دواهەمین یادگاری خۆكوژێك

12-09-2018
عومەر كەریم بەرزنجی
A+ A-
خۆشبەختەكان ئەوانە نین كە زۆربەی كات پێدەكەنن، وەك چۆن بەدبەختەكانیش ئەو كەسانە نین كە زۆربەی كات دەگریەن و بارانی فرمێسك كێڵگەی نیگەرانییان ئاو دەدات. ڕەنگە ئەو پێكەنینە ساختانە ببنە هەوێنی خۆكوشتنێكی لەناكاو، یان ڕەنگە بارانی ئەو فرمێسكانە گوڵی ژاكاوی ئومێدێكی نەفرەتلێكراو ببوژێننەوە و تەمی خەمی نائومێدی بڕەوێننەوە، دەشێ‌ ئەو چاوانەی لەدوای گریانێكی بەكوڵ، سوور دەبنەوە و دەبنە گۆمێكی خوێن، لە سەرابی ژیانا لە پشت كێوی نائومێدییەوە لە چاوەڕوانی تروسكەی رووناكیەكدابن، لەناكاو هەڵبێت و تاریكی و شەوەزەنگی نائومێدی بڕەوێنێتەوە.

ئەمە بەشێكی ئەو نامەیە بوو كە ئاوات نووسیبووی و لە دوای خۆخنكاندنی لە گیرفانیدا دۆزییانەوە و بەرواری دوو رۆژ لەوەبەری لەسەربوو، دوو رۆژ بەر لە خۆكوشتنی، كوڕێك كە هەمیشە بە قسە خۆشەكانی دڵی هاوڕێكانی شاد دەكرد، بە زەردەخەنەیەكی هەمیشەییەوە لەگەڵ كەسانی دەوروبەری دەدوا، سەرۆك كە هاوڕێیەكی هەمیشەیی ئاوات بوو، هاوڕێیەتیانی دەگەڕاندەوە بۆ تافی منداڵی، چونكە لە یەك گەڕەك لەدایك ببوون و تەنها دیوارێكیان بەین بوو. ئاوات شاسواری خەونی زۆرێك لە كچانی گەڕەك بوو، ئەو بە زەردەخەنە تەلیسماویەكەی نەك هەر كچان، هەموانی فریو دابوو، هیچ كەسێك لە سووتانی ناخی بەئاگا نەبوو، دەبێت چ نەفرەتیەك بووبێتە هۆی خۆكوشتنی، دەبێت چ دڵشكانێك بەرەو ئەشكەوتی تاریكی نائومێدی بردبێت و ڕێگای گەڕانەوەی ون كردبێت، هەندێك جار مرۆڤ لەناخی خۆیدا ون دەبێت و خۆی ناناسێت، هەندێك جاریش لە جیهانی دەرەوەدا ون دەبێت، جاری واهەیە خۆی دەدۆزێتەوە، جاری وایش هەیە هەمیشە بەدوای خودی ونبوویدا دەگەڕێت و خۆی بۆ نادۆزرێتەوە، دەشێ‌ هەندێك جار تەنها مرۆڤەكان خۆیان پەی بە ونبوونی خۆیان ببەن، زۆر جاریش كەسانی دەوروبەر پەی بەو ونبوونە دەبەن.

لە نامەیەكدا یەكێك لەو كچانەی كە شەیدای بووبوو، بۆی نووسیبوو: شێتە گیان كە ون دەبم لە ئاوێنەی ڕوخساری تۆدا خۆم دەدۆزمەوە.

یەكێكی تریان بۆی نووسیبوو: زەردەخەنەكانت زوقمی نەفرەت و بێكەسیم دەتوێننەوە.

یەكێكی تریان بۆی نووسیبوو: تۆ هەموو كەسی منیت، تۆ نەبیت خۆری من بۆ هەمیشەیی ئاوا دەبێت. 
یەكێكی تریان بۆی نووسیبوو: تۆ هەناسەی منیت، تۆ نەبیت منیش ناژیم.

 كازیوە كە لە هەموویان منداڵتر بوو، بۆی نووسیبوو: تۆ شاسواری خەونەكانمی، هەموو شەوێك خەونت پێوە دەبینم لەسەر ئەسپێكی باڵدار بەرەو جیهانی خەونە جوانەكان دەڕۆین، وەلێ‌ لە كۆتاییدا دەگەینە لووتكەی كێوێكی جوان و ڕەنگاڵەیی كە لەوێدا هەموو كاتێك لە وەرزی بەهاردان، وەلێ‌ لەناكاو ئەسپەكە دەگلێت و من بەتەنها لەسەر لووتكەی كێوەكە بەجێ‌ دەمێنم، تۆ و ئەسپەكە بەرەو چاڵاییەكی تاریك گلۆر دەبنەوە، منیش ڕێگای گەڕانەوە نادۆزمەوە، بەڵام لە جیهانێكی هەمیشە بەهاردا دەمێنمەوە.

جگە لەوەی زەردەخەنە فریودەرەكەی تەواوی كەسانی دەوروبەری فریو دابوو، جادوویەك لەناو چاوە شینەكانیدا هەبوو كە بە سەیركردنێك كاریگەری لەسەری دروست دەكرد، كچەكەی ئامەی مامان، واتە كازیوە، لە هەموو كچەكان زیاتر ئاڵوودەی چاوە شین و زەردەخەنە تەلیسماویەكانی بووبوو، خەڵكی گەڕەك چەند جارێك ئاوات و كازیوەیان لەسەربانی ماڵی ئامەی مامان بینیبوو كە ئاوێزانی یەكتر بووبوون و لە باوەشی یەكتردا ئاڵۆشی حەزێكی سەرشێتانەیان دادەمركانەوە. كاتێك ئاوات خۆی كوشت، خەڵكی گەڕەك ئەو خۆكوشتنەیان دەگەڕاندەوە بۆ گیرابوونی نزاكانی ئامەی مامان كە هەمیشە دەپاڕایەوە و دەیگوت: "یاخوا ئاوات، ئاواتی ژێر گڵ بیت و بە دەستەكانی خۆت كۆتایی بە خۆت و خەونە گڵاوەكانت بهێنیت. یاخوا جوانەمەرگ بیت و خێر نەیەتە ڕێت". دوعاو نزاكانی ئامەی مامان دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئابڕوو تكانەی كازیوەی كچی لەلایەن ئاواتەوە، خەڵك پێیانوابوو ئاواتێك كە خەون و خولیا و ئاواتێكی زۆری بە ژیان هەموو، ئەگەر نزاكانی ئامەی مامان نەبووایە، سەدان ساڵیش بژیایە بیری لە خۆكوشتن نەدەكردەوە. ئاواتێك كە هیچ كاتێك دڵشكانی بەخۆیەوە نەدیبوو بەتایبەتی لەلایەن كچانەوە، هیچ كاتێك بەبیری هیچ كچێكدا نەدەهات ئاوات پەتێك بكاتە گەردنی خۆی و كۆتایی بە خەونی ئەرخەوانیی ئەو كچانە بهێنێت كە بوون و ژیانی خۆیان بە بوون و مانەوەی ئاواتەوە بەستبووەوە.

دوای خۆكوشتنی ئاوات، هاوڕێكانی پێیانوابوو كە زنجیرەیەك خۆكوشتن لە شاردا ڕوو دەدەن، بەتایبەتی لە گەڕەكەكەی خۆیاندا، چونكە زۆرێك لەو كچانەی نامەیان بۆ نووسیبوو، بوون و نەبوونی خۆیان دەبەستەوە بە ئاواتەوە، بەڵام تەنها كازیوەی ئامەی مامان خۆی سووتاند، كە زۆرێك پێیانوابوو بۆ كڕینەوەی ئابڕووی تكاوی بنەماڵەكەی خۆی كوشتووە نەك لەبەر عەشقی ئاوات، ئەگەرچی ئەو نامەیەی كە دوای خۆكوشتنی ئاوات، كازیوە وەك دەردە دڵێك نووسیبووی، ئەو هەموو وتی وتییەی بەتاڵ دەكردەوە. لەو نامەیەدا كە كەوتبووە لای یەكێك لە هاوڕێكانی كازیوە، بەر لە خۆسووتاندنی ئەو نامەیەی دابووە دەست هاوڕێكەی و گوتبووی تكایە با ئەم نامەیەم وەك دوایین یادگاری لای تۆ بمێنێتەوە، هاوڕێكەی ئەوەی بە خەیاڵدا نەهاتبوو كە بۆچی وەك دوایین یادگاری، دوای خۆسووتاندنەكەی كازیوە ئەوەی لەبیری نەدەكرد تەنها دوایین یادگاری بوو نەك ناوەڕۆكی نامەكە. لە نامەكەیدا كازیوە نووسیبووی: "عەشق مانا بە ژیان دەبەخشێت، بوونی تۆ لە ژیانی مندا، واتای بەردەوامبوون بوو لە ژیان، چونكە لای من مەودای ژیان و مردن نەك پەردەیەكی تەنك، یان تاڵە دەزوویەك نەبوو، بگرە هیچ نێوانێكیان نەبوو، نەمدەزانی دەژیم یان دەمرم. كە تۆ هاتیت گوڵی زەردبووی ئینجانەی دڵم، گوڵی خەون و هیواكانم، وەك هاتنی بەهاری تەمەن بووژایەوە، نێوانی مردن و ژیان بوو بە دیوارێكی ئەستوور، تەنها رۆیشتنی تۆ توانی ئەو دیوارە پۆڵایینە بڕووخێنێ، تۆ ژیانی من بوویت، تۆ ڕۆیشتی و لەگەڵ خۆتدا ژیانت برد، چۆن توانیت بەوجۆرە بەتەنها بڕۆیت، نازانم ئەو دڵە شووشەیەت چۆن هاڕەی كرد و شكا، دەزانم هەردووكمان بووینەتە قوربانی نەریتێك، ئەی چۆن دڵت هات بەتەنیا بڕۆیت، مەگەر بڕیار نەبوو پێكەوە بڕۆین؟ مەگەر بڕیار نەبوو بۆ دۆزەخیش بێت پێكەوە بچین؟ ئەی كوڕی نەفرەتلێكراوی خواوەندی عەشق و ئەوین".

خەنجەرێك لەسەر گەردنمە و هەموو خەونەكانی شێواندووم، تارمایی مەرگێك هەموو شەوێك دێت و لە دەرگای رۆح و دڵم دەدات، نازانم ئەوە نەفرەتی خواوەندە، یان نەفرەتی ئامەی مامان، دەستێكی ڕەش دێت و جوانیەكانی ژیان دەسڕێتەوە، ڕەشەبای نەفرەت هەڵدەكات و تەواوی ئەو نامانەی كە لێوانلێو بوون لە سۆز و ئەوین، دەخاتە ئاگری نەفرەتەوە، ئاگرێك نەك تەنها نامەكان، خۆیشم دەسووتێنێ، بۆیە بەرگەی ئەو هەموو سووتانە ناگرم، ئەمە دوایین بەشی نامەكەی ئاوات بوو كە لە گیرفانیدا دەریانهێنا، لە كۆتاییدا نووسیبووی، فرمێسك و زەردەخەنە دوو شتی فریودەرن، ڕەنگە گوزارشتێكی راستەقینە لە ناخی كەسەكان نەكەن، بڕوا مەكەن كە ئاوێنەی ناخی كەسەكان بن.   


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە