سادق ھیدایەت لەزاری سەرپەرشتیاری بەرهەمەکانیەوە

25-05-2018
شادی نیکخا
نیشانەکردن سادق ھیدایەت
A+ A-

جەھانگیر ھیدایەت، لەدایکبووی 1939، کوڕی سەرلەشکر عیسا ھیدایەت، برا گەورەی سادق ھیدایەتە و سەرپەرشتیاری بەرھەمەکانی ئەوە. جەھانگیر ھیدایەت ھەر لە منداڵییەوە و لەژێر کاریگەریی مامیدا، ھۆگری نووسین بووە و لە مێرمنداڵییەوە دەستی کردووە بە چیرۆکنووسین و ھەر لەو کاتەوە چیرۆکەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامە دیارەکانی ئێراندا بڵاوکراوەتەوە. تا ئێستا چەندین کورتەچیرۆک و وتاری ئەدەبی و کۆمەڵایەتی و وەرگێڕانی بڵاوکردووەتەوە و چەند کتێبێکی نووسیوە. لەوانە سێ کتێب لەسەر سادق ھیدایەت بە ناوەکانی: "نیوەی شاراوەی بەسەرھاتی سادق ھیدایەت"، "سی و شەش ڕۆژ لەگەڵ سادق ھیدایەت" و "یادی سەدساڵەی سادق ھیدایەت لە ئێران و جیھاندا". 

ئەو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری "بونیادی ھیدایەت" و ماڵپەڕی ھیدایەتە و ھەموو کاروباری پەیوەندیدار بە بەرھەمەکانی سادق ھیدایەت، لەژێر چاودێریی ئەودایە. 
جەھانگیر ھیدایەت کە پیاوێکی بەتەمەنی ئێسکسووکە، لە نووسینگەی بونیادی ھیدایەت کە پڕە لە وێنە و کتێب و بەرھەمی سادق ھیدایەت، بە ڕوویەکی خۆشەوە میوانداریی کردین بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.

بەشی دووەم و کۆتایی
بەشی دووەم و کۆتایی


شادی: سادق هیدایەت زۆر جار تاوانبار دەكرێ بەوەی كە نووسەرێكی ئۆمانیست و نێهیلیست بووە. ئەو نووسەرانەی سەر بە دەسەڵاتن و بەتایبەت لە سەردەمی ئەحمەدینەژاددا ئەو باسەیان زۆر هێنایە گۆڕێ كە هیدایەت نێهیلیست و پووچگەرا بووە. تۆ لە نووسینەكان و لە كارەكانی خۆتدا لێكدانەوەت بۆ ئەم بابەتە بووە؟

- نەخێر. لەبەرئەوەی هەرچی لەلایەن دەسەڵاتەوە لەبارەی هیدایەت دەگوترێ، هیچ بنەمایەكی زانستیی نییە. تەنیا لەسەر بنەمای دژایەتی و دوژمنایەتییە و وا دەزانن بەم شێوازانە دەتوانن هیدایەت و ئەندێشەكانی لە بیر و مێشكی خەڵكدا بسڕنەوە. بۆ نموونە گوتراوە هیدایەت نەخوێندەوار بووە. ئاخر هەموو شتێك هەر دەبێ سنوورێكی هەبێ. كەسێك كە كوندەپەپووی كوێری هێشتا لە جیهاندا یەكێكە لە دە بەرهەمی یەكەمی سوریالیستی، دەكرێ نەخوێندەوار بێ؟ 
 من ئاگام لە هەموو نووسین و ڕەخنەكانیان هەیە و پێم خۆشە، چونكە ڕەخنەی نابەجێ بە سوودی هیدایەت شكاوەتەوە. بۆ نموونە كتێبێكیان نووسیوە كە هەر ناوی كتێبەكە، كتێبەكە ڕەت دەكاتەوە و ڕیكلامێكە بۆ سادق هیدایەت. ناوی كتێبەكە ئەمەیە: "نهێنیی هۆكاری ناوبانگی كوندەپەپووی كوێری سادق هیدایەت".

ئەمە یانی كتێبێك هەیە بەناوی كوندەپەپووی كوێر، ئەم كتێبە بەناوبانگە، ئەم كتێبە كۆمەڵێك ڕاز و نهێنیی تێدایە. ئەمە لە خۆیدا سەرنجەكان بۆ لای ئەو كتێبە و ئەو نووسەرە زیاتر رادەكێشێ و كەسێكیش كە پێشتر نەیخوێندبێتەوە حەز دەكات بچێت بیخوێنێتەوە. 

شادی: ساڵی 1935 نزیكەی ساڵێك دوای چاپ و بڵاوبوونەوەی "وەغ وەغ ساهاب"، هیدایەت بۆ یەكەمجار بانگ دەكرێ بۆ نەزمییە و دادگا و تووشی هەندێ كێشە دەبێ لەگەڵ وەزیری ئەوكاتی فەرهەنگی ئێراندا و دوای ئەوە، دەبێتە یەكەم نووسەری ئێرانی كە (ممنوع القلم) دەكرێ و بەرەوڕووی سانسۆر دەبێتەوە. لەو كاتەوە تا ئێستا چەندین دەسەڵات و حكوومەت و كابینەی جۆربەجۆر و جیاواز گۆڕاون كە هەر ناكرێ بەراوردیش بكرێن بە یەكتر، كەچی لە خاڵێكی هاوبەشدا هەموویان تەبان و یەك دەگرنەوە، ئەویش سانسۆرە لەسەر بەرهەمەكانی هیدایەت، ئەم تەباییە چۆن دەبینی؟

- زۆر سادەیە. یەكەم، هیدایەت زۆر لایەنگری ئێرانی كەونارا بوو. ئەمە نە لای ڕەزاشا باش بوو نە محەممەد ڕەزا شا و نە لای دەسەڵاتی ئێستا. دووەم ئەوەی كە هیدایەت بەتوندی دژ بە سیستەمی دیكتاتۆری بوو. بۆیە ئەم شەڕە هەر بەردەوامە و بەردەوامیش دەبێ. واتە هیدایەت دوژمنی هەموو دیكتاتۆرێكە و هەموو دیكتاتۆرێك دوژمنی هیدایەتە.

بەڵام سادق هیدایەت كەسێك نییە ئەم لەمپەرانە زەبری لێبدەن، چونكە ئەو زۆر لەمێژە لە سنوورەكانی ئێران تێپەڕیوە. ئیدی هەموو جیهان دەیناسن. كوندەپەپووی كوێر بۆ 28 زمان وەرگێڕدراوە. بۆ نموونە كاتێك لە كوردستان بەرهەمی هیدایەت تەرجەمە دەكرێ، لەبەر ئەوەیە كە خوێنەر و داواكاری هەیە. یان ئەگەر بە خەرجێكی زۆر لە كۆریا بە باشترین كواڵیتی چاپ دەكرێ، لەبەر ئەوەیە كە خوێنەری كۆریایی خوازیاریەتی. كەوایە ئیتر سادق هیدایەت پێشی پێ ناگیردرێت. چ بەرهەمەكانی چاپ بكرێن و چ نەكرێن. هەڵبەت بەشێوەی ناڕەسمی هەموو بەرهەمەكانی چاپ دەكرێن. تۆ ئەگەر بڕۆی بۆ مەیدانی ئینقلاب و بەردەم زانكۆی تاران، دەبینی كە هەموو بەرهەمەكانی هیدایەت لەوێ دانراون بۆ فرۆشتن. 

شادی: جارێك گوتبووت لە سەفەرێكتدا بۆ ئەمریكا سەردانی ئەو كتێبفرۆشیانەت كردووە كە كتێبی ئێرانی و فارسییان هەیە، زۆرترین بارستا و ژمارە سەرەتا هی كتێبەكانی مەولانایە و دوای ئەو هیدایەت. ئەم بابەتە زۆر سەرنجی راكێشام، چونكە لە زۆر شوێن بینیومە كە ئەو كەسانەی زۆر هۆگری مەولانان، كتێبەكانی هیدایەتیش لە كتێبخانەكەیاندا هەیە. لە یەكەم ڕوانیندا لەوانەیە بگوترێ هیدایەت لە كوێ و مەولانا لەكوێ؟ بەڵام ئایا دەتوانین هاوبەشییەك لە نێوان ئەو دوو كەسایەتییەدا بدۆزینەوە؟ 

- بەڵێ. ئەوە شەقامێكە لە لۆس ئەنجلس بەناوی "ئێست بوود" كە هەر شەقامێكی ئێرانییە و هەموو دووكانەكانیشی ئێرانین و بە فارسی ناونراون. ئەو شەقامە كتێبفرۆشیی زۆری لێیە. هەم هەموو كتێبەكانی مەولانا و ئەوەی لەسەر مەولانا نووسراون بە دەقی فارسی و بە وەرگێڕانیشی بۆ زمانە زیندووەكانی جیهان لەوێ دەست دەكەون، هەم هەموو بەرهەمەكانی هیدایەتیشی لێبوو، چ ئەوانەی لە ئێراندا بە قاچاخ چاپ دەكرێن و چ ئەوانەی بە فارسی و بە زمانی دیكە لە دەرەوە بڵاودەكرێنەوە. ئەمە نیشانەی هۆگریی خوێنەرە لە هەموو جیهاندا بۆ ئەو دوو بلیمەتە ئێرانییە. بەتایبەتی فەلسەفەیەك كە مەولانا بنیاتی ناوە، لە هەموو جیهاندا جێی خۆی كردووەتەوە. بەڵام سەبارەت بە خاڵی هاوبەشی مەولانا و هیدایەت، دەبێ بڵێم هیدایەت خاڵی هاوبەشی زۆری لەگەڵ حافز و خەیام و مەولانادا هەیە. مەولانا بەردەوام باس لە عەشقێك دەكات و بەرەو عەشقێك هەنگاو دەنێ كە ئەو مەبەستمەندبوونە لە بەرهەم و لە ژیانی هیدایەتیشدا دەبینرێ، بەڵام نەك بەو شێوازە ئاسمانی و ئەفلاتوونیەی مەولانا، بەڵكو بە ڕوانینێكی دیكە و بە زمانێكی دیكە. دەتوانم بڵێم هەموو عەشق و مەبەستی سادق هیدایەت بەرەو مەعشووقێكە بەناوی ئازادی. مەولانا دەڵێ خودا لە ناخ و دەروونی خودی ئینساندایە و دەبێ لە ناخی خۆتدا بۆی بگەڕێی، هیدایەتیش هەمان شت دەڵێ، تەنیا زمانەكەی جیاوازە. 

شادی: پەیوەندیی سادق هیدایەت و شەهید نوورایی كە بەرهەمەكەی نامەكانی نێوان ئەو دوو نووسەرەیە، چۆن پەیوەندییەك بووە؟

- شەهید نوورایی یەكەمجار لە تاران و هەر لە كۆبوونەوەی كافتریاكاندا ئاشنا دەبێت بە سادق هیدایەت و دەبێتە یەكێك لە هۆگرەكانی هیدایەت و پەیوەندییەكی زۆر گەرم و دۆستانە پێكدێت لە نێوانیاندا. بەڵام دواتر شەهید نوورایی بە ئەركێكی حكوومی دەنێردرێت بۆ دەرەوەی وڵات. هەر لەبەر ئەم دوورییە دەست دەكەن بە نامەنووسین بۆ یەكتر. بەڵام شەهید نوورایی لە فەڕەنسا تووشی نەخۆشییەكی سەخت دەبێ و كاتێك هیدایەت چوو بۆ فەڕەنسا، نەخۆشییەكەی گەیشتبووە خراپترین قۆناغی. بە چەشنێك كە هەر ڕۆژێك دوای خۆكوشتنی هیدایەت، شەهید نوورایی بەهۆی نەخۆشییەكەیەوە دەمرێ. 

شادی: بەڵام دەڵێن شەهید نوورایی لەبەر هۆگریی زۆری بۆ هیدایەت، دوای ئەو خۆی كوشتووە؟

- شتی وا ڕاست نییە. من تا ئێستاش پەیوەندیم هەیە لەگەڵ بنەماڵەی شەهید نوورایی. نەخێر ئەو تەنیا بە رێكەوت لەو ڕۆژەدا و بەهۆی نەخۆشییەوە مرد. 
شادی: ئەی سەبارەت بە نامەكان. ئەو نامانەی شەهید نوورایی بۆ هیدایەتی نووسیون، لە كوێن و بۆچی تائێستا بڵاو نەكراونەتەوە؟ 

- شەهید نوورایی لەبەر ئەوەی وەك لێپرسراوێكی حكوومەتی ئێران لە دەرەوە بووە، داوای لە هیدایەت كردبوو هەموو نامەكانی دوای خوێندنەوە بگەڕێنێتەوە بۆ خۆی. واتە هەموو نامەكانی كەوتنەوە دەستی خۆی و بنەماڵەكەی و لای هیدایەت نەمابوون. دیارە نامەكان پڕبوون لە ڕەخنە لە حكوومەت و دەسەڵات و شەهید نوورایی و بنەماڵەكەی، لەبەر ئەو پۆستە حكوومییە حەزیان نەكرد بڵاویان بكەنەوە. 

شادی: ئەوە راستە كە هیدایەت كەسێكی دژەعەرەب بوو؟ 

- بەڵێ بە دڵنیاییەوە.

شادی: دژەعەرەب بوو یان دژەئیسلام؟ 

- هیدایەت هۆگری ئێرانی كۆن بوو، ڕقی لە هەموو ئەو نەتەوانە بوو كە هێرشیان كردووەتە سەر ئێران. سەیر لەوەدایە كە هەموو نەتەوەكانی دەوروبەر، هێرشیان كردووەتە سەر ئێمە. عەرەب، ئەفغانی، مەغۆل، عوسمانی.. بەڵام ئێران تەنیا ئەو جارە نەبێ كە نادرشای ئەفشار هێرشی كردە سەر هیندستان، پەلاماری هیچ وڵاتێكی نەداوە و تەنیا لە هەوڵی بەرگریكردندا بووە. عەرەبیش كە هێرشی كردە سەر ئێران، هەوڵی دا بەتەواوی شارستانێتیی ئێران لەناوببات. بۆیە هیدایەت ڕقی بوو لە عەرەب و ئەوە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە. چونكە ئیسلام نەبوو ئەو هێرشەی كرد، عەرەب وەك مرۆڤ و وەك نەتەوە ئەوەی كرد. خۆ هیتلەریش كە هەموو جیهانی ئاڵۆزاند، مەسیحی بوو، بەڵام ناڵێین مەسیحییەت بوو ئەو هەموو تاوانەی كرد. 

شادی: ژیانی راستەقینەی هیدایەت چەندە لە بەرهەمەكانیدا ڕەنگی داوەتەوە؟ 

- بەڕای من زۆر كەم. 

كەسانێك هەن دەڵێن كوندەپەپووی كوێر چیرۆكی ژیانی خودی سادق هیدایەتە. بەڵام هیچ ڕاست نییە. هیدایەت ژیانێكی سەیر و ئاڵۆزی نەبوو، ژیانێكی سادە و ئاسایی هەبوو. ئەوە تایبەتمەندیی نووسەرە كە بتوانێ دنیایەك بخولقێنێ لە دەرەوەی دنیا و ژیانی خۆی. سادق هیدایەت بەڕاستی نووسەرێكی بلیمەت بوو. ئەوە "عەلەوییە خانم" پڕپڕە لە جنێو. بەڵام لەودیو هەموو جنێوەكانەوە، هیدایەت قسەیەكی پێیە. لەو ماڵەدا كە هیدایەت تێیدا گەورە بوو، خراپترین قسە و جنێو وشەی "ئەحمەق" بوو. ئیدی هیدایەت ئەم جنێوانەی لە كوێوە هێناوە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ نووسەربوونی ئەو. هیدایەت هەستاوە چەندان جار چووە بۆ "مەیدانی ئیعدام" كە لەو كاتەدا هەموو چەقۆكێش و لات و خوێڕی و شەڕانییەكانی تاران لەوێ كۆدەبوونەوە. لە نزیكەوە تێكەڵ بەوانە بووە بۆ ئەوەی جنێوەكان فێر ببێت. كاری نووسەر هەر ئەوەیە. لەڕاستیدا هیدایەت لەسەر هەر لایەنێك قسە دەكات، خوێنەر وادەزانێت خۆی لەو دەستە و تاقمەیە. كاتێك "سێ دڵۆپ خوێن" دەخوێنیتەوە، وا دەزانی هیدایەت شێتە. كاتێك "وەغ وەغ ساهاب" دەخوێنیتەوە، وادەزانی كەسێكی زۆر سوعبەتچییە. نووسەرێكی بەتوانا هەر دەبێ وابێ. شێكسپیر هەم "هاملێت"ی هەیە كە زۆر تراژیكە، هەم "بازرگانی ڤینیس"ی هەیە كە گاڵتەئامێزە. 

شادی: ڕوانینی هیدایەت لە ژیان و لە بەرهەمەكانیدا بۆ ژن و بۆ سێكس چۆن بووە؟ 

- هیدایەت دوو بۆچوونی تەواو جیاوازی هەبوو بۆ ژن. ژن لای هیدایەت یان پاك و فریشتەئاسایە، یان گەندەڵ و خائینە. 

سەبارەت بە سێكسیش هیدایەت سێكس بە كێشەیەك دەزانێ. ئەو سێكس بە ڕەهەندێكی حەیوانی و شەهوانی دەبینێ كە تەنیا بۆ ڕازیبوونی جەستەیە و هیچ هەستێك و هیچ ڕۆحێك لە پشتیەوە نییە. 
شادی: بە كورتی كاریگەریی هیدایەت لەسەر ئەدەبی فارسی چۆن دەنرخێنی؟ 

- بەكورتی هیدایەت مۆدێرنیتەی ئەدەبی كورتەچیرۆكی ئەوروپای هێنایە ناو ئەدەبی چیرۆكنووسیی ئێرانەوە. 

جگە لەوە، كورتە چیرۆكی فارسیی لەو زمانە دژوار و ڕەقوتەقەی پێشوو ڕزگار كرد و بە زمانی ساكاری جەماوەری چیرۆكی نووسی. تەنانەت ڕستەی دەستپێكی شاكاری كوندەپەپووی كوێر، ڕستەیەكی ساكارە بە زمانێكی ساكار كە هەموو كەسێك لێی تێدەگات. هیدایەت خەباتی زۆری كرد لە پێناوی ساكارنووسیندا و تەنانەت لە وەغ وەغ ساهابدا دەستی كرد بە گاڵتەكردن بەو زمانە ڕەقەی پێشوو، هەر لەبەر ئەوەش تووشی سەرئێشەی زۆر بوو. 

شادی: لە كوردستان زیاتر هیدایەت بە كوندەپەپووی كوێرەوە دەناسرێت. زیاتریش بە نووسەرێكی مەرگدۆست و ڕەشبین ناسراوە، ئەم بۆچوونە ڕاستە؟ 

- سەرەتا دەبێ بڵێم كوندەپەپووی كوێر وانییە كە تەنیا مردن و ڕەشبینی بیر بخاتەوە. ئینجا چۆن دەبێ نووسەرێك تەنیا بە یەكێك لە كتێبەكانیەوە بناسرێت؟ كاتێك لەسەر ناسینی نووسەرێك داوەری دەكرێت، پێویستە ئاوڕ لە هەموو بەرهەمەكانی بدرێتەوە. هیدایەت ئەگەر كوندەپەپووی نووسیوە "عەلەوییە خانم"یشی نووسیوە. "حاجی ئاغا"شی نووسیوە. حاجی ئاغا رێك پێچەوانەی كوندەپەپووە. 

ئینجا هەمان كوندەپەپووش خوێندنەوەی زۆر جیاوازی بۆ كراوە، بەڵام ئەو كتێبە دوو لایەنی هەیە، لایەنی جوانی و ڕووناكی، لایەنی ناشیرینی و تاریكی. لایەنە جوانییەكەی كە ژنی فریشتەئاسایە، ڕابردووی پڕ لە شانازیی ئێرانی كەونارایە. بەڵام لایەنە ناشیرینەكەی كە ژنە سۆزانییەكەیە، ئێرانی هاوچەرخە. ئەو ئێرانە كەونارا خاوەن كولتوورە جوانەی كە هیدایەت زۆری خۆشدەویست، بەرەبەرە بوو بەم ئێرانەی ئێستا كە هیدایەت بێزار بوو لێی. بوو بە ئێرانێك كە دەبێ لەگەڵ رووس بخەوێ، لەگەڵ فەڕەنسا بخەوێ، لەگەڵ بەریتانیا بخەوێ و باج بە هەموو ئەمانە بدات بۆ ئەوەی بتوانێ بمێنێتەوە. وەك ئەو سۆزانییە. بۆیە من ئەو داوەرییە بە دروست نازانم لەسەر هیدایەت و كوندەپەپووی كوێر. 

شادی: پرسیاری كۆتایی، ئایا جەهانگیر هیدایەت نووسەرێكی سەربەخۆیە، یان لە نووسینەكانیدا بەتایبەت لە چیرۆكدا بە ڕێچكەی سادق هیدایەتدا دەڕوات؟ 

- كاریگەریی شێوازی نووسینی هیدایەت بەئاشكرا بەسەر كۆمەڵێك لە چیرۆكەكانمەوە دیارە. ستایلی من ستایلێكی ساكار و پاراوە كە تەنزێكیشی لەگەڵدایە و زۆربەی نووسینەكانی سادق هیدایەتیش تێكەڵە بە زمانێكی تەنز.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە