پەیکەری باوکی سیاسی و باوکی ڕۆشنبیر

01-05-2019
نیهاد جامی
نیشانەکردن ئەدەب و کولتوور
A+ A-

ڕاپەڕین سەرەتای خەونێک بوو کە بیرکردنەوە تیایدا ئازاد بێت، ئەوە سەرەتای دەرکەوتنی مۆدیلێکی نوێی رۆشنبیر بوو کە وەک دەسەڵاتێک بۆ مەعریفە دەرکەوت، ئەو مۆدیلە نوێیەی رۆشنبیر لەو رۆژگارەدا زادەی دۆخی ڕاپەڕین بوو، خەونی نەوەی نوێی وابەستەی خۆی دەکرد بەوەی دەیەوێت بیرکردنەوە ئازاد بێت و نەبینە پردێک بۆ لەدایکبوونی فاشیزم، بۆیە ئەو تێگەیشتنە بەهۆی ئەوەی لەو ڕۆژگارەدا سەخت بوو بخرێتە بەردەم دەسەڵاتێک کە لە سەرەتای هاتنە ناو ئەزموونی شاردا بوو، هێشتا لە قۆناغی شۆڕشگێڕیدا بوو، بەڵام ئەوەی وای دەکرد شۆڕش مانایەکی نوێ بەژیان ببەخشێت، ئەو هەناسە نوێیە بوو کە لەپاڵ گوتاری ناسیۆنالیستیدا، ڕۆشنبیر دەیویست بانگەشە بۆ گوتارێکی تازەگەری بکات، ئەو دوو گوتارە دەیانتوانی بەشداری یەکتری بکەن لەپێناو ململانێی نێوان دەسەڵات و مەعریفە کە کۆمەڵگای کوردی ڕووبەڕووی کرانەوە دەکردەوە.

دەسەڵات نەیدەویست مەعریفە سنووری ئەو تێپەڕێنێ، مەعریفەش لەڕێی ڕۆشنبیرەوە قسەی لەسەر مەترسیی دیکتاتۆری دەکرد، ئەو ترسە هۆشداری دەدایە نەوەی نوێ، بەڵام نەوەیەک لە سنووری گرووپی دەستەبژێری نووسەران و گەنجان تێنەدەپەڕی، چونکە پێویستی بە ڕوونیی سیماکانی بوو، بۆیە نەیدەتوانی لەڕێگەی گوتاری فیکرییەوە خۆی ئاراستەی ئەو مانیفێستی تازەگەریە بکات، ئەگەرچی تا ئەو ساتەوەختەش دەستبەرداری گوتاری خۆی نەبووە، بەڵام دەشزانێت کاریگەریەکە لە ئاستی دەستەبژێردایە، بۆیە بەدوای میکانیزمێکی تردا دەگەڕا تا ئەو کاریگەریە بخولقێنێ، بۆ ئەو ڕێگەیەش ئاراستەکان زیاتر بەرەو تێکستی ئەدەبی و بەتایبەت شیعر و ڕۆمان هاتن، ئەوە دەرگایەکی تری کردەوە بەڕووی ئەو نەوە نوێیە تاوەکو لەڕێگەی تێکستەوە دیالۆگ بخولقێنێ.

بۆ ئەوەی قسە لە ستراتیژی گوتاری تێکستی ئەدەبی بکەین، لێرەدا پێویستمان بەوە دەبێت لەسەر چەند هەوڵێک هەڵوەستە بکەین، تاوەکو سیمای ڕوانینەکانمان ڕوونتر بخەینەڕوو، ئەوەش بەو مەبەستەیە تاوەکو بچینەوە سەر ڕۆڵی ڕۆشنبیر لەبەردەم دەسەڵاتدا، ئاخۆ ئەو ململانێیەی مەعریفە لەگەل دەسەڵات بەکوێ گەیشت و سیماکانی دەرکەوتنی چی بوون؟
بەر لە ڕۆژگاری ڕاپەڕین، چیرۆکنووس شێرزاد حەسەن لەڕێگەی هەردوو کۆمەڵە چیرۆکی "تەنیایی" و "گوڵی ڕەش" وێنەی ڕەخنەیی ڕۆشنبیری خستەڕوو، لەدنیایەکدا کە شتەکان دەکەونە نێو ئاستی ڕەخنە و ڕازینەبوون، دوای ڕاپەڕین لەڕێگەی نۆڤلێتی "حەسار و سەگەکانی باوکم" وێنەیەکی بوێرانەی بەدوای ڕەخنەکانی حەمەی گوڵی ڕەش و کوڕەکەی چیرۆکی عیزرائیل و ئەمینی میم خستەڕوو، کوڕی گەورەی حەسار خەون بە کوشتنی باوکەوە دەبینێ، بەڵام تێدەگات کوشتنی باوک تراژیدیایەکی ئەخلاقی ڕووبەڕووی نەوەی نوێ دەکاتەوە، تا ئەو ساتەوەختە ئێمە نموونەیەکمان نییە لە گوتاری ڕۆشنبیر لەو تێکستە ڕوونتر سیماکانی خۆی خستبێتەڕوو.

ئەو لەو تراژیدیا ئەخلاقیە تێدەگات، بۆیە لە چیرۆکی "کەڵەکوڕان و ئاسکەکچان"دا ئەو خەونە دەچێتە ئاستی ڕەمزییەوە کە بیرۆکەی کوشتن کوشتنی فیکری باوکە نەک جەستەی باوک، ئەو بیرۆکەیە دواتر لەلای چەندین چیرۆکنووس وەک کورتە چیرۆک دەرکەوت کە هەندێکیان کۆپییەکی خراپی شێرزاد بوون، لەوانە وەک لە دەرفەتی تریشدا ئاماژەم بۆ کردووە، چیرۆکی (باوکم)ی فاروق هۆمەر کە شتێک نییە جگە لە گواستنەوەی دیدی شێرزاد بۆ چیرۆک، بەڵام لەلای چیرۆکنووسێکی وەک عەتا محەممەد ڕووبەرێکی سەربەخۆ وەردەگرێت، کە ناچێتەوە سەر مانا شێرزادیەکەی، بەتایبەت لە کۆمەڵە چیرۆکی "پاشماوەی خێڵەکان"، هەروەها چیرۆکی "یاسای قەفەزە بچکۆلەکان" ی دانا فایەق وێنەیەکی تری باوک بەرجەستە دەکات کە پەیوەستە بە باوک لە خێزانی کوردیدا. 

بەرزان فەرەج بە شانۆگەریی "خەونە ترسناکەکانی یوسف" وێنەیەکی تر بە ململانێی نەوەکان دەبەخشێ، ئەگەرچی ئەم شانۆنامەیە لە ئاستی ململانێی کارەکتەرەکاندا کاتێک بەدەوری ژنێکدا دەسووڕێتەوە، لە شانۆگەری "گەڕانەوە بەرەو ماڵ" ی هارۆلد پنتەر نزیکمان دەکاتەوە.

بەختیار عەلی دیارترین دەنگی نەوەی ڕاپەڕین، لەسەر ئاستی وتار و شیعر و رۆمان دەیەوێت وێنەیەکی تری دنیای نوێی ئێمە بنووسێتەوە، وتارەکانی دەرگایەکی تر دەکەنەوە بەرەو تێگەیشتنمان بۆ دیاردە گرنگەکانی دوای ڕاپەڕين، بەتایبەت لەبارەی فاشیزم و کۆچ و تازەگەری و دەسەڵات.

بەختیار هەرزوو درک بەو ڕاستیە دەکات کە تێکستی ئەدەبی کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا دەبێت. سەرەتای ڕاپەڕین پێنج تێکستی شیعری بەناوی "گوناه و کەرنەڤاڵ" بڵاودەکاتەوە، ئەو کۆمەڵە تێکستە شیعریە وەک دنیابینییەکی نوێی ئەو دنیایە لێمان ڕوانی، ڕۆمانی "مەرگی تاقانەی دووەم" سەرەتای دەرکەوتنی توانای ئەو بوو وەک ڕۆماننووسێک، دواتر بە رۆمانی "ئێوارەی پەروانە" ئەو وێنەی ترس و فانتازیایە بەڕووی نەوەیەکدا دەردەکەوێت کە ڕۆمان دەبێتە ڕووبەرێکی سۆسیۆلۆژی بۆ خوێندنەوەی داهاتووی کۆمەڵگای ئێمە، ئەوە مەترسیەکە لە گەشەسەندنی هێزە دینییەکان و نەکرانەوەی کۆمەڵگا بەسەر خۆیدا، ڕۆمانی "دواهەمین هەناری دنیا" نەک هەر وێنەیەکی تر دەبەخشێتە کۆمەڵگا، بەڵکو ئێمە لەناو دنیای تێکستەکەدا دنیای کوردی دەبینینەوە، بەختیار لەڕێگەی نووسینی ڕۆمانەوە ئامادەبوونی پەیوەندی رۆشنبیر بە کۆمەڵگاوە دەخولقێنێتەوە، پەیوەندیەک کە خاڵی نییە لە هەڵوەستەکردن و ڕوانینی جیاواز، ڕەنگە ئەوەیان پەیوەندی بەو باسەوە نەبێت، بۆیە لە داهاتوودا هەوڵ دەدەین بگەڕێینەوە سەری.

فاروق سەرباری توێژینەوەکانی لە بواری فەلسەفە، سەرئەنجام باسی لە ڕۆڵی ڕۆشنبیر کرد وەک زۆڵێک کە باوکێکی شەرعیی نییە، ئەو گومانە لەڕاستیدا پەیوەست نەبوو بە وەزیفەی رۆشنبیر لە هەناوی کۆمەڵگادا، هێندەی وابەستەی تێگەیشتنی فاروق بوو لە کاری بەگرووپ و هەموو جیاوازیەک وابەستەی جیاوازبوون نییە، ئەوەی پێیدا تێدەپەڕین وابەستەی سەرەتای تێگەیشتنی کاری گروپگەلی ئەو نووسەرانە بوو، ئەویش زوو درکی کاریگەرنەبوون دەکات و تێکستێکی شیعری دەنووسێت بەناوی "ئەفسووس من لە خۆرهەڵات نامرم"، ئەو تێکستە سەرەتای ئەو دنیابینیەی ئەو بوو، دواتر لە نووسینەکانیدا تێیدا قووڵ بووەوە.

ئەو تێکستانە چەندە ئیشکردنی ڕۆشنبیر بوو وەک مۆدیلێکی نوێی ناو ژیانی فەرهەنگیی ئێمە، لە هەمان کاتدا زەمینەی بۆ گوتارێکی نوێ خوڵقاند کە شکاندنی پەیکەری باوکی سیاسی خەونی ڕۆشنبیرە، بەڵام ئەو گوتارە بۆ ڕۆشنبیر لە واقیعدا وێنەیەکی ترە، بۆ مەرگی هەر کارەکتەرێکی سیاسی ڕۆشنبیر کەوتووەتە شینگێڕان بۆ باوک، رۆشنبیر له ‌مه‌رگی سیاسیه‌كدا دڵخۆش ده‌بێت كه‌ باوكی نەکوشت، وه‌ك كوڕی گه‌وره‌ی حه‌سار ته‌نیا خه‌ونی به ‌كوشتنییەوە بینی، ئه‌وه‌تا له ‌مه‌رگی باوكدا ئه‌گه‌ر بیکوشتبا هه‌موو ده‌یانگوت "هه‌ی باوككوژ".

رۆشنبیران كه‌ دوای ڕاپه‌رین ویستیان له‌ وێنه‌ی پیرۆزی باوك بده‌ن وه‌ك سه‌ركرده‌ی سیاسی، وتاره‌ پرسه‌ ئامێزه‌كان و به‌ پیرۆزكردنه‌وه‌ی باوك پێمان ده‌ڵێن ئه‌وان له ‌ده‌ره‌وه‌ی تیۆر هێشتا له ‌ستایشی باوكدان، هه‌موو ئه‌و بیانووانه‌ی ده‌گوترێت "ئەو باوكه‌ له‌ باوكانی تر نه‌ده‌چوو" ئه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامانی گروپێكی سیاسیش ڕاسته‌ کە سبه‌ینێ له ‌مه‌رگی سه‌ركرده‌یه‌كدا بڵێن "سه‌رۆكی ئێمه‌ له‌ هیچ سه‌رۆكێك نه‌ده‌چوو".

ئێستا رۆشنبیران له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی چه‌مكی پیرۆزگه‌ران بۆ باوكی كوژراو، ئه‌و باوكه‌ی ئه‌وان نه‌یانتوانی بیكوژن و خۆی مرد، مردنێك ئێستا هه‌موو پرسه‌ ده‌گێڕن بۆ ئه‌و مه‌رگه‌، به‌ڵام له‌و پرسه‌یه‌دا ده‌بێت ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ش له‌وان بپرسێت: له ‌ماوه‌ی بیست و پێنج ساڵی ڕابردوودا بۆ به‌و هه‌موو وتاره‌ فریوتانداین و ئێمه‌تان كرد به‌گژی باوكاندا و خۆشتان ستایشی باوك ده‌كه‌ن، چه‌مكه‌ دژه‌كانتان گۆڕییه‌وه‌ به‌ چه‌مكی ستایش.. ئێوه‌ كه‌ ئومێدتان كرد به‌ نائومێدی، ئێستا له‌ناو نائومێدیی ئێمه‌دا چ ئومێدێك له ‌پرسه‌نامه‌كانتانه‌. 

ئەو دەنگە دەشێت دەنگی نەوەیەکی نوێ بێت ئاراستەی ڕۆشنبیری بکات، بەڵام دیسان ئەوە ڕەوانبێژی زمانە دەیەوێت فریومان بدات، بۆ ئەوەی چیتر فریونەخۆین بە گوتاری ڕۆشنبیر، وەک فریوخواردن بە گوتاری سیاسی، ئەوەی هەیە ئەو حەقیقەتەیە کە ڕۆشنبیر دەیویست باوک بکوژێت تا خۆی ببێتەوە بە باوک، شکاندنی پەیکەری باوک بۆ داتاشینی پەیکەری ڕۆشنبیر بوو وەک باوک.  


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە