یەكێك لە كێشە سەرەكییەكانی دونیای ئەمڕۆ، كە بووەتە بابەتی دونیای فیكری و ئەدەبی و سینەمایی و بەچاوی نیگەرانییەوە سەیری دەكەن، بابەتی مەرگی ژیانی تایبەتی و بەزاندنی سنووری تایبەتییە. گەر لە روانگەیەكی دەروونناسانە و فەلسەفییەوە سەیری ژیانی تایبەتی بكەین، دەكرێت بڵێین ژیانی تایبەتی هەر كەسێك ئەو بەشە لە بوونیەتی كە ئەگەر نەپارێزرێت و دەستدرێژیی بكرێتە سەر، تووشی مردنی دووەمی دەكات. مردنێكی سیمبۆلی كە قووڵترە لە مردنی جەستە.
ژیانی تایبەتی ئەو بەشە گرنگەی بوونی مرۆڤە كە هەوڵدان بۆ پاراستنی دەكرێت بنەڕەتیترین خاڵی جیاوازیی مرۆڤ بێت لەگەڵ گیانداراندا، تا ئەو شوێنەی بەبڕوای من گرینگترە لە زمان و ئەندێشە كە بە جیاكەرەوەیەكی بنەڕەتیی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵ دادەنرێن. تێپەڕاندن و نابووتكردنی ژیانی تایبەتی كەسێك بە واتای لێسەندنەوەی ژیان و مانی راستەقینەی ئەو كەسەیە.
كەسانێك كە بێ پرس دەست بۆ ئەو حەریمە خسوسی و فەزا تایبەتییە دەبەن، گەر دەسەڵاتدار بن یان كەسی ئاسایی، لە پلەی دڕندەدان، خۆخزاندنە ناو ئەو حەریمەوە، وەك پێشێلكردنی مافی ئەو كەسانە وایە بۆ سەربەخۆیی، زەوتكردنی ژیان و ئازادییان. بۆیە لە زۆربەی سیستەمە تۆتالیتارەكاندا یەكێك لە ئیشە سەرەكییەكانی خودی ئەو سیستەمە لە پلەی یەكەمدا دەستبردن و كۆنترۆڵكردنی ژیانی تایبەتی ئەندامانی كۆمەڵگایە. بەم شێوەیەش كەسێتی و بوونی راستەقینەیان لێ دەستێنێتەوە تا ئەو شوێنەی كە چیدی كەسەكان و مرۆڤەكان نەتوانن بەرەنگاری هیچ جۆرە دەستێوەردانێكی سیستەمی باڵادەست ببنەوە.
ترس و نیگەرانی لە ئاست ئەم جۆرە دەستێوەردان و بەزاندنەی ژیانی كەسێتی لە نموونەی دەقە ئەدەبییە بەرزەكانی وەك رۆمانی (ئێمە)ی یەڤگینی زامیاتینەوە دەستپێدەكات. ئەو كاتەی زامیاتین لە ساڵی 1921 رۆمانی (ئێمە) دەنووسێ، سیستمی مۆدێرن لە چاودێریكردن و پەلاماردانی ژیانی تایبەتیی مرۆڤەكاندا مێژوویەكی درێژی هەبووە. مرۆڤەكانی ناو ئەم رۆمانە هیچ ناو و كەسێتییەكی تایبەتییان نییە، هەموویان لە رێگەی ژمارەوە ناویان لێنراوە.
وڵاتی رۆمانی زامیاتین كۆمەڵگایەكی تۆتالیتارە كە تێیدا هەموو مرۆڤەكان لەژێر چاودێریی بەردەوامدان، لە وڵاتێكی شووشەییدا كە هیچ جۆرە سنوورێكی تایبەتی تێیدا مانای نییە، هیچ ماڵێك بوونی نییە، لەبەرئەوەی دەترسن لە ماڵەكاندا بیركردنەوەی مەترسیدار پەیدا ببێت. دیوارەكانی ناو كۆمەڵگە هەموو شووشەیین و هیچ سنوورێك لە نێوان ماڵەكان و ژوورەكان و دەرەوەدا نییە، ئەوەی گرنگە و بوونی هەیە باوەڕی تەواوە بە سەرۆكی شار كە بە پیاوچاك ناودەبرێت. لە دوای ئەم رۆمانە نموونەیەكی بەرزی ئەدەبی رۆمان، رۆمانی «1984» ی جۆرج ئۆروڵە كە تێیدا بە وردی و بەهەمان شێوەی رۆمانی یەكەم باس لە دەسەڵاتی تۆتالیتار دەكات.
زۆر لە رەخنەگران لەو باوەڕەدان كە جۆرج ئۆرول رۆمانەكەی خۆی لە زامیاتینەوە هێنابێت، چونكە لێكچوونێكی سەرسوڕهێن لە نێوان هەردوو رۆمانەكەدا هەیە و هەردووكیان باس لە مەترسیی دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی و حەریمی خسوسیی مرۆڤ دەكەن و قسە لەسەر سیستمێكە كە لە رێگەی چاودێری و كۆنترۆڵكردنی هەموو سووچ و كەلەبەرێكی ژیانی مرۆڤەكانەوە دەسەڵاتی خۆی دەپارێزێت. دەسەڵاتە تۆتالیتارەكان لە رێگەی چاودێریكردنی ئەندامانی كۆمەڵگەوە هەر بە تەنیا نایانەوێت ئەندامانی كۆمەڵگە كردارێكی دژی ئەوان نەكەن، بەڵكو لەڕێگەی بەزاندن و كۆنترۆڵی ژیانی تایبەتییانەوە بە شێوەیەك كەسێتییان ورد و خاپوور دەكەن كە چیتر توانا و هێزی بیركردنەوەی جیاواز و فەنتازییان بۆ هیچ شتێك نامێنێت لە دەرەوەی ئەو دۆخەی تێیدا دەژین، پەلاماردانی ژیانی تایبەتی مرۆڤەكان بە نیازی دەستبەسەرداگرتن و كۆیلەكردن و ترساندنیانە، بەردەوامیش كەسێتی نەخۆشی لەپشتەوەیە. زۆر نووسەری دیكەی وەك ئاڵدۆس هاكسلی و رای برات بێری و چەندانی دیكە باسیان لە نەمانی ژیانی تایبەتی لە سایەی سیستەمە سەركوتكارەكاندا كردووە.
لەلایەكی دیكەوە دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتی تەنیا لە رێگەی دەسەڵاتێكی سەركوتكار و تۆتالیتارەوە نییە، بەڵكو لەنێوان مرۆڤەكاندا ئەم جۆرە دەستدرێژی و بەزاندنی ژیانی تایبەتییە روودەدات. ئەو مرۆڤانەی سنووری ژیانی تایبەتی ئەوانی دیكە دەبەزێنن، ژیانیان بە هەموو مانایەك كورت كردووەتەوە بۆ نهێنیگەلێكی پیس لە پشتی دەرگاگەلێكی داخراوەوە كە دەیانەوێت بەهەموو شێوەیەك ئەو نهێنییە كەشف بكەن، زۆرجار ئەو پەلامارە بۆ تێركردنی فزولێكی نەخۆشە، زۆرجاریش بۆ كۆنترۆڵكردن و ترساندنە. ئەم جۆرە كەسانە لە ناخی خۆیاندا جەلاد و سادیستێكیان شاردووەتەوە كە دەبێت زۆر لێیان بترسین، چونكە ئەوەی فەزای تایبەتی مرۆڤەكان تێكبشكێنێ خۆی لە ناخی خۆیدا بوونەوەرێكی تێكشكاوە و هەموو جۆرە مەترسییەكی لێ دەكرێت. لەم پرۆسەیەشدا، واتە لە دەستبردن بۆ ژیانی تایبەتیدا، ئەوی دی تەنیا ئەوی دی نییە كە ورد و بریندار دەبێت و بەشێوەیەكی رەمزی دەمرێت، بەڵكو خودی دەستدرێژیكاریش لەڕووی دەروونییەوە كاتێك چاودێریی ژیانی تایبەتی ئەوانی دی دەكات، زۆرجار تووشی حاڵەتێكی ئازاری ویژدان و شكستی رۆحی دەبێت كە بگرە تا هەمیشە ئەو ئازارە لە كۆڵی نابێتەوە.
لە فیلمی ئەڵمانی (ژیانی ئەوانی دیكە) دا، قسە لە جۆرە چاودێرێكە كە ئەو ئازاری ویژدانە دەیكات بە كەسێكی دی. فیلمەكە باس لە كارمەندێكی سیخوڕی ئەڵمانیای رۆژهەڵات دەكات كە ژیانی شانۆنووسێك دەخاتە ژێر چاودێری بۆ ئەوەی شتێك بدۆزێتەوە، تا لە رێگایەوە بتوانن چالاكییەكانی بوەستێنن، بەڵام دواتر سیخوڕەكە لە رێگای چاودێریی بەردەوامی ژیانی نووسەرەكەوە پووچیی ژیانی خۆی بۆ دەردەكەوێت و پەشیمان دەبێتەوە و تووشی ئازاری ویژدان دەبێت. بۆ رزگاربوونی لەو ئازارە، ژیانی شانۆنووسەكە رزگار دەكات.
هەروەها لە فیلمی (سوور)ی كشلۆفسكیدا كارەكتەرێكی پیر هەیە كە لە ماڵەكەی خۆیدا، لەڕێگەی ئامێری گوێگرتنەوە گوێ لە تەلەفۆن و پەیوەندییەكانی خەڵك دەگرێت، دواجار كە بە رێكەوت لە رێگەی كچێكەوە بە ئیشەكەی دەزانرێت، بەشێوەیەك تووشی ئازاری ویژدان دەبێت، داوا لە كچەكە دەكات شكاتی لێبكات و بیداتە دەستی یاسا.
ئەم ئازاری ویژدان و شكستی دەروون و رۆحە دەكرێت لە دەرەوەی ئەم بەرهەمە نمایشیانەوە خوێندنەوەی زۆری بۆ بكرێت، بەڵام ئەوەی شایەنی باسە ئەوەیە كە گەشەی تەكنۆلۆژیا لەدەستی دەسەڵاتە نەخۆش و مرۆڤە نەخۆشەكاندا، بوارێكی گەورەی كردووەتەوە بۆئەوەی ئەم جۆرە عەقڵە نەخۆشانە زیاتر دزە بكەنە ناو ژیانی خەڵكەوە.
ئەمڕۆ دەستدرێژیكردنە سەر حەریمی خسوسی یەكێك لە باسە هەرە گەرمەكانی دنیایە. پاراستنی ئەم فەزایە لە دەست دەسەڵاتداران و لە بەرامبەر دەروونە نەخۆشەكاندا تا دێت قورستر دەبێت، بۆیە خەبات بۆ پاراستنی ئەو خسوسییەتە بەشێكی گرنگی خەباتە بۆ ئازادی لە جیهانی ئەمڕۆدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ