پیاسە دەکەم
پشیلەی سەر زبڵدانەکە دەڵێت :"میاو"
بیرت دەکەم!
دەوەستم و چاوم بۆ دوور ئەڕوانێت
هەناسەیەکی توندی سارد هەڵەکێشم و هێشتا نامرم
بەیانیە، هەڵدەستم
بارانە و هەور دونیای تەڵخ کردووە
بیرت دەکەم
سەر ئەنێم بە پەنجەرەکەوە و فرمێسکێک روومەتم تەڕ ئەکات
هێشتاش دڵم شەق نابات ماوم
ئێوارەیە و سەر هەڵدەبڕم بۆ ئاسۆ ئەڕوانم
خۆرئاوابوون ئاسمانی سوور کردووە
بیرت دەکەم
ناودەمم تاڵ دەبێت
چەند جارێک لێو دەنێم بەیەکدا و تامی دووریت لەناو گیانمدا بڵاودەکەمەوە
هێشتا تووشی لاڕەشە نەبووم و ساغم!
نیوەڕۆیە و شنەی با
گەڵای درەختی حەوشەکەمان ئەجووڵێنێتەوە
من بیرت دەکەم
“دەست دەهێنم بەتاڵەکانی قژمدا و ئەزموونی بێ تۆیی ئەکەم”
هێشتا لە تەنیاییمدا هەلا هەلا نەبووم
شەو دێت، مانگ چواردەی تەواوە و
تریفەی لە هەموو شوێنێکە
من بیرت دەکەم
سەیرێکی ئەستێرەکان ئەکەم
تۆ لەناویاندا نیت!
تێدەگەم دووریت و لە ناوەڕستی دڵمدای
هیچ ڕێگایەک بۆ دەرچوونت نییە و من
هێشتا دڵم لێدەدات!
ئەچمە بازاڕ چاکەت و کڵاو و دەستکێشی پیاوان دەبینم
بیرت دەکەم
دڵم پڕدەبێت
دەست دەگرم بەسەرمەوە نەکا بکەوم
تێدەگەم کە چەندە خۆشم ئەوێیت!
پیاوە بەسمێڵ و بێ سمێڵەکان دەبینم و
من هێشتا هەر بیری تۆ دەکەم!
لە کۆڵانە کۆنەکانی خۆما دەسووڕێمەوە و
هێشتا لەپێ نەکەوتووم!
دەچمە حەمام و هەڵمی ئاوەکە دەبینم
بیرت دەکەم
دەخوێنمەوە،
دێڕێک باسی جەنگ و کوشتن و خوێن دەکات
من بیری تۆ دەکەم!
ڕوومەتم سوور هەڵدەگەڕێت
هەردوو ئەژنۆم دەگرمە باوەش و خۆم
وەک بێشکە ڕادەژەنم!
پرتەقاڵ پاک دەکەم و گاز لەسێو دەدەم
بیرت دەکەم
ئەگریم بیری تۆ دەکەم، پێدەکەنم بیری تۆ دەکەم
بیر لە تۆ دەکەمەوە و دڵم تەنگ دەبێت
زەردەخەنە دێتە سەر ڕووم
تۆ لە کوێی؟!
جا لەکوێ نیت!!
نا وامەزانە شیعرت بۆ دەنووسم
نا
دونیا بە بیرکردنی تۆوە
شیعرێکی نووسراوە و هەر ساتێک دەیخوێنمەوە!
دیسامبەری 2015
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ