لە ڕوانگەی (ئۆشۆ)وە

24-11-2016
حەمەسەعید حەسەن
نیشانەکردن ئۆشۆ
A+ A-

(14)

لە ئەوینی ڕاستەقینەدا دابەشبوون نییە، دوو ئەویندارەکە دەبن بە یەک، بەڵام ئەگەر ئەوین لە گۆڕێ نەبێت و لەخۆباییبوون هەبێت، ئەوسا دڵدار و دڵبەر هەیە و دڵدار دەکەوێتە خزمەتی دڵبەرەوە. لە خۆشەویستیی ڕاستەقینەدا پێوەندیی نییە، چونکە دوو کەس لە گۆڕێ نییە، تا پێوەندی پێکەوەیان گرێ بدات، ئەوەی هەیە بەیەکبوون و لە یەکدیدا توانەوەیە. لە دۆخی لەخۆباییبووندا، ئەوەی بە هەڵە بە ئەوینی لە قەڵەم دەدەین، دڵدار و دڵبەر هەیە، کە دڵدار و دڵبەریش هەبوون، خۆشەویستی لەوێ نییە.

خۆشەویستیی ڕاستەقینە ئەوەیە کە هەمیشە لە ئێستادایە، ئەوەی بووە بە ڕابردوو، زادەی خۆهەڵکێشان و لووتبەرزی بووە. لە ئەوینی ڕاستەقینەدا، پەرۆشی هەیە، بەڵام پەرۆشییەکی هێور، هەستێکی گەرم هەیە، بەڵام گڕ و کڵپە نییە. خۆشەویستیی ڕاستەقینە وامان لێ دەکات، کەمترین هەڵچوونمان پێوە دیاربێت و بە هێمنی و تەنانەت بە (بێدەنگی)یش، هەستی خۆمان دەرببڕین، بەڵام خۆشەویستیی ساختە کە زادەی خۆپەسەندکردنە، لێوانلێوە لە هاتوهاوار و گڕ و کڵپە و هەڵچوون.

خۆت خۆش بوێت! ئاخر تەنیا لە ڕێی خۆخۆشویستنەوە، چاوچنۆکی و خۆهەڵکێشان بزر دەبن، هەر ئەوسایش پەیامی خۆشەویستیی تۆ، بەوی دی دەگات. ئەوسا خۆشەویستی، وابەستەبوون نابێت، هاوبەشیی دەبێت، ئەوسا بکەر و بەرکار لە گۆڕێدا نامێنن، لە یەکدی نزیکبوونەوە و لە یەکدیدا توانەوە دێنە گۆڕێ، هەر ئەوسایش پەرۆشییەکی هێور، جێی هەڵچوونێکی ئاگرین دەگرێتەوە.

بۆچی خۆشەویستی بەئازارە؟ چونکە ڕچەی بەفرینی بەرەو بەختەوەری دەشکێنێت. چونکە گواستنەوەیە، هەموو گواستنەوەیەکیش بەئازارە، ئاخر ئەوەی لەسەری ڕاهاتبووین بەجێی دەهێڵین و دەچینە دۆخێکی نوێوە کە پێی ئاشنا نیین. لە دۆخی نوێدا، هەست بە ترسێک دەکەین، لەو ترسە دەچێت کە کۆرپە وەختێک لە سکی دایکی دێتە دەرەوە، هەستی پێ دەکات. بێچووەمەلیش کە سەری لە هێلکە دەجووقێت، هەمان ترسی لێ دەنیشێت، کە بۆ یەکەم جار هەوڵی فڕینیش دەدات، ترس دایدەگرێت. بوونەوەر کە لە مەعلوومەوە بەرەو مەجهوول بەڕێ دەکەوێت، ئەوە ئاسایییە ئەگەر بترسێت.

خۆشەویستی ئەوەیە، لە دۆخێکەوە کە خود بوونی هەیە، دەچین بۆ دۆخێک کە خود بوونی نامێنێت، بۆیە هەست بە ئازارێکی قووڵ دەکەین، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین، ناتوانین بەبێ تێپەڕبوون بە کێڵگەی ئازاردا، بگەینە هەواری ئاسوودەیی، وەک چۆن زێڕ پاکژ نابێتەوە، ئەگەر بە ئاگردا ڕەت نەبێت. ئەوین ئاگرە، هەر لە ترسی ئازاری ئەو ئاگرەیشە، زۆر کەس خۆیانی لێ دەپارێزن. چێشتنی ئازاری خۆشەویستی بەفیڕۆ ناچێت، ئاخر بەهۆی خۆشەویستییەوە، بە ئاستێکی بڵند لە تێگەییشتن دەگەین و دەتوانین داهێنان تۆمار بکەین. ئازاری خۆشەویستی چەند سەختیش بێت، هێشتا لەوە باشترە، بەبێ خۆشەویستی بژین و عومرمان بەفیڕۆ بچێت.

ئەوی بەبێ خۆشەویستی دەژی، کەسێکە نێرگزی، دەرگای لەسەر خۆی کڵۆم داوە و کەس ناناسێت، ئەویشی کەس نەناسێت، توانای ئەوەی نابێت، خۆیشی بناسێت. ئەوە تەنیا خۆشەویستییە وا دەکات هەم خۆمان بناسین و هەم ئەوانی دیکە. خۆشەویستیی باڵا، فێرمان دەکات کراوە بین، سەرچڵ بین و بیر لە مەترسی نەکەینەوە. ڕەنگە ئازار بدرێین، بەڵام نابێت بترسین، دەشێت دەست بنێن بە ڕوومانەوە، بەڵام نابێت هەستی پاکی خۆمان بشارینەوە. ڕەنگە ترسی ئەوەت هەبێت، لە ڕوانگەی ئەوی دییەوە ناشیرین بیت، بەڵام بەوە جوان نابیت، ئەگەر سەیری ئاوێنە نەکەیت. ئەوی دی ناسین وەک ئاوێنە وایە، خۆمانی تێدا دەبینینەوە، لێی مەترسە! ڕووبەڕووی ببەوە!

ئینسان پێویستە خۆی فڕێ بداتە زەریای ئەوینەوە، ئاخر ئەوە هەنگاوی یەکەمە بەرەو لای خوا، ئەوانەی ئەو هەنگاوە نانێن، قەت ناگەنە لای خوا. هەبوونی تۆ بە هەبوونی ئەوی دییەوە بەندە، لە قاوغی نێرگزیبوون وەرە دەرەوە، ئاخر نێرگزیبوون دونیایەکی داخراوە، لەژێر ئاسمانێکی کراوەدا. خۆشەویستی ئاسمانێکی بەرینە، بێجگە لە فڕین بەو ئاسمانەدا، ڕێگەچارەی ترمان نییە. خۆڕزگارکردن لە (من)ی خۆمان، ئازاربەخشە، ئاخر وا دەزانین ئەو منە، تاقە سامانی ئێمەیە، بۆیە دەیپارێزین، بەڵام دەبێت هەر کە خۆشەویستی لە دەرگای داین، ئەو منە دوور تووڕ بدەین.

ئینسان کاتێک هەبوونی خۆی دەسەلمێنێت کە پێوەندیی بە کەسانی دیکەوە هەبێت، کەسی دوورەپەرێز وەک نەبوو وایە. ئێمە خودێک نیین بە تەنیا بژین، بەشێکین لەوانی دیکە، بە هەموومان ژیان پێک دەهێنین. خۆشەویستی ئەزموونێکە بۆ یەکەمین جار، توانای ئەوەت پێ دەبەخشێت، لەگەڵ کەسێکدا بگونجێیت کە (من)ی خۆت نییە. کە بتوانیت لەگەڵ ژنێکدا، (یان پیاوێکدا) بگونجێیت، لەگەڵ منداڵت، هاوڕێت، دایکت و دراوسێت بگونجێیت، ئیدی دەتوانیت لەگەڵ هەموو مرۆڤایەتیشدا بگونجێیت؟ لەگەڵ ئاژەڵ و مەل و درەختیشدا بگونجێیت.

خۆشەویستی پەیژەیەکە، بە کەسێک دەست پێ دەکات و بە هەمووان دوایی دێت. خۆشەویستی سەرەتایە، بە خوا کۆتایی دێت. ئەوە چاوەڕوانکراوە لە خۆشەویستی بترسین، ئاخر بەهۆی خۆشەویستییەوە پێدەگەین، پێگەییشتنیش ئازاری هەیە، (خونچە بۆیە لە کرانەوە دوودڵە و دەترسێت، چونکە دەزانێت ئازاری پێ دەگات،)(*) بەڵام خۆ ناکرێت، تا دەمرین هەر نێرگزی بین و هەر لە زیندانی تاریکی (من)ی خۆماندا بژین. نابێت بە پاساوی ئەوەی خۆشەویستی تووشی کێشەمان دەکات، خۆمانی لێ بدزینەوە، دەبێت ڕووبەڕووی ببینەوە. دەبێت لەنێو ئەو کێشانەدا بژین کە خۆشەویستی بۆمانی دروست دەکات، بەڵام هێدی هێدی لەدوای خۆمانەوە بەجێیان بهێڵین.

خۆشەویستی تاقە شتی سەرەکییە کە پێویستە تاقیی بکەینەوە، شتەکانی دیکە لاوەکین، ئیللا مەگەر کۆمەک بە خۆشەویستی بکەن. هەموو شتەکانی دیکە ئامرازن، تەنیا خۆشەویستی ئامانجە، بۆیە بە چاوپۆشین لەوەی چەند ئازارمان پێ دەگات، نابێت خۆمانی لێ بدزینەوە. ئەگەر خۆمان لە خۆشەویستی بەدوور بگرین، نابین بە ڕووبارێک کە بەرەو زەریا بەڕێوەیە، دەبین بە گۆمێکی لیخن کە لە جێی خۆی نابزوێت. ڕووبار بۆیە بە پاکژی و بە ڕۆشنی دەمێنێتەوە، چونکە ڕێ دەکات و لە جێیەکدا قەتیس نابێت. هەموو عاشقێک ڕووبار ئاسا بە پاکیزەیی دەمێنێتەوە، ئەوانەی خۆیان لە خۆشەویستی بەدوور دەگرن، پاکیزەیی لە دەست دەدەن و وەک گۆمێکی لیخن، بۆگەن دەکەن.

15ی نۆڤەمبەری 2016
ستۆکهۆڵم


(1) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.
(*) کارین بۆیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە