چەند سەرنجێك لەبارەی ڕۆمانی (پەپوولەکانی تاریکی)

25-01-2019
حەمە مەنتك
نیشانەکردن پەپوولەکانی تاریکی
A+ A-

لە گێڕانەوەناسیدا دوو ئاراستە بۆ توێژینەوە لە دەقی گێڕانەوەییدا هەن. ئاراستەی یەکەم، ئاراستەی سیمیۆلۆژییە کە گرینگی بە ناوەڕۆکی دەق دەدات، واتە پێوەندی گێڕانەوە بە دەلالەتەوە، گریماس و کلۆد بریمۆن ڕابەرانی ئەم ئاراستەیەن. هەرچی ئاراستەی دووەمە، ئاراستەی بونیادگەرییە، لەم ئاراستەیەدا گرینگی بە سیستەمی بونیادی چیرۆک دەدرێت، لە چوارچێوەی ئەوەیشدا تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە، ڕابەرانی ئەم ئاراستەیەش (تۆدۆرۆف) و (جیرار جینێت)ن. لە توێژینەوەی گێڕانەوەدا تەکنیک و شێوازی گێڕانەوە هێندە گرینگن، تەواوی دەقەکەی لەسەر بونیاد دەنرێت. لێرەوە وەستایی ڕۆماننووس دەردەکەوێت. بۆیەش لە خوێندنەوەی هەر ڕۆمان و چیرۆکێکدا هێندەی لایەنی شێواز و تەکنیکی دەقەکە سەرنجم دەبات، هێندە ناوەڕۆکەکەی ڕامناکێشێت. ئەوە واتای ئەوە نییە ناوەڕۆک و دەلالەتی وشە و ڕستەکان لە کن من گرینگ نەبن، بەڵام بەبڕوای من ئەوەی دەقێک دەکات بە رۆمان وەستایی و تواناییە لە دروستکردنی تەکنیک.

(پەپوولەکانی تاریکی)ی (ئارام حەمە) ڕۆمانێکی فرەوەگێڕە. وەگێڕ لەڕێی خوێندنەوەی کتێبێکەوە بۆ ڕابردوو دەگەڕێتەوە. کۆمەڵێ ڕووداوی بە دوای یەکداهاتوو بە شێوەی جواداواز دەگێڕێتەوە. بەڵام دابەشکردنی بەشەکان پەرت کراون و بە دوای یەکدا نایەن، ئەمەیش تەکنیکێکە بۆ ئەوەی بەردەوام خوێنەر لە زەینی خۆیدا لە هەوڵی بە یەکەوەبەستنەوەی ڕووداو و بەشەکاندا بێت. ڕۆمانەکە لەسەر دوو کاتی جوداواز بونیاد نراوە. کاتی گێڕانەوە (ڕۆمانەکە) ساڵی 2050 یە، هەرچی کاتی چیرۆکە (ڕووداوەکانی ناو ڕۆمانەکە) لە ساڵی 1994 تاکوو 2014 دەخایەنێت. ئەمە پنتێکی هونەرییە لەم ڕۆمانەدا. ئاشکرایە ئاراستەی کاتی ڕوودانی ڕووداوەکان لە دەقی کۆندا بە شێوەی زنجیرەییە، واتە ڕابردوو، ئێستا و داهاتوو. بەڵام لەناو ڕۆمانەکەدا ئەم شێوەی زنجیرەییە تێکدەشکێت. یەکێک لە تەکنیکەکانی ئەم تێکشکاندنە گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوو. ئەم تەکنیکە، واتە گەڕانەوەیە بۆ ڕووداوێك کە پێش ئەو ڕووداوەی ئێستا دەیگێڕینەوە ڕوویداوە. ئەم ڕۆمانە لەم ڕووەوە سەرکەوتوو بووە.

پنتێکی دیکەی هونەریی ئەم ڕۆمانە، فرەوەگێڕییە. هەر بەشەی یەکێک لە کارەکتەرەکانی بەشدار لە ڕووداوەکان دەیگێڕێتەوە. لە سەرەتای هەر بەشێکیشدا ناوی وەگێڕەکە و ساڵی ڕوودانی ئەو ڕووداوانەی دەیگێڕێتەوە دیاری کراوە. تەنێ ئەو بەشانە نەبێت کە وەگێڕی هەمووشتزان ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. ئەم فرەوەگێڕییە هەوڵێکە بۆ ئەوەی کارەکتەرەکان بەبێ سانسۆر چیرۆکی خۆیان بگێڕنەوە. خۆ ئەو وەگێڕەی لە ساڵی 2050 دا کتێبێك بەناوی (پەپوولەکانی تاریکی) وەدەست دەخات و دەست بە خوێندنەوەی دەکات، دەیتوانی هەر خۆی چیرۆکی کارەکتەرەکان بگێڕێتەوە، بەڵام ئەو ئازادییە هەوڵێکە بۆ ناسینی دەنگی هەریەک لەو کارەکتەرانە. بەمەش ڕۆماننووس گوتارێک بەهۆی دەنگی ئەو کارەکتەرانەوە بەرهەم دەهێنێت. پێماندەڵێت ئەو دەنگە کێیە؟ ئەرکی چییە؟ بۆ ئەو ڕووداوانە دەگێڕێتەوە. بۆ نموونە هێندێ جار یەک ڕووداو لە گۆشەنیگای چەند کارەکتەرێکەوە دەگێڕدرێتەوە. ئەو کاتەی (مامەند بەردەشانی) چەقۆیەک لە سنگی (ئەسکەندەر) دەدات، هەردووکیان لە گۆشەنیگای تایبەت بە خۆیانەوە دەیگێڕنەوە. یەکەمیان وەکوو تۆڵەکردنەوە کارەکەی کردووە، ئەوی دیکەیان بە شێوەیەکی دیکە لێکیدەداتەوە. بەمەش هیچ یەکێک لە کارەکتەرەکان لە پێوەندیان بە کاتی چیرۆک (ڕوودانی ڕووداوەکان) دانابڕێن. ئەوەی جێی سەرنجە، دوو جۆر وەگێڕ لەم ڕۆمانەدا هەن کە کەم بە یەکەوە هەڵدەکەن. یەکیان ئەو وەگێڕەیە لە دەرەوەی جیهانی گێڕانەوە دەوەستێ و بە جێناوی نادیار ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە، کەسێکە لە ساڵی 2050 دا دەژیت و ڕۆژێک دەبینێت لە ناوەندی شار کەسێک بە ئاگر سزا دەدەن. ئاگرەکەش بە کتێبەکانی ئەو کەسە دەکەنەوە کە خەریکە دەیسووتێنن. ئەویش کتێبێک بە دزییەوە دەبات، بۆ ئەوەی بزانێت ئەو کەسە بۆ دەسووتێنن. دووەمیان ئەو وەگێڕانەن کە لە ناوەوەی ڕۆمانەکەدان و لە ساڵی 1994 تاکوو 2014 ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. بەمەش زۆربەیان بە جێناوی کەسی یەکەمی تاک ڕووداوەکان دەگێڕنەوە. بۆ نموونە: ساسان، ئەسکەندەر، بەهار ئەیووب، سەحەر بۆکانی و...تاد.

لە ڕۆماندا هەر شتێك ڕووبدات، یان باس بکرێت، دەبێ زەمینەسازی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی خوێنەر وا هەست نەکات هەقایەت دەخوێنێتەوە، بەڵکوو جۆرێک لە قەناعەتی لە کن دروست ببێت. لە لاپەڕە (23)دا کاتێك (تەیمور) پەپوولەکە لەناو شووشەیەک بە (بەهار ئەیووب) دەدات، بۆ شەوەکەی دەچێتە کۆڵانی ماڵی بەهار، ئەوەی جێی تێبینییە، وەگێڕ (تەیمور) لە دەرەوە وەستاوە و سەیری ژوورەکە دەکات، بەڵام ئاگاداری هەموو جووڵەیەکی بەهارە لە ژوورەوە. لێرەدا مادام وەگێڕی هەمووشتزان نییە، بەڵکوو بە کەسی یەکەمی تاک دەپەیڤێ، چۆن زانی بەهار لە ژوورەوە چی دەکات و چۆن پەڕۆی سەر شووشەکە لادەبات؟ بە درێژایی ڕۆمانەکە بەهاریش بۆ تەیمور باسی ئەو شەوە ناکات. لەلایەکی دیکەوە تەیمور یەک پەپوولە بە بەهار دەدات، کەچی لە لاپەڕە (107)دا دەڵێت: "بەهار هەمیشە لە پەپوولەکانی دەڕوانی کە ئەفسووناوی لە دانەیەکەوە ببوون بە چوار".

ڕاستە لێرەدا دەڵێت بە ئەفسووناوی، بەڵام چۆن؟ ئاخر ڕۆمانەکە ڕۆمانێکی پاڵەوانبازی و ئەفسانەیی و سیحراوی نییە، بەڵکوو ئەوە ڕۆمانە، نەک دەقێکی ئەفسانەیی.

وەسف یەکێکە لە تەکنیکەکانی گێڕانەوە، ئەگەر بە شێوەیەکی ورد و هونەری بەکارنەهێنرێت، کاریگەریی ناهونەری لەسەر ڕۆمانەکە دروست دەکات. وەسف تەکنیکێکە دەتوانێت ڕەوتی گێڕانەوە خێرا، یان خاو بکاتەوە. ئەوەی تێبینی دەکرێت، لەم ڕۆمانەدا وەسفەکان زۆر دووپات دەبنەوە. ئەم پاتەبوونەوەیە وا دەکات ڕەوتی گێڕانەوە خاو ببێتەوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە (21) دا وەسفی بەهار ئەیووب دەکات، لە لاپەڕە (35) هەمان وەسفی بەهار دەکرێتەوە. ئەم وەسفانە دەبنە زانیاریی دووپاتبووەوە، ئەم زانیاریانە خوێنەر بێزار دەکەن. بۆ نموونە لە لاپەڕە (27)دا ساسان دەڵێت: 

لەگەڵ مامم حاجی شەوکەتی عەتار کارم دەکرد..... گەرچی من زۆر حەزم لە کاری عەتاری نەبوو....تاد، هەمان زانیاری دوای چەند پەرەگرافێک دووپات دەبێتەوە. هاوکات کاتێک ساسان و سەحەر بۆکانی باسی زیندانی قەڵای ڕەش دەکەن، لە چەندین شوێن هەمان وەسف دووپات دەکەنەوە کە لە شێوەی دەمی گورگ دروست کراوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە (51)دا کاتێک ئەسکەندەر باسی پیاسەکەی خۆی و ساسان لە باخی گشتی دەکات، دەڵێت: گوڵەبەڕۆژەمان دەخوارد. ئەمە چەند جارێک پاتە دەکاتەوە. یان کاتێك مامەند بەردەشانی باسی ئەو شەوە دەکات کە بە منداڵی چەند پیاوێک هاتوون باوکیان کوشتووە و دایکیان بردووە. لە چوار لاپەڕەدا پێنج جار دەڵێت: باوکمیان کوشت و چوار جاریش دەڵێت: دایکمیان برد. دوو جارێش دەڵێت: دوو دڵۆپ فرمێسک لە چاوم هاتنە خوارەوە. ئەم پاتەکردنەوەی زانیاریانە بە تەکنیک هەژمار ناکرێن، چونکە پاتبوونەوەی زانیاری هەوڵێکە بۆ ئەوەی خوێنەر هەمیشە بەر شتێک بکەوێت، کە پێشتر خوێندوویەتیەوە. هاوکات پێدانی زانیاریی زیادە بە خوێنەر چێژی خوێندنەوە دەکوژێت.

یەکێکی دیکە لە لایەنە ناهونەرییەکانی ئەم ڕۆمانە ئەوەیە کە هێندێ بەش و پەرەگرافی تێدایە بە بڕوای من زیادەن، یان جێی نووسرانیان ئەو شوێنە نییە. ڕاستە ئەم ڕۆمانە باسی پیسییەکانی مرۆڤ، ناشرینییەکانی مرۆڤ لەسەر زەوی دەکات. ئەو پارەی لەلاپەڕە (76)دا باسی دروستبوونی گەردوون و مرۆڤ دەکات، بە بڕوای من هیچ پێوەندییەکی بە بونیادی ڕۆمانەکەوە نییە. ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکە لەڕێی کتێبێکەوە باسی ڕووداوەکانی ساڵانی 1994 بۆ 2014ی کوردستان دەکات. هاوکات لە لاپەڕە (96)دا باسی چۆنیەتی دروستکردنی ئادەم لە لایەن خوداوە و ناڕازیبوونی ئیبلیس (عەزازیل) دەکات. ئەمەیش هەر زیادەیە و خوێنەر ناتوانێ چۆن بە ڕووداوەکانی دیکەی کوردستان بۆ نموونە شەڕی براکوژی، برسێتی و گرانی...و تاد، بیبەستێتەوە. بابەتی خولقاندنی ئادەم و ناڕازیبوونی ئیبلیس ململانێی لایەنی باشە و خراپەیە، تەنانەت لە هێندێ شوێن ئەم دوو بەرەیە هاوهەڵوێست دەبن، بۆ نموونە ئەو کاتەی مامەند چەقۆ لە ئەسکەندەر دەدات، بەڵام هیچ ڕایەڵەیەک نییە ئەم دوو شتە بە یەکەوە ببەستێتەوە.

لە لاپەڕە (130)دا کاتێک تەیمور باسی ئەو کاتانە دەکات کە بە دزییەوە لە باخی گشتی تەماشای بەهار دەکات، هاوکات باسی ئەو کاتانە دەکات کە دەیەوێ سەفەر بۆ چیچان بکات. واتە هێشتا نەڕۆیشتووە، بەڵام لە ناکاو دەڵێت: من وا ڕۆژێک دەبێت گەیشتوومەتە چیچان، لێرە شەڕ بەرپا بووە...تاد. شوێنی ئەو چەند دێرە لەو شوێنەدا زۆر ناقۆڵایە. خوێنەر ناتوانێ ئەم چەند دێرە بە پێش و پاش خۆیەوە ببەستێتەوە، چونکە کارەکتەر باسی چۆنیەتی خۆئامادەکردن و ڕۆیشتن بۆ چیچان دەکات، واتە هێشتا نەگەیشتووە، بە بڕوای من شوێنی ئەم چەند دێڕە دەکرێ لاپەڕە (135) بێت.

پنتێکی دیکەی گەوهەری لەم ڕۆمانەدا ئەوەیە، هەڵەی ڕێنووس و تایپ گەلێ زۆرە، خۆزگە ڕۆماننووس، یان کەسێک بە وردی پێداچوونەوەی پێدا کردبا بۆ ئەوەی ئەم هەڵە ڕێنووسی و تایپیانە چاک کرابانەوە. بۆ نموونە: لە جیاتی گەڕیدەیەکی نووسراوە (گەڕیدەیەکەی)، لە جیاتی درێژ بکەمەوە نووسراوە (درێژ بکەمەو)، لە جیاتی نەخشونیگارانە نووسراوە (نەخشونیگارەنە)، لە جیاتی مزگەوت نووسراوە (مزگەوەت) و.. تاد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە