من لە مانیفێستەکەمدا لە سرووشت دەدوێم، سرووشت یەک لەو بەسەرهاتانەیە کە نەیهێشتووە شیعرمان لە ئاستی جیهان پێشبکەوێت، سرووشت بەردەوام شیعری ئێمەی گرتووە، سرووشت ئەگەر وەک رۆمانسیک کاری تیدابکرێت هەموو شاعیرێک تێیدا فەشەل دێنێت.
ئەنوەر مەسیفی
لە ئەدەبیاتدا، بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و مانیفێستیی ئەدەبی رۆڵ و کاریگەریی تایبەت بەخۆی هەیە و هاوکات ئەو بەیاننامە ئەدەبییانە لە رابردوودا لە ئەدەبیاتی کوریدا زۆر بڵاوبوونەتەوە کە ئامانجی سەرەکی بڵاوکردنەوەی بەیاننامە و مانفێستی ئەدەبیی تایبەتن بە دیاریکردنی رێچکە و ستایلی ئەو نووسیارانەی لەڕێگەی بەیاننامەوە زمان و ستایلی کارکردنیان لە ئەدەبدا راگەیاندووە.
بەگشتی بەیاننامەی شیعری لە فەزای ئەدەبی لە باشووری کوردستان زۆر بوون، ئەو بەیاننامانەش شوێنی خۆیان تا ئەندازەیەکی باش جێگیرکردوو، ئەوەی مەبەستمە لەم وتارەدا لەبارەی بدوێم ، بەگشتی قسەکردنە لە بارەی زمان و شێوازی نووسینی شیعر لەلای شاعیری کۆچکردوو " ئەنوەر مەسیفی"، بەتایبەت قسەکردن لەسەر شیعرەکانی شاعیر و دنیابینینی ئەو بۆ نووسین و دروستکردن و داڕشتنەوەی زمان لە وێنەی شیعرییدا.
ئهنوهر مهسیفی، وهک شاعیرێکی سوریالیستی، شانبهشانی نووسیارانی گرووپی پێشڕهو، لە ساڵانی حهفتاکاندا دهست به نووسین دهکات، دوای دەستکردن بە نووسینی شیعر و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی لە نێوەندی ئەدەبیدا بە شاعیری تێکشکێنهری واقیع و زمان دادەنرێت، ئاڵۆزیی نووسین و دروستکردنی زمانێکی دیکە لەناو زماندا بوونەتە هۆکاری ناودەرکردن و تۆمەتبارکردنی شاعیر، بەڵام ئەو شێوازە کارکردنەی مەسیفی لە زماندا تێکشکاندنی کولتووری نووسینی باو بووە، نەک تێکشکاندنی رێزمانی کوردی، یان بڵێم کە، مەسیفی ستایلی باو تێکدەشكێنێت و وەک شاعیرێکی دژەباو کاردەکات، کاتێک دژە باو بیردەکەیتەوە و دەنووسیت ئاسان نییە بتوانی دەوروبەرت قانیع بکەی کە وەک تۆ بیربکەنەوە و بنووسن، وەک نووسیار " بێڵ کۆسپی" دەڵێ، نهێنی سەرکەوتن نازانم، بەڵام نهێنیی شکست ئەوەیە کە هەوڵ بدەی هەمووان لە خۆت رازی بکەیت، رێک ئەنوەر مەسیفی لەو نێوەندەدا کە دژە باو بووە، خاڵی جیاوازی نووسین و ستایلەکەی پێچەوانەی شیعر و زمانی باوی شیعریی بووە و پێچەوانەی هاوجیلەکانی بە رێگادا رۆیشتووە و بەهۆی ئەوەی لە هاوجیلەکانی جیاوازتر نووسیویەتی، نەیتوانیوە دەوروبەری لەخۆی رازی بکات، ئەدەب هەر ئەوەشە کە تۆ نابێت دەوروبەرت لێت رازی بن.
خۆرباران 1978 ، جارێکی تر خۆرباران لە 1984 دووکتێبی شیعریی مەسیفین و هاوکات به دوو ئهزموونی سهرهتایی مهسیفی دادهنرێن، لهوێدا مەسیفی وەک شاعیرێکی جیاواز دەردەکەوێت و دەبێتە جێی باسوخواسی گەرمی فەزای ئەدەبی و تەنانەت بە تێکشكاندنی زمانیش تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئەو تۆمەتبارکردنەی مەسیفی بە تێکشکاندنی زمان لە شیعردا دواجار بە دەستکەوتی ئەدەبی و جیاوازیی لە نووسیندا دەشکێتەوە.
جلوبهرگ و جمکهکان 1990 کە کتێبێکی شیعریی شاعیرە، لێرەدا وەک شاعیرێکی جیاواز فۆڕمی خۆی رادەگەیێنێت و لە فۆڕمێکی نائاساییدا دەنووسێت، له مانیفێستی دووهمی فۆڕمی گراندا دهنووسێت، نائاسایی له شیعردا واتا نائاسایی له واقعییهتدا، نائاسایی شیعر دهگهڕێتهوه بۆ نائاسایی زمان و نائاسایی واقیعیش دهگهڕێتهوه بۆ نائاسایی دهستوور، واتا؛
شیعری نائاسایی ---- زمانی نائاسایی
واقیعی نائاسایی --- دهستووری نائاسایی
دهستووری نائاسایی ---- زمانی نائاسایی
شیعری نائاسایی ----- واقیعی نائاسایی .
ستراکتۆری گشتی نووسینی مهسیفی له شیعر و شانۆدا لهسهر کۆمهڵێک بنهما و پڕهنسیپی نائاسایی داڕێژراوه و ئەو نائاساییبوونە خاڵی جەوهەری و سەرکەوتنی شاعیرە، بەدیوێکی دیکەدا شیعرەکانی مەسیفی تێپەڕاندنی ستایل و نووسینی دەق و شاعیرەکانی هاوجیل و تەنانەت پێش خۆیەتی و ئەوەش بووە خاڵی جیاواز نووسین و دەرکەوتنی مەسیفی لە فۆڕمی گران کە بە " هۆنیگران" ناسراوە و هاوکات راگەیاندن و بڵاوکردنەوەی مانیفێستی گران لێکەوتەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێناوە کە تاوەکو ئێستایش مژاری نێو کۆڕی ئەدەبییە و قسەو باسی زۆرتر هەڵدەگرێت.

نووسین لەلایەی نووسیار پرۆسەیەکی ئاڵۆزە، بەتایبەت ئەگەر شیعر بێت، بۆیە ئەو ئاڵۆزییە لە زماندا لەلای ئەنوەر مەسیفی بووەتە پرۆسیەکی درێژەپێدەر و لەسەر ئەو بنەمایە کاری کردووە، ئاڵۆزیی لە ئەدەبدا خوێنەر دەخاتە گۆشەی بیرکردنەوە، بۆیە مەسیفی وەک کارەکتەرێکی سەرەکی ئەوەندەی خوێنەری بەلای زماندا راکێشاوە هێندە چێژی پێ نەبەخشیوە، مەرجیش نییە شاعیر تەنها کار لە دروستکردنی چێژ بکات لە دەقدا وەک ئەنوەر مەسیفی چێژی وێنەی شیعری لەزماندا دەردەخات ، مەسیفی وەک شاعیرێک هەمیشە خوێنەری خستووەتە گۆشەی بیرکردنەوەوە، ئەو پێیوابووە کە خوێنەری جددی بەدوای چیدا دەگەڕێ ئەوی نەخستووەتە بەرچاوی، ئەو وەک شاعیرێک لەبری چێژ زمان و تەکنیکی نووسینی پێشکەش بە خوێنەر کردووە و بەردەوام کاری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت خوێنەر بەدوای نووسەر بکەوێت و لێی بکۆڵێتەوە.
ئامراز و کەرەستەکانی شیعری لەلای مەسیفی جیاوازترە لە شاعیرانی دیکەی پێش خۆی و هاوجیلەکانی، ئەگەر لەلای شاعیرانی دیکە بۆ نموونە سرووشت کەرەستەیەکی سەرەکیی شیعری بێت، ئەوا لەلای مەسیفی سرووشت وەک کەرەستە و پێکهاتەی شیعری رەتکراوەتەوە، وەک مەسیفی خۆی له مانیفێستی چوارهمی فۆڕمی گراندا دهنووسێت " بۆخۆم پێڵاوم له گوڵ پێ جوانتره و ئۆپێراشم له بههار لا خۆشتره. کارهبام پێ له ئهستێره درهوشاوهتره، زیاتر خهون به ژنانهوه دهبینم، نهک به باخچهیهک".
لە مانیفێستی هۆنیگراندا واتا " شیعری قورس " ، کە ئەنوەر مەسیفی وەک شاعیری فۆڕمی گران خۆی تێدا یەکلاکردووەتەوە، بەتەنیا وەک مانیفێستێکی سادەی ئەدەبیی نابینرێت، بەڵکو لە بەرامبەردا وەک شێوازێکی تایبەتی نووسین و دروستکردنی فۆرمی نوێی شیعری خۆی دەناسێنێ، هەر بۆیە بۆ ئەنوەر مهسیفی چیدی سروشت ئهو کهرهسته شیعرییه نایابە نییه که له شیعری شاعیرانی دیکەی پێش خۆیدا گرینگی پێ دراوە و بووەتە پێکهاتەیەکی سەرەکی، بۆیە لەلای مەسیفی ئیدی سروشت بارێکی گرانه بهسهر شیعرهوه و ئەو پەنا دەباتە بەر ئەو پێکهاتانەی کە لە شیعری مەسیفیدا تەواو کەرەستە و پێکهاتەی دیکەن و تەنانەت دەکرێت بە پێکهاتەی نوێی شیعرییش ئەژمار بکرێت، ئیدی ئەرکی نووسیار تەنها هۆنینەوە و نیشاندانی خەیاڵ نییە، شیعر ئامرازێک نییە بۆ چەقبەستوویی زمان، بەقەد ئەوەی پەڕینەوە و تێپەڕاندنی زمانی چەقبەستوو و تێکشکاندنی کەرەستە باوەکانە، بۆیە ئەنوەر مەسیفی لە شیعردا پەنای نەبردووەتە بەر دروستکردنی باخچە و هانای بۆ ئاسن بردووە، لە شوێنی گوڵ و دار، مەرەکەب وقەڵەم و جلوبەرگ و ئەندامانی جەستە شوێنیان گرتووەتەوە، کەواتە ئیشکردن لە واقیع و دوورکەوتنەوە لە خەیاڵ تێکشکاندنی زمان نییە، بەڵکو زیندووکردنەوەی زمانە .
ئهنوهر مهسیفی خۆی له پێشهكی كتێبی شیعریی جارێكی تر خۆرباران كه له ساڵی 1984 چاپكراوه ، نووسیویهتی: " دهبا به خۆماندا بچینهوه، ههرهیچ نهبێ بهشكهم له دهرگای شاعیرانی داهێنهر بدهین". نووسینی ئەو پێشەکییە دەریدەخات کە شاعیر کاری لە نێو زماندا کردووە و هەمیشە بەدوای ئەوەدا گەڕاوە زمان بە زیندوویی لە شیعردا بمێنێتەوە، لەلای مەسیفی مانا تێکدەشکێت و خۆیشی لە ئەزموونی شیعریدا کاری لەسەر مانا نەکردووە، بەڵکو ئەو مانای تێکشکاندووە و زمانی ستوونی شیعریی پەسەند کردووە کە ئەو ستایلە لە فۆڕمی هۆنیگرانی ئەودا شوێنی خۆی گرتووە و نوێخوازیی کردووە.
" له بن پردی رهنگ بێجی
دارستانی دا
سه قهبری لێدهدا
ئهفسانهش غاردهداته درهختی
پهلك به كرێ
بزنی ناو ژوورهكهم له سهرامایه
باڵنده گۆشتیان بهردا
ئهفسانهش غاردهدا
زهوی لای راستی شكا
لكه ههنجیری پشت كۆران
تای ردێنی من
سه بهلهمی هێسكی برد
ئاو شكا
بهلهم رۆیی
ردێن له ناو كاولان
لا سییهكم كهونه دیوار
خۆڵی پشتان بهرد
قڕێژی نهخۆشان گیا
ژنی زگ پڕ باران
لهشكر
له
مووی
بن
كهوشان"
له قهسیدهی " جل و بهرگ و جمكهكان "
مانا لە شیعری ئەنوەر مەسیفی-دا تەواو تێکشکاوە و لەبری ماناش زمان تەواوی جومگەکانی گرتووەتەوە، دروستکردنی ئەو وێنە شیعرییانە لە شاعیری دیکەدا بوونی نییە، ئەوەش بەو مانایە دێت کە ئەنوەر مەسیفی تەواو جیاواز و دژە باو دەردەکەوێت و وێنەی شیعریی ئەو وێنەی نوێخوازی و فۆرمی نوێن و لەگەڵ ئەو مانیفێستەدا یەکدەگرنەوە کە ناوی ناوە فۆڕمی گران، کەواتە نوێخوازی و خوڵقاندنی نوێگەرایی لە زمانی شیعریی مەسیفیدا بوونیان هەیە و ئەو نوێگەرایەتی و فۆرمە جیاوازە لە کن شاعیر و نووسیاری دیکە نییە، بۆیە کاتێک مانا لەلای ئەنوەر مەسیفی بوونی نامێنێت و لە شوێنی مانا زمان و فۆرم دەبنە شوێنگرەوە، ئەو ڕاستییە دەردەکەوێت کە ئەنوەر مەسیفی نەبووە بە شاعیری تێکشکاندنی زمان، بەڵکو دەبێتە بونیادنەری زمان و فۆرم، بێگومان زمان و فۆرمیش لە شیعردا پێکهاتەیەکی سەرەکیی زیندوویەتیی شیعرو تەمەندرێژیی شیعر دەردەخەن، زۆرن ئەو شاعیرانەی زۆریان نووسی بۆ نیشتمان، ئازادی و پرسە نەتەوەییەکان و تەنانەت رووداوە سیاسییەکانیش، بەڵام ئەو شیعرانە بوون بە شیعری دۆکیومێنتاری، زیندوویەتی شیعر فۆرم و زمانە نەک بابەتی دیکە، فۆرم بۆ شیعر تایبەتمەندیی خۆی هەیە و خۆی ون ناکات .
مرۆڤ کائینێکی سەیرە و بە سەیریش دەمێنێتەوە، ئەو سەیرییەی مرۆڤ لە ئەدەبیاتدا دەستکەوتە و لە سیاسەتدا شکست، زمانی مرۆڤی سەیر لە سیاسەتدا بەڵایە و لە ئەدەبیشدا توانا، ئەنوەر مەسیفی وەک شاعیرێکی نوێخواز خۆی ئەزموون کردووە و زمانی شیعریی ئەو توانا و دەستکەوتی ئەدەبیی لێکەوتووەتەوە، بۆیە ئاسان نییە لە شیعردا تەواو لەناو زماندا کاربکەیت و هاوکات نوێخوازی لە شیعردا جێ بکەیتەوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو زمانە لە شیعردا فۆرمی وەرگرتبێت، لە نێوان نووسین و نووسیار بێدەنگی هەیە، بێدەنگییەک تاوەکو ئەندازەی بێهیوابوون، بەڵام ئەرکی نووسیار لەو کاتەدا دەستپێدەکات کە بێدەنگییەکە بکاتە سەدا و بەخوێنەری بگەیەنێت، بێدەنگی بەرجەستەکردنی زمان و جووڵەی کەسانی دەوروبەرە، ژیری و ئەرکی نووسیار لێرەوە دەردەکەوێت کە چۆن دەتوانێت ئەو بێدەنگییە بتەقێنێتەوە، ئەڵبەت خوێنەری جددی هەمیشە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە کام نووسیار دەتوانێت ئەو بێدەنگییە بشکێنێت و کێ دەتوانێت زمان و جووڵەی بێدەنگی دەربخات، ئەو بێدەنگییە لەلای ئەنوەر مەسیفی خاڵی دەستپێکردن و بە جووڵە ناساندنی دەوروبەر بووە لەناو دەیان دەنگ و سەدای زاڵمانەدا.
ئەنوەر مەسیفی خۆیشی دەڵێ: " دەبێ تۆ بەسەر سروشتدا زاڵ بی، رەنگە پاش چەند ساڵێکی دیکە كە درەخت زۆر كەم بمێنێ، ئاو زۆر كەم بمێنێ، چیا كەم بمێنێ، زۆرجار بیردەكەمەوە ، ئەمە زۆر رۆمانسییە، واتە تۆ دەتوانی بچیتە ناو ئەو كەسانەی میكانیكن، زۆر ئاسایی ئەوانەی ئیش لە میكانیكی دەكەن شتێكی ستاندار نییە بۆ تاقیكردنەوە، ئەمن بەشبەحاڵی خۆم تیۆری زۆر كەم دەخوێنمەوە ، رقم لە تیۆرییە، تیۆری بۆ شیعر، تیۆری بۆ پەخشان، رقم لە زمانیشە وەك گرامەر یان كتێبێک كە لەسەر زمان نووسرابێ، قەت نایخوێنمەوە واتە خۆم زمانێكی خۆمم هەیە".
ئهنوهر مهسیفی
____________
ساڵی 1952 له گوندی كۆڕێی سهر به هاوینهههواری پیرمام لهدایك بووه .
بهرههمهكانی :
- خۆرباران - شیعر 1978 .
- جارێكی تر خۆرباران - شیعر 1984 .
- جل و بهرگ و جمكهكان - شیعر 1990 .
- پیرهمێردێك بۆ فرۆشتن - شانۆگهری بۆ خوێندنهوه یان شیعری سینهما -2003 .
- شهیتان - شیعر 2003 .
- بهیانی فۆرمی گران - گوتاری ئهدهبی .
- ئهو گۆرانییهی نهمگوت - شیعر (دوا كتێبی شاعیره) .
له 2 /10/2005 به رووداوی ئۆتۆمبێل لهگهڵ هاوسهرهكهی و دوو منداڵی كۆچی دوایی كرد .
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ