(ناوی گوڵ) یەكەم ڕۆمانی نووسەری ئیتاڵی ئەمبێرتۆ ئێكۆیە كە لەساڵی 1980 بڵاوكراوەتەوە. ئەگەرچی ئێكۆ زۆر درەنگ دەستی بۆ نووسینی ڕۆمان بردووە و لە تەمەنی سەرەوەی پەنجا ساڵیدا دەستی پێكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێستا یەكێك لە بەناوبانگترین ڕۆماننووسەكانی دونیایە. ئێكۆ جیا لە ڕۆمان، فەیلەسووفێكی بواری نیشانەناسی و پسپۆڕێكی شارەزای سەدەكانی ناوەڕاست بوو. ئەم نووسەرە لە ڕۆماندا شێوازێكی تایبەتی هەبوو، چەند ژانریبوونی ڕۆمانەكانی و هەروەها بەكارهێنانی تەنز و نوكتە و دۆكیومێنت بەشێك بوون لە شێوازی گێڕانەوەی. نووسەر بە بەردەوامی، راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ ستایشی پێكەنین و شادی دەكات لە بەرهەمەكانیدا. ڕۆمانی ناوی گوڵ یەكێك لە كارەكانی نووسەرە كە تێیدا هەر زوو هەستی بە مەترسیی دۆگماتیزمی دینی كردووە و وەك بابەت هێناوێتیە ناو ئەدەبیات. لەو ڕۆمانەدا قسە لەبارەی تەنگبیریی ئاینی دەكات كە چۆن دژی پێكەنین و شادیە و بە وردی و بە گێڕانەوەی ڕاستییەكانی ئەو سەدەیە لە شێوازی ڕۆماندا، ئەو حەقیقەتەمان پیشان دەدات كە دۆگماتیزمی دینی چ مەسیحی بێت یان ئیسلامی یان هەر ئاینێكی دیكە، لە پێكەنین دەترسێت و پێكەنین وەك دیاردەیەك دژ بە خۆی سەیر دەكات. دیارە پێكەنین هەر لە جیهانی كۆنی مەسیحیدا خراپ لێی نەڕوانراوە، ماوەیەكی زۆر نییە یەكێ لە پیاوانی بەرزی دەوڵەتی توركیا داوای كرد ژنانی وڵاتەكەی بە دەنگی بەرز پێنەكەنن و لە كاتی پێكەنیندا هەر لێویان بجوڵێنن.
ڕۆمانی ناوی گوڵ بە تێمێكی پۆلیسی- مێژوویی نووسراوە، ئەم ڕۆمانە چیرۆكەكەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چواردەهەمی زاینی، بەسەرهاتی ڕاهیبێكە كە لەگەڵ قوتابییەكی خۆی بەناوی ئێدسۆ ڕوو لە كڵێسایەكی كۆن و دووركەوتوو دەكەن بە مەبەستێكی سیاسی، بەڵام بێ ئەوەی بیانەوێت، تێكەڵی هەندێ ڕووداو و زنجیرەی كوشتن و تاوان دەبن و ئیدی راهیب و قوتابییەكەی هەوڵی دۆزینەوەی بكوژەكە دەدەن و پشتی پەردەی ڕووداوەكان دەپشكنن. هەموو ڕووداوەكان لە حەوت ڕۆژدا ڕوودەدەن و دواتر ڕۆمانەكە لە زمانی ئێدسۆی قوتابییەوە لە سەردەمی پیریدا دەگێڕدرێتەوە. راهیب كە ناوی ویلیام باسكرویلە، پێشتر خۆی لێكۆڵەرێكی ئاینی بووە و ئەندامی تاقمێكی مەسیحی بووە، بەڵام لەبەرئەوەی دژی ئەشكەنجە و سووتاندن و توندڕەوییەكانی مەسیحییەت بووە، كارەكەی بەجێهێشتووە. لەناو كڵێساكەدا زەنجیرەیەك كوشتن ڕوودەدات و كەس نازانێت كێیە. باسكرویل هەوڵ دەدات تاوانبار بدۆزێتەوە، كڵێسایەكی كۆن و گەورە كە كتێبخانەیەكی زۆر گەورەی تێدایە، جیا لە راهیب و قوتابییەكەی، یورج، كتێبداری كڵێساكەی لێیە، یورج پیاوێكی بەتەمەنی كوێرە كە هەموو نیگەرانی و هەوڵی لەپێناوی پاراستن و شاردنەوەی كتێبەكانی ناو كتێبخانەیە. یورج سەمبولی مەسیحییەتی وشك و توندڕەوە كە بەهۆی گێلێتی و نەزانییەوە دەبێتە هۆی ئاگر گرتنی كتێبخانەكە. زۆربەی چیرۆكەكە باس لە هەوڵەكانی یورج دەكات كە هەموو شتێك دەكات بۆئەوەی كەس دەستی نەگاتە كتێبێك لە كتێبخانەكەیدا، ئەویش كتێبێكی ئەرستۆیە.
لە كۆتاییدا ئاشكرا دەبێت كە هەموو تاوانەكان بەدەستی یورجی كوێر روویداوە و جۆرە ژەهرێكی داوە لە كتێبەكەی ئەرستۆ كە هەركەسێك دەستی بەری بكەوێت دەیكوژێت. یورج ساڵانێك كتێبەكەی شاردووەتەوە و لە كۆتاییشدا دەیسووتێنێ، ترسی یورج وەك سەمبولی مەسیحییەتی سەدەی ناوەڕاست، ترس بووە لە ئایدیای ئەرستۆ لەبارەی "پێكەنین"ەوە. لێرەدایە دەنگی ئێكۆ بەرجەستە دەبێت كە پێكەنین وەك گەورەترین كەشفی مرۆڤایەتی دەبینێت بۆ سەركەوتن بەسەر تاڵی و تاریكیی ئایندا.
پرسیارەكە ئەوەیە شوێنی پێكەنین لە كوێدایە? دریدا لە ڕەخنەی میتافیزیكدا، نەبوونی تەنز و كۆمیدیا لە میتافیزیكدا دەخاتە بەر ڕەخنە و پێیوایە لە مێژووی میتافیزیكدا «عەقڵی قسە سەنتەر» یان لۆگۆسەنتەریزمدا كۆمێدیا و تەنز بوونی نییە، بۆیە لە ئەنجامدا توندوتیژی شوێنی میهرەبانی و ئاشتی دەگرێتەوە. یورج لە كتێبەكەی ئەرستۆ دەترسێت، چونكە دەزانێت سیحری پێكەنین و بە كۆمیدیا گرتنی ژیان هەموو بونیانی كڵێسا و مەسیحیەتی سەدەی نۆزدە دەخاتە ژێر پرسیار و دەیلەرزێنێ.
سیحری پێكەنین و كۆمیدیا كاتێك باشتر دەردەكەوێت بۆمان كە فیلمی «ژیان جوانە»ی ڕۆبێرتۆ بنینی-مان بینیبێت، فیلمێك كە بۆمان دەگێڕێتەوە چۆن لەناو گرتووخانە سەربازییەكانی هیتلەردا تەنیا پێكەنینە چارەسەری ئەو هەموو تراژیدیایە دەكات.
گویدۆ، پاڵەوانی فیلمەكە بە گاڵتەكردن تەنانەت بە خوداش، كەشوهەوایەكی شاد و پێكەنین لەو گرتووخانەیەی مەرگدا دەخولقێنێ تەنیا بۆ ئەوەی بتوانێ لێیەوە ژیان دروست بكات.
پێش ئێكۆ، فەیلەسوفی دانیماركی سوورن كیركیگارد قسەی لەو ترازانەی نێوان دین و پێكەنین كردبوو، بەبڕوای ئەو دین و پێكەنین پێكەوە ناگونجێن، بەڵام لای كیركیگارد پێكەنین و گاڵتە دەشێت تەواوكەری ئازار بن، وەك ئەو دەڵێ: "پێكەنین، نیشانەی خۆشحاڵیی ئەوانەیە كە دونیایان تێپەڕاندووە". لای كیركیگارد پێكەنین دەتوانێت نیشانە بێت بۆ گاڵتەكردنی مرۆڤی ئیماندار بە دنیا، لە كاتێكدا بۆ كەسێكی تەقلیدی كە دین بە جۆرێكی سادە وەردەگرێت، پێكەنین وەك دەلیلی بێ نەزمی و بە گرنگ وەرنەگرتنی فەرمانی خودا حساب دەكرێت. ئەمە لە كاتێكدا لای خوداوەندە یۆنانییەكان خوداكان زۆر پێدەكەنین، پێكەنینی ئەوان پێكەنینە بە حاڵەتی كۆمیدیی مرۆڤ كە هەمیشە خۆی دەخاتە دۆخی پێكەنیناوییەوە.
لای كتێبدارە كوێرەكە، پێكەنین نیشانەیەكە بۆ كەموكورتی و نوقسانیی مرۆڤ. بە بڕوای ئەو پێكەنین ترس دەڕەوێنێتەوە، بەهۆی پێكەنینەوە مرۆڤە لاوازەكان ترسیان دەشكێت، ترسیش بەرهەمی دەسەڵاتی یاساكانە بەسەر خەڵكییەوە. هەر كات خەڵكی هەژار و بێدەرەتان ترسیان شكا، واتە ترسیان لە خودا دەشكێت. لەبەرئەوە پێكەنین دەسەڵاتی خوا و ترسی خودا لە دڵی ئینساندا لەناودەبات. پیرەی كتێبخانەكە دەڵێت: "پێكەنین لەش دەهەژێنێ، دەموچاو دەگۆڕێ، مرۆڤ وا لێ دەكا وەك مەیمونی لێبێت".
لای ئێكۆ پێكەنین چەكێكی گرنگە دژی هەر جۆرە دۆگماتیزمێك، دژی شێوەكانی ڕێكخستنی زۆرەملێ كە مرۆڤ خۆی لە ناویاندا دەدۆزێتەوە، ستایشی پێكەنین لای ئێكۆ وەك ستایشی دۆزینەوەیەكە بۆ خۆڕزگاركردن. كوژراوەكانی ناو رۆمانەكە زۆربەیان قوربانیی ئەوەن كە دەیانەوێت بزانن بۆچی ئەرستۆ كۆمیدیا و پێكەنینی بە گرنگ و باش زانیوە. لەو پێناوەشدا ژیانی خۆیان لەدەست دەدەن. ڕۆمانەكەی ئێكۆ پێكەنین وەك نیشانە سەیر دەكات، نە وەك شتێكی سروشتی، نیشانە بۆ گاڵتەكردنی ئینسان بە نەزم و روانینی دەوروبەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ