بۆنسای و پیاوە پیرەكە

27-09-2015
نیشانەکردن پیاوە پیرەكە
A+ A-

سعود ئەلسەنعووسی

ساڵانێكە كڕیومە، "بۆنسای"، یان وەكو هەندێك پێی دەڵێن "درەختە كورتەباڵاكە". بە گوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەو وڵاتەی لێیەوە هاتووە و لەگەڵیدایە، تەمەنی لە حەفتا ساڵ تێپەڕیوە، درێژییەكەی كەمێك لە پەنجا سانتیمەتر زیاترە، گەڵاكانی چڕ و پڕن، سەرەڕای تێپەڕینی ئەو هەموو ساڵانەی تەمەنی، كەسكییەكەی هەر تۆخە، لاربوونەوەی قەدەكەی و ئاوساوی و چاڵ و چۆڵیی هەڵكەندراوی توێكڵەكەی، كاریان لە تەندروستی نەكردووە و تا ئێستاش تەندروستیی باشە، ئای ئەم كورتەباڵایە چ هەیبەتێكی هەیە و چەندم خۆشدەوێ.

دڵم زۆر پێیەوە پەیوەستە و گرنگییەكی لەڕادەبەدەری پێ دەدەم، جگە لە ئاودان و هەڵپاچینی، جگە لەوەی ناوە ناوە گەڵاكانی دەدەمە بەر هەتاو، وام لێهاتووە لەگەڵیشی دەئاخڤم، دوودڵی و نیگەرانییەكانم لای وی دەدركێنم، هەموو ئەو شتانەی بۆ باس دەكەم كە بە خەیاڵمدا دێن، ئەویش گوێ لە من و لە خەمەكانم دەگرێ، بەڵام بە داخەوە، هەرگیز وەڵامم ناداتەوە.

ئاخۆ ئەم (بۆنسای)ـە چەند وڵات گەڕاوە؟ لە چەند بەندەر پەڕیوەتەوە؟ ئاخۆ بەر لەوەی گۆشەیەكی ژوورەكەی من داگیر بكات، لە چەند نەمامگەدا بارگەی داناوە و لەگەڵ چەند كەسدا ژیاوە؟ چەند حیكایەتی گوێ لێ بووە؟ چەند نهێنی لە نێوان هێڵە چاڵ و چۆڵەكانی و لەناو قەدەكەیدا شاردووەتەوە؟ لە ماوەی ئەم حەفتا ساڵەی ژیانیدا، چەند رووداوی مێژوویی بە رەگەكەیدا چووەتە خوارەوە؟ هیوام دەخواست قسەی كردبا و بۆی باس كردبام، تامەزرۆی ئەوە بووم گوێم لە حیكایەتەكانی بایە و نهێنییەكانیم زانیبا، بەڵام ئاخ كە بۆنسای زمانی نییە!

مرۆڤ هەمیشە پێویستی بە گوێی یەكێكە كە خەمەكانی ببیستێ، بەڵام زیاد لە پێویست گوێم بۆ بۆنسای رادێرا و پەرۆشیم بۆ ئەوە زیادی كرد كە ئاخۆ دەبێ چی لە نێوان ئەو بێدەنگییەیدا هەبێ؟
پەیوەندیم لەگەڵ درەختەكەمدا بەم شێوەیە بەردەوام بوو، هەفتەی جارێك ئاوم دەدا، جاری واش هەبوو، هەموو رۆژێك ئاوم دەدا، بەڵام ئەو هیچ حیكایەتێكی نەگێڕایەوە، هیچ دەمودوویەكی نەكرد و فزەی لێوە نەهات، تینوێتی من و پێویستیم بە وشە هەر وەكو خۆی مایەوە، تا ئەو كاتەی گەیشتمە پیاوێك.

پیاوێكی تەمەن حەفتا ساڵ، جگە لە بێدەنگییەكەی، هەموو شتەكانی دیكەی هاوشێوەی درەختەكەم بوو، بچووكیی قەبارەی، ئەو چاڵاییەی زەمەن لەسەر ڕوخساری دروستی كردبوو، پرچە چڕ و پڕەكەی، ئەو هەیبەتەی هەیبوو، هەموو ئەم وردەكارییانە وێنەی درەختەكەی من، وێنەی "بۆنسای"یان هەبوو، بە هەموو گەڵا و لق و قەد و چاڵ و چۆڵیی توێكڵەكەی و گەڵا چڕ و كەسكە تۆخەكەیەوە، هەروەها بە تێپەڕینی كات، ئەو رەگەی لە خاكی جیاوازەوە ئاوی لێ هەڵمژیوە و ئەو سەردەمانەی تێیدا ژیاوە.

لەوكاتەوەی ئەو پیرە پیاوەم ناسیوە، درەختەكەم فەرامۆش كردووە، ئەوەندەی گوێ بۆ ئەو پیاوە رادەدێرم، ئەوەندە قسەی لەگەڵ ناكەم، وشەكانی، وێنە و بۆن و دەنگ و دەنگدانەوەیان هەیە، كاتێ لەگەڵم دەدوێ سیحرم لێ دەكات.. ئەدەب.. زانست.. مێژوو.. ئایین و فەلسەفە.... بەرەو سەردەمی جیاواز هەڵمدەفڕێنێ، بەو كەسانەم دەناسێنێ كە رەنگە لەگەڵیاندا ژیابێ و دەمێكە كۆچیان كردووە، ئەو كەسانەی ئەویان جێهێشتووە بۆ ئەوەی ببێتە شاهیدێكی سەردەمەكە، ژیان بەبەر ئەو كەسانەدا دەكاتەوە كە لەبارەیانەوە شتم بیستووە، یان شتم لەبارەیانەوە خوێندووەتەوە، بە ناوهێنانیان گیانیان بۆ دەگەڕێنێتەوە و دەیانكاتە نموونەیەكی زیندوو، كە هەڵگری سەردەمێكی تێپەڕیون، دەموچاوی بە گوێرەی ئەو سەردەمانەی باسیان دەكات دەگۆڕێت، پاشان لە ناكاو دەگەڕێتەوە سەر گەنجێتییەكەی خۆی، بە دەنگە كۆنەكەی دەدوێت و باسی ئەو كاتە دەكات كە بەهۆی بیروبۆچوونە سیاسییەكانی لە بەندیخانەی یەكێك لە وڵاتەكان دەستگیر كراوە و دواتر دەرچووە، پاشان دەموچاوی وەكو منداڵێكی لێ دێت و بە خەمباری و زەردەخەنەیەكی خنكێنراو باسی منداڵییە چارەڕەشەكەی خۆی دەكات، بەڵام ئەمە زۆر ناخایەنێ، وەكو تەقینەوەیەك بە دەنگێكی بەرز پێدەكەنێ و هەڵوێستێك دەگێڕێتەوە كە لە سەردەمی هەرزەكاریدا بەسەری هاتووە و ئەو پاڵەوانی رووداوەكە بووە، دواتر لەناكاو بێدەنگ دەبێت، ئینجا تەماشای بۆشاییەك دەكات، وەكو ئەوەی وشەكانی لەو بۆشاییەوە دەربێنێ و حونجەیان بكا، منیش وەكو ئەو تەماشای بۆشاییەكە دەكەم، بەڵام من زمانی ئەو بۆشاییە نازانم كە ئەو دەیخوێنێتەوە، دوای ئەو بێدەنگییە، گوێم لە دەنگی دەبێت كە بە هێمنی دەكەوێتەوە قسە، بە دەنگێكی بیستراو ئەو هێڵانەی مێژوو دەخوێنێتەوە كە لە لاپەڕەكانی یادەوەرییدا نووسراون.

ئای لە تۆماری ئەم پیاوە! زمانم توانای وەسفكردنی نییە، بە قوڵایی ئەو سەردەمەدا ڕۆدەچم كە تێیدا ژیاوە.

ئەو پیاوە هاوسەنگیی بۆ گێڕامەوە، زەوییە تینووەكەی ناخم ئاوی لەسەر رژا، تێربووم و گەڕامەوە ژوورەكەم، بەم هەموو حیكایەتەوە، بەرامبەر درەختە فەرامۆشكراوەكەم هەڵتروشكام، ئەوەی گوێم لێبووە، بۆی دەگێڕمەوە، رابردووی خۆی بیر دەهێنمەوە.. دوای ئەوەی فەرامۆشم كردبوو، دیسان لقەكانی گەڵا دەردەكەن و دەگەشێنەوە.

بە تێپەڕینی كات، هەردووكیان، درەختی بۆنسای و پیاوە پیرەكە، لە ناخی مندا دەبنە یەك، هەردووكیان بوونە مەخلوقێكی ئەفسانەیی كە نیوەی درەختە و نیوەكەی دیكەی مرۆڤ، تا ئەو ڕادەیەی كە ئێستا نازانم، بە ناوی "بۆنسای"یەوە بانگی بكەم، یان بە ناوی خۆیەوە بیدوێنم؟َ

وەرگێڕانی: سەنگەر زراری

لەبارەیە چیرۆكنووسەكەوە:

سعود ئەلسەنعووسی، نووسەر و رۆماننووسێكی گەنجی كوێتییە.

- ساڵی (2013) بە رۆمانی (ساق البامبو) لە نێوان (133) رۆماندا، خەڵاتی جیهانیی بۆ رۆمانی عەرەبی (بووكەر)ی وەرگرت، رۆمانەكە باس لە كرێكارە بیانییەكان دەكات كە لە كەنداوی عەرەبی كار دەكەن.

- بەهۆی رۆمانی (سجین المرایا) لە كوێت، خەڵاتی خولی چوارەمی پێشبڕكێی (لەیلا عوسمان) بۆ داهێنانی گەنجان لە بواری چیرۆك و رۆمانی پێ بەخشرا.

- بە چیرۆكی (بونسای و پیاوە پیرەكە) خەڵاتی یەكەمی پێشبڕكێی كورتە چیرۆكی هاوبەشی گۆڤاری ئەلعەرەبی كوەیتی و دامەزراوەی بی بی سی عەرەبی وەرگرتووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە