هەمیشە لەو بڕوایەدا بووم کە هەموو چیرۆكێكی هونەریی ڕەسەن و سەركەوتوو چیرۆكێكی دیکەی ڕاستینەی لەپشتەوەیە. نازانم ئەم وتە و بۆچوونەم بەنیسبەت چیرۆكنووسانی دیکەوە چەندێ ڕاستە، لێ بەنیسبەت خۆمەوە بۆ زۆربەی چیرۆكەكانم چیرۆك و پاڵنەر و ڕووداوێكی دیكەیان لەپاڵدایە و بۆ نووسینیان هاندەر و هەژێنەرم بوونە. تەنانەت حەیشیشیان پێ تاڵ کردووم تا نووسیومن و لێیان ڕزگار بووم. چیرۆكی (تەوالێت)یش چوون ئەوانیدی وایە و ئەمەیش بەسەرهاتەكەی پشتەوەیەتی.
بەیانییەكی بەهاری 1990 لە چایخانەی شەعب و قەرەباڵغییەكە هەستاین. ئێمە ئەكرەمی مام عەلی، عومەری حاجی مەحموود، هەمزەی عەلی دەدە، عومەری چایچیشمان لەگەڵدا هات، بەرەو دووكانە گچكەكەی ڕەفیقی مەلا فایەق لە قەیسەریی نەقیب. لە پلیكانەكانەوە گوێمان لە بۆڵەبۆڵ و تەعلیق و قسە قوتەكانی كاكە ڕەفیق بوو. سەلام مەنمی و ئەحەی حەمكوڵ و مەلا ئەمینی لابوو.
-ئەم حسێن عارفە خۆی بەچی دەزانێت! چیرۆكێكی منی بە پەڕوباڵەوە داڵقوت كردووە.. بێئەوەی ئیشارەتێ بدات. یان هەرهیچ نەبێت پێشكەشی بكردمایە.
كاكە ڕەفیقی چیرۆك و ساتیرنووس چەند جارێكی دی ئەو گلەییەی لام كردبوو، بە فرسەتم زانی بۆ ئەوەی زێتر بیهەژێنم، هەر لەخۆمەوە...
-ئەگەر مەخسەدت چیرۆكی باخچەی گشتییە، ئەشهەدو وایە و دەبوو پێشكەشی بكردیتایە، بەڵام ئەوانە نە ئیعتیراف بەوە دەكەن كارێكی وایان كردووەو نە بە خۆشمان وەك چیرۆكنووس. ئەوەتا من چیرۆكێكی تازەم نووسیوە و پێش بڵاوكردنەوەشی ئیعتیراف دەكەم لەژێر كاریگەریی چیرۆكەكانی تۆدا نووسیومە.
هەستم كرد لەبری ئەوەی بیهەژێنم و ئاگرەكە خۆشتر بێت، بەم قسەیەم هێندە دڵخۆش بوو، حسێنی هەر لەبیرچووەوە. كەوتە مەدحكردنی شەیتانانەی من.
دەمزانی بەڕاستی نییە، وەلێ مەبەستێتی ئەوەی لای حسێنەوە بەدەستی نەكەوتبوو، بەڵكو لای منەوە دەستی بکەوێت!
-ئەها چیرۆكنووسی پیاو.. و.. و... (هێندە زێدەڕۆیی لە ستایشی مندا كرد ڕووم نایەت لێرەدا بیاننووسمەوە)
یەكسەر كاك عومەری چایچی هەڵیدایێ...
-تەبعەن كاك ڕەئوف حەسەن لەژێر ناونیشانی چیرۆكەكەشیدا دەنووسێت (پێشكەشە بە ڕەفیق فایەقی چیرۆكنووس و هاوڕێم.)
هەموو بە گومانەوە سەیریان دەكردم، وەكو بیانەوێت لەسەر ئەو قسانەی هەروا بۆ سوعبەت و دڵنەوایی ئەو كردبووم و زۆربەشیان دەیانزانی وا نییە، هەر بۆئەوەی تووشم بكەن و بمخەنە هەڵوێستێكی مۆلەقەوە، هەموو پشتگیریی كاك عومەریان كرد. بەواتایەكی دی من بەتەڵەوە بووم.. زمانیشم وەك بە تەڵەی تەقیوەوە بووبێت هەر لەخۆمەوە گوتم:
-خۆزگە بمتوانیایە ئەوە بنووسم!
ڕەفیق خێرا هەڵیدایە:
-بۆ ناتوانی! قەڵەمت پێ نییە؟ ها ئەوە پاندان و بڕۆ بینووسە و بینێرە بۆ گۆڤارێ!
هەمدیسان بۆئەوەی بەزمەكە خۆشكەن، هەموو پشتگیرییان كرد.. بەدووی بیانوویەكدا دەگەڕام خۆمی پێ دەرباز بكەم و لەگەڵ قسەكەی پێشووشمدا دژوار نەبێت:
-ئاخر! ئاخر! ئەگەر شتێكی وا لەلای ناونیشانەكەوە بنووسم، بۆ ئەو.. بۆ كاكە ڕەفیق خراپ و ناشرین دەكەوێتەوە!
هەموو لەم پاساوهێنانەوە نالۆگیكییەم بۆ نەنووسینی پێشكەشییەكەم سەرسام بوون.. كاك ڕەفیقیش هەر بەجارێ دەهری بوو..
-بۆچی بۆ من ناشیرین و خراپە! ئەگەر تۆیش وەك حسێن نیت.. ئەوە مەكەرە بیانوو.. با بۆ من خراپ بێت و بینووسە.
-ڕەفیقی برام هەڵمەچۆ! دەزانی چیرۆكەكەم ناوی چییە!
-ناوی هەرچییەكە گرینگ نییە.. ئەگەر درۆ ناكەیت تۆ بینووسە و خەمی منت نەبێت.
-ئاخر ناوی (تەوالێت)ە.. خەڵكی گوڵ پێشكەشی هاوڕێ و دۆستانیان دەكەن.. مەعقولە من بنووسم تەوالێت پێشكەشە بە هاوڕێی خۆشەویستم ڕەفیق فایەق!
هەروام گوت و هەموو پێكەنین.. ڕەفیق زۆر نیگەران بوو.. بە تووڕەییەوە:
-بەشەرەفم درۆ دەكەیت.. چیرۆكی وا هەر نییە.. چۆن ناوی ئاودەستخانە لە چیرۆك دەنرێت.. دەسخەتەكەمان بۆ بێنە.. دەیهێنیت یان نا!؟
-بەسەرچاو.. سبەینێ ئەگەر لەگەڵ خۆمدا نەمهێنا، مافی خۆت و هەموو ئەم برادەرانەشە بەنەفرەتم بكەن و بۆ هەتا هەتاشە باوەڕ بە هیچ قسەیەكم نەكەن
***
ئێوارە بەدەم لێكدانەوەوە چوومەوە ماڵ.. خودایە من بەهۆی ئەم گەمە و سوعبەتە بێتامەوە چیم بەخۆم كرد و چۆن تووش بووم.. ئەگەر بەیانی چیرۆكێكی بەناونیشانی (تەوالێت)ەوە بۆ نەبەم، ئەوە ڕەفیقە و نەگاڵتە.. هەر بەجارێ لەنێو هەموو برادەرانیشدا ڕسوام دەكات و ئەوجا بە هەمان ناونیشانیش چیرۆكێكم لەسەر دەنووسێت و پێشكەشمی دەكات.. ئێستە قوڕی كوێ بكەم بەسەرمدا!
كۆنە داخی ساڵانێكی حیزبی شیوعیم لەدڵدا بوو، چۆن خۆمان و شانە (خەلییە) كەشمانی فەرامۆش كردبوو.. ئەوساكە لەنێو شانەكەماندا، چوون ناوێكی نهێنی هەر بە (گێلاس) یان (گەلاوێژ) ناوی حیزبمان دەبرد.. ئەویان بەهۆی ڕەنگەكەیەوە و ئەمیشیان بۆ خۆشەویستیمان بۆ شۆڕشی چواردەی گەلاوێژی عەبدولكەریم قاسم.. ئێ بۆچی بەتیرێ دوو نیشان نەپێكم.. ئەوە دوو كەسێتی سەرەكیی خۆم و (گەلاوێژ) یان (گێلاس) بەلامەوە ڕوون و ئامادەن.. كێشەكەش خۆشەویستییەكەم بۆی و فەرامۆشكرنەكەی ئەویش بۆم، زۆر ڕوون و ئاشكرایە.. ئیدی خەیاڵ و تەكنیكی خۆم و مەسەلەی (تەوالێت)ەكەش هەر زۆر بەئاسانی بەدەستمەوە هات.. ئەوە نییە وەك ئیدیۆمێكی نێو كوردەواری بەتایبەتیش لەنێو كچان و ژنان بە توانجەوە و بۆ پیاوێ بەتەمایان بێت و بە دڵیان نەبێت دەڵێن: (وەڵا لەسەر ئاودەستیش بیری لێناكەمەوە).. ئیدی هەر ئەوەی ماوە بۆی دانیشم و بەدەم جگەرەكێشان و دیژلەمە خواردنەوە دەستپێبكەم. لە هەموو ئەمانەش گرینگتر، دەبێت ململانێ و ڕووداوەكان بەو بارەدا بەڕێ بكەم، بەرەو كۆتاییەكی هونەرییانەی پەسەند بچێت.
دوای نیوەشەو هەموو شتێكم تەواو كرد. ناوی (تەوالێت)م لێنا كە نە هەر پڕ بەپێستی بوو، بەڵكو وام هۆنیبووەوە گۆڕینی ناونیشانەكەی بەهەر شتێكی دی كەلەبەرێكی گەورە بخاتە سەرجەمی چیرۆكەكە و رووداوەكانیشییەوە. خۆ ئەگەر وانەبێت، وەك ئەوە وایە هیچم نەكردبێت.
وێڕای ئەمانەش، لەو ڕۆژگارەدا تازە ناوی چەند بیرمەندێ گەیشبووە لامان. بەتایبەتی (فۆكۆ) و بە 5-6 ساڵ بەر لە مردنی بە نەحۆشیی ئایدز، تێزەكانی لەمەڕ بەدەن (جەستە- گۆشت) نەك (ڕۆح)و (میتافیزیك) مایەی سەرنجڕاكێشانم بوون. جا لەبەر ئەوەی سەرلەبەری چیرۆكەكەم بە شێوازی (تەوژمی هۆش) نووسیبوو، تارمایی گۆشتی جەستەی (گەلاوێژ) بە جوانترین شێوە لە فەزای بەشێكی چیرۆكەكەدا دەردەكەوێت. بەكورتی هێندەی بە قوتار بوونم لەدەست كاكە ڕەفیقی دڵناسك دڵخۆش بووم، سەد ئەوەندە بە نووسینی چیرۆكەكە خۆی شادمان بووم. تا ئێستاش بەلای خۆمەوە بە یەکێ لە چیرۆكە دەگمەنەكانمی دادەنێم.
بەیانی زوو دەستنووسەكەم بە كاك عومەری چایچیدا بۆ نارد.
دوای خوێندنەوەی، پاشنیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لەگەڵ كاكە ڕەفیقدا پیاسەیەكمان كرد. گەرچی قەناعەتی تەواویشی كردبوو کە ئەو بیرۆكەیە دوور و نزیك پێوەندی بەوەوە نییە، مەحاڵیشە بە شەوێك و بە پەلە نووسرابێت، حەزیشی دەكرد پێشكەشی بكەم. تەنیا گرفتێ لەبەردەمیدا هەر ناونیشانەكەی بوو.
-ناكرێت ناونیشانەكەی بگۆڕیت؟
-بیكەم بە چی!
-بۆ نموونە (گەلاوێژ) ناوێكی جوانە و بۆ پێشكەشكردنیش هەموو كەسێ شانازیی پێوە دەكات.
-زۆر ڕاستدەكەیت ناوێكی جوانە، وەلێ سەردەمی ئەو ناولێنانانەی چیرۆك لەمێژە بەسەر چووە.. (مادام بۆڤاری)، گۆستاڤ فلۆبیر و (خازێ)ی بلە و ئەوانیدی.. ناونیشانگەلێكی باوی سەردەمی ڕێبازی ڕیالیزم بوون. ئێمە خۆمان بە مۆدێرن دەزانین. (گەلاوێژ) و (كورسی پێچكەدار) و تەنانەت (تەوالێت)ەكەش هێمای واتاداری تایبەتن لە خزمەتی چیرۆكەكەدان.
گەرچی ڕەفیق قەناعەتی بەهیچ شتێ لەوانەی وتم نەهێنا، بەڵام هەرچۆنێ بوو خۆم لەو گۆتاوەڕۆیە دەرباز كرد.
كاكە ڕەفیقی جوانەمەرگ لەنووسیندا بڕوای بە فانتازیا و ڕەمز و تەكنیكی چیرۆك و ڕۆمان و ڕێبازە هونەرییەكان نەبوو، تەنانەت بەتەواوی نەشیدەزانی ئەوانە چین.
هەرچییەكی بە خەیاڵدا بهاتایە لە شێوەی نیمچە تەنزێكدا دایدەڕشت. سەرەتایەكی باشی لەو شێوازە نووسینانە بڕی. ئومێدێكی زۆرمان پێی بوو وەك ستایلێكی تایبەت بەخۆی هێندەی نەمابوو بەهۆیەوە چیرۆكی تەنزئامێز لە ئەدەبەكەماندا بێتەكایەوە، لێ بەداخەوە مەرگی چاوەڕواننەكراوی نەیهێشت.
سوپاس هاوڕێ بێوەی و قسەخۆش و چیرۆكنووسەكەم. سوپاس بۆ تۆ و ئەو هاوڕێیانەش لێرەدا ناوم بردوون. بە هەمووتان ناچارتان كردم ئەو چیرۆكە بە تاكە شەوێ بنووسم و لەو هەموو چیرۆكانە ناوازەتر و ڕاستگۆیانەتر بێت كە بە هەفتە و مانگ پێیانەوە خەریك بووم. لەبری پێشكەشكردن، كاكە ڕەفیق! ئەوەتا بەڕاستی دان بەوەدا دەنێم کە ئەو چیرۆكە نە لە چیرۆكی تۆ و نە لە هی هیچ كەس دەچێت. وەلێ تۆ خۆت بوویتە مایەی نووسینی و هەر خۆیشت بوویتە دایەنی لەدایكبوونی.
سوپاس بۆ هاوڕێیەتییە كورتخایەنەكەت. سوپاس بۆ ئەو هەموو پاكی و بەرائەتەت. سوپاسی گەرمم بۆ ئەو ئیلهامە ناڕاستەوخۆیەی پێت بەخشیم.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ