لە چركەساتی مووچڕكی خۆشیی جووتبووندا، زەمەن دەوەستێت و خود بزر دەبێت، ئینسان لەو وەختە كورتەدا، هاوزەمان هەست بە نەمری و بە نەمانی (من)ی خۆی دەكات. ئەو بزربوونی من و وەستانی زەمەنە، وا دەكەن ئینسان بە ڕوونی خۆی ببینێت و هەست بە شكۆمەندیی خۆی بكات. هەرچەندە ئینسان بۆ گەییشتن بەو هەستكردنە كەمخایەنە، وزەیەكی زۆری لە كیس دەچێت، بەڵام ئاوەزی بۆ ئەوە هانی دەدات، ئەو هەستەی لە كن دروست ببێتەوە و سەرلەنوێ بە هەمان ئەزمووندا بڕواتەوە.
یەكێك لە جیاوازییەكانی نێوان ئاژەڵ و ئینسان ئەوەیە، سێكس كە سەرچاوەی ژیانە، لای ئاژەڵیش هەیە، بەڵام هەمان ئەو سێكسە نییە كە لای ئینسان هەیە، ئاخر لە چاوی ئاژەڵدا، ئەو ئاگری تینوویەتییە بۆ سێكس نابینین كە لە چاوی ئینساندا، نزیكەی هەمیشە گەش گەش دەگڕێت. ئەوە لە چاوی ئینساندا بە زەقی دیارە كە چەند برسییە بۆ سێكس و كە لێی تێر نابێت، لەم ڕووەوە ئاژەڵ لە ئینسان جوانترە، ئینسانی هەمیشە بەئاڵۆش كە لە ئەنجامی چەپاندنەوە، وەك شێتێكی كۆتكراوی لێ هاتووە و ئیللا مەگەر بە ڕووخاندنی دیوارەكانی نێوان نێر و مێ و بە پەروەردەیەكی نوێ، لەو گرێكوێرەیە ڕزگاری ببێت.
وەك چۆن ئەوەمان بەلاوە ئاساییە، ئاژەڵ ڕووتە، فەریادڕەسی ساختە، كە واعیزە، نەبووایە، ئینسانی ڕووتیشمان بە ئاسایی دەبینی. ئەوە زادەی ئاڵۆزی و گرێی دەروونییە، سرووشتی نییە، ئینسان خۆی دەپێچێتەوە، كەسی ساكاری بێ گرێوگۆڵ، وەكوو گوڵ و چەشنی منداڵ، پێی ئاساییە بە ڕووتی دەربكەوێت. بۆچی ئینسان دیوی دەرەوەی جەستەی دەشارێتەوە؟ چونكە لە ناوەوەیدا هێزێكی سەركوتكەر هەیە، ئەوەی بەسەردا دەسەپێنێت. ئەوە ئاساییە لەبەر هۆكارێك لەشمان دابپۆشین، ئەوە سەیرە ترسمان لە خۆڕووتكردنەوە هەبێت. بەوەی جەستەمان دادەپۆشین، بێ ئەوەی دەركی پێ بكەین، ناخی خۆمان دەخەینە ڕوو كە لێواولێوە لە ترس. ئەوە ئاساییە جل لەبەر بكەین، ئەوە نەخۆشییە، چونكە بە عەورەتی دەزانین، بۆیە جەستەمان بشارینەوە. ئەوەیش هەر ئاسایی نییە، بە مەبەستی ورووژاندنی ڕەگەزی بەرانبەر، بەد سوود لە پۆشاكی تەسك و ترووسك وەربگرین، ئاخر پۆشاكی وا هەیە، شوێنە هەستناكەكان ئەوەندە زەق دەكاتەوە، ئەگەر ڕووت بن، هێندە ورووژێن نابن.
خۆ دزینەوە لە باسكردنی سێكس، وا دەكات زیاتر جێی بایەخ بێت و منداڵێك كە هیچی دروستی لەبارەی سێكسەوە پێ نەگوترابێت، ئەگەری لادانی سێكسیی زیاترە و كە بە زانیاریی هەڵەیشەوە گەورە بوو، ئەوسا ڕاستكردنەوەی دژوارترە، ئاخر ئینسانیش وەك درەخت وایە، بە نەمامیی ناسكە، ئاسان كاری لەسەر دەكرێت، كە بە ساڵدا چوو، سەخت دەبێت و لە دەست دەردەچێت. بەدبەختیی ئینسان لەوەدایە، دەرگا سرووشتییە كۆنەكەی بە ڕوودا داخراوە، بەبێ ئەوەی دەرگایەكی نوێی لێ كرابێتەوە. ئەوە ئینسانی زەلیل كردووە كە بەبێ ئەوەی ئاسۆی دیكەی بە ڕوودا كرابێتەوە، بەبێ ئەوەی ئەڵتەرناتیڤێكی دیكەی خرابێتە بەر دەست، دەرگای سێكسی بە ڕوودا كڵۆم دراوە. ئەمەیش وا دەكات، وزەی سێكس كە قەتیس كراوە، ڕێگەی ناسرووشتی بۆ دەربازبوون بدۆزێتەوە. ئەوە بەدحاڵیبوونە پێمان وابێت، لەڕێی سەركوتكردنەوە لە هێزی سێكس قوتارمان دەبێت، ئاخر چەپاندن، ئینسان چاكتر ناكات، دەیشێوێنێت.
ئەوە زۆر گرنگە ئینسان هەر لە منداڵییەوە فێری ڕامان بكرێت، ئاخر پیر كە هەموو سەرچاوەكانی وزەی وشكیان كرد، نە سوود لە ڕامان دەبینێت، نە لە یۆگا. ئەوە بیرۆكەیەكی نەزۆكە، بە پیری كە پێیەكمان لەناو قەبردایە، ئینجا بگەڕێینەوە و بیر لە چاككردنی خۆمان بكەینەوە. هەنگاوی یەكەم بۆ ئەوەی سێكس لە كن گچكەساڵان بگۆڕین بە خۆشەویستی، ئەوەیە فێری ڕامانیان بكەین و لەسەر هێوری و بێدەنگی ڕایانبهێنین، تا فێری بیركردنەوەی قووڵ، زەینسافی، بزربوونی خود و ڕاوەستانی زەمەن ببن، لەو ڕێیەوە بەر لەوەی تەمەنیان بگاتە چواردە، دەرچەی دیكە بە ڕووی هەڵچوونی سەرچاوەی وزەیاندا دەكەینەوە كە بۆ ئەوە كۆمەكیان پێ دەكات، وزەیان نەڕژێتە كەناڵی هەڵەوە و ڕێڕەوی دروست بگرێتە بەر.
منداڵان فێر دەكەین قێز لە سێكس بكەنەوە، سێكسیان وەك گوناهـ و شتی پیس، تەنانەت وەك شەیتان و دۆزەخ پێ دەناسێنین، هەرچەندە جنێودان بە سێكس، پێچەوانەوە دەكەوێتەوە، ئاخر ئەوسا منداڵان كونجكۆڵتر دەبن و حەز دەكەن زۆر لەبارەی ئەو شەیتان و دۆزەخەوە بزانن و لەوە تێبگەن، بۆچی دایكان و باوكان زەندەقیان لە سێكس چووە؟ هێندە نابات منداڵان دەرك بەوە دەكەن، دوژمنانی سێكس، خۆیان شەو و ڕۆژ لەناویدا نوقمن، ئیدی هێدی هێدی بڕوایان بە ڕاستگۆیی دایك و باوك نامێنێت.
منداڵ وردبین و وریایە، دەرك دەكات ژیانی گەورەكان لە تاریكیدا، جیاوازە لە ژیانیان لە ڕووناكیدا و جیاوازییەكی مەزن لە نێوان گوتار و ڕەوتاریاندا هەیە. هەست دەكات ئەوەی دایك و باوك بە قسە بە پۆخڵی لە قەڵەم دەدەن، بە كردەوە دەیكەن، هەر بۆیە ئەگەر باسیشی نەكات، لە ناخی خۆیدا باوانی بە دووڕوو دەزانێت و ڕێزی بۆیان ڕوو دەكاتە كزی. منداڵ ئەگەر بڕوای بە دایك و باوكی نەما، ئەگەری ئەوە بەهێزە بڕوای بە خوایش نەمێنێت، ئاخر یەكەمین ترووسكەی بڕوابوون بە خوا، لەڕێی دایك و باوكەوە دڵی منداڵ ڕۆشن دەكاتەوە. لای منداڵ یەكەمین وێنەی خوداوەند، لە شێوەی دایك یان باوكدا خۆی پیشان دەدات، ئەگەر یەكێك لەو دووانە ناپاكییان لێ كرد، ئیدی ئەستەمە ڕوو بكاتە خوا.
كە نەوەی نوێ بڕوای بە خوا نییە و ئایین بە فێڵ دەزانێت، لەوەوە نەهاتووە، توێژینەوەی كردبێت و دوای بەدواداچوونێكی زۆر بەو ئەنجامە گەییشتبێت، زادەی ئەوەیە دایكان و باوكان درۆیان كردووە و هەرگیز بە منداڵی خۆیان نەگوتووە ژیان زادەی سێكسە، سێكس بەشێكی گرنگە لە ژیان و هەموومان بەرهەمی سێكسین. بەوەی دایك و باوك درۆی لەگەڵدا بكەن، منداڵ ڕۆحی ئازاری پێ دەگات و دەشێت بۆ ئەوەی لە نهێنیی سێكس تێبگات كە هەمیشە لێیان حەشار داوە، هانا بۆ ڕێگەی چەوت ببات و بە زیانی گەورە لەسەری بكەوێت. بۆ ئەوەی سێكس نەبێت بە خولیای یەكەمی منداڵ و ژیانی داگیر نەكات، پێویستە لە كاتی گونجاودا، زانیاریی دروستی پێ بگوترێت و لە تەمەنی چواردە ساڵی بەدواوە، لەسەر ڕامان ڕابهێنرێت و رۆژانە سەعاتێك بێدەنگ دابنیشێت و بیر بكاتەوە.
ستۆكهۆڵم
23/8/2016
(*) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعی، نقلە إلی العربیە: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد ٢٠١١ دمشق.
(**) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاژقیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ