رووداو - هەولێر
فەرهاد پیرباڵ، نووسەر و رۆماننووسی کورد رۆمانێکی نوێ دەنووسێت و وەک خۆی دەڵێت، بەهۆی هەندێک لە گێڕانەوەکانی ناو رۆمانەکە ترسی هەیە لە بڵاوکردنەوەی بۆیە لەگەڵ چەند راوێژکارێکی یاسایی سەرقاڵی گفتوگۆیە.
فەرهاد پیرباڵ لەوبارەوە بە (ئەدەب و کولتووری رووداو)ی راگەیاند "لەو ماوەی لە هەولێر لە بەندینخانە بووم رۆمانێکی نوێم بەناوی (قەبرێکی سێگۆشە لەسەر رێگەی نسێبین) نووسیوە کە نزیکەی 375 لاپەڕەیە".
پیرباڵ باسی لەوە کرد کە ئێستا لەگەڵ چەند راوێژکارێکی یاسایی سەرقاڵی گفتوگۆیە بۆ ئەوەی بزانێت ئاخۆ بڵاوکردنەوەی رۆمانەکە هیچ کێشەیەکی یاسایی بۆ دروستدەکات یان نا. ئەو گوتی: "ئەگەر بڵاوی بکەمەوە حەتمەن بەدڵی هەندێک کەس نییە و دڵنیام لەسەری دەستگیر دەکرێم".
ئەم رۆمانەی پیرباڵ باس لە ژیانی کوڕێک دەکات کە ماوەی 15 ساڵ باوکی لێ ون بووە. بۆ نووسینی چیرۆکەکە سوودی لە چیرۆکی یارانی ئەشکەوت (اصحاب الکهف) بینیوە ، چونکە کوڕەکە بۆ ماوەی 15 ساڵ لە ئەشکەوتێکدا دەمێنێتەوە و نزا بۆ دۆزینەوەی باوکی دەکات.
کاتێک کوڕەکە دوای 15 ساڵ بڕیار دەدات لە ئەشکەوتەکە بێتە دەرەوە، دوو کچی هۆمۆسێکسواڵ دەبینێت و عاشقی کچێکیان دەبێت، ئیتر لەو رێگەیەوە بەشێک لە بارودۆخی کوردستان و چەند رووداوێکی دیکە دەگێڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ