دیاریی ماڵئاوایی

09-09-2018
حەمەسەعید حەسەن
A+ A-
(١)

لە نزیک گڕکانەوە بۆ بەردی گرانبەها دەگەڕێم

سەرسامبوونی نابینایانە ئەوەیە، عەقڵی ڕەخنەگرانەت دەستی لە کار کێشابێتەوە و بڕوا بە هەموو ئەو چیرۆکانە بکەیت، دەربارەی ئەم یان ئەو
 
پەیامهێن هەڵبەستراون. ڕیفۆرم چۆن لە ئاییندا دەکرێت؟ بەوەی ئەو لایەنانەی دین کە لەگەڵ لۆگیکدا ناگونجێن و بۆ ئەم سەردەمە دەست نادەن، فەرامۆش بکرێن، وەک چۆن لە سەردەستی موحەممەد خۆیدا، گەلێک ئایەت لە کار خران. مووسا کە 136 جار ناوی لە قورئاندا هاتووە، کەسایەتییەکی ڕەمزییە، تەوراتنووسان بە کۆمەکی داستانی سەرگۆنی دووەم ژیاننامەیان نووسیوەتەوە. مووسایش وەک  سەرگۆن باوکی بزرە، مووسایش وەک سەرگۆن لە سندووقی بە قیر سواغدراودا، بەدەم ئاوەوە دراوە، مووسایش وەک سەرگۆن لەلایەن خێرەومەندەوە دۆزراوەتەوە و پەروەردە کراوە. ئەوەی جوو دوای دوولەتکردنی زەریای سوور بە عەسای مووسا، لە ترسی سوپای فیرعەون لە میسر هەڵاتوون، مێژوو نییە، داستانە.

بەندیکتی شازدەیەم کە لەنێوان ساڵانی 2005 و 2013 دا پاپای ڤاتیکان دەبێت، بە سوودوەرگرتن لە بەرهەمی ئەو باسکارانەی دەربارەی ئایین و ئەفسانە توێژینەوەی زانستییان کردووە، لە کتێبەکەیدا: (یەسووعی ناسری) کە 2007 بڵاو بووەتەوە، دەربڕینی (عیسای دیرۆک)ی بەکارهێناوە و دەڵێت: (عیسا نە خۆی بە سەروەر زانیوە، نە بە کوڕی خوا.) ئەگەر سەد ساڵ پێشتر کەسێک وای گوتبا، ڤاتیکان خوێنی حەڵاڵ دەکرد، بەڵام هەنووکە ئەگەری ئەوە هەیە پاپا بڵێت: عیسا نە لە دایکێکی پاکیزە بووە و نە بەرەو ئاسمانیش هەڵکشاوە. فرەنسیس کە لە ئاداری 2013 بەدواوە پایای ڤاتیکانە، هەم دۆزەخ بە داستان دەزانێت و هەم ئادەم و حەوا.

پەیامهێن ئیدی داهێنەری هەر ئایینێک بێت، خاوەنی دوو کەسایەتییە، کەسایەتییەکی دیرۆکی و کەسایەتییەکی ئەفسانەیی. وەک چۆن (گوتەی پێشینان) هەیە، لە ڕوانگەی (ئەبوو عەلائی مەععەری)یەوە، (ئایین ئۆینی پێشینانە.)(*) ئەوانەی خۆیان وەک پەیامهێن دەناسێنن، تایبەمەندییەکی دەروونیی هاوبەشیان هەیە کە  (وڕێنەی خۆ بە پەیامهێن زانین)ی پێ دەگوترێت. پرۆفیسۆری دەروونناس تۆماس شاش (1920 - 2012) دەڵێت: (ئەگەر گوتت قسەم لەگەڵ خوادا کردووە، ئەوە نوێژە، ئەگەر گوتت خوا قسەی لەگەڵدا کردووم، ئەوە تووشی شیزۆفرێنیا هاتوویت)(**) و وڕێنە دەکەیت، وڕێنەی خۆ بە پەیامهێن زانین.

موحەممەد کەسایەتییەکی ڕاستەقینەی ناو مێژوو بووە، بە پێچەوانەی گەلێک لە پەیامهێنانەوە کە لەدوای توێژینەوەی دیرۆکییەوە، دەرکەوتووە زیاتر کەسانی ڕەمزی بوون، وەک لەوەی دیرۆکی بن. بتپەرستان پێیان وابوو، ئەوی بە چرپەش، بە وشەیەک ڕەخنەیەک لە بت بگرێت، دەکەوێتە بەر نەفرەت و ژیانیشی لێ زەوت دەکرێت. تا ئێستایش زۆرێک لە موسوڵمانان لە هەمان ڕوانگەوە سەرنجی موحەممەد و قورئان دەدەن و لەسەروو ڕەخنەوە دەیانبینن، ئەم تێڕوانینەیش هیچ لەگەڵ مۆدێرنیزمدا کۆی ناکاتەوە. تا موسوڵمانان سەرنجدانی ڕەخنەیییانەی دیرۆکیان بە تابوو بزانن، وەک ئەوە وایە لە بازنەیەکی داخراودا بسووڕێنەوە، ئاخر ناتوانن هەنگاوێک بچنە پێشەوە.

حاڵی حازر ئەگەر کەسێک بانگەشەی پەیامهێنی بکات، بە نەخۆش هەژمار دەکرێت، قسەکانی وەک وڕێنە لێ وەردەگیرێت و چارەسەری پێویستی بۆ دەکرێت. چارەسەری ئەو نەخۆشییە دەروونییە کە بە وڕێنەی خۆ بە پەیامهێن زانین ناسراوە، ئاسانە، ئەگەر تووشبوو لە قۆناغی سەرەتای نەخۆشییەکەدا بێت. ئەوە وەک ستەمکردن وایە لە پەیامهێن کە بەدەگمەن لێکۆڵینەوەی دەروونی لەبارەیەوە کراوە، یان هەر نەکراوە، ئاخر بەبێ ڕۆچوون بە دەروونی پەیامهێندا، ئیمکانی ئەوە نابێت، زانستییانە لە ئۆلی ئیسلام تێبگەین. لەمێژە وەختی ئەوە هاتووە، عەقڵانی و ناعەقڵانی، ماقووڵ و ناماقووڵ و واقیع و ئەفسانەی نێو ئیسلام لە یەکدی جیا بکرێنەوە و هەموو ئەو بەهایانەی ئایینەکە کە لەگەڵ بەها ئینسانییەکانی سەردەمدا ناگونجێن، فەرامۆش بکرێن، ئەگەرنا توندڕۆیی ئایینی کە ڕەگی، قووڵ بە دەروونی موسوڵماناندا ڕۆچووە، بنبڕ ناکرێت.

وەختی ئەوە هاتووە لێکدانەوەی زانستییانەی ئایین، جێ بە لێکدانەوەی عەوام بۆ ئایین لێژ بکات. لێرەدا مەبەست لە عەوام خەڵکانی نەخوێندەوار نییە، بەڵکوو مەبەست لەو بژاردە نەریتخوازەیە کە هەرچەندە لە بواری لێکدانەوەی دیندا، بێسەوادن، کەچی خۆیان بە زانای ئەو بوارە دەزانن. عەوام ئەوانەن پێیان وایە، ئەو دەنگەی لە غەیبەوە هاتووە، حەقیقەتێکی دیرۆکبڕی پێ بووە، حەقیقەتێک بۆ هەموو سەردەم و شوێنێک دەست دەدات و ئەگەر مرۆڤایەتی پێبەندی نەبێت، زایە دەبێت. ئەم تێگەییشتنە کۆسپێکی گەورەی ئەپستمۆلۆجییە و لێ ناگەڕێت، لە لێکدانەوەی عەوامانەی دینەوە، بپەڕینەوە بۆ لێکدانەوەی عیلمییانەی دین. وەک چۆن زانستخواز بەرەو ڕووی سیحرباز دەبێتەوە، تا تاکی مۆدێرنی کراوەیش، بەگژ کەسانی عەقڵبەردیندا نەچێتەوە، کۆسپی نێوان لێکدانەوەی عەوامانە و زانستییانە تەخت نابێت.

لێکدانەوەی زانستییانەی دیاردەی ئایین، خۆی لە گوتارێکی ڕۆشنگەرانەدا چڕ دەکاتەوە کە ئایین لە وڕێنە بژار دەکات و باوەڕدار لەبن هەژموونی سیحر و پەرجوو دەهێنێتە دەرەوە، ئیدی تاک بڕوای بە قەزا و قەدەر، چارەنووسی پێشوەخت نووسراو، سزای سەنگباران و دەستبڕینەوە نامێنێت و بە ڕێزەوە سەرنجی جیاوازی، مافە گەردوونییەکانی ئینسان و یاساکانی سروشت دەدات. تاکی دەربازبوو لە سیحری وڕێنە، بە جیهاد کە بریتییە لە بەپیرۆزکردنی کوشتوبڕ، فریو نادرێت. 

یەکەمین هۆکاری بە دواکەوتوویی مانەوەی دونیای ئیسلام، بریتییە لە هەژموونی وڕێنەی دینی کە بەرهەمهێنی فەیتالیزمی کۆمەڵایەتی و  تیرۆریزمی فیکرییە. فایتالیزم: بڕوابوونە بە قەزا و قەدەر، وەستانە لە چاوەڕوانیی ئەوەدا، (خوا وەتەن ئاوەدان بکاتەوە) و کۆمەڵ پێش بخات. وڕێنەی دینی دژی عەقڵانیبوونە، تا لە هەموو بوارەکانیشدا سیاسەتێکی عەقڵانی ڕەچاو نەکرێت، دونیای ئیسلام بە تۆزی پێی دونیای پێشکەوتوودا ناگات. تا بە گوتارێکی مەعریفی، پەیامهێنی مێژوو لە پەیامهێنی داستان قوتار نەکرێت و بە کۆمەکی سایکۆلۆجیا، ژیاننامەی لێک نەدرێتەوە، دونیای ئیسلام پێش ناکەویت. دونیای ئیسلام بەبێ دابڕان لە کەلەپوور، پێ نانێتە دونیای نوێوە.

هەموو پەیامهێنێک وێڕای ژیاننامە ڕاستەقینەکەی، ژیاننامەیەکی تریشی هەیە زادەی خەیاڵە، زیاتر باوەڕداران بۆیان هەڵبەستووە، کە هاتوون بۆ تێرکردنی نەهەنگی نێرگزیبوونی خۆیان، پەیامهێنیان وەک ئینسانێکی بانسرووشت وێنە کێشاوە. میتادیرۆک ئەوەیە، خوا دەست وەردەداتە نێو دیرۆکەوە، کەسێک هەڵدەبژێرێت و وەک قارەمانی داستان دەیناسێنێت، قارەمانێکی باڵا کە زەمان بە ڕوویدا دەگەشێتەوە. ئەو وێنەیەی موحەممەد کە لای باوەڕداران هەیە، وا کێشراوە وەک هەر لە هەناوی دایکییەوە، خوا بۆ ئەوەی هەڵبژاردبێت، پەیامی پێدا ڕەوانە بکات. خوا کەسێکی ئاسایی هەڵنابژێرێت بۆ ئەوەی بیکات بە پەیامهێن، کەسێک هەڵدەبژێرێت لەدایکبوونیشی پەرجوو بووبێت، ئاخر نەستی کۆ پێویستی بە کەسایەتییەکی لە چەشنی عیسایە کە لە دایکێکی پاکیزە دەکەوێتەوە!

کە گاورەکانی شام دەپرسن: چۆن موحەممەد پەیامهێنە و پەرجووی نییە؟ موسوڵمانان ناچار دەبن هەر لەو کاتەوە کە لە هەناوی دایکیدا بووە، بە خەرمانەیەک دەوری بگرن و بڵێن، خوا ئەوی لە نووری خۆی چێ کردووە، ئاخر کە لە دایک بووە، وەک نوور لە داوێنی دایکییەوە بینراوە و هەر کە هاتووەتە دونیاوە، هێزێک عەرشی کیسرای هەژاندووە و تەلارەکانی شامی ڕۆشن کردووەتەوە، بەڵام ئەگەر کەسوکاری لە سەرەتاوە ئەویان بە پیرۆز زانیبا، دەبوو پێش هەمووان وەک پەیامهێن ددانیان پێدا نابا، نەک لە دژی بوەستنەوە. 
 
باسکاری دەروونناس، بۆ شارەزابوون لە دەروونی هەر کەسێک، پێویستی بە شیکردنەوەی خەونەکانیشی دەبێت، ئاخر خەون چونکە ڕەنگدانەوەی چەپاندنە، کلیلێکە گەلێک دەرگا بە ڕووی دەروونناسدا دەکاتەوە. باسکار بەهۆی کردنەوەی کۆدی خەونی ئەم یان ئەو تاکەوە، بە نهێنییەکانی جەنگەڵی دەروونی ئاشنا دەبێت. توێژینەوەی زانستی بریتییە لە لێکدانەوەی بابەتییانە، دوور لە هێرش و ستایش، باسکاری نابابەتی، یان تەنیا لایەنە گەشەکانی باسکراو دەبینێت، یان تەنیا لایەنە ڕەشەکانی، یان ساویلکانە بڕوا بە هەموو بانگەشەکانی باسکراو دەکات، یان پێشوەخت بڕیاری داوە، هەموو لایەنەکانی ڕەت بکاتەوە. وەک چۆن ئەوە هەڵەیە پێمان وابێت، موحەممەد سیاسەتکارێک بووە شەیدای باج و زەواج، ئەوەیش بابەتییانە نییە، وای بۆ بچین دوا پەیامی پیرۆزی پێبووە، پەیامێک سیحری هەموو پەیامەکانی پێش خۆی بەتاڵ دەکاتەوە و بۆ هەموو شوێنکاتێک دەگونجێت. خوێندنەوەی بابەتییانە بۆ ئیسلام ئەوەیە، ددان بەوەدا بنێین، دامەزرێنەری ئیسلام بە پلەی یەکەم عومەر بوو، ئاخر ئەو ئیسلامی بە زەبری شمشێر گەیاندە دەرەوەی سنوورەکانی نیمچە دوورگەی عەرەب.

فیلۆلۆجیا لەڕێگەی بەڵگەنامە دێرینەکانەوە، بەراورد لەنێوان شارستانییەکاندا دەکات، وەک نموونە بەهۆی بەراوردکردنی قورئانەوە بە تەورات، قسە لەسەر لایەنە لێکجیاواز و لێکچووەکانی ئایینی ئیسلام و ئایینی جوو دەکات. بۆ ئەوەی لە مێژووی ئیسلام تێبگەین، پێویستمان بەوەیە کتێبەکانی خۆرهەڵاتناسان بخوێنینەوە، ئاخر بەگشتی بابەتییانە قسەیان لەو بارەیەوە کردووە، بە پێچەوانەی موسوڵمانان خۆیانەوە، کە ئەوەندە بوێرییان شک نەبردووە، بێلایەنانە سەرنجی مێژووی دینەکەیان بدەن. (زانا)یەکی موسوڵمان لە بەرانبەر ئەو تێکستانەدا کە بە پیرۆزی زانیون، خۆی زەلیل بینیوە و هەر بە بیریشیدا نەهاتووە بە چاوێکی ڕەخنەگرانەوە سەرنجیان بدات.

لە قورئاندا دەیان جار بۆ بەکارهێنانی عەقڵ هان دراوین، دەبوو ئەوە هاندەرمان بێت، بۆ ئەوەی بە سیحر و غەیب فریو نەخۆین، داستان و مێژوو لێک جوودا بکەینەوە، لە ئینسانێکی کۆنی خەمگینەوە ببین بە کەسێکی هاوچەرخی دڵشاد، ئازادانە هەڵسوکەوت لەگەڵ جەستەماندا بکەین و بایەخ بە قسەی شێخ شەعراوی (وەزیری ئەوقافی میسر) نەدەین کە دەیگوت: چونکە جەستەمان موڵکی خوایە، مافی ئەوەمان نییە، گورچیلەمان ببەخشین. وەختی هاتووە لە ئینسانێکی سەر بە کەلەپوورەوە، ببین بە ئینسانێکی خاوەن کەلەپوور، لە کەسێکەوە کە لاسایی پێشینان دەکاتەوە، ببین بە تاکێکی داهێنەر و خۆمان شێوازی نوێی ژیانمان دابهێنین. کە ناسر یاسای سنووردارکردنی وەچەخستنەوەی دەرکرد، شەلتووت (شێخی ئەزهەر) شمشێری: ئایەتی ٢٣ی  سوورەتی ئیسرای بە ڕوویدا هەڵکێشا کە دەڵێت: (منداڵەکانتان مەکوژن لە ترسی هەژاری، ئێمە بژێویی ئێوە و ئەوان دابین دەکەین.) ناسر لە ترسی دەقی دێرین پاشگەز بووەوە، ئەوە بۆیە لە میسر تەقینەوەی دیمۆگرافی وای کردووە، نان لە قوڕگی شێردا بێت.
 
*

(*) (دیانتکم مکر من القدما‌و.) ئۆین: فێڵ.
(**) If you talk to God, you are praying; If God talks to you, you have schizophrenia. Thomas Szasz
(***) العفیف أڵاخچر، من محمد ألإیمان إلی محمد ألتأریخ ٢٠١٣ دار الجمل.
(****) تارکۆفسکی گوتوویەتی: لە نزیک گڕکانەوە بۆ بەردی گرانبەها دەگەڕێم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە