بۆشاییەکانی نووسین؛ ڕووی دووەمی تێکست

17-03-2019
نیهاد جامی
نیشانەکردن نیهاد جامی
A+ A-

ئاخۆ لەڕێگەی بۆشاییەکانی نووسینەوە دەتوانین ڕووی دووەمی تێکست ببینین؟ ئەو بۆشاییانەی ناو نووسین لەکوێدان؟ ئەی ڕووی دووەمی تێکست چییە؟

سارتەر پەیوەندی نێوان خوێنەر و نووسەر بە کەلێنێک ناو دەبات ، ئەوە بۆشاییەک لە نێوان نووسەر و خوێنەر، بەواتای پەیوەندییەک درزێکی هەیە، هەمیشە پێویستی بە ئیشکردنەوەیە، ئەو تێگەیشتنە سارتەریە لەوێ تەواو دەبێت، خوێنەر لەڕێگەی ماناوە بۆشاییەکە پڕ دەکاتەوە.

بۆشاییەکانی نووسین کارێکە پێویستی بە گەڕانە بەدوای منی خوێنەر و ئەوی نووسەردا، ئەوەی دەکەوێتە نێوان ئێمەوە ئەوە بۆشاییەکانی نووسینە، ئەو بۆشاییانە لەڕێگەی سەرلەنوێ نووسینەوە دەکەوینە ناو خوڵقاندنەوەی مانا.

بۆشاییەکانی نووسین ھەوڵێکە بۆ تێگەیشتن لە ساتەوەختی کردەی خوێندنەوە تاوەکو مانا بە تێکست ببەخشینەوە، بەخشینێک وابەستەی خوێندنەوەی بۆشاییەکانە لەڕێگەی نووسینەوە.

ئەوە خوێندنەوەی ڕەخنەیی نییە، ھێندەی ئامادەبوونی منی خوێنەرە لەبەردەم کردەی خوێندنەوەدا، منی خوێنەر چۆن ھەوڵی نووسینەوەی ئەو بۆشاییانە دەدەم کە دەکەونە نێوان من و تێکست، ئاخۆ ئەو نووسینەوەیە ڕزگارکردنی منە لەناو پەیوەندیی نووسەر بە تێکست؟ یاخود ئازادبوونی منە لەناو تێکستدا؟

خوێنەر لەناو تێکستدا وەک نووسەر دەردەکەوێتەوە، پڕۆسەی خوێندنەوە بەرهەمهێنانەوەی مانایە، ئەوەش وادەکات خوێنەر ڕووی دووەمی تێکست ببینێ، ڕووی دووەمی تێکست بەرەنجامی یادەوەری زمانەوانی تێکستە. 

فەیلەسووفێکی وەکو جولیا کریستیڤا لە کتێبی "زانستی تێکست" ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە تێکست ببێتە ناوەندی زانینێک توانای ڕووبەرێکی زمانەوانی هەبێت بۆ ناسینی کۆمەڵگا لە تەواوی ئاستە کۆمەڵناسییەکان و دۆخی دەروونی مرۆڤەکانی ناو تێکست.

ئەو ڕوانینە کریستیڤیە بەتەنیا لەلای دۆستۆیڤسکی دەبینین، هەر بۆیە شتێکی سەیر نیە، خۆشی بۆ ئەو بگەڕێتەوە، چونکە هەردوو ڕۆمانی "تاوان و سزا" و "برایانی کارامازۆف" دوو تێکستن لە ئاستی کۆمەڵناسی و دەروونشیکاری و گومانی فەلسەفی مرۆڤ، ئەوەیان دەشێت لە داهاتوودا ڕووبەری نووسینی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێت. 

هەڵبەت ئەو تێگەیشتنە بۆ تێکست وێنەیەک نییە ڕۆماننووسەکانی تر بتوانن لەو ئاگاییەوە ڕۆمان بنووسن، ئەوە وەک گریمانەیەکی تایبەتی دۆستۆیڤسکی دەیبینین، بەڵام بەو مانایەش نییە کە نەتوانرێت تێکست بێتە ناویەوە، بەڵام کاتێک ئەو ئاگاییە لەلای میلان کۆندێرا دەبینینەوە، دەکرێت ناوی بەرین بە "ڕووی دووەمی دۆستۆیڤسکی". 

‫کۆندێرا لە ڕۆمانی «ئاھەنگی ماڵئاوایی» كە ڕەووف بێگەرد کردوویەتی بە کوردی،  جگە لە خوڵقاندنی ڕووبەرێکی فراوانی زمان بۆ ئازادیی ئینسان، ھەوڵی خوڵقاندنی چەمکی جیاوازی پەیوەندی و تێگەیشتنەکانی دەدات، وێنەی ڕاستەقینەی مرۆڤی ھاوچەرخ لەنێوان مەعریفە و ویست بەرجەستە دەکات، چیتر وێنەکان خاوەنی دیدێکی ئەخلاقی نین، بەڵکو ویستی نیتچەیی مەعریفەش زەوت دەکات، وێنەیەکی فرەیی مرۆڤەکان بۆ تاکە کەسێک بەرجەستە دەکەن، ئەو فرەییە خوڵقاندنی مانای جیاوازی مرۆڤە بۆ دۆخی دەروونی و شوناسە ئەخلاقیەکەی، ئەوەش لە کارەکتەری رۆزینادا دەردەکەوێت، ئەو کچەی یاکوب لەدوایەتی تا حەبە ژەھرەکەی لێ وەربگرێتەوە نەبادا لەگەڵ ئەوانیتر بیخوات و بمرێت، لێرەدا یاکوب نموونەی کارەکتەرێکی مرۆڤدۆستە، لەھەمان کاتدا گوناھێک دەکات نەک لەبەر ئەوەی ئارەزووی دەکات، بەڵکو بۆ تێکنەشکاندنی ناخی کەسێکی تر، بۆیە کاتێک ئۆلگا ناچاری دەکات سێکسی لەگەڵ بکات، لەکاتێکدا ئەو خۆی ئەو کچەی پەروەردە کردووە، وەک ھەستی باوکێکی ڕۆحی گۆشی کردووە، لێرەدا ئۆلگا وێنەیەکی تری لۆلیتا بەرجەستە دەکات بۆ تێکشکاندنی وێنەی باوک، فرانتا گەنجێکی ترە و بەڕاستی عاشقیەتی، عەشق بەرەو شەڕکردن و سەرەڕۆیی دەبات تا لەوانیتر بیپارێزێت، کلیما مۆسیقارێکی گەڕیدەی ژنە لەلایەک خۆشەویستی بۆ ھاوسەرەکەی کە ناتوانێت دەستبەرداری بێت، کەچی شەوێک سێکسی لەگەڵ رۆزینا کردووە و سکی پڕکردووە، دواتر دەیەوێت فریوی بدات کە گەر منداڵەکەی لەباربەرێت ئەوە دەیکات بە ژنی خۆی.‬‬‬‬

لەنێوان فرە تێگەیشتنی پیاوەکان بۆ رۆزینا، کەچی ڕۆزینا لەئەنجامی خەوتن لەگەڵ بارتلیف تێدەگات، دنیا پەناو یەک پیاو کۆنەبووەتەوە، ئەوەتا لە سێکسکردنی لەگەڵ بارتلیف دەزانێت سەرباری جیاوازیی تەمەن، کەچی گەیشتووە بە چێژ و شادیەکی ڕۆحی و جەستەیی، ئەوەش وایکردووە کۆندێرا مۆتیڤێکی فرەیی بۆ تێگەیشتنی مرۆییانە لەسەر پەیوەندی و چۆنیەتی ڕوانین بۆ ژیان بخاتەڕوو. 

کاتێک پێشبینییەکان دەڕەونەوە، دواتر لە شوێنێکی تر سەرھەڵدەدەنەوە، کە دەبنە مەرگی رۆزینا، لێرەوە نووسەر وەزیفەی ڕۆماننووس بەتەنیا لەناوکۆیی تێکستدا ناھێڵێتەوە، بەڵکو دەیھێنێتە قسەکردن، لێرەدا ئەو ڕووەی دۆستۆیڤسکی بەڕوونی لەلای کۆندێرا دەبینینەوە، ھەڵبەت کۆندێرا لە ڕوانینە تیۆرییەکانی بۆ ڕۆمان ئەو باسەی کردووەتەوە کە چۆن ئەو ڕووبەرە کراوە بە تێکستی ڕۆمان ببەخشێت، لەو ڕۆمانەشدا تێکست وەک ڕووبەری ئاخاوتنی مرۆڤ لەژیان دەبینین کە چۆن ئاگایی مەعریفی کارەکتەر وەک زھنیەتی خۆی ڕووداوەکانی ژیانی پێ دەخوێنێتەوە. 

لێرەوە تێدەگەین کەوا میلان کۆندێرا دەیەوێت وەک ڕوویەکی ئەخلاقی کارەکتەر دیوی دووەمی دۆستۆیڤسکی بنووسێتەوە، تەنانەت کارەکتەری ئۆلگا کە ناوێکی ڕووسیە وەک دەنگی ناو تێکستی دۆستۆیڤسکی و کولتوورەکەی ھاتووە کە ئەوەیان لای میخائیل باختین بە ئیدیۆلۆژی ناوبراوە. 
مرۆڤی ھاوچەرخ لەڕووی سایکۆلۆژیەوە مرۆڤێک نییە خاڵی لەو وێنە ئەخلاقیەی دۆستۆیڤسکی وێنای کردووە، سەرەنجام کلیما چەندە ھونەرمەندێکی بەتوانا و ناسراو بێت، ھەروەک ڕاسکۆلنیکۆف ڕەوایەتی بە کوشتن دەدات، بۆیە دڵخۆشە بە مەرگی ڕۆزینا و تەنانەت بەو تۆمەتە ئەخلاقیانەی کە دکتۆر سکریتا درووستی کردووە، لێرەدا دەردەکەوێت دامەزراوە فەرھەنگی و ئەخلاقیەکان بەپێی ویستی خۆیان دەسەڵات بەرھەم دێننەوە، کلیما و سکریتا دوو نموونەی زیندووی ئەو دەسەڵاتەن. 

ئەوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە پیاوێک نییە بێگوناھ بێت، گوناھبار نەبێت، ھەموویان کە دەمامکی عاشقبوون و مرۆڤی مۆدێرنیان لە ڕوخسارە، لەبنەڕەتدا ڕووی شاراوەیان وێنەی گوناھباربوونیانە، وێنەی دووەم کە وێنە ڕاستەقینەکەیە، وێنەیەکی شاردراوەیە لە ژنەکان. ژنەکان عاشقی وێنەی یەکەم بوونە کە وێنە ساختەکەیە. کۆندێرا ڕۆمان وەک تێکستێک دەخاتە ڕوو، کە تەنیا تێکستێکی ئەدەبی نەبێت، بەڵکو توێژینەوەیەکی کۆمەڵناسیانە بێت لەڕووی پەیوەندی کولتووریی مرۆڤەکان بە کۆمەڵگاوە.‬‬

لێرەدا پێویستە ئەوە فەرامۆش نەکەین کە کارەکتەری ئۆلگا لەو ڕۆمانەدا بەتەنیا ناوێکی ڕووسی نییە بەقەد ئەوەی گەڕانەوەیە بۆ ئەو پڕۆژە کریستیڤییە کە تێکست ڕووبەرێکی زانستیە بۆ ناو پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان، لەهەمان کاتدا یادەوەری ئێمە بەشدارییەکە پتەو دەکات لەناو تێکستدا، ئەویش بەگەڕانەوەی دۆستۆیڤسکی لەڕێگەی ئۆلگا و ئەو گۆڕانکارییەی لەناو تێکستدا خولقاندوویەتی، دۆستۆیڤسکی دەبێتەوە بە بەشێک لەناو زانستی تێکست.   


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە