- رۆژی (8/10/2015)، دیسان لە سەکۆی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵەوە، خانمە نووسەرێکی کەم ناوبانگ (سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ)ی نووسەر و رۆماننووسی بیلاڕووسی، لە ئەکادیمیای نۆبڵ ناوی خوێندرایەوە و بە کەمتر لە دوو سەعات، لە نووسەرێکی کەم ناوبانگەوە، بووە یەکێک لە نووسەرە بەناوبانگەکانی دنیا و بۆ هەمیشەش ناوی لە مێژوودا تۆمارکرا.
سەرەڕای هەموو ئەو گۆڕانکاریانەی بەسەر جیهاندا هاتوون، خەڵاتەکانی نۆبڵ لەوەتەی لە ساڵی (1901)ـەوە دابەش دەکرێن، هێشتا پێگەی خۆی وەکو خەڵاتێکی جیهانی پاراستووە، (بە تایبەتی من باسی نۆبڵی ئەدەبیات دەکەم و خەڵاتی بوارەکانی دیکەی نۆبڵ: فیزیا، کیمیا، پزیشکی، ئاشتی) بۆ شارەزا و هەوادارانی خۆی جێدێڵم.
ئەمڕۆ جیهان لەنێو گۆمی خوێن و شەڕ و ئاوارەبوون و تراژیدیایەکی گەورەی مرۆییدا دەژی، دەشێ ئاهەنگێکی وەکو ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی نۆبڵ، ساتێک جیهان بە خۆیەوە سەرقاڵ بکات و تۆزێ لە بیری شەڕ و ئاشووب دوورمان بخاتەوە.
(ئەلفرێد نۆبڵ) ساڵی 1896 لە ئیتاڵیا لەنێو ڤێلاکەیدا دەمرێت و وەسیەت دەکات کە ماڵ و سەروەتەکەی بۆ بەخشینی خەڵاتی ساڵانەی نۆبڵ تەرخان بکرێت، ئەم ئەرکەش دەخاتە ئەستۆی ئەکادیمیای سوێدی کە ساڵی 1786 لەسەر دەستی (گۆستاڤی سێیەم)ی شای ئەوکاتی سوێد دامەزرا. شا هەر خۆی بەشێکی زۆری پەیڕەوی ئەکادیمیاکەی نووسیبوو.
ساڵی 1900 دامەزراوەی نۆبڵ دادەمەزرێ، کە بۆ رێکخستنی کارەکانی بەخشینی خەڵاتەکانی نۆبڵە، تا ئێستا ئەم دامەزراوەیە وەکو دامەزراوەیەکی جیهانی ماوەتەوە.
کێن ئەوانەی بۆ خەڵاتەکانی نۆبڵ دەپاڵێورێن؟
چەند دەزگا و کەسایەتییەک بۆیان هەیە پاڵێوراو پێشکەش بکەن بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، لەوانە:
*ئەندامانی ئەکادیمیای سوێدی و هاوشێوەی ئەو ئەکادیمیایە لە شوێن و وڵاتانی دیکە.
*پڕۆفیسۆرەکانی ئەدەب و زمان و مامۆستایانی زانکۆ باڵاکان.
*ئەوانەی پێشتر خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیان وەرگرتووە، دەتوانن نووسەر و ئەدیبی دیکە بپاڵێون.
*هیچ کەسێک ناتوانێ بەخۆی، خۆی بۆ خەڵاتی نۆبڵ بپاڵێوێ.
دەبێ ئەوە بزانین کە خەڵاتەکانی نۆبڵ هەروا بە بێدەنگی و بێ کێشە تێنەپەڕیون و تێناپەڕن، بەڵکو زۆر جار خەڵاتەکان و دامەزراوەی نۆبڵ و ئەکادیمیای سوێدی، رووبەڕووی رەخنەی گەورە بوونەتەوە، گرنگترین رەخنە کە رووبەڕووی خەڵاتی نۆبڵ بووەتەوە، تۆمەتبارکردنی ئەکادیمیاکەیە بە لایەنگیری و سیاسیبوونی، تەنانەت تائێستا سێ جار ئەم خەڵاتە لەلایەن نووسەرانەوە رەتکراوەتەوە، ئەویش بەم شێوەیە:
- تەنزنووس و شانۆنامەنووسی ئێرلەندی (جۆرج برنارد شۆ) لە ساڵی (1925) بۆ یەکەم جار خەڵاتەکەی رەتکردەوە و وەرینەگرت.
- ساڵی (1958) شاعیر و رۆماننووسی رووسی (بۆریس پاسترناک) لە ژێر فشاری دەسەڵاتی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت خەڵاتەکەی رەتکردەوە.
- نووسەر و بیرمەندی فەڕەنسی (ژان پۆل سارتەر)، لە ساڵی (1964) خەڵاتی نۆبڵی رەتکردەوە و ئەمەش لەوکاتەوە تا ئێستا دواجار بووە کە خەڵاتەکە رەتکرابێتەوە. شارەزایانی بیر و نووسینەکانی سارتەر، پێیانوایە کە ئەم رەتکردنەوەیە لەلایەن سارتەرەوە، تەواو لەگەڵ بیروڕاکانی ئەودا گونجاوە، چونکە سارتەر دەڵێت: "حوکمی ئەوانیتر لەسەر ئێمە، لەبری ئەوەی وەک خودی مرۆیی تەماشامان بکەن، هەوڵێکن بۆ ئەوەی بمانکەنە بابەت و کاڵا". ئەو وەکو کەسێکی بوونگەرا، هەمیشە بۆچوونی ئەوانیتری لەسەر خۆی رەتکردووەتەوە و خەڵاتیش، هەموو خەڵاتێک، هەڵسەنگاندنی ئەوانیترە بۆ خود.
ئەگەرچی کارەکانی ئەکادیمیای سوێدی و دامەزراوەی نۆبڵ، ساڵانە زۆر بە نهێنی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە مانگ و رۆژەکانی بەر لە دابەشکردنی خەڵاتەکە، دامەزراوە و دەزگا راگەیاندن و کولتوورییەکان دەکەونە خۆ بۆ پێشبینیکردنی براوەکانی خەڵاتەکە، هەندێکیان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە زانیارییەکانیان لەناو ئەکادیمیای سوێدی و دامەزراوەی نۆبڵەوە دەستکەوتووە و دزەیان کردووە، بەڵام ئەکادیمیا و دامەزراوەی نۆبڵ، هەموو کات بە رەهایی ئەوە رەتدەکەنەوە کە هیچ زانیارییەک لەوانەوە دەرچووبێت، بۆیەشە زۆربەی پێشبینییەکان راست دەرناچن.
ئەمساڵ دامودەزگا میدیاییەکانی جیهان، گومانی زیاتریان بۆ دروست بوو لەوەی کە ئەم خەڵاتە تا کۆتایی بە نهێنی نامێنێتەوە، چونکە (سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ)ی براوەی ئەمساڵ، دوو سەعات پێش ئەوەی ناوی رابگەیەنرێ، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە توویتەر ئەوەی راگەیاندبوو کە خەڵاتی ئەمساڵی بردووەتەوە، ئەمە گومانی ئەوەی زیاتر کرد کە ئەگەری دزەکردنی زانیارییەکان هەیە و نەزانینی براوەکان حەتمی نییە وەک ئەوەی ئەکادیمیای سوێدی بانگەشەی بۆ دەکات. هەرچەندە (سڤێتلانا) روونکردنەوەی دا و گوتی کە پێش دوو سەعات لە ئەکادیمیاکەوە تەلەفۆنیان بۆ کردووە و پێیان راگەیاندووە کە تۆ براوەی نۆبڵی ئەمساڵی، بەڵام ئەوە لەو گومانانەی کەم نەکردەوە کە کەوتە سەر ئەکادیمیای سوێدی.
پیتەر ئینگڵۆد، سکرتێری هەمیشەیی ئەکادیمیای سوێدی لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند: کار و بەرهەمەکانی (198) نووسەریان لەبەردەستە کە پاڵێوراون بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە و (36)یان یەکەم جارە دێنە ناو پێشبڕکێکەوە. لەکاتێکدا بۆ نۆبڵی ساڵی پار، (210) نووسەر پاڵێورابوون و نووسەری فەڕەنسی (پاتریک مۆدیانۆ) خەڵاتەکەی بردەوە.
یەکێک لەو خاڵانەی کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ئەمساڵی لە هەموو خەڵاتەکانی دیکەی نۆبڵی ئەدەبی پێش خۆی جیاکردەوە، ئەوەبوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیدا، خانمە نووسەرێکی سوێدی، وەک سەرۆکی لێژنەی خەڵاتی نۆبڵ لە بەشی ئەدەبدا دەستنیشان کرا، ئەویش خانمە نووسەر و رەخنەگر سارا دانیۆس (53 ساڵ) بوو، ئەو لە رێگەی دەنگدانەوە وەک سەرۆکی ئەم لێژنەیە دەستنیشان کرا، کە ساڵانە خەڵاتی نۆبڵ لە بواری ئەدەبدا دەبەخشێتە باشترین بەرهەمی ئەدەبی. ئەوەبوو ئەمساڵ لە رێگەی (سارا دانیۆس)ـەوە، وەرگری خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ئاشکرا کرا.
سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ.. براوەی ئەمساڵ
لەمیانەی بەخشینی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیی ئەمساڵ، ئەکادیمیای سوێدی رایگەیاند کە لە پای ئەوەی (سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ) "نووسینەکانی فرەدەنگن و شایەدحاڵێکن بۆ مەینەتی و ئازایەتی و بوێرییەکانی ئەم سەردەمە"، خەڵاتی ئەمساڵ دەبەخشرێتە (سڤێتلانا ئالێکسێڤیچ).
بە بۆچوونی ئەکادیمیای سوێدی، هەموو خەمی ئەم نووسەرە، وێناکردنی واقیعە بە وردترین رووداوەکانییەوە، ئەم نووسەرە دژی جەنگ و توندوتیژی و درۆیە.
رەخنەگران وای دەبینن کە ئەدەبی سڤێتلانا، ئەدەبێکی بەهێز و هاوئاهەنگە، هەر شەش کتێبەکەی (کە تا ئێستا بڵاوی کردوونەتەوە) دەکەونە خانەی نووسینی بەڵگەنامەیی، کتێبەکانی لە چیرۆکی راستەقینەوە سەرچاوەیان گرتووە کە پڕن لە راستی و دادپەروەری، نووسەر خۆی دەڵێت: "بەرەو مرۆڤ دەڕۆم بۆ ئەوەی بگەمە نهێنییەکانی، لە رۆحەوە بۆ رۆح دەڕۆم، چونکە هەموو شتێک لێرەوە روودەدا، لەم رۆحەوە".
خەڵاتەکە بریتییە لە بڕوانامەیەک و میدالیایەکی زێڕ و بڕێک پارە کە (972) هەزار دۆلاری ئەمەریکییە، سڤێتلانا ئەوەی راگەیاند کە خەڵاتەکە پێشکەشی وڵاتەکەی دەکات و گوتی: "ئەم خەڵاتە بۆ من نییە، بۆ فەرهەنگی ئێمەیە، بۆ وڵاتە بچووکەکەمان کە بە درێژایی مێژوو نەهامەتییەکی زۆری بینیوە."
سڤێتلانا، چواردەمین ئافرەتە کە ببێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵ و یەکەم ئافرەتە کە بە زمانی رووسی بنووسێ و ئەم خەڵاتە وەربگرێ، دوایین ئافرەت پێش ئەو کە نۆبڵی ئەدەبیی پێ بەخشرابێ، (ئالیس مۆنرۆ)ی چیرۆکنووسی کەنەدی بوو کە لە ساڵی (2013) خەڵاتەکەی پێ بەخشرا.
سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، لە ساڵی 1948 لە ئۆکراینا لەدایک بووە، بەڵام لە بیلاڕووسیا گەورە بووە، باوک و دایکی وانەبێژ بوون و وایان لێکردووە پەیوەندی بە (کۆمسۆمۆڵ) بکات کە رێکخستنێکی (گەنجانی کۆمۆنیستی سەردەمی یەکێتی سۆڤییەت) بوو، سەرەتا لە لادێیەک ژیاوە و دواتر چووەتە شار، رۆژنامەوانی لە بیلاڕووسیا خوێندووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەڵوێستەکانی هەمیشە دژی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی بووە و رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گرتووە، بۆیە دەسەڵاتداران، ناردوویانەتە رۆژنامەیەکی رۆژانەی ناوچەیی، لە یەکێک لە شارە بچووکەکانی بیلاڕووسیا تا لەوێ کار بکات.
هەروەها لەلایەن دەوڵەتەوە رووبەڕووی ئازار و راوەدوونان بووەتەوە، گوێ لە تەلەفۆنەکانی گیراوە و رێگەی پێنەدراوە بەشداری کۆڕ و کۆبوونەوەکان بکات، دوای وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، لە وتەیەکدا گوتی: "لە بیلاڕووسیا رێگا بە بڵاوکردنەوەی کتێبەکانم نادرێ و رێگا نادرێ لە دەزگاکانی راگەیاندن دەربکەوم، ئەمانەم لێ قەدەغەکراوە".
خاتوو سڤێتلانا کۆمەڵێک کورتەچیرۆک و وتار و راپۆرتی نووسیوە، وەک خۆی دەڵێ، لەژێر کاریگەریی (ئالس ئادامیڤۆیچ) کە ئەویش نووسەرێکی خەڵکی بیلاڕووسیایە، خۆی لەنێو ژانرێکدا بە ناوی "رۆمانی هاریکاری" یان "رۆمانی بەڵگەنامەیی"دا دۆزیوەتەوە کە گێڕانەوەی بەسەرهاتی خەڵکە لە زمانی خۆیانەوە. نووسینەکانی زنجیرەیەک کتێبن لەژێر ناونیشانی (دەنگەکانی شاری فەزیڵەت).
تا ئێستاش سڤێتلانا یەکێکە لە دیارترین نەیارانی ئالێکساندەر لۆکاشینکۆ کە بیست ساڵە سەرۆکی بیلاڕووسیایە، ئێستا لە مینسکی پایتەختی ئەو وڵاتە دەژی و پێشتر ماوەیەک لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا ژیاوە.
تائێستا شەش کتێبی چاپکردوون کە بریتین لە: "جەنگ رووی ئافرەتێکی نییە "، "چەند دەنگێک لەچەرنۆبێل، مێژووی زارەکیی کارەساتی ئەتۆمی"، "منداڵانی زەنک.. دەنگەکانی سۆڤیەت لە جەنگی ئەفغانستان"، "شەیدایانی مەرگ"، "گەواهیدانەکانی کۆتایی"، "کۆتایی پیاوە سوورەکە، یان سەردەمی وەهم".
ئەو هەر لە یەکەم کتێبییەوە، (جەنگ رووی ئافرەتێکی نییە) کە لە ساڵی (1985) بڵاویکردەوە و کۆکراوەی یادەوەری جەنگاوەرانی جەنگی دووەمی جیهانی بوو، جیابوونەوەیەکی تەواوی لە ئەدەبی سۆڤیەتی بەرجەستە کرد، واتا ئەو کتێبە، تەواو لەو نووسینە ئەدەبییانە جیا بوو کە تا ئەوکات باوبوون، چونکە تا ئەوکات هەر کتێبێک ستایشی سوپای سووری نەکردبا و پشتیوانی نەکردبا، لە یەکێتی سۆڤیەت قەدەغە دەکرا، ئەو لەم کتێبەدا هەوڵی دا، وەکو خۆی دەڵێ، لە هەموو ئەو پاڵەوانێتییانە دووربکەوێتەوە کە بە درۆ دروست کرابوون. کە کتێبەکەی دەرچوو، دەسەڵاتدارانی ئەوکاتی سۆڤیەت بە کتێبێکی (نا نیشتمانی) و (لادەر) وەسفیان کرد، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانە، میخائیل گۆرباتچۆڤی سەرۆکی ئەوکاتی یەکێتی سۆڤیەت، رێگەی دا کتێبەکە بڵاوبێتەوە، ئەوە بوو ملیۆنان دانەی لێ فرۆشرا.
یەکێک لە گرنگترین بەرهەمەکانی سڤێتلانا ئالێکسیڤیچ، بریتییە لە کتێبی "چەند دەنگێک لەچەرنۆبێل، مێژووی زارەکیی کارەساتی ئەتۆمی"، ئەم کتێبە لە ساڵی 1997 نووسراوە و تا ئێستا لە رووسیا رێگە بە چاپ و بڵاوکردنەوەی نەدراوە.
هەر بەم شێوازە کتێبی "منداڵانی زەنک.. دەنگەکانی سۆڤیەت لە جەنگی ئەفغانستان"ی نووسیوە کە بیرەوەری سەربازەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووە لە جەنگی ئەفغانستان.
رەخنە لە بەخشینی خەڵاتەکە
هەندێ لە نووسەرانی رووسیا، پێیانوایە کە ئەم خەڵاتە بۆیە بە سڤێتلانا بەخشرا، چونکە ئەو نەیاری سەرۆکی بیلاڕووسیایە و خەڵاتەکەش بەپێی پێوەرە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکان دابەش دەکرێت.
ئالێکساندەر بروخانۆف، سەرنووسەری رۆژنامەی (زافترا- بەیانی)، پاش راگەیاندنی خەڵاتەکە، گوتی: "خەڵاتەکە بە گوێرەی ئەجێندای سیاسی و بەپێی پێوەرە سیاسییەکان دابەش دەکرێت، نەک بەپێی پێوەری نووسینی ئەدەبی جدی و سەردەمیانە، ئەم خەڵاتە بە گوێرەی بەها زمانی و ئەخلاقییەکانیش دابەش ناکرێ".
جگە لەو، چەندانی دیکەش خەڵاتەکەیان بە خەڵاتێکی سیاسی دایە قەڵەم، دیارە ئەم تۆمەتبارکردنەش لە مێژووی بەخشینی خەڵاتەکانی نۆبڵ نوێ نییە و تا نۆبڵ هەبێ ئەم رەخنانەش بەردەوام دەبن، دەبێ ئەوەش بڵێین کە رەنگە بەشێک لە راستی لەم رەخنانەدا هەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ