مێژووی هۆنینەوەی هایکو دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شانزدەی زایینی لە ژاپۆن، به‌شێوه‌ی پێنج دێڕی بەناوی "رێنکۆ" یان "رێنکا" کە زۆرتر بنەمای تەنزیان پێوە دیار بووه، خۆی به دنیای وێژه‌ی ئه‌وکاتی ژاپۆن ناساندووه. دواتر لە حاڵه‌تی تەنز و دەربڕینی ئاسایی دوورکەوتووەتەوە و بەرەو روانینێکی قووڵتر و فۆرمی دیاریکراو (سنریۆ) چووە و پاشان لە سەدەی نۆزدەهەمەوە له‌لایه‌ن "ماتسۆئۆ باشۆ"وە ناوی هایکوی وەرگرتووە.
هایکو کورتترین شیعری ژاپۆنییە که له سێ دێڕ و حەڤدە "مۆرا" یا " ئۆن" لە زمانی ژاپۆنی پێکدێت. پاشان لق و پۆ ده‌رده‌کات و په‌ل بۆ وڵاتانی ئینگلیس و سکەندناڤی ده‌هاوێ. لە ئێرانیش به‌شێوه‌ی نووسراو لەلایه‌ن (ع. پاشایی) و (شاملۆ)وە، هایکو به وێژه‌ی فارسی ده‌ناسێنرێ و مۆرا به "هێجا" (بڕگە) واتا ده‌کرێته‌وه و لە ئه‌ده‌بی کوردی‌دا به‌تایبه‌ت له کتێبه‌شیعری (با "با" چیتر نه‌تانخووسێنێ) له نووسینی شه‌ویار گولابی ئازەر، به "کێشی پەنجە یان بڕگه" دەردەکەوێت.
زۆربه‌ی "سنریۆ" و هایکوەکان خاوه‌نی "کی گۆ" یان "وەرزه‌وشە"ی تایبه‌تن که له "سنریۆ"دا، وەرزه‌وشه یاخود وشه کلیلییه کۆمەڵایەتییەکان زۆرتر ڕۆڵی کارایان هه‌یه و له هایکوشدا وه‌رزه‌وشه‌ی وه‌رزه‌کانی ساڵ و سروشت بۆ وێنه به‌هار، زستان، باران، به‌فر، چه‌تر، خونچه...
شاعیری هایكۆكار دەبێ بە تەواوی لەگەڵ دەروونناسی و فەرهەنگی ژاپۆنی و هەروەها واتای زێن بەتەواوی ئاشنا بێت.
هایکو خاوه‌نی چه‌ند تایبه‌تمه‌ندییەکە بۆ وێنه:
ـ "شی بوومی" بەمانای وەرزشێكە كە نیشاندەری بەهێزتربوونی لاوازەكان لە بەتواناكانە.
ـ" ئەوەرێ یان ئاواره" یان "aware" كە بە واتای رەنگدانەوەی رابردووە و هەروەها رەنگدانەوەی ئەوەی وا پێشتر خۆشەویست بووە، یانی ئەو ساتە قەیرانییەی نێوان روانین و بێدەوامی و ناسەقامگیریی جیهان.
ـ گیانخۆشەویستی یان "ئانیمیسم" واتە گرینگی‌دان بە ژیان و هەموو شتێك هەر بەو جۆرەی كە هەیە.
ـ "شیۆری" كە بەمانای جۆرێك هەڵخەڵەتاندنی هەستبزوێنە بەشێوەی شیعر نەك لە ناوەرۆكی شیعردا و یەكێكی دیکەش "هوسومی"یە كە مەبەست لەویش بەیانكردنی زۆر ناسكی سروشتییە.
هەروەها "کیرەجی" کە بە واتای دابڕان و وەستانێکی کاتی لە زمان و داڕشتندا به‌رچاو ده‌که‌وێ. زۆرجار ئەو وه‌ستانه کورت و واتاداره لە دێڕی دووه‌م یان کۆتاییدا دێت و بە کورته هێڵی مه‌ودا(-) هەبوون یان نەبوونی پەیوەندییەکی ڕاسته‌و‌خۆ و هه‌ندێ جار ناڕاسته‌وخۆ له‌گەڵ دێڕی پێش یان دوای خۆی پێکدێنێ و ئیماژ یان وێنە هایکوییەکە تەواو دەکات. ئەگەر ئەم وەستانە کورته ماناداره وێنه‌ییه (کیرەجی) لە سەرەتاوە بێت، بە هێمای وێرگول یان فاریزە(،) دێته دوای دێڕی یه‌که‌م و لە دوو دێڕی دوای خۆیدا، ئیتر هیچ کورته وه‌ستانێکی دیکە نایه‌ت.
لەڕووی داڕشتنه‌وه "سنڕیۆ" جیاوازییه‌کی ئه‌وتۆی له‌گه‌ڵ هایکو نییە و تاکه جیاوازیی "سنڕیۆ" له‌گه‌ڵ هایکو ئەوەیه کە جیا له ئاوێته‌بوون لە‌گه‌ڵ سروشت، به هه‌ندێ وشەی کلیلیی تایبه‌ت، تێکه‌ڵ بە ڕه‌وشی تایبه‌ت و زاڵی کۆمه‌ڵگە ده‌بێ. هه‌ندێ جار به زمانێکی تەنز، سوننه‌ت و نه‌ریت و قه‌یرانه‌کانی کۆمه‌ڵگە چەواشە دەکات و هەوڵ دەدات بە یارمەتیی تەوس و تەشەر و تەنزی تاڵ و شیرین، كێشە و ناکۆکی و لایەنەکانی کۆمه‌ڵگە و ژینگه‌ی مرۆڤ، وێنا بکات و راچڵەکاندن و شۆکێک بێت بۆ مرۆڤ.
وێژه‌ی کوردی به‌گشتی و شیعری کوردی به‌تایبه‌تی، له دوای سەردەمی نوێبوونەوە و نوێخوازی، لەگەڵ گۆڕانکارییه‌کانی جیهانی سه‌رده‌م، به‌رده‌وام له تاقیکردنه‌وه‌ی ڕه‌وته جۆراوجۆره‌کانی دنیای وێژه و ئه‌ده‌بدا بووه؛ هه‌ر به‌م پێیه شه‌ویار گولابی ئازه‌ر، له ساڵی 1386ی هه‌تاوی (2007) له گۆڤاری (مه‌هاباد)دا، به هێنانەئارای هایکو بۆ نێو ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی کوردی، سەرنجی گشتی دەخاته سه‌ر توانایی و چه‌مه‌وازی زمانی کوردی تا جیهانێکی به‌رفراوان و نوێتر له دنیای مه‌عریفی و ئه‌ندێشه‌یی ئه‌ده‌بی کوردی دەستەبەر بکات.
ماوه‌ی ده ساڵێکە هایکو به‌شێوه‌ی جددی هاتووه‌ته ناو دنیای ئه‌ده‌ب و وێژه‌ی کوردی. ساڵی 2007 له‌لایه‌ن بوشرا که‌سنه‌زانی لێکۆڵینه‌وه‌یه‌ک له‌ژێر ناوی "پۆسته‌ره شیعر و هایکوی ژاپۆنی" دێته ده‌ر که هه‌ڵسه‌نگاندنێک له‌ناو کورته شیعر و پۆسته‌ره‌شیعری کوردی ده‌کات و هه‌ندێ له کورته‌شیعره‌کانی قوبادی جەلیزاده به‌پێی ئه‌م به‌راوردکارییه ده‌خاته ناو خانەی هایکو و هه‌ندێ زانیاری له‌سه‌ر هایکوی ژاپۆنی ده‌خاته به‌رچاوی خوێنه‌رانی کورد.
به‌گشتی سروشتی کوردستان و ڕه‌وتی ژیان له‌لایه‌ک و "وەرزه‌وشه"ی هایکو له‌لایه‌کی دیکەوە ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که شه‌ویار له دوو شێوازی سنڕیۆ و هایکو، لە زمانی کوردی‌دا که‌ڵک وه‌ربگرێ بۆ ده‌ربڕین و داڕشتنی سه‌رله‌نوێتر و مۆدێرنانه‌تری بیر و هزری تایبه‌ت له‌م شێوازه شیعرییەدا. هۆگریی شه‌ویار بۆ وه‌رزی سه‌وزی به‌هار و جوانی و سروشتی کوردستان، وای لێده‌کات بە ئاوێته‌بوون له‌گه‌ڵ هایکو و سروشت، بێته گۆڕه‌پانی هۆنینه‌وه‌ی هایکو و ڕۆژ له‌گه‌ڵ ڕۆژ زیاتر پەرە به‌م شێوازه شیعرییه بدات. بۆ وێنه ئه‌مڕۆ له ڕۆژهه‌ڵاتدا پێشوازییه‌کی به‌رچاو له‌م شێوازه ده‌کرێ و شاعیرانێکی وه‌ک سمایل عه‌زه‌می و عه‌تا وه‌له‌دی و... لە لایه‌نگران و هایکونووسانی کوردن.
شه‌ویار گولابی ئازەر
ـ لەدایکبووی ساڵی 1355 ی هه‌تاوی، دانیشتووی شاری مه‌هاباده.
ـ ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌دەبیی مه‌هاباد و ئه‌ندامی دەسته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری به‌رهه‌م و ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی حامیی تارانە له به‌شی دامه‌زراندنی کتێبخانه‌ی دێهاته‌کانی ناوچه‌دا.
-ڕۆڵی کارای هه‌بووە له ناساندنی مه‌هاباد بۆ بەدەستهێنانی پله‌ی شاری داهێنه‌ر له بواری په‌رە‌پێدانی کتێب و کتێبخوێندنه‌وە له چوارەمین فێستیڤاڵی پایتەختی کتێبی ئێران‌دا.
ـ بۆ چوار خول ئه‌ندامی لیژنه‌ی به‌ڕێوەبه‌رایه‌تی و به‌ڕێوەبه‌ری ئه‌نجوومه‌نی ئه‌دەبیی مه‌هاباد بووە (2006- 2017).
ـ به‌ڕێوەبه‌ری دوو شه‌وە شیعری ناوچه‌یی مه‌هاباد بووە (2014 و 2016).
ـ به‌ڕێوەبه‌ر و سکرتێری جێبەجێکاری یه‌که‌مین کۆڕی ناوچه‌یی (زانستی ئه‌دەبی)ی مامۆستا هێمن بووە. (2016)
ـ ڕۆڵی کارای هه‌بووە له چه‌ندین خولی پێشانگای جۆربەجۆری که‌له‌پوور و کلتووری کوردی‌دا.
ـ خاوەنی پەرتووکه‌شیعری هایکویە لەژێر ناوی (با "با" چیتر نه‌تانخووسێنێ) ، ساڵی 2008 چاپ و بڵاوبووەته‌وە و ساڵی 2014 ئەم کتێبەی له پێشانگای هه‌ولێر نمایش دەکرێت و لە هەمان ساڵدا لەلایه‌ن نووسه‌ر و وەرگێڕی به‌توانا موحتەرەم محەممەد به ناونیشانی (من الشعر الکوردی الحدیپ هایکو ، للشاعره شویار کولابی ئازر) وەردەگێڕدرێت بۆ سه‌ر زمانی عه‌رەبی.
دواتر له 3ی ئاداری 2015 هه‌ر لەلایه‌ن هەمان وەرگێڕەوە 12 هایکوی شه‌ویار له ڕۆژنامه‌یه‌کی عه‌رەبیدا به نێوی "النبا‌و" له ژمارە 539 دا بڵاودەکرێته‌وە و کتێبی ناوبراو ده‌گاته 88 ەهه‌مین پیشانگەی نێودەوڵه‌تیی میسر و له‌وێ پێشوازییه‌کی گه‌رمی لێدەکرێ و له هه‌ندێ له ڕۆژنامه و حه‌فته‌نامه و گۆڤاری ئه‌و وڵاته‌دا بڵاو دەکرێته‌وە؛ بۆ وێنه لە مانگنامه‌ی (پنار- PINAR ) ل 36 ـ 37.
شه‌ویار به دوو شێوازی هایکو و "سنڕیۆ" و هه‌روه‌ها کورته شیعر، دەنووسێ و له وتار و وەرگێڕانیشدا دەستێکی هەیە و کتێبی شانۆی "ماڵ له کۆڵ" نووسینی حوسێن فه‌زلوڵڵاهیی وەرگێڕاوەته سه‌ر زمانی کوردی و براوەی خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی شانۆی سەقز بووە و ئێستا له ژێر چاپدایه.
کتێبی کورته‌شیعرەکانیشی ئێستا ئامادەی چاپ و بڵاوکردنەوەیە. لە چه‌ندین فێستیڤاڵ و شه‌وه شیعر لە ناوخۆ و ده‌ره‌وه خەڵاتی بەدەست هێناوە، بۆ وێنه خه‌ڵاتی دووه‌مین فێستیڤاڵی شیعری مه‌وله‌وی و خه‌ڵاتی تانجه‌رۆ و خه‌ڵاتی فێستیڤاڵی هه‌ڵبه‌ستی لاوان.
چەند نموونە لە هایکوەکانی شه‌ویار گولابی ئازەر
...
جێ مابوو
نه‌خشی مانگ له‌سه‌ر رووبه‌ری ته‌ون
کیژی کورد
...
نه ئازادی دادەکوتێ
نه دێموکراسی کراسی به‌رت دادەدڕێ ـ
کیژی که‌رکیت بەدەست
...
یار له کێڵگه
یادت گوڵباران دەکا
باران ئاوس به بریسک
...
په‌ردە به‌سه‌ر خۆیدا دەکێشێ
خۆی هه‌ڵخستووە به‌ر باران ـ
گوڵ ئه‌ستێرە
...
تینووی ته‌ڕبوونه
په‌پووله‌پاییزەی سه‌ر سینگ
ماڵ کاول
...
ناتوانێ ئامێز به ئاسمان داگرێ
پێخه‌ف دەخاته سه‌ر
ـ گوڵوەنی ـ
...
سه‌ری خستۆته سه‌ر مه‌مک ـ
دەسته‌کانی به ئاسمانه‌وە ڕایه‌ڵ
هه‌تاو
...
حه‌زی له ڕسکانی سه‌ربه‌خۆییه
ئه‌هریمه‌نکردارە شه‌و
خۆر ڕەشپۆش
...
له که‌لاوەکانی شه‌ڕ
مانگه‌شه‌و بانگ دەکا
خۆری له‌عنه‌تی
...
سه‌فه‌ر دەکا به بیرە‌وەرییه‌کان
خۆر ڕەنگ ناکاته‌وە
سوورەگوڵ
...
له‌م وێرانه‌دا
پشیله‌ش فێری گۆشتی مرۆڤ بوو
مناڵ چه‌نگ دادەگرێ
...
ته‌ڕ دەخووسێ له ژێر باران
بخزییه بن باڵه‌کان
ـ گه‌لاوێژ ـ
...
قژەکانی سپاردە دەستی با
مانگ سێبه‌ری چڵه‌داری شکاند
کۆڵوانه له شان
...
له ڕێبه‌نداندا ڕنوو دەتوێنێته‌وە
نیگای چاوەکان
جامانه سوور
...
سه‌هۆڵبه‌ندانی زستانم پێ له‌به‌ر دەکا
من به یادی کراسێک پڕدەکه‌م له گوڵبه‌هار
ڕێگا شه‌خته‌به‌ندان
...
به‌سه‌ر قامکه‌وە تار ناژه‌نێ
خوێن له داوێن دەچۆڕێ
گوڵه‌باخ
...
ئێمه سه‌ردەمێکه وشه دەخۆین
ئه‌و نوخته دەخاته سه‌ر دێڕ
کراس ڕەش
...
سه‌مای گە‌ڵای بیر چووەوە
کفنی مه‌یته‌کان دەدروێ
چڵه زەیتوون
...
به چنارەکه‌ی لێوار ڕووبارەوە ڕادەوەشێ
له‌چکه‌یه‌کی سوور
گڕی بای حه‌سه‌ن
...
شۆڕش تەقەی نایە
دایكـ پەراوێز
شەقام فشەی دێ
...
بۆنی هەنار
ژێرەوان
بەر لە تۆ مناڵێ گە‌ڵای جووت
...
ئەو لە شاردا ئاڵۆزە پێم
من لە شاخدا جاڕز
گولله له خه‌شاب
...
پاسەوانێك لە نێوچاوانمدا
هێلانە دەكا
مناڵێكی ساوا لە پەیكەرتدا نوێژ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ