رووداو - سلێمانی
ئازاد بەرزنجی، وەرگێڕی کورد، نۆڤڵێتی "خاک و خۆڵەمێش" و کتێبی "چاکە و خراپە"، بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕێت و بەم نزیکانە بڵاودەکرێنەوە.
ئازاد بەرزنجی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نۆڤڵێتی "خاک و خۆڵەمێش"ـی عەتیق رەحیمی لە زمانی ئینگلیزییە و کتێبی "چاکە و خراپە"ـی کریشنا مورتی لە زمانی فارسییەوە بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاون و بەم نزیکانە بڵاودەکرێنەوە.
گوتیشی، دوو کتێبەکە لەگەڵ کۆمەڵێک کتێبی دیکەی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی سەردەم بڵاودەکرێنەوە.
ئازاد بەرزنجی، لەدایک بووی شاری سلێمانییە و خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی و بڕوانامەی دیپلۆمی لە شانۆ هەیە. بە زمانەکانی ئینگلیزی، فارسی، عەرەبی و کوردی دەئاخڤێت، دەنووسێت و وەردەگێڕێت.
لە ھەشتاکانەوە تا ئێستا لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار بابەتی بڵاوکردووەتەوە، خاوەنی زیاتر لە ٥٠ کتێبە لە بوارەکانی: فەلسەفە، هزر، رۆمان، باس و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و رەخنەیی، کە بەشێکی زۆریان وەرگێڕانن.
بەرزنجی لە چەندین گۆڤاری ئەدەبی و رۆشنبیریدا بەڕێوەبەری نووسین یا ئەندامی دەستەی نووسین بووە، ھەر لە سەرەتاوە لە دامەزرێنەرانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بووە لە سلێمانی و ئەندامی ئەنجومەنی ئەو دەزگایە و سەرپەرشتیاری گشتیی زنجیرەی کتێبەکانی سەردەم بووە، لە دوای کۆچی دوایی شاعیری کورد شێرکۆ بێکەس بە سەرۆکی دەزگای سەردەم ھەڵبژێردراوە و ئێستا سەرۆکی ئەو دەزگاییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ