(دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی ئەڵمانەكان سەرسام دەكات

20-05-2016
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
بەرگی كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)
بەرگی كتێبی (دواهەمین هەناری دونیا)
نیشانەکردن بەختیار عەلی ئەڵمانیا
A+ A-

رووداو – كوێلن

رۆمانی (دواهەمین هەناری دونیا)ی بەختیار عەلی وەرگێڕدا بۆ زمانی ئەڵمانی . ئەو رۆمانە بەناونیشانی (دی لێتیستە گاراندئەپڤل) بە ئەڵمانی بڵاوكراوەتەوە و، بە ئەڵمانی و كوردی لە ماڵی ئەدەبیاتی شاری كوێلن نمایشكران.

رۆماننوسی نێوداری كورد ، بەختیار عەلی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند "ئەوەندی جەنگی كولتوورە ئەوەندەی جەنگی رۆشنبیرەكانە ، ئەوەندە جەنگی تفەنگ و تەقە و ئەو شتانە نییە . بۆیە میللەتێك لە گۆڕەپانی كولتوور و رۆشنبیریدا هیچ چالاكییەكی نەبێت كەواتە بوونی نییە لە جیهاندا . بوونی ئێمە بەوە بەستراوە تاوەكو چەند دەتوانین بوونی خۆمان بەجیهان بناسێنین . خەڵك لێمان تێبگات . لە رێگەی كتێبێكەوە تۆ دەتوانی سەرنجی خوێنەرانی ئێرە بۆ مێژووی خۆمان ، بۆ مێژووی وڵاتەكە‌مان رابكێێشیت".

هەڵبژاردنی رۆمانەكە لەلایەن هەردوو وەرگێڕەكەوە بووە. راوێژ سەلیم و یوتە كانترا لانگ و هەروەها چاپخانەی ئونیۆن ئەو رۆمانەی بڵاوكردووەتەوە‌ . هەر ئەم چاپخانەیە رۆمانەكانی یەشار كەمالیشیان چاپكردووە و ‌بە جیهانیان ناساندن . بەڕێوەبەری چاپخانەكە دەڵێ كاتێك ئەو رۆمانەم خوێندەوە، نیگەران بووم كە ئەوەندە درەنگ نووسەرێكی گەورەی كوردمان ناسی.

لوسییان لایتەرس، بەڕێوەبەری وەشانحانەی (ئونیۆن) بە (رووداو)ی گوت "من تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم كاتێك 10 خولەك پرۆپۆزلی رۆمانەكەم خوێندەوە یەكسەر زانیم دەبێ ئەو رۆمانە بڵاوبكەینەوە ، هەزار هۆكار هەیە بۆ ئەمەش . یەكەم بەهۆی گرنگی رۆمانەكەوە كە بۆ ئێستاش بابەتێكی گەرمە، دووەم باس لە ناوچەیەك دەكات كە ئێستا لە میدیاكاندا سەردێری هەواڵەكانە.

چەندین هۆكاری دیكەش هەن ، بەڵام لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە كە بەختیار عەلی نووسەرێكی گەورەیە و ئەو رۆمانە رۆمانێكی مەزنە و پێویستە بچێتە ریزی رۆمانە مەزنەكانی جیهانەوە ".
ئەوەی سەرنجی بەشداربووە ئەڵمانەكانی راكێشابوو ئەوەبوو كە ئەم رۆمانە ساڵی 2002نووسراوە، بەڵام كاتێك دەیخوێنییەوە وا هەستدەكەی ئێستا نووسراوە، چونكە باس لە مژارە گەرمەكانی وەك كۆچبەر و شەڕی هەڵاتن دەكات.

خوێنەرێكی ئەڵمان دەڵێت "ئارەزووی من ئەوەیە هەمیشە جهیانی دیكەی ئەدەبیات بناسم ، بۆ من ئەمڕۆ زۆر سەرنجڕا‌كێش بوو، چونكە ئەدەبی كوردیم هەرگیز نەناسیبوو‫. كتێبەكەم كڕی و دەیخوێنمەوە" ‫.

ئەوەی لە میدیاكانی ئەڵمانیادا ئاماژەی پێكرابوو، ئەوەبوو‌ كە ئەم رۆمانە بە زمانێكی وێنەیی زۆر بەرز نووسراوە، هەروەها ئەدیبانی ئەڵمانیا پێیان شەرمە هەشت ساڵە بەختیار عەلی لێرە دەژی و ئەوان ئێستا ناسیویانە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە