پێنج کورتە چیرۆکی کافکا

22-04-2017
نیشانەکردن کافکا
A+ A-
وەرگێڕانی لەفارسییەوە: هونەر شاهۆ 
رووداو - هەولێر

گەڕانەوە بۆ ماڵەوە:  

من گەڕاومەتەوە، بە ژێر تاقی ژوورەکەدا تێپەڕیم و خەریکە سەیری دەوروبەرم دەکەم. ئەمە ژیانی کۆنی باوکمە. بەهۆی هاتنە خوارەوەی ئاوەوە چاڵێک لە ناوەڕاستی ژوورەکەدا دروست بووە. کەلوپەلە بێکەڵکەکان لەسەر قادرمەکە کەوتوون و رێی ژوورەکەی خوارەوەیان گرتووە. پشیلەیەک لەسەر محاجەرەکان لە کەمیندا خۆی مەڵاس داوە. 

چەند جلوبەرگێکی شڕ کە سەردەمێک بە دەوری دەرگا دارینەکەدا پێچرابوون، بەهۆی شنەباوە دەجوڵێنەوە. من گەیشتووم. کێ میوانداریم دەکات؟ کێ لە پشت دەرگەی چێشتخانەکەوە چاوەڕێیە؟ دووکەڵ لە دووکەڵ کێشەکەوە بەرزدەبێتەوە و قاوەیەک بۆ خواردنەوە ئامادە دەکرێت. ئایا هەست بە پەیوەندی و وابەستەیی دەکەیت؟ ئایا هەست دەکەیت کە لە ماڵەوەیت؟ نازانم، زۆر دڵنیا نیم. 

خانووەکە کە خانووی باوکمە، بەڵام هەموو شتێک بە ساردی لە تەنیشت شتێکی دیکەوە دانراوە، وا دەردەکەوێت باوکم نیگەرانی کارەکانی خۆیەتی کە من نیوەیانم لەبیر کردووە و نیوەشیانم هەرگیز نەناسیوە. من چ کەڵکێکم هەیە بۆیان و چ واتایەکم هەیە بۆیان، ئەگەرچی کوڕی باوکمم، جووتیارێکی پیر؟ حەزناکەم لە دەرگای چێشتخانەکە بدەم، تەنیا لە دوورەوە گوێ دەگرم، رادەوەستم، جۆرێک وەک کەسێک کە گوێی گرتووە تاوەکو غافڵگیری نەکەن . لەبەرئەوەی کە لە دوورەوە گوێ دەگرم، هیچ نابیستم جگە لە دەنگی لێدانی سووکی کاتژمێرەکە  کە بەسەر رۆژگاری منداڵیمدا تێدەپەڕێت، بەڵام لەوانەیە پێم وابێت  تەنیا  دەیبیستم. 

هەر شتێکی دی کە لە چێشتخانەکەدا روودەدات نهێنیی کەسانێکە کە لەوێ دانیشتوون، نهێنییەک کە لەمنی دەشارنەوە. هەرچەندە زیاتر لەبەردەم دەرگەکەدا بمێنیتەوە، زیاتر بێگانە دەبیت. چی دەبوو ئەگەر کەسێک ئێستا دەرگاکەی بکردبایەوە و پرسیارێکی لەمن بکردبایە؟ ئایا منیش هەروەکو ئەو کەسە رەفتار ناکەم کە دەیەوێت نهێنییەکەی خۆی بشارێتەوە؟

ئەفسانەیەکی بچووک: 

مشکەکە گوتی: بەداخەوە کە جیهان هەر رۆژ بچووکتر دەبێتەوە! لەسەرەتاوە بە جۆرێک گەورە بوو کە بەردەوام دەترسام، هەر رامدەکرد و رامدەکرد، خۆشحاڵ دەبووم کە سەرەنجام لە شوێنێکی دوورە دەستەوە چەند دیوارێکم دەبینی لەلای راست و چەپمەوە، بەڵام ئەم دیوارە درێژانە ئەوەندە زوو تەنگ بوونەوە کە من ئیدی لە کۆتا ژووردام، لەوێ لە سووچێکدا تەڵەیەک هەیە کە دەبێت بکەومە ناوی و پێوەبم. پشیلەکە گوتی: تەنها دەبێت رێگەکەت بگۆڕیت و ئەوە قووت بدەیت.

ئێواران:

ونبووە لە شەودا، رێک هەر بەو جۆرەی کە کەسێک هەندێک جار بۆ وەستان سەری خوار دەکاتەوە، بەم بۆنەیەوە بە تەواوەتی ون بوون لە شەودا. لە هەموو شوێنێکدا خەڵک خەوتوون. ئەمە تەنیا یاریکردنێکە و هیچی دی، خۆفریودانێکی پاک و راستە کە ئەوان لە ماڵەکاندا دەخەون، لەناو تەختە خەوە هێمنەکاندا، لەژێر بنمیچێکی هێمن و ئەمندا، درێژ راکشاوە یان خۆی گرمۆڵە کردووە بە دۆشەکەکەوە، لەناو چەرچەفەکاندا، لە ژێر بەتانییەکاندا، بەڕاستی ئەمانە کۆبوونەتەوە هاوشێوەی رابردوو، هاوشێوەی دوورییەک لە بیاباندا، ئاپۆڕەیەک لەچۆڵەوانییەکدا، ژمارەیەکی بێ شومار لە مرۆڤەکان، لەشکرێک، قەومێک، لە ژێر ئاسمانێکی سارددا، لەسەر رووی زەوییەکی سارد، کەوتوون لە شوێنێک کە زەمەنێک تیایدا راوەستابوون، روومەت و قۆڵەکانیان گوشراو، نێوچاوانیان روو لەزەوی، هەناسەکێشان بە شێوەیەکی ئارام، تۆ بەردەوامیت، تۆ یەکێکی لە بەردەوامبووەکان، بەهۆی رووناکیی مەشخەڵێکەوە کە لە ئاگردانەکەی تەنیشتتەوە هەڵتگرتووە، دواهەمین کەس دەدۆزیتەوە. بۆچی بەردەوامی؟ دەڵێن کە دەبێت بەردەوام بیت. دەبێت کەسێک لەوێ بێت. 
 
نیگایەکی شپرزە لە پەنجەرەوە: 

چی لەو رۆژانەی بەهار بکەین کە خەریکن دەگەن؟ ئەمڕۆ بەیانی ئاسمان خۆڵەمێشی بوو، بەڵام ئەگەر بڕۆیتە بەردەم پەنجەرەکە، دەپەشۆکێیت و گۆناکانتان دەنێن بە ئەڵقەڕێزی پەنجەرەکەوە. خۆر ئێستاش هەر ئاوا دەبێت، بەڵام لەو خوارەوە دەیبینیت دەموچاوی کچێک رووناک دەکاتەوە کە هەنگاو دەنێت و سەیری دەوروبەرەکەی دەکات، هەر لەو کاتەدا دەیبینی لە سێبەرەکەدا پیاوێک  کە لەپشتی سەریەوە بەو دەگات، تێڕۆ دەبێت. دواتر پیاوەکە ڕۆیشتووە و دەموچاو و روومەتی کچەکە بە تەواوەتی رووناکە.

رێبوارەکان : 

 ئەو کاتانەی بەشەو کە لە شەقامەکاندا تێدەپەڕیت و کەسێک لە دوورەوە دەبینرێت _ بەهۆی ئەوەوە کە شەقامەکە لە بەردەمتدا بەرەو خوار دەبێتەوە و مانگەشەوە _ پێت وایە ئەو کەسە بە راکردن بەرەو لای تۆ دێت، ئەگەرچی لاواز و کۆنەپۆش بێت، ئەگەرچی کەسێک بە هاوارکردنەوە بە شوێنیەوە بێت، تۆ بە چنگ نایگریت، بەڵکو دەهێڵیت بەردەوام بێت لە رۆیشتنەکەی. لەبەرئەوەی کە شەوە، ئێوە بە دەست خۆتان نییە کە شەقامەکە بەو مانگەشەوە لەبەردەمتاندا بەرەو خوار دەبێتەوە، سەرەڕای ئەمەش، لەوانەیە ئەم دوو کەسە ئەم شوێنکەوتنەی یەکدییان بۆ سەرگەرمی خۆیان وەڕێخستبێ، یان لەوانەیە ئەم دوو کەسە بە شوێن کەسی سێیەمەوە بن، یان لەوانەیە بێ هۆ کەوتبنە شوێن کەسی یەکەم و کەسی دووەم بیەوێت بیکوژێت و ئێوەش ببنە هاودەستی تاوانەکە، لەوانەیە ئەمانە هیچ ئاگایان لە یەکدی نەبێت و لەبارەی یەکدییەوە هیچ نەزانن و تەنیا خەریکن جیاجیا دەڕۆنەوە بۆ ماڵەکانیان و تەختی نووستنەکانیان. لەوانەشە شەوگەڕ بن، لەوانەیە کەسی یەکەم چەکدار بێت .بە هەرحاڵ ئایا نابێت ماندوو ببیت؟ ئایا تێروپڕ شەرابت نەخواردووەتەوە؟ خۆشحاڵیت چونکە ئیدی کەسی دووەم نابینیتەوە .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە