سروشت لە شیعری گۆراندا

18-12-2018
هەرێم عوسمان
نیشانەکردن گۆران سروشت هەرێم عوسمان
A+ A-

ئەمە ناونیشانی نامەیەکی ماستەرە کە ساڵی 1990 (فازڵ مەجید مەحموود)، بە سەرپەرشتی (د.عیزەدین مستەفا رەسوڵ) پێشکەشی کۆلێجی ئادابی زانکۆی سەلاحەدینی کردووە و لە سێ بەش پێکهاتووە:

بەشی یەکەم، ئاوڕ لە چەمکی سروشت و پەیوەندی بە ئەدەب و ئەدەبی کوردی و شاعیرانی کوردەوە دەداتەوە و باسی رێبازی رۆمانتیک و

 
ڕەنگدانەوەی لە ئەدەبی کوردی و پەیوەندیی ئەم ڕێبازە بە سروشتەوە دەکات، لە کۆتاییشدا پێشەوایەتی گۆران لە نوێکردنەوەی شیعری کوردی و مەبەستە شیعرییەکانی خستووەتەڕوو. 

توێژەر لە پێناسەی سروشتدا دەڵێ، هەموو شتەکانی دەوروپشتمان جگە لە مرۆڤ دەگرێتەوە، دەیکاتە دوو بەش (بێگیان، زیندوو)، لێرەشەوە پێیوایە مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە لە سروشت راماوە و هەوڵی لێکدانەوەی داوە، شاعیرانیش هەریەکە بەشێوازی خۆی لە سروشت دواوە و کردوویەتی بە کەرەسەی شیعری، لەبەرئەوە لای بابە تاهیری هەمەدانی سروشت ئاوێزانی سۆفیگەری دەبێت و لای مەلای جزیریش کەرەسەیەکی فراوانی دروستکردنی وێنەی شیعری و بیری فەلسەفی و سۆفیگەرییە. توێژەر دواتر باسی سروشت لە شیعرەکانی بێسارانی و مەولەویدا دەکات و پێیوایە (مەولەوی و پیرەمێرد و گۆران) سێکوچکەیەکن بۆ وێنەگرتنی سروشتی واقیعی کوردستان. پاشان باسی رێبازی رۆمانتیک دەکات کە بزووتنەوەیەکی یاخی و ناڕەزا بوون و لە سەدەی هەژدە لە ئینگلتەراوە بۆ سەرانسەری دنیا بڵاوبووەوە و ئازار و ئاواتەکانی مرۆڤی سەردەمی سەرمایەداری وێنا دەکرد. هاوکات رۆمانسیەکان ئازادانە و بە زمانێکی سادە شیعریان داڕشت و یاخی بوون لە قاڵبی ئامادەکراوی کلاسیک، هەندێکیان گەڕانەوە بۆ سروشت و بە زمانی ناوچەیی دەیاننووسی. لە ئەدەبی کوردیشدا لەسەرەتای سەدەی بیست رۆمانتیک لەگەڵ هەرەسهێنانی دەرەبەگایەتی و گەشەکردنی چینی بۆرژوا و جەنگەکانی جیهانی زیاتر گەشەی کرد، ئەمەش زیاتر بە کاریگەری ئەدەبی ئەوروپی و تورکی ڕوویدا، هەرچەند رەنگ و نەخشی رۆمانتیکی کوردی لەژێر کاریگەری کۆمەڵگای کوردیدا بوو، گوزارشتی لە هیوا و ئاواتی میللەت دەکرد، بەڵام هاوشێوەی ئەدەبی رۆمانتیکی تویژەر دوو لایەنی سەرەکی رۆمانتیکی (شۆڕشگێڕی و کۆنەپەرستی) جیادەکاتەوە. لە شۆڕشگێڕیدا گەشبینی، ئومێد و خەبات هەن (بۆ نموونە شیعری " سەوزەگیای پایز"ی گۆران)، لە کۆنەپەرستیشدا گۆشەگیری، وەڕسی، شین و گریان و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو (بۆ نموونە "خۆزگەم بە پار"ی گۆران). توێژەر پێیوایە گۆران وەک شاعیرێکی هەڵکەوتە توانیویەتی ڕووداوەکان بجوڵێنێت، نەک رووداوەکان ئەو بجوڵێنن.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا باسی سروشت و مەبەستە شیعرییەکانی گۆران دەکات و دەڵێ: "گرنگترین لایەنەکانی شیعری گۆران سروشتە" لەبەرئەوە سروشتی جوانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەبووە. هاوکات کاریگەر بووە بە کەلەپوورە بە بڕشتەکەی شیعری کوردی و فۆلکلۆرو قسەی سەرزاری خەڵکی و کوردییەکی پەتی و بێگەرد، بۆیە سەدان وشەی لە فەوتان رزگار کردووە و سەدان وشەشی هێناوەتە ناو فەرهەنگی زمانی کوردییەوە. خاڵێکی دیکەی بەهێزی شیعری گۆران ئاگاداربوونی بووە لە ئەدەبیاتە جیاوازەکان، چونکە پێنج زمانی زانیوە، هاوکات ئەزموونی شیعری لە زۆر شێوە و رێبازی جیاوازدا هەیە (کلاسیک، رۆمانتیک، ریالیزم..)

بەشی دووەم، ئەم بەشە بە تەواوی تەرخانە بۆ ناونیشانی نامەکە، سروشت لە شیعرەکانی گۆران- دا لە تەواوی ئاست و دەرکەوتە جیاوازەکانیدا باسکراوە. توێژەر شیعر و دێڕژمێری سەرجەم شیعرەکانی گۆرانی کردووە کە (5206) دێڕەو (846 دێڕ کە دەکاتە 16%)ی شیعرەکانی راستەوخۆ باسی سروشتە، لەبەرئەوە سروشت پێگەیەکی بەرزی لای گۆران هەبووە. هاوکات دەستنیشانی یەکەم و دوا شیعری سروشتی شاعیری کردووە، یەکەمیان (ئەی شەوقی گەلاوێژ)ەو دوا شیعریشی (بێدارییەک) کە چەند مانگێک پێش مردنی لە 6/6/1966 نووسراوە:

ژوورم تەنیا و دنیای بەر پەنجەرەی ژوور 
بە چواردەوری باخچەی کۆشکا هەتا دوور
دارستانی سەروە و سنەوبەری بەرز
شەو ڕووناکە و چاوم یاخی لە وەنەوز


گۆران لە سەرەتای نووسینیەوە تا چەند مانگێک پێش مردنی لە شیعرنووسین بەسەر سروشتدا بەردەوام بووە. هاوکات بەپێی قۆناغەکانی نووسینی مامەڵەی لەگەڵ سروشت و دەوروبەر گۆڕاوە، بۆ نموونە لە رۆمانسیەتدا زیاتر بەهۆی هەستەکان و روانینی هونەرییانەوە مامەڵەی لەگەڵ سروشت و ئافرەت کردووە، شەوانی شەو چاودێرییەکی وردی سروشت و گۆڕانەکانی کردووە و عاشقی جوانی بووە: 

ئەستێرەیەکی گەشی پڕ لە تەبەسوم
دەرکەوت ‌و گەیشت لێوە بە دڵ زەوقی تەماشا
بەحری هەوەس و شەوقم وەها کەوتە تەلاگوم
بۆ سەیری جەمالکردنی دنیای بەیانی
هێشتا شەو زۆری مابوو کە من کەوتمە سەحرا
وەک شێت.. بەڵام شێتی شیعر شێتی جوانی


 گۆران وەک شاعیرێکی داهێنەر لە وێنەسازی شیعریدا لاسایی شاعیرانی بەر لە خۆی نەکردووەتەوە و بە چاوی خۆی و پێوەری جوانبینی خۆی ڕوانیویەتی بۆ سروشت و لە چێژی گشتیش لایداوە:

ئەمەیە دیمەنی پاش وەشتی نیسان 
پێشێلی ستەمە گشت شتێکی جوان
تا هەوری رووی ئاسمان دڕ ئەداو هەتاو
ئارامی شیرین تر ئەخاتەوە ناو...

 دواتر توێژەر بەتایبەت باسی گەشتی هەورامان دەکات کە لە 122 د‌ێڕ پێکهاتووە و دوو رۆژ و یەک شەوی خایاندووە، گۆران لەسەرەتادا بەشێوەیەکی ریالیستانە وێنەی سروشت دەکێشێ ‌و دواتر ئایدیۆلۆجیای گۆران دێتە ناوەوە کە جیاوازی چینایەتی لە ماڵی ئاغا و خەڵک‌ و خانەقا و مزگەوت دەردەخات. گۆران جوانبین و وردبین بووە، سەرنجی شتگەلێکی داوە کە ون و نابەرچاوە و ساکارە (تەڵی وەنەوشە، ئەستێرەی بەربەیان، دەنگی کپ ‌و هێمن، بەرگی ساکار نەک هی بووک..) یان وردیی شاعیر لەم گەشتەدا کە هەورامان شاخ دەوری گرتووە و هەتاو درەنگ دێتە ناو دێ، دەنووسێ:

لەسەر جۆگەی ئاش قاز و مراوی
چاوەڕێی رۆژن هەڵبێنێ چاوی
بەڵام تا خولقی نەکا چێشتەنگاو
ناگاتە ناو دێ پرشنگی هەتاو


هاوکات گۆران ئافرەت و یاری وەک بنەمای جوانیی سروشت بینیوە، ئەوەی جوانیی سروشت رۆشن دەکاتەوە بزەی ئازیزە:

بەڵام تەبیعەت هەرگیزاو هەرگیز 
بێ ڕووناکیە بێ بزەی ئازیز


ئافرەت لای گۆران بەهایەکی ئیستاتیکیی بەرزی هەیە و زۆرکات وێنەی هەستەکانی تێکەڵی سروشت دەکرێت، واتە سروشت و ئافرەت ئاوێزان دەبن، بەڵام ئافرەت پلەی یەکەم وەردەگرێت.

دواتر توێژەر باسی قۆناغێکی تری شیعری گۆران دەکات کە جوانیی سروشت و ئافرەت دەبنە رووکەش، ئازایەتی، شۆڕشگێڕی و کردەی چاک و جوانیی گیان و نیشتمانپەروەری دەبنە بنەمای جوانی؛ جوانیی سروشتی کوردستان دێتە ناوەوە. هاوکات لە گەشتی قەرەداغ کە درێژترین شیعری گۆرانە و لە 358 دێڕ پێکهاتووە، بەشێوەیەکی ریالیستانە وەسفی سروشت و دیاردەکان دەکات. هاوکات چەندین شیعری بۆ نەورۆز نووسیوە و شیعرە سیاسییەکانی لایەنێکی فراوانی ڕووبەڕووبوونەوەی بووە لە دژی زوڵم و زۆری ئیمپریالیزم، پشتگیری خەباتی گەلانی جیهانی کردووە و مرۆڤی گشت جیهانی لە دژی ستەم و چەک هانداوە، چونکە لە ئاشتیدا سروشت ئاوەدان و جوانتر دەبێت.

بەشی سێیەم، لەم بەشەدا بەپێچەوانەی بەشی دووەم، زیاتر ئاوڕ لە رووخساری شیعرەکانی شاعیر دراوەتەوە و پێیوایە کە لە شیعرە سروشتییەکانیدا زیاتر کوردی پەتی بەکارهێناوە، هەرچەند هەرسێ قۆناغی کلاسیک و زمانی تورکی عوسمانلی و کوردی پەتی هەن، بەڵام کوردی زیاتر لە هەموویان لە شیعرە سروشتییەکاندا دەبینرێت، چونکە هەستی نیشتمانپەروەری و خەبات و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵ بووە ئەرکێک لای شاعیر. توێژەر لەم بەشەدا ئاوڕ لە زمانی گشتی لەناو شیعری گۆران دەداتەوە و دواتر  باسی کێش و سەروای کردووە کە چۆن ناوەڕۆکێکی تازە و ئازادییەکی زیاتری لە شیعرەکاندا نیشانداوە و قاڵبە شیعرییەکانی بەپێی بوارەکان تێهەڵکێش کردووە و توانیویەتی چەند مەبەستی جیاواز لەناو قاڵبێکدا جێ بکاتەوە یان تێهەڵکێشی چەند قاڵبی جیاوازی کردووە. دواتریش باسی چەند جۆر وێنەی شیعری دەکات. هەر لەم بەشەدا باسی رەنگ‌ و دەلالەتەکانی لە شیعری گۆراندا دەکات. سەرەتا رەنگی رەش بە خەستی دەبینرێت کە دەلالەتی لە بێزاری و تاریکیە، دواتر ڕەشیی چاوی ئافرەت ئاڵ و جوان دەبێت، هاوکات رەنگی (سەوز و زەرد) بە فراوانی بەکارهاتوون، دواتریش ڕەنگەکانی کاڵ، ئاڵ و گەش.. کە ئەمەش وای کردووە مامەڵەی شاعیر لەگەڵ رەنگ مۆرکی تایبەتی خۆی هەبێت.

لە کۆتایی ئەم بەشەدا توێژەر ئاوڕ لەو کەرەسە سروشتییانە دەداتەوە کە گۆران بەکاری هێناون. پێیوایە ئەوەی هاوهەستیی لەگەڵ شاعیردا نەبووبێ و جوان و ناسک نەبووبێت کەمتر بووەتە کەرەسەی شیعری.

توێژەر بە 22 خاڵ ئەنجامی توێژینەوەکەی خستووەتەڕوو کە جوانیی سروشت بە هەموو جۆرەکانییەوە بە کاریگەری جوانیی کوردستان ئاودراوە، هاوکات رواڵەت و ناوەڕۆکی جوانی دیاردەکان سەرنجی بردووە و بەپێی قۆناغەکانی بیرکردنەوە و هۆشیاریی شاعیر دیدی بۆ جوانی گۆڕاوە، بەڵام جوانیی سروشت لە هەموو قۆناغەکاندا لە ریزی پێشەوە بووە و هێمنیی شاعیر وای کردووە کە حەزی بە ئاژاوە نەبێت، ئەمەش لە هەڵبژاردنی کەرەسە شیعرییەکانیدا رەنگیداوەتەوە . لەبەرئەوە لەڕووی کێش و سەرواشەوە دۆخی دەروونیی جیاوازی هاوتا کردووە بە فرەکێشی و داهێنانی کێشی نوێ بۆ دەربڕینی سۆز و ئەندێشەی شیعری. هاوکات لە باسی سروشتدا، سروشتی لەپێناو سروشت پەسن نەکردووە، بەڵکو زۆرکات بۆ مەبەستی جیاوازی سیاسی، نیشتمانی، کۆمەڵایەتی و دۆخی مرۆڤ بە گشتی ئاوڕی لێداوەتەوە، بۆیە گۆران شاعیرێکی گەورەی سروشتی کوردستانە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە