (لەگەڵ ئادەم) نزیکەی 5 ملیۆن بینەری هەبووە، پۆدکاستەکانی دیکەشمان ملیۆنین و، ملیۆنان کەس گوێییان لێگرتوون و بینیویانن.
 
ئەو ژمارە زۆرەی گو‌ێگر و بینەری پۆدکاستەکانی رووداو ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە وەرگرەکانی تۆڕی میدیایی رووداو شایەنی ئەوەن باشترین بەرهەمیان پێشکیش بکرێت و لەگەڵ گۆڕانکارییە تەکنەلۆژییەکاندا بە زمانی کوردی و لە داهاتووشدا بە زمانەکانی دیکە ئاشنا بکرێن بە تازەترین پێشکەوتنەکان، رووداو هەمیشە بە یەکەمی دەمێنێتەوە، بۆ ئەوەی وەک میدیایەکی نیشتمانی هەموو زانیارییەکی نوێ لەگەڵ ئێوە بەش بکات.
 
* فەرمان ساڵح، رۆژنامەڤان و بەڕێوەبەری رادیۆی رووداو

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سیپان عەبدولسەلام بەرواری، سەرۆکی بۆردی قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر

قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر و بزووتنەوەی قوتابخانەی سەوز

قوتابخانەی ئەڵمانی لە هەولێر لە هەرێمەی کوردستاندا بێوێنەیە. وەک دامەزراوەیەکی قازانج نەویست لەلایەن بەرپرسانی پەروەردەیی ئەڵمانیاوە سەرپەرشتی دەکرێت، پەیڕەوی پرۆگرامێکی چڕ دەکات جەخت لەسەر فرەزمانی، لێکۆڵینەوەی زانستی و بیرکردنەوەی سەربەخۆ دەکاتەوە. فێرخوازانی گەنج گەشتەکەیان لەگەڵ ئێمە لە باخچەی ساوایان دەستپێدەکەن، بە قۆناخەکانی سەرەتایی و ناوەندیدا بەردەوام دەبن و دواجار دەچنە پرۆگرامێکی بەهاداری بەکالۆریای نێودەوڵەتیی، ئەم رێچکەیە دڵنیایی دەدات منداڵ دەتوانێت لەناو ژینگەیەکی ئەکادیمیی یەکگرتوودا گەشە بکات، فێربێت و پێبگات، بە پشتیوانی بەها جێگیرەکان، ستانداردە مۆدێرنەکانی وانەوتنەوە و ئاراستەیەکی بەهێزی نێودەوڵەتی.