وێنەی پاشەڕۆژ

24-10-2015
بەفراو نوری
نیشانەکردن بەفراو نوری
A+ A-

مرۆڤ هەمیشە لە داهاتوو ترساوە، ئەوەش لەم سەردەمەدا چەندان جار تۆختر و توندتر بووە بەهۆی گەشەی تەكنۆلۆژیاوە كە بووەتە هێزێكی ترسناك لە ژیانی مرۆڤدا.

ئێستا مرۆڤ لە رێگای تەكنۆلۆژیاوە تەنانەت هەستەكانیان كۆنترۆڵ دەكرێ، گەشەی زانست و تەكنۆلۆژیا پێش ئەوەی ئاسوودەگی و بەختەوەری و ئازادی بهێنێ بۆ مرۆڤایەتی، كارێكی كردووە كە تەنانەت ئاڕاستەكاری هەست و بیركردنەوە و جووڵەی مرۆڤەكانیش بێت. 

مرۆڤی ئەم سەردەمە رۆژانە لەڕێگای تەكنۆلۆژیاوە (بۆ نموونە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و وێنەكان)، بەردەوام بێ ئەوەی خۆی هەست بكات كۆنترۆڵ دەكرێت. زانست كارێكی كردووە كە رۆژانە دەبێت بەپێی زانست بخۆین و بخەوین و ژیانی رۆژانەی خۆمان رێكبخەین. 

ئەو كارەساتەی كە فۆكۆ بە وردی باسی دەكات و باس لە جۆر و شێوە جیاوازەكانی كۆنترۆڵ دەكات، لە سەردەمی مۆدێرنەدا بە تەواوی هاتووەتە دی. ئەم هەستكردنە بە مەترسیی زانست و تەكنۆلۆژیا لەسەر مرۆڤایەتی، لە ئەدەبیشدا رەنگی داوەتەوە و زۆر نووسەر و رۆماننووس ئەو مەترسی و فەزا وەحشەتناكەی كۆنترۆڵمان لە رێگای زانست و تەكنۆلۆژیاوە بۆ باس دەكەن. 

بۆ نموونە لە رۆمانی 1984ی جۆرج ئۆروڵ-دا دەبینین كە چۆن ژیانی هەموو مرۆڤەكانی كۆمەڵگا لەڕێگای تەكنۆلۆژیاوە كۆنترۆڵ دەكرێت و تەنانەت دەسەڵات لەڕێگای ئامێرەكانەوە لە ترپەی دڵی مرۆڤەكان ئاگادارە و بەردەوام لەژێر چاودێریدان و هیچ شتێكی لێ ون نابێت. 

شاكارێكی دیكە كە بەشێوەیەكی زۆر رادیكاڵتر و بە چاوێكی زۆر رەشبینانەوە ئەو مەترسییەی زانست و تەكنۆلۆژیای پێشان داوین، رۆمانی (دونیای جوانی نوێ- Brave New World)ی ئالدۆس هاكسلی نووسەر و بیرمەندی ئینگلیزییە. رۆمانەكە بەپێی یەكێ لە راپرسییەكان لە 100 باشترین رۆمانی سەدەی بیستەم، پلەی پێنجەمی بەدەست هێناوە. رۆمانێكە كە دونیای پیشەسازیی ساڵی 2540 لەندەندا بە شێوەیەكی ترسناك پیشان دەدات. 

چیرۆكی جیهانێ كە تێیدا گەشەی زانست و تەكنۆلۆژیا گەیشتووەتە شوێنێك، مرۆڤ دەتوانێت پرۆسەی لەدایكبوون و دروستكردنی مرۆڤ بە شێوەیەكی ساختە و لە ئاستێكی زۆردا جڵەو بكات و مرۆڤ وەك جوجك لە كارخانەی تایبەتدا دروست دەكرێن و گەورە دەكرێن. لە رۆمانەكەدا حكومەتێكی جیهانی بە مەبەستی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی چینایەتی دەست دەكەن بە دروستكردنی مرۆڤ لەڕێگای دروستكردنی منداڵانی بۆڕییەوە. 

بەڕێوەبەرەكان لەڕێگای بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیای باڵاوە منداڵەكان دەستەمۆ دەكەن و ئەو شێوەی رەفتار و هەڵسوكەوتەی كە دەیانەوێت تێیاندا دەچەسپێنن كە دواجار لە داهاتوودا خودی مرۆڤەكان هەست بە هیچ شتێكی نائاسایی ناكەن و ژیانی خۆش و ناخۆشیان لەلا نورماڵ دەبێت. 

لەم كۆمەڵگایەدا مرۆڤەكان دابەش دەبن بەسەر چوار چیندا بە ناوی ئالفاكان، بێتاكان، گاماكان و ئێپسیلونەكان. هەر چینێكیش لەناو خۆیدا دەبێت بە دوو بەشی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ. 

چینەكان لەسەر ئاست و پلەی هۆش و بلیمەتییەك كە پێیاندراوە، دروست بوون و هەر چینێك تایبەتمەندیی خۆی هەیە. ئالفای پۆزەتیڤ باشترین جۆری مرۆڤن و لەڕووی هۆش و شوێنی كۆمەڵایەتیشەوە لە چینەكانی دیكە سەرترن. 

هەموو مرۆڤەكان لە منداڵییەوە بە شێوەیەك گەورە دەبن كە هیچ لە دۆخی خۆیان ناڕازی نەبن، بۆ نموونە ئێپسیلونەكان كە خوارترین چینی دونیای فۆرد بوون، لەگەڵ ئەوەدا كە دەیانناردن بۆ بیابانی ئەفریقای باشوور بۆ ئیشی كانزا، هیچ لە دۆخی خۆیان ناڕازی نەبوون، چوون لە منداڵییەوە بە شێوەیەك فێر دەكرێن كە هەر كەسێك لە داهاتوودا هەر ئیشێكی پێ درا، دەبێت خۆشی بوێت. لەم دونیایەدا ئایدیای بوونی دایك و باوك یان بوونی ئایین و خۆشەویستی و سۆز نە تەنیا بوونی نییە، بەڵكو جێگای شەرم و پێكەنینە. 

هەموو شتێك پێشتر لەڕێگای دەستەمۆكردن و خەون و مادەیەكەوە بەناوی سوما بۆ مرۆڤەكان دیاری كراوە و نۆرمالیزە بووە. هنری فۆرد كە یەكێكە لە باوكانی پیشەسازیی نوێ، لە رۆمانەكەدا وەك رەمز جێگای خودا و مەسیحی گرتووەتەوە و هەموو شتێك لەسەر بنەما ئەخلاقییەكانی فۆرد بەڕێوەدەچێت، هەتا وەك چۆن لە دنیای ئێمەدا لەدایكبوونی مەسیح سەرەتای رۆژژمێر و ساڵنامەكانە، لە دنیای نوێدا مێژوو بە سەردەمی پێش فۆرد و دوای فۆرد دەپێورێت. 

رێنماییەكانی فۆرد پێیان دەڵێت كە دەبێت لە ئەشق و كتێب و ئەخلاق و سروشت بێزار بن و مردن بە شتێكی ئاسایی سەیر بكەن و چێژ وەرگرتن لە سەرەوەی هەموو شتێك بێت بۆیان، كاتێكیش لە شتێك ماندوو بوون، لە رێگای خواردن و بەكارهێنانی مادەی سوماوە خۆیان سەرخۆش بكەن و وایان لێبێت كە بەس بیر لە چێژ و حەز بكەنەوە. 

كەسێكی ناو دونیاكە بە ناوی بێرنارد كە دەروونناسێكی ئالفای پۆزەتیڤە، بەهۆی نەقسێكی جەستەییەوە خۆی بە جیا لەوانی تر دەزانێت، بێرنارد تەنیا كەسێك خۆشی بوێت، كەسێكە بەناوی هلمهولتزە كە پێچەوانەی بێرنارد زۆر لەناو خەڵكدا خۆشەویست و سەركەوتووە. 

دوایی بێرنارد لەگەڵ كچێك بەناوی لینا كە لە ئالفای نێگەتیڤە، دەچنە مالپاییس بۆ سەفەر و سەیران، مالپاییس شوێنێكە لە ئەفریقا كە تاكە شوێنی دونیایە هەندێ لە سوور پێستەكانی تێدایە كە هێشتا ئایین و كولتووری خۆیان هەیە و هێشتا  سۆز و هەستكردن بە تاوان و عاتیفەی دایكی و ژیانێكی سروشتی ماوە و خاڵییە لە یاسا و بەهاكانی فۆرد. 

شوێنێكە مرۆڤە شارستانییەكان ناویان ناوە "وەحشستان" و وەك سەیرانگایەك وایە و خەڵكانی دنیای نوێ بۆ پێكەنین و كات بەسەربردن سەردانی دەكەن. بێرنارد كاتێك دەیەوێت بچێت، بەڕێوەبەرەكەی بیری یادەوەرییەكی تاڵی خۆی دەكەوێتەوە. 

بۆ ئەوەی بێرنارد پەشیمان بكاتەوە لە چوون، یادەوەرییە تاڵەكەی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە. پێی دەڵێت كاتی خۆی لەگەڵ هاوڕێكەیدا سەفەری كردووە بۆ ئەوێ، لەوێ هاوڕێكەی سكی پڕ بووە لێی و بۆ ئەوەی نهێنی هەڵنەماڵرێ و خەڵكی بەو كارە نامەشروعەی نەزانن و نەزانن كە منداڵی بووە، كچەكە لە وەحشستان بەجێ دەهێڵێت و خۆی دەگەڕێتەوە. 

بەڵام بێرنارد گوێ ناداتێ و لەگەڵ لینا هەر سەفەر دەكات. كاتێك دەگەن، زۆر سەریان لە ئاداب و رەفتاری خەڵكەكەی ئەوێ سوڕدەمێنێ و پێیان سەیر دەبێت و تەنانەت لینا بە بینینی هەندێ شت تێكدەچێت و دەگریەت. لەوێ كەسێك دەناسن بەناوی جان كە ئینگلیزی دەزانێت و قسەیان لەگەڵ دەكات و جان دەیانباتەوە بۆ ماڵ و دوایی تێدەگەن كە جان هەر ئەو منداڵەیە كاتی خۆی بەڕێوەبەر لە كچەكەی هاوڕێی بوویەتی و بەجێی هێشتوون. 

جان باسی خراپیی ئەخلاقی دایكی دەكات كە بە هۆیەوە ژیانی ناخۆش بووە. دایكی كەسێكە زیاتر بە دوای چێژی جەستەوەیە و ئەوەش لە وەحشستان بە شتێكی زۆر ناشیرن و بەدڕەوشتانە سەیر دەكرێت. 

بۆیە بێرنارد، جان و دایكی لە وەحشستانەوە دەعوەت دەكەن بۆ ناو شارستانیەت. كاتێك دەگەڕێنەوە، بەڕێوەبەر بە جان دەڵێت گەر نەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات، دەبێت دەربكرێت و دووربخرێتەوە، بەڵام جان، لیندا دەهێنێت كە ژنە هاوڕێكەی بەڕێوەبەرە و لیندا هەموو چیرۆكەكە بە بەرچاوی خەڵكەوە دەگێڕێتەوە و بەو هۆیەوە بەڕێوەبەر زۆر هەست بە شەرم دەكات و دەست لە كار دەكێشێتەوە. 

دواجار بێرنارد بەهۆی جانەوە ناو و ناوبانگ بۆ خۆی پەیدا دەكات و دەبێتە جێگای سەرنجی خەڵك و هەموو میدیاكان باسی دەكەن. دوای ماوەیەك جان بەهۆی لیناوە كە وا دەكات جان لەگەڵی پەیوەندی جەستەیی هەبێت، هەست بە گوناهی زۆر دەكات، لینا و جان حەز لە یەك دەكەن، جان داوا دەكات هاوسەرگیریی بكەن، بەڵام لینا چوون هاوسەرگیری بە شتێكی دژی بەهاكانی دونیای فۆرد دەزانێت، ناتوانێت قەبولی بكات و حەز دەكات هەر بەو شێوە پەیوەندییان هەبێت. 

جان بەو هۆیەوە تووشی ئازارێكی ویژدانی زۆر دەبێت و كە ئەخلاقی ئەوێ دەبینێت، زۆر لەو دونیایە بێزار دەبێت، بە تایبەتی كە دایكی دەبینێت لە بەكارهێنانی سومادا زۆر دەچێت و بەو هۆیەوە دەمرێت، بۆیە كاتێك ئەو خەڵكە دەبینێت كە چاوەڕێی مادەی سوما دەكەن، هێرش دەكاتە سەر مادەكان و هەمووی پەرشوبڵاو دەكاتەوە و فڕێیان دەدات، بەو هۆیەشەوە پۆلیس دەستگیری دەكەن، لەو كاتەدا كە بێرنارد و هلمهولتز خەریكی ئارامكردنەوەی جان دەبن، ئەوانیش دەستگیر دەكرێن و تۆمەتی هاودەستبوون لەگەڵ جان- یان دەدرێتە پاڵ. 

دواجار بێرنارد و هلمهولتز دوور دەخرێنەوە بۆ شوێنێك كە ناوی ئیسلەندە. لێكوڵەر باسی ئەوەیان بۆ دەكات كە كاتی خۆی ئەویش كەسێكی وا بووە و تەنیا بووە و ئەویش سەردەمێك بۆ ئیسلەند دوورخراوەتەوە، بەڵام كتێبێكی لەسەر فەلسەفەی زانست خوێندووەتەوە و بیروبۆچوونی گۆڕاوە و بووەتەوە بە مرۆڤێكی شارستانی. 

جان لای خۆیان دەمێنێتەوە، بەڵام جان بە هۆی ئازاری ویژدان و بێزاریی لەو دونیا نوێیە، دەچێتە ناو قەڵایەكی دوور و لەوێ تەركی دونیا دەكات و بۆ ئەوەی خۆی لە ئازاری ویژدان پاك بكاتەوە، زۆر لە خۆی دەكات و تەنانەت هەموو رۆژێك خۆی ئەشكەنجە دەدات و لە خۆی دەدات. رۆژێك كە لەخۆی دەدات، دەیبینن. بەوەدا ئەم رەفتارە بۆ خەڵكی جیهانی نوێ زۆر سەیرە، ماڵەكەی پر دەبێت لە هەواڵگر و میدیاكار، بۆیە زۆر تووڕە دەبێت و لەگەڵیان بە شەڕ دێت. 

بۆ ئارامكردنەوەی سومای دەرخوارد دەدەن و دوایی بەهۆی كاریگەریی سوماوە دووبارە لەگەڵ لینا پەیوەندی جەستەیی دروست دەكاتەوە، بەڵام دوایی كە هۆشیار دەبێتەوە و دەبینێت هەموو میدیاكان باس لە چێژ و هەرزەگی و بەدڕەوشتیی ئەو دەكەن لە شەوی رابردوودا، بەرگەی ئەو ئازارە ناگرێت و لە بەر هەستكردن بە تاوان خۆی دەكوژێت.

رۆمانەكە بەگشتی رووی ترسناكی دنیای مۆدێرن و كۆمەڵگای كۆنترۆڵ دەردەخاتەوە، تەكنۆلۆژیا مرۆڤەكان دەستەمۆ دەكا و ئەو كەسەیان لێ بەرهەم دێنێ كە پێویستە، هاكسلی بەگشتی رەخنە لە ئاڕاستە و رێگای ئەم گەشە تەكنۆلۆژییە دەگرێ كە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیستەوە گرتوویەتیە بەر. ئەوەی ئەم رەوتە هەموو هەستێكی سروشتی دەكوژێت و سروشت وەك وەحشستانی لێ دێت، ئێستا سەرەتاكانی دەركەوتووە، رۆمانەكە پێشبینی دروستبوونی منداڵانی لوولە و زانستی دەستكاریكردنی جینەكانی كردووە كە ئەمڕۆ یەكێكە لە پرسیارە ئەخلاقیەكانی سەردەم. سەردەمی سەرهەڵدانی كارخانەی دروستكردنی مرۆڤیش شتێكی زۆر دوور نییە. 

بەڵام رۆمانەكە هەر رەخنەی جیهانی نوێ نییە، لە كەسایەتی جان و لە ئەخلاقی توندوتیژیی وەحشستانیشدا هاكسلی رەخنە لەو دوو قوتبییە سەختە دەگرێت كە مرۆڤ خۆی تێدا بەند كردووە. جیهانی وەحشستانیش كە جیهانە سروشتییەكەیە و جیهانی عاتیفە و رەوشتە، بەشێوەیەكی تر مرۆڤی دەستەمۆ كردووە. 

لەم رۆمانەدا هاكسلی رەخنە لە هەموو جۆرە كۆمەڵگایەك دەگرێت كە ئەندامەكانی بە جۆرێكی شەرتی پەروەردە دەكات. مرۆڤ لەم كۆمەڵگایانەدا تەنیا ئەو شتەیە كە كۆمەڵگا دەیەوێت و دروستی دەكات، تا تەكنۆلۆژیاش زیاتر بچێتە پێش، مرۆڤ لە سروشت و ئازادیی خۆی دوورتر دەكەوێتەوە. رۆمانەكە وەك یەكێك لە گرنگترین رۆمانە دژە یۆتۆپیاكان حساب دەكرێت، دنیای جوانی نوێ، دنیایەكی خاڵییە لە مرۆڤ و پڕە لە كۆیلەی بەختەوەر كە لە كارخانە و ئەزمایشگاكانی زانستدا دروست بوون.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە