بەشی سێیەم و کۆتایی
چۆنیەتیی تیرۆری پاشای گەورە و ڕووداوەکانی پاش کوژرانی و سەردەمی جمهووری و داڕمان
وەک لە بەشی دووەمدا باسمان کرد، محەممەد شای قاجار کە لە 1834 بوو بە شای ئێران، پەیمانی ئاشتی لەگەڵ پاشای گەورە مۆر کرد و بەو شێوەیە میر دەستی لە لاجان هەڵگرت.
لەوانەیە پرسیار بکەن شای ئێران لە کوێ و شای سۆران لە کوێ؟ لە ساڵی 1831ەوە سوپای شانشینی سۆران لە سێبەری فەرمانڕەوایی پاشای گەورەدا خاوەنی نزیکەی 25 هەزار پیادە و 15 هەزار سوارە بوو، لەشکرێکی بە دیسیپلین بە بەرگی یەکپۆش و تۆپ و چەک و جبەخانەی تایبەتی، لەشکری ئێران ئەگەرچی زۆرتر بوون، بەڵام لانیکەم لەو سەردەمەدا یەکپۆش و یەکدەست و بە دیسیپلین نەبوو، هەرچەندە پلە و پایەی سەربازییان هەبوو، بەڵام بە کردەوە هیچ کات پابەندی ئەو پلەبەندیانە نەبوون و تەنیا لەسەر وەرەقە هەبوون، تا گەیشتە سەردەمی ناسرەدین شای قاجار، ئەو شایەی ئێران کە لە ساڵی 1848 هاتە سەر حوکم، لەو سەفەرانەی کە بۆ ئەوروپای کردن، داوای لە نەمساییەکان و ڕووسەکان کرد ئەمانیش فێری ئەو دیسیپلینانە بکەن. هەر بۆیەش یەکەم فەوجی ئەوروپی نەمساییەکان دایانمەزراند کە پاش ماوەیەک هەڵوەشایەوە، دواتر ڕووسەکان ساڵی 1878 لە ئێران (قەزاقخانە)یان دامەزراند. 43 ساڵ دواتر (1921) ڕەزاشا هەر بە یارمەتیی ئەو قەزاقخانەیە بە کودەتایەک خانەدانی قاجاری هەڵتەکاند و بۆخۆی بووە شای ئێران. ئەویش دەستی کرد بە ڕێکخستنەوەی سوپای ئێران بە دیسیپلینی سەربازی و شێوەی سەردەمیانە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە سەروبەندی شەڕی جیهانیی دووەم بەرگەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی نەگرت و ساڵی 1941 لە زەوی و ئاسمانەوە ئێران داگیرکرا و سوپاکەشی لەبەریەک هەڵوەشایەوە.
کەواتە شانشینی سۆران ڕێک 48 ساڵ پێش ناسرەدین شا و 90 ساڵ پێش ڕەزا شا، سوپایەکی بە دیسیپلین و ڕێکوپێکی دروستکردووە، بەڵام لە کۆتاییدا هەم سوپای سۆران و هەم سوپای ئێران بەرگەی گەمە نێودەوڵەتییەکانیان نەگرت و بە سوپای عوسمانییشەوە کە بە دڵنیایی لە هەردووکیان بەهێزتر بوو، لە مەودای نێوان 100 ساڵدا داڕمان.
بەڵام دوا وێستگەی پاشای گەورە کامە شەڕ بوو و چی بەسەر هات؟ سەرکەوتنەکانی پاشای گەورە هەستی نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازیی کوردی لە هەموو کوردستان بەرز کردبووەوە و ئەوەش بۆ عوسمانی مەترسیدار بوو. هەروەها ئەو بابەتە لە بەرژەوەندیی ڕووسیا و بەریتانیا و ئێرانیش نەبوو، گوشارێکی زۆریان لەسەر عوسمانی دانابوو، بەتایبەتی کە میر محەممەد بەداخەوە کوشتاری لە مەسیحییەکانیش کرد و ئەوەش بیانوویەکی باش بوو بۆ ڕۆژئاوا. هەر بۆیە سوڵتان مەحموودی دووەم بڕیاری دا بە یەکجاری کۆتایی بە هەوڵەکانی سەربەخۆیی کورد بێنێت و ساڵی 1833 خۆیان ئامادە کرد بۆ داگیرکردنەوەی کوردستان.
دواسەرکەوتن و کەوتن
لە یەکەم هێرشدا هێزێکی گەورە بە فەرماندەیی محەممەد پاشای کوڕی مستەفا پاشای ئینجە بایراقدار ناردرایە سەر شانشینی سۆران، ئامێدیی پایتەختی پێشووی میرنشینی بادینانی گرت و پڕی کرد لە سوپا و ناردی بەدووی سەرۆکەکانی شێخان و هەموویانی کوشتن و ژن و منداڵەکانیشیانی بە دیل بردن بۆ موسڵ. لەو کاتەدا ڕەسووڵ بەگی برای میر و ئیسماعیل پاشای میری پێشووی بادینان و چەند سەرکردەیەکی تر چووبوونە ئاوەدانکردنەوەی قەڵای نیراوا. پیاوێکی زێباری بە شەو چوو بایراقدار بکوژێ، بەڵام بە هەڵە کەسێکی تری کوشت. بایراقدار ئەمجارە لە مووسڵەوە بەرەو ڕواندز دەرچوو. پاشای گەورە لەشکرێکی بە فەرماندەیی ڕەشید بەگ ناردە پێشی و لە نزیک زێێ بادینان (زێی گەورە) بە سەختی شکستی دا و بە دەستکەوتێکی زۆرەوە گەڕایەوە ڕواندز.
میر هێزێکی 3000 سەربازی بۆ ئیسماعیل پاشای ئامێدی نارد، ئیسماعیل پاشا نامەیەکی بۆ خەڵکی ئامێدی نارد کە: "یارمەتیی دوژمنانی کورد نەدەن، چۆن دەبێ لەبیر بکرێ کە ژن و منداڵی کوردیان لە مووسڵ فرۆشتووە". بایراقدار ویستی پێشتر خۆی بگەیێنێتە ئامێدی، بەڵام ئیسماعیل پاشا هاتە سەر ڕێگای و پیس شکا و ڕایکردەوە مووسڵ.
دیسان بایراقدار بەرەو ئامێدی ڕۆیشت و هەمان ئیسماعیل پاشا ئەمجارە لە شێخان پێشی لێ گرت و دیسان شکاندی و مزگێنیی ئەو سەرکەوتنەی بە دیارییەکی زۆرەوە بۆ میر نارد و ڕەسووڵ بەگی برای میری بە 600 پیاوی ئازاوە لەسەر ئامێدی داناوە و بۆخۆشی گەڕاوە بۆ دهۆک.
بەوشیوەیە کاتێک کە سوڵتان مەحموودی دووەم لە 1/7/1839 لە تەمەنی پەنجا ساڵیدا سەری نایەوە، ئیمپراتۆریی بێ ڕواندزی بۆ کوڕە شازدە ساڵیەکەی (عەبدولمەجید) بە میرات بەجێهێشت. عەبدولمەجید لە یەکەم ڕۆژی سەڵتەنەتیەوە بە رادەیەکی سەیر لە ژێر کاریگەریی دیپلۆماتێکی بەریتانی بوو بە ناوی (لۆرد ستراتفۆرد کانینگی تەمەن 53 ساڵ).
هەرەها مستەفا ڕەشید پاشای سەفیری پێشووی عوسمانی لە فەڕانسە و بەریتانیا بووە ئەندازیاری شەڕی دژی کوردستان و لە یەکەم هەنگاودا لە هاوینی 1834، بە هێزێکی چل هەزار نەفەرییەوە لە سامسۆن و ڕێی سیواس و مەلاتیەوە هێرشی بۆ سەر کوردستان کردەوە. لەسەر ڕێگا کە بە زەبری شیر و ئاگر پێیاندا تێدەپەڕی، بەرەوڕووی والی و شازادە و سەرۆک عەشیرەتێکی زۆری کورد بووەوە کە ئامادە نەبوون سەر بۆ سوڵتان نەوی بکەن، شەڕێکی نابەرابەر بوو، تورکەکان هەرچی زیاتر دەچوونە پێشەوە زێدەتر شڕ دەبوون. بەتایبەتی لە لایەن ئێزدییەکانی (سیرت)ەوە کە ئێستا ئەرمەنیەکانیش هاتبوونە پاڵیان، زەبری کوشندەیان بەرکەوت. سەرکوتی ئێزدییەکان هاوتەریب بوو لەگەڵ بەئیسلامکردنیان بە زەبری شمشێر. هێزەکەی ڕەشید پاشا زۆر شڕ دەبێت و لەبەر هاتنی وەرزی زستانیش پشوویەک وەردەگرن. میر محەممەدیش لەو دەرفەتە کەڵکی وەرگرت و بەرەو ئێرانی ئاژۆت و ئامانجی گرتنی ناوچە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سوڵدوز بوو، هەرچەند حکومەتی ئێران بەرگرییەکی ئەوتۆی نەکرد، بەڵام ئەو هێرشە دەستکەوتێکی وای بۆ میر نەبوو، تەنیا بووە هۆی ئەوەی نەتوانێ لە بەرامبەر دوژمنی سەرەکیدا کە خۆی لێ مات کردبوو، خۆی تەیار بکاتەوە.
مستەفا ڕەشید پاشا لە بەهاری 1836 هێزەکانی ڕێکخستەوە و پاش گرتنی جزیرە، زاخۆی گرت و چووە سەر ئاکرێ و قەڵاکەی گەمارۆ دا. سەرهەنگی لەشکری سۆران (پیرباڵ چاوەش) سێ مانگ بەرگری لە قەڵای ئاکرێ کرد، بەڵام پاشان زێبارییەکان پشتیان تێکرد و بەوشێوەیە پیرباڵ چاوەش نەیتوانی بەرگری بکات و لەگەڵ هێزەکەی بە شەو قەڵایان بەردا و گەڕانەوە ڕواندز.
مستەفا ڕەشید پاشا لە بلیمەتیی پاشای گەورە ئاگادار بوو، بەو پێیە بەو سەرکەوتنە غوڕڕا نەبوو، داوای هێزی زیاتری لە ئەستەنبوڵ کرد.
میر نامەیەک بۆ "محەممەد شا"ی ئێران دەنووسێت و بەپێی ڕێککەوتنی نێوانیان داوای یارمەتی دەکات، بەڵام هیچ وڵامێک وەرناگرێتەوە، لەبەر ئەوەی بەدڵنیایی ئەوە ئاواتی ئێران بوو کە دراوسێیەکی بەهێز و مەترسیداری وەک شانشینی سۆران نەمێنێت، هاوکات ئەمیر نزامی والیی تەورێزیش بە هاوکاریی بەریتانییەکان لەگەڵ ڕەشید پاشا ڕێککەوت و بە لەشکرێکی دە هەزار نەفەرییەوە هەموو ئەو والیانەی پاشای گەورە لەسەر شارە سنوورییەکانی کوردستانی ئێران داینابوون، وەدەرنان، بەڵام نەیوێرا لەوە زیاتر بچێتە پێشێ.
ڕەشید پاشا کە ئێستا لەشکری سیواس، مووش، بتلیس، دیاربەکر، بەغدا و کوڕی بایراقدارەکەشی لەگەڵ بوون، زێدەتر لە ڕواندز نزیک دەبووەوە.
میر ڕواندز قایم دەکات و ناهێڵێت شەڕ بکەوێتە خودی پایتەختەوە و بە هێزێکی زۆرەوە دەچێتە دەشتی حەریر و پێشتر لەشکرێک بە فەرماندەیی سەرهەنگی سەرهەنگان "ئەحمەد بەگ"ی برای دەنێرێتە سەر مستەفا ڕەشید پاشا و لەسەر زێی بادینان پەلاماری هێزە گەورەکەی دەدات و دەیشکێنێت و بە دەستکەوتی زۆرەوە دەگەڕێتەوە لای میر لە حەریر.
لێرەدا ئەوەی کە بە بیری کەسدا نەدەهات ڕووی دا، میر دوای لووتکەی سەرکەوتنی سەربازی، چۆن بڕیاری دا لەگەڵ ڕەشید پاشا ڕێکبکەوێت و بچێتە ئەستەنبووڵیش؟
بابەتەکە چی بوو؟ دیپلۆماتێکی گەنجی بەریتانی بەناوی ڕیچارد وود ( (Richard Wood ، پێیوابوو ئەگەر سوپای عوسمانی بگاتە ڕواندز زۆر بە زەلیلی دەشکێت، هەر بۆیە دیدارێکی لەگەڵ عەلیرەزا پاشای والیی بەغدا کە لەگەڵ میر محەممەد دۆستایەتی هەبوو، ساز کرد. وود دەیتوانی بە دوو باردا عەلیرەزا پاشا رازی بکات، یان هێزەکانی عوسمانی لەناو ببەن یان لەشکری سۆران، هەردووکیان لە بەرژەوەندیی بەریتانیادا بوو، چونکە لەناوچوونی هەرکام لەم هێزانە بۆشاییەکی سیاسی و سەربازی دروست دەکرد، دوور نەبوو قاجارەکان کە بەم نزیکانە سلێمانی و شارەزووریان داگیرکردبوو، پڕی بکەنەوە. هەڵبەت حەزی دەکرد هاوپەیمانییەکی بەهێزی نێوان پاشای گەورە و هێزەکانی عوسمانی کە لە بەغدا جێگیر بوون، دروست بێت و بەم شێوەیە دەبوونە بەربەستێکی بەهێز لەبەردەم ئێران، بەڵام عەلیرەزا پاشا کە حەزی دەکرد ڕەشید پاشا بشکێنێت، گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و بە پێشنیاری ئاشتیەوە لەگەڵ وود چوون بۆ پایتەختی شانشینی سۆران.
هاوکات نوێنەری قاجاریش چوو بۆ ڕواندز بۆ ئەوەی دانوستاندن لەسەر چۆنیەتی پێدانی مافی پەنابەری بە میر محەممەد و هاوکاریکردنی سۆران بکات لە بەرەنگاربوونەی عوسمانیدا. وود بە میر محەممەدی گوت هێزەکانی عەلیرەزاشا چوار سەعات لە ڕواندزەوە دوورن و میر محەممەدیش پاش بیستنی ئەم هەواڵە و پاش پێدانی بەڵێنی پاراستنی لە چوون بۆ ئیستەنبوڵ و پێدانەوەی شانشینەکەی، چوو بۆ ئەستەنبوڵ. ڕەشید محەمەد پاشا وەک عەلیرەزا پاشا پێشبینی کردبوو بەو بڕیارە زۆر تووڕە بوو، چونکە ئاواتی ئەوە بوو کە پاشای گەورە لە مەیدانی شەڕدا شکست بدات و لەڕاستیدا ئەو ڕووداوە بۆ ئەو شەرمەزارییەکی گەورە بوو.
لە ڕیزی هێزەکانی قاجاردا کە ئاودیوی سنوور ببوون بۆ (بەڕواڵەت) یارمەتیدانی پاشای گەورە، فەوجێکی هەشتسەد کەسیی ڕووسیش هەبوون کە ئەوە گرنگیی ئەو ناوچەیەی بوو بۆ زلهێزەکان نیشان دەدا.
سوڵتان ئیحترامێکی زۆر بۆ پاشای گەورە دادەنێت و پێشوازییەکی شاهانەی لێدەکات و لەوانەیە بەڵێنی حکومەتی هەموو کوردستانیشی بە میر دابێت. بەڵام لەڕێی گەڕانەوەدا و بە ئیحتمالی زۆر لە ناو پاپۆڕی شاهانەدا کە بە دەریای ڕەشدا لە ئەستەنبوڵەوە بۆ ترابزۆن دەچوو، تیرۆر دەکرێت و تەرمەکەشی هەرگیز نەدۆزرایەوە.
پاشای گەورە کچەمامێکی خۆی (خەجیج خاتوون)ی بایز بەگی هێنابوو، کچێکی بوو بە ناوی (شازادە ڕابە)، کە پاش هەواڵی تیرۆرکردنی باوکی لە هەڕەتی لاوێتیدا گیانی دەرچوو.

مەلای خەتێ
لە دوای داڕمانی شانشینی سۆرانەوە، بە درێژایی ئەو مێژووە باسی کەسایەتیەک دەکرێت بەناوی مەلای خەتێ کە مفتیی حکومەتی سۆران بووە و گۆیا ئەو فتوای بۆ سوپا دەرکردووە کە کەس نابێ لە دژی خەلیفە شەڕ بکات و بەوهۆیەوە شانشینی سۆران داڕماوە، بەڵام من وەک خۆم بڕوام بەوە نییە و بەوپێیەش دەقاودەق پوختەیەک لە قسەکانی شێرکۆ هەژار لەسەر مەلای خەتێ لێرەدا دەخەمە بەرچاوی خوێنەری هێژا، چونکە زۆر جوانی پێکاوە و پێویست بە درێژدادڕیی من ناکات:
(حوزنی کە باسی یەکەم شەڕی گەورەی نێوان سۆران و عوسمانی دەکات، دەڵێت: "ئەگەرچی عولەمایان نەیاندەهێشت شەڕ لەگەڵ تورکان بکا، بەڵام ئەحمەد بەگی سەرهەنگ قبووڵی نەکرد و گوتی دەبێ شەڕ بکرێ، لەشکری میر لە نزیک زێی بادینان پێشیان بە سوپای عوسمانی گرت و گەلێک تاڵانیان دەست کەوت و گەڕانەوە ڕواندز".
کەواتە لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت کە قسەی عولەما هەموو کات - بەتایبەتی لە بابەتی سەربازیدا - گوێی لێ نەگیراوە، پاشان لە هەموو مێژوودا زۆر بەدەگمەن هەڵدەکەوێت مفتی گوێڕایەڵی پاشاکان نەبووبن، ئەی ئەو ماوەیەی پتر لە چارەگە سەدەیەک میر دژی عوسمانییەکان بووە و ئەو هەمووە مام و خزم و کەسوکارەی خۆی دەخنکاندن، بۆچی ئەو موفتی و عولەمایانە متەقیان لێوە نەدەهات.
عوسمانی ئەگەر شەڕەکانیان وا بە هاسانی ببردایەتەوە، خۆ هەمیشە هەزاران فتواچیان هەبوون، ئیتر ئەو هەمووە شەڕەیان بۆچی دەکرد. لە هەموو حاڵەتێکدا ئەو قسەیەی کە فەتوایەک ئەو پاشا و جەنەراڵە گەورەیەی ڕووخاندبێت، قسەیەکە کردنی زۆر عەیبە و ئیهانەیەکی گەورەی مێژووی کوردە، خەجاڵەت ئێمە، پاشای کۆرە).

پاشای گەورە یان پاشای کۆرە
بیروڕا لەسەر ئەو بابەتە زۆرن، مەغدید حاجی ئەمین لە کتێبی (سێ توێژینەوەی مێژوویی)دا دەنووسێت:
(میر محەممەد چاوێکی کەم بینا یان نابینا بووە و دکتۆر ڕۆس پزیشکی تایبەتیی کونسوڵخانەی بەریتانیا لە بەغدا کە ساڵی 1833 لە ئاکرێ (ئاگری) لەگەڵ میر کۆبووەتەوە، ئەوەی پشتڕاست کردووەتەوە. بەڵام هەندێک نووسەر و کەسایەتیی کورد لە سەدەی بیستەمدا لەبەر ڕۆشنایی هەستی نەتەوەیی پێیان نەشیاو بووە بە پاشای کۆرە ناوی ببەن و بە گەورەیی سەیریان کردووە. هەر وەک گیوی موکریانی لە پاشبەندی چاپی دووەمی (مێژووی میرانی سۆران) دا نووسیویەتی: "گرەوی لە هەموو میرەکانی کوردستان بردووەتەوە و لە گشتیان بەدەسەڵاتتر و پڕ شانوشکۆتر بووە، بۆیە میری گەورەیان پێ دەگوت).
بەو پێیەی میر محەممەد کوشتارێکی زۆری لە ئێزدیەکانیش کرد، من پرسیارم لە چەند ڕۆشنبیرێکیان کرد سەبارەت بەو بابەتە، ئەوان گوتیان ئێمەی ئێزدی بۆیە پێیدەڵێین پاشا کۆرە؛ چونکە پێمانوایە پاشایەک کە چاوی لە نەتەوەکەی خۆی نەبێت و بیانکوژێت، کەواتە کۆرەیە.
بەڵام لەگەڵ کۆرەبوونی چاوێکی و هەموو هەڵەکانی، ناکاتە ئەوەی نەتوانین پێی بڵێین "پاشای گەورە"، وەکو زۆربەی سەرکردە گەورە پڕ لە هەڵەکانی جیهان کە نەتەوەکانیان شانازییان پێوە دەکەن.
سەردەمی جمهووریی ڕواندز
پاش تیرۆری پاشای گەورە "ئەحمەد بەگ" کە ئەحمەدە لاڵەشی پێگوتراوە، دەبێتە بیستویەکەمین میری سۆران. بابان زۆربەی سۆران و بادینانی لە ژێر دەستی دەرهێنا. براکەی سولەیمان بەگی دووەم ویستی کودێتای لێ بکات، گیرا و خرایە زیندانەوە، بە تکای دایکی (بووک شازەمان) نەکوژرا.
سەردەمی پشێوی و یاخیبوون بوو و لە ژیانی خۆی ئەرخەیان نەبوو، هەر بۆیە لە کاتی چوون بۆ مزگەوت دوو ڕیز سەرباز هەردوولای سەرتاسەری ڕێگای مزگەوتیان بۆ دەگرت جا دەچوو، بەڵام بەو حاڵەشەوە بەگزادەیەک (مەحموود بەگی وەسمان بەگ) هەینیەک بەر تفەنگی دا و دوای سێ ڕۆژ برینداری و قڕکردنی بەگزادان، مرد.
سولەیمان بەگی دووەم دوای مردنی براکەی لە زیندان دەرهێنرا و سەرهەنگ و گەورەی لەشکر کردیان بە میر. کەوتە کوشتنی بێ مانای خەڵکی بێ تاوان (وەک ئیعدامکردنی زیندانەوانی کاتی زیندانیەکەی) و خەزێنەی حکومەتی بردە ماڵی خۆی و کردی بە هی خۆی. سەرهەنگەکان زۆریان ئامۆژگاری کرد بەڵام بێ فایدە بوو. ناچار دوای شەش مانگ حوکم، گرتیان و خستیانەوە زیندان.
لێرەوە سەردەمێک دەستپێدەکات کە لەپاش تیرۆری پاشای گەورەوە گرینگترین قۆناغی شانشینی سۆرانە و وڵامی سەردێڕی وتارەکەشی لایە. دوای خرانەوە زیندانی میر سولەیمان بەگی دووەم، ڕواندز دەوری دوو ساڵ و دوو مانگ بە کۆمیتەیەکی سەرهەنگان (کۆمیتەی جەنەرالەکان) حوکم کرا، حوزنی ئەو سەردەمەی ناو ناوە (سەردەمی جمهووریی ڕواندز). ئیدارەیەکی زۆر سەرکەوتوو، هەم زۆر خۆشەویستی گەل". وەک سەردەمی بەڕێوەبەریی پێنج کەسی (Directoire Exécutif) لە فەڕەنسای پاش شۆڕشی گەورە و تەواوبوونی سەردەمی حکومەتی (تیرۆر)ی رۆبسپیێر و هاوڕێیانی، بەپێی دەستووری 1795 حوکمی فەڕانسەیان دەدرێتێ و تا کودەتای 9ی نۆڤەمبەری 1799ی ناپلیۆن بۆناپارت بەردەوام دەبێت.
رەسووڵ بەگ بیست و سێهەمین و دوا میری سۆرانە و لە شاری ئامێدییەوە گەڕایەوە پایتەخت و کرا بە میر و دەستی کرد بە چەوساندنەوەی سەرهەنگەکان. هەر دوو چاوی "سەرهەنگ حەمەدی سۆفی" دەرهێنا و "محەمەد شاتر"ی تاڵان کرد. کەسایەتیی گەورەی ئیداری و سەربازی "حەمەدی شیرین"ی ئیعدام کرد. کەوتە تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنانی سۆران، وەک تاڵانکردنی ئەو دوو ئامۆزایەی دەستیان لە کوشتنی ئەحمەدە لاڵەدا بوو. عوسمانی میرایەتییان بەسەر ڕواندز و حەریر و شێروان و باڵەکدا بۆ سەلماند (میری میران و پاشا 1851 – 1852). ئەویش بەڵێنی هەشتا هەزار ریاڵی ساڵانەی پێدان، بەڵام سێ ساڵ لەسەر یەک نەیدا، بۆیە لەشکری عوسمانیی کرایە سەر، لە ڕواندز هەڵات و بە ڕەزامەندی و دۆستایەتیی ئێران چوو لە "شنۆ" دانیشت و بەو شێوەیە پایتەخت ئیتر کەسی گەورەی تێدا نەما. لەشکری عوسمانی، دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی 21/2/1856 چووە ناو شاری ڕواندزەوە و کۆتایی بە میرنشینی سۆران هێنا.
لە ڕاستیدا هەموومان دەزانین دوا بڕگە بۆ داڕمانەکانی میرنشین و شۆڕشەکان چین و زۆرمان گوتوونەتەوە، تەنیا یەک شت دەڵێم، ئەویش ئەوەیە کە نابێ گلەیی لە هیچ وڵاتێک و زلهێزێک بکەین، ئەگەر ڕووبارێکی بەخوڕ بهێنینە بەرچاوی خۆمان، دەبینین کە هەرچی وردە بەردە لەگەڵ خۆی ڕایدەدا و تەنیا گاشە بەردەکانن کە لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن.
شێرکۆ بۆ کۆتایی پاشای گەورە دەنووسێت: بە دەیان قەڵا و کۆنگرەی پێدەشت و چیا و شیو و دۆڵانی کوردستان، لە ماردینەوە تا شنۆ، من بەلای هەر کامیاندا بڕۆم، گوێم لە هۆمێرۆسێکی کورد دەبێت، بە بەربەتەکەیەوە دەنگی پاشای کۆرە بە گوێم دەگەیەنێت کە دەڵێت:
" من لەبەر دەمتم،
من لەم قەڵایەدام،
لەم کۆنگرەیەم،
لە پشت ئەو تۆپەم،
لە پێش ئەو لەشکرەم.
هەتا ئەم چیا و دەشتانەم مابن،
من زیندووم،
ڕووحی من و ئەم وڵاتە لێک جیا ناکرێنەوە".
سەرچاوەکانی بەشی سێیەم:
١ - شێرکۆ هەژار/ ڕژێمی ڕواندزی سەردەمی پاشای کۆرە/ کتێبی ئەلیکترۆنی، بڵاوکردنەوەی یەکەم ٢٠١٣، لاپەڕەکانی ٤٨ تا ٥١/ ٥٧ تا ٥٨/ ٦١ تا ٦٥.
٢ - لازاریف، محۆی، واسیلییەوا، حەسرەتیان، ژیگالینا / مێژووی كوردستان / وەرگێڕانی بۆ فارسی: مەنسوور سدقی، كامەران ئەمین ئاوە/ دەزگای فرووغ، چاپی یەكەم: بەهاری ٢٠٠٧ ، لاپەڕەكانی ١٠٩ تا ١١٠.
٣ – مەغدید حاجی ئەمین / سێ توێژینەوەی مێژوویی، توێژینەوەی سێهەم: کەسایەتیی میر محەممەد پاشای ڕەواندزی / چاپی یەکەم، هەولێر ٢٠١٨، چاپخانەی ڕۆژهەڵات، لاپەڕەکانی ١٥٢ تا ١٥٣.
٤ -دەیڤید مەك دواڵ/ مێژووی هاوچەرخی كورد / وەرگێڕانی بۆ فارسی: برایم خانی یونسی/ دەزگای پانیز، چاپی یەكەم: ٢٠٠٢، تاران، لاپەڕەكانی: ١٠٣ تا ١٠٥.
٥- رۆهات ئالاکۆم / میری ڕواندز لە ڕۆژنامەیەکی هەرە کۆنی سوید دا / www.nefel.com - 2018/8/3 .
٦ - د. رەزا نیازمند/ رەزاشاه، از تولد تا سەڵتەنەت/ انتشارات حکایت قلم نوین، چاپ ششم: ١٣٨٧، تهران، صفحات: ٦١ - ٦٢
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ