رووداو- هەولێر
بەهۆی قەیرانی دارایی، فرۆشی چەرەزات و شیرینییەكان لە هەرێمی كوردستان دابەزیوە و لەبەرامبەریشدا بەرهەمی دەستی و كارگە خۆماڵییەكان زیادیان كردووە.
بەهۆی لێشاوی هاتنی گەشتیارانی عەرەب و بیانی بەتایبەت لەنێوان ساڵانی 2011 تاوەكو 2013 بۆ هەرێمی كوردستان، بە دەیان دووكانی فرۆشتنی چەرەزات و شیرینی بەشێوەیەكی مۆدێرن لەشاری هەولێر كرانەوە، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕی داعش و قەیرانی دارایی، بەشێكیان بازاڕیان زۆر لاواز بووە.
سالار سادق، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە پێشانگای چەرەزاتی مەلیكە لەنێو بازاڕی گەورەی شاری هەولێر دەڵێت: "بەهۆی قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی گەشتیار و داخستنی فڕۆكەخانە بەراورد بەپێشتر فرۆشمان زۆر دابەزیوە، تەنانەت بەراورد بە ساڵی رابردووش زۆر دابەزیوە".
كڕیارەكانی سالار پێشتر گەشتیارانی عەرەبی عێراق بوون، ئێستاش فرۆشیان بەندە بە بیانییەكان و ئەو ئاوارە عەرەبانەی لە هەرێمی كوردستان ماونەتەوە. سالار دەڵێت كڕیاری كوردیان زۆر كەمە.
لە پێشانگاكەی سالار، فستقی ئێرانی، گەزۆی توركی، ڤێتنامی و هندی، هەروەها بادامی چیلی و توركی هەیە، ئەوە جگە لە تۆوی كولەكەی زەرد و سپیی توركی و ئێرانی، زیاتر لە هەشت جۆر میوەی وشككراوەی وەك ئەناناس، كیوی، مانگۆ، ئۆمیلۆ و مۆز، مێوژی ئۆزبەكستانی، فستق عەبیدی سودانی و چەندین بەرهەمی دیكەی بیانی، لە بەرهەمە خۆماڵییەكانیش زیاتر هەنگوین، هەنجیر و تووی وشككراو، كەنگرۆك و چەندین جۆر باسوق و سجوق و لوقم و نانەقەیسی و گەزۆ هەن.
سالار گوتی: "بەرهەمی خۆماڵی تازەن و تاموچێژی خۆشترە، بۆیە نرخی هەندێ جۆریان لە نرخی بەرهەمی هاوردە زیاترە، بۆ نموونە نرخی كیلۆیەك بادامی دینارتێ 4 هەزار دینار گرانترە لە بادامی چیلی كە لە كیشوەرێكی دیكەوە بۆ هەرێمی كوردستان دێت".
بەشێك لە پێشانگاكان زیاتر گرنگی بە فرۆشتنی بەرهەمی خۆماڵی دەدەن، بۆیە لەم پێشانگایانە رێژەی بەرهەمی خۆماڵی نزیك بووەتەوە لە كاڵاو بەرهەمی بیانی.
محەممەد عەبدولڕەزاق، خاوەنی پێشانگای چەرەزاتی سەعد بەقاڵ لە بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێر بە (رووداو)ی گوت: "بەرهەمە خۆماڵییەكان تاموچێژیان خۆشترە، بۆیە گەشتیاری بیانی بە تایبەت عەرەب زیاتر حەزی لێدەكەن، بۆیە زیاتر گرنگی بە بەرهەمی خۆماڵی دەدەین و نزیكەی 50%ی بەرهەمەكانی نێو پێشانگاكەمان خۆماڵین".
محەممەد باسی هۆكاری زۆربوونی بەرهەمی خۆماڵی دەكات و دەڵێت: "بەهۆی كاریگەریی قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی كار و مووچە، بەشێك لە خەڵك گەڕاونەتەوە گوندەكانیان و دەستیان كردووە بەدروستكردنی بەرهەمی خۆماڵی، بۆیە ئێستا بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕ زیاتر بووە، بۆ نموونە ئێمە نزیكەی 9 جۆر باسوق و سجوق، 8 جۆر لوقم و چەندین جۆر نانەقەیسی بەتامی جیاواز و چەندین جۆر سركە و تەمەرهندی و مێوژ و دۆشاوی ترێمان هەیە، بەهەمانشێوە نۆك و بادام و كەنگرۆك، توو و هەنجیری وشككراو و هەنگوین و گوێز و سماقمان هەیە".
لە سێ ساڵی رابردوودا بێ بازاڕییەك رووی لە بازاڕەكانی كوردستان كردووە كە بە گوتەی محەممەد پێشتر وێنەی نەبووە. ئەو دەڵێ: "قەیرانی دارایی و كەمبوونەوەی گەشتیار، كاریگەریی زۆری لەسەر بازاڕی ئێمە هەبووە، بەراورد بەساڵانی پێشتر فرۆشمان نزیكەی 80% كەمی كردووە. ئێستا وەرزی فرۆشتنی چەرەزات و هەنگوین و سركەیە، بەڵام بەهۆی كەمیی گەشتیار فرۆشمان زۆر لاوازە، بۆ نموونە ساڵی رابردوو لوقمی كارگەی خۆمان و باسوقی شەقڵاوەمان دەناردە بەسرا، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی گرفتی رێگا ئەم بازاڕە نەماوە".
35 ملیۆن دۆلار بۆ چەرەزات!
بێستوون عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای ئایدم بۆ هاوردەكردنی چەرەزات و خۆراك، كە خاوەنی پێشانگاكانی چەرەزاتی شێركۆیە لەشاری هەولێر، دەڵێت "بەرهەم لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەكڕین و لەڕێگەی توركیا و ئیماراتەوە هاوردەی دەكەین، بۆ نموونە گوڵەبەڕۆژە و تۆوی كولەكە لە چین، گوێز لە چیلی و ئۆكرانیا، فستق لە ئێران، گەزۆ لە توركیا و گازۆ و چەندین بەرهەمی دیكە هاوردە دەكەین".
بە گوتەی بێستوون، ساڵانە پارەیەكی زۆر بۆ كڕینی چەرەزات و شیرینەمەنی دەچێتە دەرەوەی كوردستان "ساڵانە بایی زیاتر لە 35 ملیۆن دۆلار چەرەزات و شیرنەمەنی هاوردە دەكەین. ساڵانە تەنیا كۆمپانیاكەی ئێمە بایی زیاتر لە ملیۆنێك دۆلار چەرەزات و شیرینی هاوردە دەكات، لە هەردوو شاری سلێمانی و هەولێریش بەدەیان كۆمپانیای هاوشێوەی ئێمە هەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ