لەسەر دیوارەکە، وێنەیەک کێشرابوو. پێدەچوو منداڵی ئەو بنەماڵەیە کێشابێتی کە پێشتر لەم ماڵەدا ژیابوون. سێ کەس بوون و دارێک. لەبەر تاریکیی ژورەکە نەیتوانی بە ڕوونی دەموچاوی کەسەکانی ناو وێنە بچووکەکه ببینێ، بەڵام دارەکە دەکرا داربەڕوو بێ. ئەو هەموو داربەڕووەی لەناو شەقامەکانی دانمارک هەیە، تەنانەت لە کوردستانیش نییە.
دەنگێک وتی: "خۆزگە ئێوارێ کە هاتیتە ناو ماڵەکە، پێش ئەوەی شەو دابێت، باش سەیری دیوارەکانت بکردایە."
تەلەفزیۆنە کۆنەکەی داگیرساند، بیری کردەوە دەرگای ساردکەرەوەکەش بکاتەوە، بەڵکو لەبەر ڕۆشنایی ئەواندا بزانێ کەسەکانی ناو وێنەکە تووڕە و خەمۆکن یاخود دڵخۆش و لێو بەپێکەنین؟ پێنەدەکەنین و خەمۆکیش نەبوون، لێوەکانیان خەتێکی ڕاست بوو، کەواتە خێزانێکی ئاسایی دانمارکی بوون.
تەماشای وێنەکێشانی منداڵان و شیکردنەوەیان خوویەکی کۆنی خۆی بوو، وادیار بوو هێشتا ئەمەی بیرنەچووبووەوە. سەردەمێک کە خۆی دایک بوو، لە دایکایەتی هەر ئەوە فێر ببوو کە تەماشای وێنەکانی ئارەزوی کچی بکا و هەر کە دیتی هەموو خێزانەکەی لەناو وێنەکانیدا بزه لەسەر لێویانە، دڵنیا بێتەوە لەوەی هێشتا هەموو شتێک باشە. زۆر درەنگ زانی کە ئارەزوو روخساری نێو حەزەکانی خۆی دەکێشێتەوە، نەک هی ئەوان. دەنگێک پێیگوت: "هەر باشیش بووی، خۆ دایکی خۆت ئەمەشی نەدەزانی."
موبایلەکەی هەڵگرت و پەنجە گەورەی سێ جار جووڵاند. خاتوونێکی زۆر بەڕێزی دانمارکی دوای ئەوەی کە گوتی: "لەگەڵ مێتا قسە دەکەی"، پرسیاری لێکرد چۆن دەتوانێ یارمەتیی بدات؟ زمانی دانمارکیی بیر چووبووەوە یان بە رێزەوە قسەکردن؟ نەیزانی کامیان. دەنگێک گوتی: "تەنیا بڵێ ماڵەکە کارەبای نییە و تەواو." گوتی و پەنجەی یەک جار جووڵاند.
پیاوەکە هەر کە چاوی بە روخساری ژنەکە کەوت، زانی کە لەم ماڵەدا نابێ بە پێڵاوەوە بچێتە ژوور و پێڵاوەکانی داکەند. لەسەر جانتای کارەکەی بە خەتێکی گەورە نووسرابوو: "لەگەڵ (دانسک بۆلی) ماڵی ئاواتەکانت هەڵبژێرە". پیاوەکە بە بزەیەکەوە لێی پرسی: "نەتدەزانی دەبێ خۆت گڵۆپ بۆ ماڵە تازەکەت بکڕی؟ لە دانمارک بنەماڵەکان کە ماڵیان بار دەکەن، گڵۆپەکانیان بۆ کەس جێناهێڵن."
بیری کردەوە ماڵی دانمارکی چەند سەیرن! یەکەمجاریش کە هات بۆ دانمارک، ماڵەکەیان ساردکەرەوە و تەلەفزیۆنی تێدابوو، بەڵام خۆیان گڵۆپیان بۆ کڕی. وەڵامی دایەوە: "نا نەمدەزانی." دەنگێک گوتی: "با دەتزانی!"
تاوەکو پیاوەکە سەری گڵۆپەکەی توند کردەوە، لە گۆشەیەکی دەفتەری یاداشتەکەیدا بە خێرایی نووسیی: "11. من دەمزانی دەبێ گڵۆپ بکڕم بۆ ماڵەکە، بەڵام نەمکڕی". دەنگەکە گوتی: "ئەم کارەت لە هەر 10 کارەکەی ترت سەیروسەمەرەترە، بیرت نەچێ بەیانی بۆ دەروونناسەکەتی بگێڕییەوە، بەڵکو ئەم مەتەڵەشتان هەڵهێنا".
پیاوەکە دوو جار گڵۆپەکەی کوژاندەوە و هەڵیکردەوە، گوتی: "دەمێک ساڵە لە دانمارک دەژیی؟" دەنگەکە گوتی: "ئەگەر شەقامەکانی دانمارکیش بە دانمارک حیساب بکرێن، سیانزە ساڵی ڕەبەقە." وەڵامی نەدایەوە، گوتی: "تێناگەم، زمانەکەم باش نییە".
دەروونناسەکە بە بزە هەمیشەییەکەیەوە گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە بۆ تۆ، ئێستا ئیتر دوای ئەو هەموو ساڵە، لە ژیانی ناو شەقامەکان ڕزگارت بووە و ماڵی خۆت هەیە، ساڵێکە مەشروب ناخۆیتەوە و ئەمڕۆش بڕیارە لەگەڵ کچەکەت قسە بکەیەوە. زۆر هەستێکی خۆشە، وانییە؟".
دەنگەکە گوتی: "دە بەسە ئیتر، دەروونناسە مێهرەبانەکەت بێهیوا مەکە و بڵێ زۆر خۆشە!" دوای چەند خولەک بێدەنگی تەنیا گوتی: ماڵەکە گڵۆپی نەبوو، دەمزانی دەبێ گڵۆپی بۆ بکڕم، نەمکڕی..." خێرا درێژەی پێدا و گوتی: "بڕیارم گۆڕیوە، نامەوێ لەگەڵ ئارەزوو قسە بکەمەوە".
خاتوونە بەڕێز و میهرەبانەکە هەوڵی دا سەرسوڕمانی خۆی بشارێتەوە. بیری کردەوە لە گڵۆپی ماڵەکەیەوە دەستپێبکا و بێتەوە سەر باسی ئارەزووی کچی. دیسانەوە بە بزەیەکەوە، وەک ئەوەی هیچ شتێک رووی نەدابێ، گوتی: "پێتوایە بۆ گڵۆپت بۆ ماڵەکەت نەکڕی؟".
دەنگەکە بە پێکەنینێکی ناحەزەوە گوتی: "بۆ ئەوەی ئێستا تێگەیشتووە ماڵەکان هەر کە گڵۆپیان داگیرسا، هەر کە بوون بە هێلانەی ئەوانەی تیایدا دەژین، ئەگەری لەدەستچوونیان زۆرە... ئەوە بوونە کە نەبوون بە دوای خۆیدا دێنێ".
تەنیا گوتی: "دەترسم!" دەنگەکەی نێو مێشکی بە قاقاکێشانەوە گوتی: "لە هەرچی لەدەست بچێ..."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ