لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە

22-08-2016
حەمەسەعید حەسەن
نیشانەکردن ئۆشۆ
A+ A-

 (4)

دەشێت جاڕدانی شەڕ دژی سێکس، هۆکاری سەرەکی بێت بۆ سەرهەڵدانی هاوڕەگەزبازی، با لەو وەڵاتانەدا کە سێکس سەرکوت دەکرێت، بە ئاشکرا یانەی تایبەت بە هاوڕەگەزخوازانیش نەبێت، بەڵام بە نهێنی هاوڕەگەزبازی دیاردەیەکی بەربڵاوە. (سێکسفرۆشی)یش لەو شوێنانە برەوی زیاترە کە سێکس بە تابوو لە قەڵەم دەدرێت. چونکە ئەو ئازادییەی لە دێهاتدا هەیە، لە شارەکاندا نییە، ئەوە بۆیە هاوڕەگەزبازی و لەشفرۆشی لە گوندەکاندا دەگمەنە. تا سێکس زیاتر سەرکوت بکرێت، لادانی سێکسی زیاتر پەرە دەستێنێت. وزەی سێکس وزەیەکی خودایییە، زیاتر پێوەندیی بە ڕۆحەوە هەیە، وەک لە جەستە، بۆیە پێویستە لێی تێبگەین، نەک سەرکوتی بکەین، ئەگەر نا، دونیای سۆز و ئەوین، جێگەی دونیای حەز و ئارەزوو ناگرێتەوە. ئەگەر ژن و مێرد بتوانن ببن بە هاوڕێی ڕاستەقینەی یەکتری، ئەوسا خەڵووز دەبێت بە ئەڵماس، ئەوسا سێکس لە کنیان لە ئارەزووەوە دەبێت بە خۆشەویستی و تەنانەت وەک خوداوەندیش سەیری یەکدی دەکەن.

بۆچی دیوارەکانی دەرەوەی پەرستگای خاجاراهوو کە دەکەوێتە ناوچەی شاتارپووری هیندستانەوە، بە پەیکەر و وێنەی ژن و پیاو لە سەروەختی جووتبووندا ڕازێنراونەتەوە، بەڵام کە دەچیتە ناو پەرستگاکەوە، یەک ئاماژە بۆ سێکس نییە؟ چونکە حەز و ئارەزوو لە دەرەوەی پەرستگاکەن و ناوەوەی خوداوەندی تێدایە. چونکە چالاکیی سێکسی شتێکی دەرەکییە، بەڵام ئاسوودەیی و دڵنیایی کە بە ڕۆحەوە پێوەستن، لە کرۆکدان. چونکە تا لە سێکس تێنەگەین، ئاوەزمان هەر کۆیلەی سێکس دەبێت و لەناو پەرستگایشدا بیرمان لای خوداوەند نابێت، لای سێکس دەبێت.

بە ناوی ئایینەوە، جاڕی جەنگمان لە دژی سێکس داوە و قەڵای هەموو هەوڵێکمان بۆ تێگەییشتن لە سێکس خاپوور کردووە. بەوە لە سێکس تێناگەین، چاوی خۆمان لە ئاستیدا بنووقێنین، بەوە لێی تێدەگەین، بە چاوی کراوەوە سەرنجی قووڵی بدەین. بەوەی بە گژیدا بچینەوە، سێکس کەمبایەختر نابێت، سەرنجڕاکێشتر دەبێت، ئاخر سێکس گرێیەکە ئەگەر لێی حاڵیی نەبین، ئاڵۆزتر دەبێت. وەک چۆن جاران ئەگەر پەنجەی پێی ژنێک دەرکەوتبا، سەرنجی پیاوی ڕادەکێشا، بەڵام ئێستا دەرکەوتنی ژنی نیمچە ڕووتیشی بەلاوە ئاسایییە، سێکسیش هەر وایە، تا بیشارینەوە، زیاتر جێی سەرنج دەبێت. بۆ ئەوەی ئارەزووکردنی سێکس، خەیاڵی نەوەکانی داهاتوو داگیر نەکات، باشتر وایە کوڕان و کچان تێکەڵ بن و ئەوەندەی گونجاوە، جەستەیان لە یەکدی نەشارنەوە. 

لە هەر جێیەک ژن لە پاژنەی پێیەوە تا تەوقی سەری داپۆشراو بێت، لەوێ زەمینە لەبارە بۆ برەوی سێکسفرۆشی و هاوڕەگەزبازی، لەوێ گەڕان لەدوای سێکس دەبێتە تاقە خولیای خەڵک. سێکس شتێکی سرووشتییە، ئەوە ناسرووشتییە و کارەساتیشە، سێکس ژیانمان داگیر بکات. سێکس تا سەرکوت بکرێت، بەهێزتر دەتەقێتەوە و زووتر باڵ بەسەر ژیاندا دەکێشێت. کەس ئەوەندەی ئەو واعیزانە گیرۆدەی سێکس نییە کە بەردەوام سەنگەریان لێ گرتووە و لە دژی دەپەیڤن. بۆ ئەوەی ئێمە سێکس بەرزەفت بکەین، نەک سێکس ئێمە کۆنترۆڵ بکات، هیچ چارەمان نییە، غەیری ئەوەی ددانی پێدا بنێین و لێی تێبگەین.

ئەگەر لە سێکس تێبگەین، بە دەستییەوە زەلیل نابین، بەڵکوو تەواو وەک نوێژ و یۆگا و ڕامان، بە هۆیەوە ڕۆحمان بەرەو باڵایی هەڵدەکشێت، وەک چۆن خەڵووز لە هەڵکشانیدا دەبێت بە ئەڵماس. سێکس کە ئارەزووە، دەکرێت ببێت بە نووری خۆشەویستی و ڕێی بەرەو لای خوامان بۆ ڕۆشن بکاتەوە، بەڵام ئەگەر خۆمانی ڕادەست بکەین، هەر بە خەڵووزی دەمێنینەوە. سێکس حەقیقەتە، وەهم نییە، بەوە بزر نابێت، ترسنۆکانە خۆمانی لێ بدزینەوە، بەوە بە قازانجمان دەشکێتەوە، بوێرانە بەرەو ڕووی ببینەوە.

ئەگەری ئەوە بەهێزە، لە ناخی هەر کەسێکدا، هەم بەهەشت هەبێت و هەم دۆزەخیش، هەم خوداوەند هەبێت و هەم شەیتانیش، ئەگەر نا، ئەوە چۆن لێک دەدرێتەوە، کەسێکی هێمن و بێوەی کە خۆشەویستی لە چاویدا شەوق دەداتەوە، لەناکاو تاوانێکی گەورەی لە دەست دەقەومێت؟ لە ناخی ئینساندا، دڕندەیەک خۆی مەڵاس داوە، هەر هەلی بۆ ڕەخسا، دەستی کوشندە دەوەشێنێت، ئەوە بۆیە، وەک نموونە، لەپڕ پیاوێک بە زۆرەملێ، ژنێک دەنێتە ژێر خۆی و زەوتی دەکات. ئینسان وەختێکی زۆری ژیانی بۆ لەغاوکردن و بەستنەوەی ئەو دڕندەیە تەرخان کردووە، دڕندەکەیش بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە لە زیندانی ناخی ئینسان قوتاری ببێت. ئەوی پێی دەڵێین ئینسان، تا لەو دڕندەیەی ناخی ڕزگاری نەبێت، ئینسانێکی تەواو نییە.

چەپاندن نەک هەر ئینسان لە هیچ ڕزگار ناکات، بەڵکوو هەر ئارەزوویەک سەرکوتی بکەین، ڕەگوڕیشەی قووڵتر بە نەستماندا ڕۆ دەچێت و زیاتر گیرۆدەی دەبین، ئاخر ئینسان بە گشتی توانای جڵەوکردنی ئارەزووی نییە، ئەوە ئارەزووە، ئینسان جڵەو دەکات. ئاژەڵ وەخت و وەرزی دیاریکراوی بۆ سێکس هەیە، بەڵام ئینسان پێبەندی وەخت نییە، سێکس لە کنی، گڕکانێکی هەمیشە هەڵچووە، بە درێژایی ساڵ، حەزی لێیەتی و هیج ئاژەڵێک ئەوەندەی ئینسان بەئاڵۆش نییە، بۆیە ئەوە ستەمە لە ئاژەڵی دەکەین، ئەگەر تامەزرۆییی بۆ سێکس، بە ئارەزوویەکی ئاژەڵانە لە قەڵەم بدەین.
  
ئینسان بۆ گەییشتن بە چرکەساتێک لە لەززەت، کە لە سێکسی دەبینێت، زۆرترین وزە کە ژیانی پێوە بەندە، لە کیس خۆی دەدات، ئەمەیش زادەی ئەوەیە، سێکس هێزێکی مەزن و سەرسوڕهێن بۆ ڕاکیشانی ئینسان بۆ لای خۆی شک دەبات. ئاخۆ ئەگەر ئینسان ئەو خۆشییەی لە سێکسی دەبینێت، بە ڕێگەیەکی دیکە پێی بگات، بەبێ ئەوەی ئەو هەموو وزەیە بە هەدەر بدات، لە سێکس دوور دەکەوێتەوە؟ کێشەکە ئەوەیە سێکس وەها ئینسانی داگیر کردووە، بیری بۆ ئەوە ناچێت، دەشێت ئەزموونێکی دیکە هەبێت، جێی سێکس بگرێتەوە.

16/8/2016
ستۆکهۆڵم

(١) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعی، نقلە إلی العربیە: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد ٢٠١١ دمشق.
(٢) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار ٢٠١٣ اللاژقیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە