نامە ئەکادیمییەکان... بوون لە شیعری مەحویدا

06-11-2018
هەرێم عوسمان
نیشانەکردن نامە ئەکادیمییەکان
A+ A-

ئەمە ناونیشانی نامەیەکی دکتۆرای محەممەد ئەمین عەبدوڵڵایە کە لە ساڵی 2008 لە زانکۆی کۆیە نووسیویەتی. نامەکە لەبارەی شیعرەکانی مەحویە لە ڕوانگەی فەلسەفەی بونگەراییەوە کە توێژەر پێیوایە مەحوی قۆناغی سۆفیگەری تێپەڕاندووە و گەڕاوەتەوە بۆ ناو خۆی ‌و پرسیاری لەبارەی بوون‌و بوونی خۆیەوە کردووە. نامەکە کاری لەسەر سێکوچکەی "بوون‌ و عیشق ‌و عەدەم" کردووە و سێ بەشە:

بەشی یەکەم: سەرەتا باسی بوون لای هایدیگەر دەکات کە مرۆڤ جیاواز لە هەبووەکانی دیکە دەتوانێت لەبارەی بوونی خۆی ‌و بوون بە گشتییەوە بپرسێت، چونکە مرۆڤ گرنگی بە بوونی خۆی دەدات‌و لەبارەی خۆیەوە دەپرسێ [پرسیارکەرە]، هەروەها بڕیار لەسەر توانا و پرۆژەکانی خۆی دەدات ‌و بەڕووی خۆی‌ و دنیادا کراوەتەوە. توێژەر دوو جۆر هەبووی دیکە جیادەکاتەوە: مرۆڤەکانی وەک خۆمن ‌و من نین و ئەویترن، لەگەڵ شتەکانی دیکە [مادی‌ و مەعنەوی]، کە هایدیگەر بە"بوون لەبەردەستدا"و مرۆڤیش بە "دازاین-بوون لێرە/جیهان" ناودەبات. توێژەر لە ڕوانگەی هایدیگەرەوە باسی دازاین دەکات کە بوونێکی پڕ نییەو توانا و ئەگەرەکانی بوونی هەڵدەبژێرێت، واتە جەوهەرێکی پڕی وەک شتەکانی دیکە نییە، بەڵکو بوونی خۆی بەدیدێنێت، "بوونی بریتییە لە ئیمکانەتەکانی". بۆیە ئەو بوونەیە کە بەردەوام لە گۆڕان‌و گەشەکردندایە، چونکە توانای لەخۆڕامانی هەیە و ئازادی‌، هەڵبژاردن، بڕیاردان‌ و بەرپرسیارێتی بەشێکن لە بوونی. بۆ نموونە ئازادی دازاین لای هایدیگەر پەیوەستە بەڕاستی ‌و خۆدەرخستنی مرۆڤ بەو جۆرەی کە هەیە، واتە رێگەدان بۆ کرانەوە و دەرکەتنی مرۆڤ بۆ ئەوەی ببێت [هایدیگەر بڕوای بە جەوهەری سەپێنراو بەسەر دازایندا نییە]، واتە ئازادانە خۆهەڵبژاردن ‌و بڕیاردان لەسەر خۆدروستکردن بەو جۆرەی کە دازاین خۆی دەیەوێت، ئەمەش بەرپرسیارێتییە بەرامبەر بە بوونی دازاین. دواتر توێژەر دوو ئاستی بوون"بوون لە خۆیدا" کە مرۆڤە بە هەموو توانا بەرجەستەنەکراوەکانییەوە،"بوون بۆ خۆی" کە بەرجەستەکردنی هەموو ئەو توانا و ئیمکانەتانەیە، باس دەکات. بەرجەستەکردن‌ و بەدیهێنانی "بوون بۆ خۆی" بەبێ بوونی ئازادی بەدی نایەت. لێرەوە باسی دوو جۆری بوون [دازاین/ مرۆڤ]"رەسەن‌ و ساختە" دەکات. بوونی ساختە ئەوەیە کە ئەوانیتر [نەریت، ئاین...] بڕیار لەبارەی بوونیەوە دەدەن‌ و نائازادە و بوونی خۆی وندەکات؛ خاسیەتەکانی ئەم بوونەش:زۆربڵێیی، فزوڵ، بەهەڵەداچوونە (یاخود هەڵە حاڵیبوون). بوونی رەسەنیش ئەوەیە کە ئازادانە بڕیار لەسەر پرۆژەکانی دەدات‌و خۆی هەڵدەبژێرێت، رێگەش نادات ئەوانیتر بوونی داگیربکەن. خاسیەتەکانیشی سیانن: حاڵەتی ویژدان [هەستکردن بە بوونی خۆ] تێگەیشن‌ و قسەکردن [تێگەیشتن لە خۆ وا دەکات وتنەکانمان بە تێگەیشتنەوە بوونی خۆمان دەربڕن]. توێژەر جگە لەم دوو جۆرەی بوون، باسی "جەستە-کەس" لە شیعری مەحویدا دەکات کە جەستە دوو دەرگای هەیە، دەرگای ناوەوە بوونی رەسەن هاتوچۆی تێدا دەکات، دەرەوەش بوونی ساختە. کەسیش بریتیە لە من کە لە شیعرەکاندا بە "مەحوی" هاتووە و ئەرکی پاراستنی جەستەیە؛ لە ڕووی دەرەوە داخستنی دەرگای دەرەوەیە لە بوونی ساختە بۆ ئەوەی نەیەتە ناو جەستەوە، لەڕووی ناوەوەش دەرگا لەڕووی بوونی رەسەن دەکاتەوە تا جەستە بکاتە نشینگە و نیشتمانی خۆی. بۆ ئەمەش توێژەر نمونەی شیعری مەحوی دەهێنێتەوە کە ململانێ لەنێوان بوونی ساختە و رەسەندا دروست دەبێ، نموونەی شیعرەکە بە هەرسێ زمانی فارسی‌، کوردی ‌و عەرەبییە، ململانێی رەسەنێتی کە بە کوردی نووسینە، لەنێوان دوو زمانەکەی دیکە کە نوێنەری چەند هێزی ساختەن، لای مەحوی دەبێتە پرسی رەسەنێتی. هەروەها لەژێر ناونیشانی"دەرنەکەوتن ‌و نەهاتنی (یار-بوون)" توێژەر درێژە بە باسکردنی ئەو ململانێیە دەدات کە چۆن مەحوی بەبێ وازهێنان لە دەرەوە دەیەوێت بوونی رەسەن [یار] دەرکەوێ، بەڵام نازانێ تا دەستبەرداری دەرەوە نەبێ بوونی رەسەن دەرناکەوێ:

بەر پێی ئەوم بە مێزەرەوە، سەر کە نا، وتی
مەحوی تەمایە بمخەڵەتێنێ بە تووی پووت

لێرەدا بوون [یار] نایەوێت دەرکەوێت، چونکە مەحوی بەمێزەرەکەی سەرییەوە کە رەمزی مەلایەتی ‌و پێگەیەکی کۆمەڵایەتییە، دەیەوێت بوونە رەسەنەکەی دەرکەوێت، واتە لەناو هێز و پێگە کۆمەڵایەتیەکەی دانەبڕاوە و داوای دەرکەوتنی بوونی رەسەن دەکات، بوونی رەسەنیش دەڵێ دەبێت بمریت [بوونە کۆمەڵایەتیەکەی] بۆ ئەوەی دەرکەوم.

بۆ وەفا کردن بە وەعدەی هاتنی بمرە: وتی
کەس نییە ئیخگاری کا وا هاتووە وادەی وەفات

توێژەر وا شیعرەکە راڤە دەکات کە مەحوی روو لە لایەنی ساختە و دنیایی دەکات ‌و داوای مردنی لێدەکات بۆ ئەوەی بوون [یار] دەرکەوێ، چونکە تا بوونی ساختە زاڵبێ یار-بوون دەرناکەوێت.

بەشی دووەم: "عیشقی بوون ‌و رەنگدانەوەی لە شیعری مەحویدا"، توێژەر سەرەتا باسی عیشق لای ئەفلاتون دەکات. عیشق واتە خۆشویستنی شتێک [شتێکی جوان-چاک]، ئەو شتە دەبێ بەرز و باڵابێ، نەک شتێکی دنیایی ‌و بێ مانا، چونکە خۆشەویستی قوربانیی دەوێ؛ ئەو قوربانیە دەبێت بۆ شتێک بێت شایانی بێت، بەڵام مادام عیشق عاشقی شتێکە کە نیەتی، ئەوا بەتەواوی چاک‌و جوان ‌و پڕ نییە، خودی عیشقیش بەرهەمی ئەم هەژاری و دەوڵەمەندیەیە [وەک لە ئەفسانە کۆنە یۆنانییەکەدا هاتووە]، واتە دۆخی عیشق لەسەر بنەمای نەبوون‌و نەگەیشتن بە مەعشوق سازدەبێت‌ و دوو لایەنیە [عیشق‌ و ئەو شتەی عیشقەکە عاشقی بووە]. بەڵام لای مەحوی توێژەر سێ لایەنی عیشق: "عاشق [مەحوی] عیشق- مەعشوق (کە بوونی خۆیەتی] دیاری دەکات. مەحوی ئەو عاشقەیە کە دەیەوێت بە بوونی رەسەنی خۆی بگات؛ عاشقی بوونە رەسەنەکەیەتی، بۆیە مەحوی نە بوونێکی ساختە و نە بوونێکی رەسەنی هەیە، لەم نێوانەدایە، ئەم نێوانەش بریتییە لە "عیشق". عیشق لای مەحوی، گەڕانە بەدوای بوونی رەسەندا. ژیانی شیعرەکانی مەحوی بە نووری ئەم عیشقە دەژین کە پڕیەتی لە سووتان، فەوتان، رووناکی‌ و گەورەبوون.

تا زوڵمەتی وجودە، تەریکی لە نوری عیشق
سێبەر نەما هەتاوە، کە مەحوی نەما خودا

"زوڵمەتی وجود" ئەو بوونە ساختەیەیە کە جەستەی کردووەتە نشینگە و [بەتاریکیەکەی] بوونی رەسەنی داپۆشیوە، بەڵام نووری عیشق کە چوونە بەرەو بوونی رەسەن، وەک هەتاوە و پێچەوانەی سێبەرە. توێژەر پێیوایە مەحوی لە جیهانی عیشقدایە کە جیهانێکی سەربەخۆ و جیاوازە لە دنیای دەرەوە، بۆ نموونە ئاگری دەرەوە سووتێنەرە، بەڵام ئاگری عیشق بوونی رەسەن دەپارێزێ و سووتێنەری ئاگری دۆزەخیش؛ دەکاتە بەهەشت:

گەر ئاگری مەحببەتی شک بەم لە دۆزەخا
ئەو دۆزەخە بەهەشتمە، جەننەت دەکەم حەرام

بۆیە عیشقی بوونی رەسەن ئاگرەو ئەم ئاگرەش رووناکی هەیە، سەرچاوەی رووناکیەکەش بوونە رەسەنەکەیە کە مەحوی عاشقی بووە. بەڵام لە قۆناغێکدا مەحوی دەگاتە ئەوەی کە دۆزەخ ‌و بەهەشت عیشقیان تیا نییە، ئەمە عەقڵی کۆمەڵایەتیە سەپاندوویەتی:

دۆزەخ لە عیشقە خاڵی‌ و جەننەت لە دەردو داغ
عاشق لە حەشریشا نییەتی جێ دڵێ فەراغ

مەحوی دەست لەخۆشی بەهەشتیش هەڵدەگرێ، بە ناراستەقینەی دەزانێ ‌و رێگەی گەڕان ‌و بەردەوامیی عیشق هەڵدەبژێرێ. دواتر توێژەر باسی عیشق و قوربانیدان، هەروەها پەیوەندیی عیشق بە سۆفی‌ و زاهیدانەوە دەکات کە مەحوی پێیوایە دەستەیەک لەوانە بە رواڵەت‌ و درۆ عاشقی خوا بوون. دەستەکەی دیکە بەڕاستی عاشق بوون. 

بەشی سێیەم: "عەدەم ‌و رەنگدانەوەی عەدەم لە شیعری مەحوی"دا. سەرەتا باسی عەدەم لە ڕوانگەی هایدیگەرەوە دەکات کە چۆن بەپێی لۆجیک ناکۆکی چییەتی ‌و چۆنێتی عەدەم ڕووبەڕووی نابوونمان دەکاتەوە، لە کاتێکدا پرسی چۆن‌ و چییە پرسە لەبارەی شتێکی مەوجودەوە. دواتر توێژەر پرسی عەدەم ‌و قەلەقی باس دەکات کە چۆن قەلەقی عەدەم ئاشکرا دەکات [بەبۆچوونی من چەمکی قەلەقی رەنگە گونجاو نەبێت‌و نیگەرانی‌ و پەرۆشی شیاوتر بێت]. قەلەقی کە کشانەوەی دنیایە و گەڕانەوەیە بۆ پرسین لە خۆ و بوونی رەسەن، کشانەوەی دنیاش بریتیە لە عەدەم، لەبەرئەوەی قەلەقی بنەمای دەرکەوتنی عەدەمە، ئەمەش دەرچوونە لەو رۆچوونەی نێو ژیانی رۆژانەی دازاین لە جیهاندا. توێژەر نموونەی عەدەم لە هیچێتی ‌و بێزاری لە دنیا لای مەحوی بە نموونەی شیعرییەوە روون دەکاتەوە، کە چۆن دژی ماڵی دنیا بە هەردوو لایەنی مادی‌و مەعنەوی وەستاوەوە و لە بوونی رەسەنی خۆی نزیک بووەتەوە و دەیەوێ بە یار-بوون بگات، بۆ ئەمەش پێویستە بچێتە دەریای عەدەم، چونکە یار گەوهەرێکە لەناو دەریای عەدەم:

بێ چوونە عەدەم پەی بە سۆراغی دەمی نابەی
فایز ببە بەم گەوهەرە لەو بەحرە بە ڕۆچوون 

هەر لەم بەشەدا توێژەر باسی وەسفەکانی (یار-بوون) دەکات‌. لە کۆتاییشدا 23 ئەنجامی نامەکەی دەخاتەڕوو، کە پێیوایە لای مەحوی بوونی رەسەن نەک ئاوی حەیات، نەمری دەبەخشێت، قۆناغی عیشق جێهێشتنی بوونی ساختەیە پێش دەرکەوتنی بوونی رەسەن، لە عاشقبوونیشدا هەست بە نەمری دەکات. هەروەها وازهێنانی مەحوی لە دنیا، مەرگدۆستی نییە، بەڵکو ژیاندۆستیە، چونکە ژیانی بە بوونی رەسەنەوە دەوێت. 

ئەم نامەیە لە کۆلێجی زمانی زانکۆی کۆیە بەسەرپەرشتی پ.ی.د عەزیز عەبدوڵڵا گەردی دە ساڵ پێش ئێستا بەدەستهاتووە. توێژەر ئێستا لە کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەتی زانکۆی سلێمانی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە