سۆناتای خۆزگەكەكان

24-02-2017
سمكۆ محەمەد
A+ A-

ئاوێنە قرمزییەكەم
لەبەر هەتاو هەڵدەواسم
بەڵێنە قوللەی سەربڵندی شەوانی ئەوێ‌ ماچ بكەم
شەوانی پڕ لە حەشاماتی سەرشۆستەكان
هەناسە هەڵماوییەكان و
شەونمی سەر گەڵا وەریوەكان  
بەڵێنە رەشماڵی غەزەلێك بچنم
غەزەلێك بە پرچی كچان و بازووی كوڕان
غەزەلێك بێ‌ ماچ
غەزەلێك بێ‌ خەو
لەسەر مەزاری زەردهەڵاتووی لەغوربەت نێژراو هەڵبدەم
بەڵێنە سواری گەمییەكی چاونەترس بم
سەوڵی رەنگاوڕەنگ هەڵبدەم
بێ‌ ترس لە هەڕەشەی تۆفان
بێ‌ ترس لە هەڕەشەی زریان
تابەیانی وەك منداڵێكی ئولفەت گرتوو
تەماشای شاری سورەیا و چراخان بكەم و بڵێم خۆزگە
حۆزگەی هێڵ و رەنگ و دەنگ و شێوەكانی مەوجوود
خۆزگەی بارانی یەشمەكانی هاشم

خۆزگەی ئاپۆڕای كەرنەڤاڵی بەختیار
من چەند گوناهم بەم بەیانییە خۆزگە دەچنم
چەند گوناهم چاوەڕێی تۆم و تۆ چاوەڕێی منی و ئێمە چاوەڕێی ئەوانین و ئەوانیش چاوەڕێی ئێمە و هەموومان چاوەڕێی یەكترین
دڵڕەقانەش بەزەییمان بە یەكتردا نایەت
ئەی خۆزگە ئەو بەیانییە ی من دەڵێم
هەموومان لەدەم ئەو رووبارە دەبووین
ماچبارانی یەكترمان دەكرد
ئەی خۆزگە ئەو رۆژەی ژنان لە پەنجەرەكانەوە دەیانڕوانی
جێتنەدەهێشتم
ئەو رۆژەی دەگەڕام بۆ ساتێ‌ ئارامی
لە ژێر سپی دارەكەی بەرماڵتان
كە رەش داگیرسابووی لالووت نەدەبووی
ئەو رۆژەی من دەمویست پەرچەمی تۆ هەڵبدەمەوە و
وێنەی كچان و كۆڕانی ژێر قوللەكەت پێ نیشان بدەم
فرمێسكەكان نەبن بە هەڵم
كە پێم دەگوتی بۆنم كە
تۆز و خۆڵی ئەم مەفسەدە نەماوە بۆنی نەكەم
تەماشا كە ئەشكەوتێك نەماوە تیا نەنووم
زیندانێك نەماوە جگەرەی تێدا دانەگیرسێنم
گومان لە بەدیهییەكان بكە پرسیارێك نەماوە من لە وجوودی نەكەم
پرسیار لە خۆڵەمێش ناكرێ‌

پێشتر دارێك گڕی لە خۆی بەرنەدابێت
پرسیار لە نەفام ناكرێ‌
سۆراخی پاڵتۆكەی باوكی لە رێبوارانی سەر شەقامە ساردەكان نەكردبێ
پرسیار لەكەسی وەك تۆ ناكرێ‌
چوون تۆ قووتووی بەتاڵ هەڵدەگری
رۆژنامەیەك ناخوێنیتەوە
تۆ نابی بە موسافیر .. نا
لە داخا شووشەی باوكت دەشكێنی
وا دەزانی هەنسكی دایكت بۆ تۆیە
پرسیار لە كەسێك ناكرێ‌ بەفر ژێر پێی نەبردبێت
پرسیار لە كەسێك ناكرێ‌ دڕك بە پێیدا نەچەقیبێت
من حەز دەكەم
لە لەتە پسكیتێك ئاسانتر بم
منداڵێكی پێ‌ ژیر بكرێتەوە
من حەز دەكەم لەو رووبارەدا مەلە بكەم
لە ماسییەك بەریئتر بم
منداڵێك گەمەم لەگەڵ بكات
من حەز دەكەم
قژی گیا سەوزەكان شانە بكەم
بەناسكیی لاسكە رێواسێك سوێند بخۆم
رۆژێك لەبەرخاتری زامی شیعرێك بەرۆژوو بم
دەقیقەیەك بێ‌ گومان تەماشا بكەم

تۆ قەت نابی بە شەمعدان
ئەگەر چاوت نەسووتێ‌
قەت نابی بە فریشتە ئەگەر پرچی خۆت بە سپێتی نەبینی
قەت نابی بە قەرەج
ئەگەر رەوەندێك نەناسی
قەت نابی بە شاژن
ئەگەر سەرت هی خۆت نەبێ‌ و مێزەرێكی قەنەفڵی لەسەر نەكەی
هێشتا لەوێ‌
سەرت قوللەی بیابانێكی ئابڵۆقەدراوی شیعرێكی پڕ لە خۆزگەیە
لە چوارگۆشەی وەرزەكاندا
خەون بە بالیایەكەوە دەبینی
لەشەوی بووكێنی ترسناكترە
لە سێگۆشەی سنوورەكاندا خەون بە ئاسمانێكەوە دەبینی
لە ئێوارەی هەڵەبجە سوورترە
چی بكەم
لەنێوان خۆزگەكانی من و خەونەكانی تۆدا
دێڕێكی تر بۆ منداڵیی تۆ ناڕسكێ‌
وشەكان بكەیتە قردێلە و لەسەری بدەی
لەنێوان رۆژەكانی من و شەوەكانی تۆدا
گوڵێكی تری كریستاڵی ناپشكوێ‌
جارێكی تر لەیەخەی بدەی
خۆزگەكانی من ئاوهان
سەرەتایەكن بێ‌ ناو
كۆتاییەكن بێ‌ ئیمزا .

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە