(16)
مەگەر تەنیا ئەوانەی بە لووتکەی تێگەییشتن گەییشتوون، بزانن خۆشەویستی چییە. خۆشەویستی لە کاتی گونجاوی خۆیدا دێت، وەک چۆن ناتوانین خونچەیەک ناچار بکەین، زووتر بپشکوێت، یان گوڵێک ناچار بکەین، بۆنی لەوە خۆشتر بێت کە هەیەتی، هەر وایش ناتوانین خۆشەویستی ناچار بکەین زووتر لە کاتی خۆی پەیدا ببێت. خۆشەویستی بەش بەش نایەت، کە هات بە تەواوی دێت، بۆیە هیچ پێویست ناکات، خۆمان تەنگاو بکەین، خۆی خۆڕسکانە دێت. خۆشەویستی کرۆکی بوونی ئینسانە، کە هات ئیدی لە کەسێکی پاسیڤەوە، دەبینە ئینسانێکی ئەکتیڤی بەشدار لەو کاروانەی مرۆڤایەتیدا کە ڕێی ڕاستی هەڵبژاردووە.
خۆشەویستی وەک سێبەری هۆشیاری وایە، ئەگەر هۆشیاریمان نەبوو، خۆشەویستیشمان نابێت. خۆشەویستی میوانێکە، بۆ لای کەسانێکی هۆشیار دەچێت کە ئامادەن پێشوازیی لێ بکەن، ئاخر ئەگەر هۆشیار نەبین، لە دەرگایشمان بدات، نایناسینەوە. خۆشەویستی لەناکاو دێت، هەموو بوونت داگیر دەکات و وەک بە مۆسیقا گەمارۆ درابیت، دڵت دەکەوێتە سەما. کە هات شتگەلی جوانی وا دەبینیت، پێشتر هەستت بە بوونیان نەکردووە، ئیدی هێدی هێدی تێدەگەیت، ئەوە تەمومژی خۆشەویستییە دایپۆشیویت. تەنیا سۆفییان دەزانن خۆشەویستی چییە، ئاخر بێجگە لەوان کەسانی تر، بە ئەزموونی خۆشەویستیدا ڕەت نەبوون.
مەسیح گوتوویەتی خوا خۆشەویستییە، بەڵام ئەوە هەموو ڕاستییەکە نییە، ئاخر خوا هەر خۆشەویستی نییە، بەزەیی و سۆزیشە، حیکمەت و لێبوردەیی و دەیان شتی تریشە. خەیام کە سۆفییەکی شاعیر بووە، دەڵێت: (ئەگەر خوا هەر خۆشەویستی بووایە، وەختی خۆی بۆ ئەوە تەرخان نەدەکرد، لەو دونیا ڕێز لە قەدیسەکان بگرێت و گوناهباران فڕێ بداتە دۆزەخەوە.) ئاسینییەکان کۆمەڵێک زاهیدی جوولەکە بوون، سەد ساڵێک بەر لە زایین لە دەوروبەری زەریای مردوو پەیدا بووبوون، دەیانگوت: خۆشەویستی خوایە، مەبەستیان ئەوەبوو، تەنیا ئەوانە خوا دەناسن کە ئەزموونی خۆشەویستییان هەیە. ئەوان لەسەر هەق بوون، ئاخر شتێک نییە لە خۆشەویستی باڵاتر.
بۆ ئەوەی دەرک بە خۆشەویستی بکەیت، پێویستە خۆت بزربیت، ئاخر کە خۆشەویستی حازربوو، تۆ بزر دەبیت. کەبیر (1440 – 1518) عاریفێکی هیندی بوو، دەیگوت: (زۆر بەدوای حەقیقەتدا گەڕام، کە دۆزیمەوە، سەیری ئەملا و ئەولای خۆم کرد، ئەوم دی، ئەو حازر بوو، خۆمم نەدی، خۆم غائیب بووم.)(*) وەک چۆن ناکرێت حەقیقەت و ئەوی وێڵی دوای حەقیقەتە، پێکەوە هەبن، تۆ و خۆشەویستییش ناکرێت پێکەوە هەبن، یان تۆ، یان ئەو. خۆشەویستی کە هات بە تەواوی دێت، پێویستی بە تۆ نابێت تەواوی بکەیت، خۆی گوڵ دەگرێت، تۆ دەبێت بتوێیتەوە و بزرببیت.
هیچ وشەیەک هێندەی خۆشەویستی بە هەڵە بەکار نەهێنراوە. بە منداڵەکەت دەڵێیت، خۆشم دەوێیت، بەڵام ژیانی بە شتگەلی پڕوپووچ دەشێوێنیت. ئەوە خۆشەویستی نییە، گەوجایەتییە، هەوڵ بدەیت منداڵەکەت لە خۆت بچێت. سوور دەزانیت خۆت لە کوێرەوەریدا دەژیت، ئیدی بۆچی دەخوازیت، منداڵەکەشت هەمان ئەزموونی تاڵی تۆ تاقیی بکاتەوە! لە منداڵێکم پرسی: خۆت دەناسیت؟ گوتی: نا. گوتم: بۆچی؟ گوتی: ئەو پێم دەڵێت: لووتت لە لووتی دایکت دەچێت. ئەم پێم دەڵێت: چاوت لە چاوی باوکت دەچێت، ئەوی تر پێم دەڵێت: قژت لە قژی خاڵت دەچێت، کەس پێی نەگوتووم: ئەو شتەت لە هیی خۆت دەچێت. ئەوە خۆشەویستی نییە، ستەمە، لێ ناگەڕێین منداڵ خۆی بێت، منداڵ خۆی بدۆزێتەوە، دەمانەوێت لە خۆمان بچێت. ئەوەی باشە منداڵ لاسایی باوانی ناکاتەوە، ئەگەرنا ئێستایش لە چاخی بەردیندا دەژیاین.
بۆ ئەوەی منداڵەکەت خۆشی بوێیت، تەنیا هێندە بەس نییە، تۆ دایکی یان باوکی ئەویت، بۆ ئەوەی خۆشی بوێیت، پێویستە تۆ کەسێکی خۆشەویست بیت. ڕەنگە لە ناچارییەوە، وای پیشان بدات کە تۆی خۆش دەوێت، بەڵام ئەوە دووڕووییە کە هەر لە سەرەتاوە فێری منداڵی دەکەین. کەسوکار، مامۆستا و واعیز دەیانەوێت لە خودی خۆت دوورت بخەنەوە، دڵسۆزت کەسێکە دەتباتەوە بۆ لای خۆت. دەیەوێت خۆت بیت، ڕێزی خۆت بگریت و وا هەست بکەیت، بوون پێویستی بە تۆیە، وەک هەیت.
لەوێوە کە دەرک بە هەبوونی خۆت دەکەیت، ئیدی سەرەتا ڕامان و دواتر خۆشەویستی دەست پێ دەکات، ئاخر تا خۆت بەهۆی ڕامانەوە نەناسیت، ناتوانیت خۆشەویستی ببەخشیت. گەورەترین ئەزموون لە ژیاندا ئەوەیە، بەبێ مەرج و بەبێ ئەوەی چاوەڕوانی سوپاس و پاداشت بیت، خۆشەویستی ببەخشیت و بەخشینەوەی خۆشەویستی بە ئەرکی پیرۆزی سەرشانی خۆت بزانیت، تەنانەت تۆ سوپاسی ئەوانە بکەیت کە خۆشەویستیت لێ وەردەگرن، چونکە دەتوانن ڕەتی بکەنەوە. کە بەو قۆناغە گەییشتیت، لە ناخەوە سوپاسی ئەوانە بکەیت، خۆشەویستیت لێ قەبووڵ دەکەن، ئیدی هەست دەکەیت، تۆ ئیمپراتۆریت. تا تژی نەبیت لە خۆشەویستی، ناتوانیت خۆشەویستی ببەخشیت، کە دەستت بە بەخشینەوەی خۆشەویستی کرد، لە هەموو لایەکەوە، لە کەسانێکیشەوە کە نایانناسیت، پەیامی خۆشەویستییت پێ دەگات و دەکەویتە بەر ڕێژنەی بارانی خۆشەویستی.
کە هەستت کرد، ئیدی پشتت هەر بە خۆت قایمە نەک بە کەسی دیکە، هەوری هێمنییەکی قووڵ ناخت دادەپۆشێت، ئەمە بەو واتایە نییە، ئیدی دەستت لە خۆشەویستی هەڵگرتووە، بەڵکوو تەواو بە پێچەوانەوە، ئەوە یەکەم جارە بە خۆشەویستی ئاشنا دەبیت، خۆشەویستییەک کە بایەلۆجی نییە، هاوڕێیەتییەکی گەرموگوڕە، نەک پێوەندی. خۆشەویستی بریتی نییە لە پێوەندییەک کە دەشێت لەناکاو بپسێت، خۆشەویستی بەردەوام دەبێت و کۆتایی بۆ نییە. پێوەندی وەک مانگی هەنگوین وایە، زوو ئەو خۆشی و گەرموگوڕییەی خۆی لە دەست دەدات، ئەگەر درێژەیش بکێشێت، ئەوە دەستگرتنە بە داوێنی بەرژەوەندییەوە، خۆشەویستی نییە.
پێوەندی بۆیە درێژەی دەبێت، چونکە جێگرەوەی ترمان نییە و ئەگەر دەستبەرداری ببین، کێشەمان بۆ دروست دەبێت، ئەگەر نا، ژوورێکە داخراو، نەک مێرگێکی بەرینی پاراو. خۆشەویستی وەک پێوەندی نییە، کانیاوێکە بەردەوام هەڵدەقوڵێت، ڕێ دەکات و خوڕەی دێت، نە وەستانی هەیە، نە کۆتایی. مانگی هەنگوینیی خۆشەویستی کە دەستی پێ کرد، ئیدی بەردەوام دەبێت، خۆشەویستی چیرۆکێک نییە کۆتایی هەبێت، داستانێکە بە مەرگی قارەمانەکانیشی دوایی نایەت.
30ی نۆڤەمبەری 2016
ستۆکهۆڵم
(1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.
(*) تاگوور سەد شیعری (کەبیر)ی کردووە بە ئینگلیزی، ئەندریە جید، لەو سەد شیعرە، بیست و دوویانی کردووە بە فەرەنسایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ