شمشاڵ دز

10-05-2017
نیشانەکردن شیعر
A+ A-

وێنەکێش، وێنەی سروشت و روخساری خەڵک دەکێشێ
شاعیر، ناخی خۆی دەنووسێتەوە،
من، نە وێنەکێشم و نە شاعیر؛
وێنەی تۆم کێشا ئەوسا، و ئێستەیش نەک ناخی خۆم ، تۆ ئەنووسمەوە
تۆ، ئەی شمشاڵ دز،
ئـــاییی .. لەو درزەی لە رۆحمت کرد
ئەوکاتەی شمشاڵەکەمت هەڵدایە ناو بەستەڵەک ،
هەر لە باکوورەوە تا باشوور، تا ئێرە ، شەقار شەقار درزی برد رۆحم،
شەق بوو، بوو بە دوو لەت، دڵم..
تۆ کە شمشاڵەکەمت دزی و دوور دوور تووڕت هەڵدا؛
بیرت لە لێوەکانم نەکردەوە؟
ئاخر من بەم لێوانەم ئاوازی ژیانم بۆ چڕیت..
ئەی ئێستە، چۆن، بە چی بۆت بژەنم، ژیانــــــــــ ؟؟؟
تۆ کە بریندار بوویت لە ئەزەلتەوە تا عەدەم ،
غەرقی ئازاری عەشق ببووی،
بۆچڕووکی دڵی سووتاوت سەدان مەملەکەتی کاس کردبوو و ئازار تا سەر لێواری قەبری بردبووی؛ 
چۆن توانیت، بەو دەستانەت، ئەو رۆحە لەت لەت کەی
کە ساڕێژی برینەکانتی کرد،
ئەو ئاوازە کپ بکەی کە دڵتی تیمار کرد،
ئەو گۆزەیە بشکێنی کە شەرابی عەشقتی هەڵدەگرت،
خیانەت لەو قاچانە بکەی ... ئـاە ئەو قاچانەی ساردترین شەوەکانی تەنیایی تەمەنتیان گەرمکردەوە ،
ئەو قاچانەی قەرەج ئاسا،
رووت، بە خۆیان و پاوانەکەیانەوە، بێ مەرج، مەست مەست بەرەو ماڵی دڵت هاتن،
عەرشی تەنیاییتیان هەژاند و رۆحی تۆراو و یاخیتیان ئاشت کردەوە لەگەڵ ژیان...
هەر ئەو قاچانەش،
لەسەر لێواری قەبر بەرەو باوەشی عەشقیان بردی...
لێت گەڕێم خۆت، خۆت بنووسیەوە؟
دەی، دەستپێکە، بینووسەوە، ئەی شمشاڵ دز،
دڵنیام، کە گەیشتیە ئەو شوێنەی دەستت برد بۆ شمشاڵەکەم،
دەستت لە نووسین ئەکەوێ، پەنجەکانت هەڵدەوەرن و قەڵەم بەرەو رووی خۆت هەڵدەگەڕێتەوە و هەرچی مەرەکەبە بە رووتا ئەیپڕژێنێ و
رەش رەشی ئەکا.... روخسارت...

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە