لانە جاف ئازاری ئافرەتان رەنگڕێژ دەكات

12-10-2018
ئەی سی رۆبنسن
نیشانەکردن لانە جاف
A+ A-

رووداو- هەولێر

لانە جاف تازە قۆناغی ئامادەیی تەواو كردووە، بەڵام چەند ساڵێكە رووی لە نیگاركێشان كردووە و بە گوتەی خۆی دەیەوێ لە رێگەی نیگارەوە ئەو ئازار و مەینەتییە نمایش بكات كە بەرۆكی ئافرەتان دەگرێ.


لانە لەبارەی تێمای سەرەكی كارەكانی بە (رووداو)ی گوت: "من (لە كارەكانمدا) فۆكەس دەخەمە سەر كێشەكانی ئافرەتان لە كوردستان و ئەو تەنگەژانەی هەر لە لەدایكبوونیانەوە هەتا گەورەبوون و هاوسەرگیری لەگەڵیانە. دەمەوێ لە نیگارەكانماندا هەموو ئەوانە نمایش بكەم".

لانە تەمەنی 18 ساڵە و شەش ساڵ لەمەوبەر دەستی بە كێشانی سكێچ كردووە. ژمارەیەكی زۆر لە سكێچ و نیگارەكانی لانە لە قوتابخانەكەی خۆی یان لە پێشانگا جیاجیاكانی كوردستاندا نماشكراون. ژمارەیەكیش لە بەرهەمەكانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە كۆكراونەتەوە و لە باڵەخانەی وەزارەتەكە دراون.

سەرەتا دایك و باوكی لانە پشتگیرییەكی تەواوی ئەویان نەدەكرد، بەڵام كاتێك بینییان كچەكەیان چ بەهرەیەكی گەورەی هەیە، هانیان دا. لانە دەڵێ: "زۆربەی جاران كاتێك دیاردەیەكی نوێ لە رۆژئاواوە دێ، خێزانەكانی كوردستان بۆ كوڕ و كچەكانی خۆیان دژی دەوەستنەوە، بە تایبەتیش ئەگەر ئافرەت بێ‌".

بەشێك لە كێشەی كەسانی وەكو لانە پەیوەندی بە سیستەمی پەروەردەی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە تێیدا ئەوانەی نمرەی بەرز دەهێنن رەوانەی كۆلێژەكانی ئەندازە، پزیشكی یان یاسا دەكرێن، بەمجۆرەش خێزانەكان بەهرەی هونەریی منداڵەكانیان پشتگوێ دەخەن.

نیگاركێشە لاوەكە دەڵێت: "دایك و باوكان لە كوردستان هەوڵدەدەن منداڵەكانیان ناچار بكەن ئەو بوارە هەڵبژێرن كە خۆیان دەیانەوێ. منداڵەكان خۆیان ناتوانن بوارەكەیان هەڵبژێرن، بۆیەش زۆربەی جاران ناتوانن ئەوە بكەن كە خۆیان دەیانەوێ".

دایك و باكی لانە دەیانویست كچەكەیان لە زانكۆ بواری پزیشكی هەڵبژێرێ، بەڵام ئەو خۆی لەو بوارەدا نەدەبینییەوە، بۆیەش بڕیاری دا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا بخوێنێ، دایك و باوكیشی بە نابەدڵییەوە بڕیارەكەی لانەیان قەبووڵ كرد. لانە لەبارەی هۆكاری ئەو بڕیارەی دەڵێت: "من حەزم لە پزیشكی نییە و هەستیش ناكەم پزیشكێكی سەركەوتووم لێدەربچێ، بۆیە بڕیارم دا پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بخوێنم، چونكە زیاتر حەزم لە سیاسەتە".

هەرچەندە دایك و باكی لانە بە دوودڵییەوە پشتگیرییان لە خەونی كچەكەیان بۆ بوون بە هونەرمەند دەكرد، بەڵام لەناو ئەو خێزانەدا لانە پشتگیریشی هەبوو كە خوشكە گەورەكەی بوو.

لانە دەڵێت: "گەورەترین پشتگیریم ئاڤانی خوشكمە، ئەو هانیدام كاری هونەری بكەم". 

ئاڤان جاف چالاكڤانێكی كۆمەڵایەتی و سیاسییە لە هەرێمی كوردستان كە 10 ساڵە كار بۆ تواناسازی و هۆشیاریی ئافرەتانی كوردستان دەكات. 

كارە هونەرییەكانی لانە تەنیا لە قوتابخانەكەی و باڵەخانەی وەزارەتی پەروەردە و ماڵەوەیاندا نەماون، بەڵكو بەمدواییە داوای لێكراوە دیزاینی دیوارەكانی حەوشی فێرگەی فۆتۆی رۆژنامەوانیی فرێمینگ بكات كە بنكەیان لە هەولێرە. بە گوتەی خۆی لەو دیزاینەشدا هەوڵیداوە فۆكەس لەسەر تێمای كێشەی ئافرەتان لە كۆمەڵگای كوردستاندا بكات، بەڵام لە دیزاینەكەیدا كەڵكی لە فۆڕمی جلوبەرگی كوردی وەكو جامەدانی و شاڵی كوردی وەرگرتووە، هەندێكجاریش وێنەی بەكارهێناوە. لانە بۆ ماوەی پێنج رۆژ بەشەویش كاری كرد بۆ ئەوەی فێرگەكە لە رۆژی 25ی ئەیلول، واتە لە ساڵیادی گشتپرسییەكەی كوردستاندا بكرێتەوە، لەو رۆژەدا فێرگەكە پیشانگایەكی فۆتۆی بە بۆنەی ساڵیادی گشتپرسییەوە كردبووەوە. لانە ئەو پڕۆژەیەی بەشێوەی خۆبەخشانە گرتبووە ئەستۆ.

لە یەكێك لە دیزانەكاندا كە تێیدا رەنگی كراوە بەكارهاتووە، ئافرەتێك دەبینرێ كە كامێرایەكی بەدەستەوەیە، بەڵام خەمێكی قووڵ لەسەر روخساری بەدیدەكرێ. لانە لەو بارەیەوە دەڵێت: "من دەمویست ئەوە پیشانبدەم كە ئافرەتە فۆتۆگرافەرەكانی كورد چانسی ئەوەیان نییە بگەنە ئەو ئاستە لە پرۆفیشناڵبوون كە پیاوان دەیگەنێ، تارماییەكەی لای چەپی ئافرەتەكە هەمووكات بەدواوەیەتی، وەكو خێزان كە بەربەستی بۆ دروستدەكەن و نایانەوێ كچەكەیان لە فۆتۆگرافدا سەركەوتوو بێ".

لانە لە ئەزموونی چەند ساڵەی خۆیەوە پەیامێكی بۆ هەموو ئەوانە هەیە كە حەزیان لە هونەرە، بەتایبەتیش ئافرەتان: "ئامۆژگاری من بۆ كچانی دیكەی هاوتەمەنی خۆم ئەوەیە: ئەوە بكەن كە دڵیان دەیەوێ، شوێن خەونەكانیان بكەون و بیانكەن بە راستی. بێدەنگ مەبن".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە