ڤیکتۆر هوگۆ دەڵێت: (ئەی ژن، تەنیا گوێ بۆ دڵی خۆت ڕادێرە! کتێبی دیکە مەخوێنەوە!) بەڵام خاتوونەشاعیر کە دەخوازێت ڕاستگۆیانە و بوێرانە، بە شیعر تەعبیر لە خودی خۆی بکات، (خۆی وەک شالوورێک دێتە پێش چاو، شالوورێک دەرگەی قەفەزی لێ کراوەتەوە، بەڵام کە هەوڵ دەدات ئازادانە بفڕێت، هەست دەکات، تاقە یەک باڵی هەیە،)(*) ئاخر کۆمەڵ باڵەکەی دیکەی لە بنەوە هەڵکێشاوە، ئاخر خەون شتێکە و واقیع شتێکی ترە. نیتشە گوتوویەتی: (مەگەر هەر لە خەونەکانماندا بە تەواوی ڕاستگۆ بین.) هێشتا لای ئێمە، ژن مەگەر لە خەوندا ڕاشکاوانە قسەی دڵی خۆی بکات.
ئەوە شیعر نییە، بەو زمانە نووسرابێت کە هەواڵ و ڕاپۆرتی پێ دەنووسرێت، ئەوە شیعر نییە، وەک سەرگوتار و دروشمی خۆپیشاندان، لە بیرۆکەی جوان و داوای ڕەوا تژی بێت. شۆڕش لە شیعردا، زادەی فیکری شۆڕشگێڕانە نییە، زیاتر پێوەندیی بە نوێکردنەوەی فۆرمەوە هەیە.
شیعر واقیعێکە زادەی خەیاڵ، مەجازێکە جوانتر لە حەقیقەت و بە زمانێک دەنووسرێت، هەر دەڵێیت پەیڤەکانی لە ئاخاوتنی نێوانی پەری و فریشتەکانەوە وەرگیراون.
کەس هێندەی شاعیر ڕێز لە وشە ناگرێت، ئەوی بە پاساوی نوێکردنەوەی زمانەوە، بەد مامەڵە لەگەڵ وشەدا دەکات، شاعیر نییە، ئاخر شاعیر قەت وشە ئەتک ناکات. لوغە: زمانە و لەغوە: گەڕەلاوژەیە، شیعر گەڕەلاوژە نییە، زمانە، زمان لەوپەڕی چڕبوونەوەی خۆیدا.
شیعر هەر زمان نییە و بەس، مانایشە، مانایەک کە بە هۆی زمانێکی هێور و ڕوون و چڕەوە خۆی نمایش دەکات، ئاخر شیعر حەزی بە هەڵچوون و درێژدادڕی و شیکردنەوە نییە. وەک چۆن شیعرێک هەیە لەڕێی پەخشانەوە خۆی نمایش دەکات، هەروایش پەخشانێک هەیە تەواو لە شیعر دەچێت.
وەک چۆن ئینسان گیرۆدەی ماددەیەکی هۆشبەر دەبێت و پێی ناکرێت خۆی لە بن هەژموونی دەرباز بکات، شاعیریش بە هەمان شێوە، دەکەوێتە بن چەپۆکی بەهێزی شیعرەوە.
ئەوە هەر قسەیەکی سەرزارەکی نییە کە شاعیرانی مەزن دەڵێن، (ئێمە شیعر نانووسین، ئەوە شیعرە ئێمە دەنووسێتەوە،) ئاخر شاعیری ڕاستەقینە با بڕوایشی بە میتافیزیک نەبێت، هیچ گومانی لەوە نییە، شیعر بەدەر لە ویستی شاعیر، لە جێیەکی باڵاوە دێت و ڕەتکردنەوەی شتێکە وەک مەحاڵ، ئەوە بۆیە زۆربە، شیعر بە (ئیلهام) دەچوێنن و ئەوە تەنیا شاعیری ڕاستەقینەیشە، (ئیلهام)ی شیعری بۆ دێت.
شاعیری لەو جۆرە کە دەگمەنە، ئەگەر سوور بشزانێت، بە نووسینی شیعرێک، ژیانی دەکەوێتە مەترسیی ڕاستەقینەوە، هەر دەینووسێت، لە سۆنگەی ئەوەوە نا، کە سڵ لە مردن ناکاتەوە، بەڵکوو لەبەر ئەوەی، وەک سیحری لێ کرابێت، توانای خۆدەربازکردن لە هەژموونی شیعرەکە شک نابات.
*
هاوسۆزییەک لە نێوان شاعیری نەریتخواز و خوێنەری کۆنەپارێزدا هەیە، دووەمیان چاوەڕێی چی دەکات و چۆن بۆ شیعر دەڕوانێت، یەکەمیان لەوەی بۆ دەنووسێت و نائومێدی ناکات. نە شاعیری وەها لە ڕێسا دێرینەکان لا دەدات، نە خوێنەری وایش، ژیان لە گۆڕاندا دەبینێت. نە شاعیری وا شتێکی جیاواز دەهێنێتە ئاراوە، نە خوێنەری وا، بڕوای بە فرەیی هەیە.
شاعیری وا پرسیار ناورووژێنێت، وەڵام دەداتەوە، خوێنەری وا شەیدای وەڵامە حازربەدەستەکانە و حەزی لە گەڕان نییە بە دوای مانای تازەدا. شاعیری وا مۆچیاریی خوێنەر دەکات، بەڵگەی بۆ دەهێنێتەوە، هەواڵی بۆ دەگێڕێتەوە، باسی شتی دەرەکی و تیژتێپەڕی بۆ دەکات، بایەخ بە ناخ و بوون و بەهای نەمر نادات. خوێنەری وا هەر شتێک دژ بە چاوەڕوانییەکانی خۆی بوو، بە هەڵەی دەزانێت.
(گوێ لە نەی بگرە! چیرۆکی دەردی دژواری جودایی دەگێڕێتەوە.) نەی مەولانا خۆیەتی، باس لەوە دەکات، ڕۆحی لە قەفەزی جەستەیدا زیندانە و ئازادیی ئەوەی نییە، بۆ لای ڕێبەرەکەی بفڕێت.
خەمی ئەو دابڕانەیەتی کە لێ ناگەڕێت بە کرۆک بگات، کە توانەوەیە لە ئەوینی خودادا. شاعیر و سۆفی لە وێستگەی گەڕان بە دوای کرۆکدا یەکانگیر دەبن.
شاعیریش وەک سۆفی، لە هەوڵی بە پیرۆزکردنی مانایەکدا نییە، سەرقاڵی گەڕانێکی ئەبەدییە، ڕامبۆ گوتەنی: (ئەوە دەنووسێتەوە کە دەربڕینی وەک مەحاڵ وایە.) شاعیر کە لەوێیە، باسی ئێرەمان بۆ دەکات، وەک لێرە بێت، کە لێرەیە، باسی ئەوێمان بۆ دەکات، وەک لەوێ بێت. شاعیر باسی ئەو یادگارییانەمان بۆ دەکات کە لە کەناری چەمێک ڕوویان داوە، لەمێژە وشکی کردووە، شاعیر بە زمانی با، ماڵئاوایی لەو جێیانە دەکات، بێ خوداحافیزی جێی هێشتبوون.
شیعر گۆرانییەکە بۆ خۆشەویستیی ژیان، ئاخر شاعیر لە هەوڵی ئەوەدایە، باری خواری ژیان ڕاست بکاتەوە. شاعیر دەیەوێت بڵێت، ئەوە خۆشەویستییە درێژە بە ژیان دەدات، ئاخر پێی وایە، ئەگەر ئەوین نەبێت، ژیانیش درێژەی نابێت. شاعیر لە هەوڵی بڵند ڕۆنانی تەلاری شکۆی ئینساندایە، چونکە وای بۆ دەچێت، ژیان ئەوە ناهێنێت، بە شکۆیەکی ژێرپێخراوەوە، درێژەی پێ بدەین.
شاعیر ئەوە بە ئیشی خۆی نازانێت، بەڵگە و پاساو بۆ گوتنەکانی بهێنێتەوە، بەڵام لەڕێی شیعرەوە، ئەوەمان پێ دەسەلمێنێت، ئەگەر وەک جەستەیش کۆتاییمان پێ هات، دەتوانین لە وشەدا بە نەمریی بمێنینەوە. شاعیر لۆرکا گوتەنی فێرمان دەکات، (با ئینسان سەروەختی لەدایکبوون سەری بەرەو خوارەوەیش بێت، وەلێ سەروەختی مردن، دەبێت وەک درەخت، سەری بڵندی بەرەو ئاسمان بێت.)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ