سمۆرەیەک لەسەر شانت خۆی مت دەکا و بە مەکرێکەوە دەڵێ: "تکایە لای من بمێنەوە، شەرت بێ بە شەو کلکم بکەم بە سەرین بۆت و بە رۆژ تا ئێوارە، بەم کلکە نەرمەم باوەشێنت بکەم؛ بە بولبولەکەی هاوسێشم بڵێم تا تۆی باخەوان لێرە بی، بە باڵای هێچ گوڵێکی ترا هەڵنەڵێ".
شنەیەک لەسەر شانی ناسک و سووکی پەپوویەک، بە دەستتەوە دەنیشێتەوە و دەڵێ: "قەول ئەیەم هەتا بلۆقەکانی لەپی دەستت چاک ئەبنەوە، هەر فووت لێبکەم، بەس تۆی باوانی باوکان لێرە مەڕۆ!"
دوو کیسەڵی شەکەت دێن لەبەر هەردوو پێتدا لەنگەر دەگرن و دەڵێن: "سوڵتانی زاگرۆس! سەرکەوە، با قاچەکانت لەوە زیاتر ماندوو نەبن، ئێمە ئەتبەین.. ئێ دەی ئەو پەلەپەلەت لە چییە؟ چی ئەبێ کەمێک درەنگتر بگەیتە ئەبەد؟ با لە رێگا مێروولەکانیش دەرفەتیان ببێ نەختێکی تر بۆ بەژنت بڕوانن."
مارێک دێ کز و کەنەفت خۆی با قاچتدا دەئاڵێنێ و بە ناڵەناڵ دەڵێ: "توخوا جارێ تا بێچووەکانم لەم دارستانەیا مەترسیی سووتانیان لەسەرە مەڕۆ، سوێند ئەخۆم بە شەرافەتی ناوت، تا ماوم بە هیچ کوردێکەوە نەدەم."
کەو بە قاسپەیەکی خۆویستانەوە لە دوورەوە بانگت دەکا: "بۆ کوێ ئۆغر کا شەریف؟ پێش ئەوەی بڕۆی گەرەنتییەکم بدەیە لوولاقی ئەو تاپڕانەی چەماندتنەوە، دوای تۆ لێم راست نەبنەوە دیسان."
کەناریش لەولاوە دەچرێکێنێ: "ڕاست ئەکا راوەستە، قەفەزی زۆر ماوە بۆ شکاندن هێشتا.."
داربەڕوو سەرە هەڵپرووزاوەکەی بە ئاستەم دەلەقێنێ و بە دەنگە گڕ و زەخمدارەکەی دەڵێ: "گوێ بگرە کاشەریف! خۆت ئەزانی من چەن چەقاوەسوو و ئینکارم، سوێند بێ بە ئومێدی سروشت، ئەگەر بڕۆی چەترێکی پان هەڵئەدەم و خۆم لە پەڵەی ئەم پاییزە ئەشارمەوە، با ئیتر هیچ هاونیشتمانییەکت دوای تۆ تامی بەڕوو نەکەن."
ئاسمان بە گەواڵەیەکی وشک تێی دەگرمێنێ و دەڵێ: "تۆ هەر بە تەمای پەڵە مەبە، باران لە شەرمی ئەو ئاگرەی نەیکوژاندەوە، هەر ئەبێ ببێ بە تکێ ئاو و بچێ بە ناخی عەرزا، چۆن لە رووی بێ جارێکی تر ببارێ؟"
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ