(نامە عاشقانەكانی نیما) ناونیشانی كتێبێكی (نیما یوشیج)ـەو لە فارسییەوە ڤیدا قادری وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، ئەم كتێبە لە دووتوێی 68 لاپەڕەدایە و دەزگای ئایدیا بۆ فكر و لێكۆڵینەوە چاپی كردووە.
زۆرن ئەو ئەدیبانەی هەستەكانی خۆیان بەرانبەر بە خۆشەویستەكەیان وەكو بەرامەی گوڵەباخ ڕژاندووەتە ناو وشەكان و بە شارەزایی و لێهاتووییەكی تایبەتەوە تابلۆیەكی سیحراوی و لێوانلێو لە هەست و جوانییان نەخشاندووە.
ژمارەیەكی كەمی نووسەران و شاعیران كە ڕەنگە لە پەنجەكانی دەست تێنەپەڕن، هەوڵیانداوە جگە لە نووسین، سوود لە نامە وەربگرن و جوانترین بیروبۆچوونیان سەبارەت بە ژیان و جیهانبینی خۆیان، لە ڕێگەی نامەكانیانەوە دەرببڕن، دەتوانین لەناو ئەو نووسەرە دەگمەنانە كە نامەكانیان بە یادگار بۆ ئێمە بەجێماون، ئاماژە بە شاعیری بەناوبانگی ئێرانی "نیما یوشیج" بكەین. نیما جگە لە شیعرە ناوازەكانی، هەندێ نامەشی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە، لەناو ئەو نامانەدا حەڤدە نامەی عاشقانە دەبینرێت كە بۆ هاوسەرەكەی خاتوو "عالیە جەهانگیری" نووسراون و دواتر وەكو كتێب بڵاوكراونەتەوە.
نیما یوشیج بە كۆمەڵە شیعری ئەفسانە كە مانیفێستی شیعری نوێی فارسییە، شۆڕشێكی گەورەی لە كەشی چەقبەستووی شیعری ئێراندا بەرپا كرد. زۆر هۆشیارانە سەرجەم بنیاد و پێكهاتە و فۆڕمەكانی شیعری فارسی هەڵوەشاندەوە، شیعری نوێ ناونیشانێك بوو كە خودی نیما بۆ نووسینەكانی هەڵیبژارد. نیما كە بە باوكی شیعری نوێی فارسی ناسراوە، تەنیا 62 ساڵ ژیا، سەرەڕای ئەوەی كە لە ژیانێكی پڕ لە دژواری و چەرمەسەریدا ژیا، بەڵام توانی شێوازێكی نوێ لە شیعری فارسی بنیاد بنێت. لە مێژووی ئەدەبدا، دەگمەنن ئەو نووسەرانەی ژیانیان، ڕەنگدانەوەیەكی ڕاستەقینەی بەرهەمەكانیانن، نیما خۆی مرد و نووسین و نامەكانی هەر زیندوون، ئەو لەگەڵ تاڵی و سوێرییەكانی ژیانیدا، زۆر ڕاستگۆیانە دەینووسی.
شاعیر بەوپەری ڕاستگۆییەوە هەستی خۆی دەربڕیوە (دەمەوێ ببمە ڕەنگێكی سوور و لەسەر ڕوومەتەكانت بنیشمەوە، یان ببمە ڕەنگێكی ڕەش و لەسەر پرچەكانت دابنیشم. ل 16). ژیان نامەی نەنووسراوە، نووسین بەشێكە لە ژیان و هەرگیز ناتوانی جودا لە ژیان سەیری نووسین بكەی، نووسین گفتوگۆیە لەگەڵ كولتوور و شارستانییەتی ئینسان.
نووسین بایەخێكی زۆرتری هەیە لەوەی كە دەیزانین، نووسەریش وەك هەر تاكێكی دیكە، هەم لایەنی بەهێز و ڕۆشن لە ژیانیدا هەیە، هەم لاوازی. نامە عاشقانەكانی نیما، بە زمانێكی ئەدەبیانەی سادە و جوان نووسراون، لە فۆڕمدا سادەن، وەلێ لە ناوەڕۆكدا دەكرێ هەر نامەیەكیان، خوێندنەوەی جیاوازی بۆ بكرێت (چەندە جوانن زەردەخەنەكانی تۆ، چەندە گەرمە دەنگی تۆ كاتێك كە لەناو دەمتا دەسووڕێتەوە. ل 20)
یەكێك لەو ڕێگایانەی بەشێك لە توێژەران بۆ نووسینی توێژینەوە لەسەر بەرهەمەكانی نووسەرێك پەنای بۆ دەبەن یاداشت و ئەو نامانەیە كە لە نووسەران بەجێماون، یان نووسیویانە و لە چاپیان داوە. زۆرجار نووسەران لەو یاداشت و نامانەدا تیشك دەخەنە سەر زۆر خاڵ و لایەنی گرنگی ژیان و بیركردنەوەیان (نابێت پێمان سەیر بێت، كاتێ كە بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو، كەسێك یان شتێك بۆ لای خۆی ڕاماندەكێشێ. ل 39)
زۆرێك لە ئەدیب و نووسەرانی دونیا لە پاڵ گوزارشتكردن لە دۆخە جۆراوجۆرەكانی واقیع بە ژانرە ئەدەبیەكانی دیكە، پەنایان بۆ نووسینی نامە بردووە بۆ گوزارشتكردن لە خەیاڵی تایبەتیان بۆ ئەفراندنی واقیعێكی ڕووپۆشكراو بە بەرگێكی جوانناسیانە. ئەدەبیاتی جیهانیش چەندان نموونە لە نامەی نووسراو بە زمانێكی ئەدەبی زۆر دەوڵەمەند و ئاستبەرزی تێدایە، بەڵام لە ئەدەبی كوردیدا، هەست بە بۆشاییەك دەكرێت لە ئەدەبی نامەدا.
(نامە عاشقانەكانی نیما) سەراحەتێكی هێندە بەرجەستەی تیدایە كە پێموایە هەمووی جورئەتە و ئەم جۆر و شێوە بوێرییەش بەڵگەی ڕاستگۆیی نووسەرە. زۆرن ئەوانەی شت دەنووسن، بەڵام كەمن ئەوانەی لە قووڵایی ئەوینی سازگارەوە پەیڤی پاك و بێگەردی ناسك هەڵدەهێنجن و تینوویەتی ڕۆحی شەكەتمان پاراو دەكەن.
عیشق حاڵەتێكی ڕۆحیە، هەموو مرۆڤێك ناگاتە ئەو ئاستە، چونكە مەبەستی لەزەت و دەستبەسەرداگرتنی جەستە نییە، دوورە لە خۆپەرستی، عەشق یەكگرتنی هێزی ڕۆحی دوو مرۆڤی جیاوازە وەك دوو ڕەگەز، ئەو دوو هێزە كە دوو جەمسەرە، یەك دەگرن و وزەیەك دروست دەكەن، شەپۆلەكانی ئاسوودەیی، خۆشی و دڵنیایی لێدەكەوێتەوە وەك ڕووناكی لە ناخ و دەرووندا، وەك جوانی لە جەستە و هەڵسوكەوتدا، وەك پاكی لە هەست و ئاوەزدا، ئەوانە لە نەستی مرۆڤدا جێگیر دەبن، كە هەر مرۆڤێك بە شێوازی خۆی دەریدەبڕێ و لێكیدەداتەوە، لە نووسیندا دەتوانین خەونەكانی مرۆڤ كەشف بكەین و بزانین چی هەڵگرتووە بۆ ئایندە، لە دیدی منەوە خۆشەویستی یا هەموو دونیایە یا هیچ، عیشق هەڵگری پەیامی ژین و مرۆڤایەتی تێدایە. نووسینیش جیهانێكە بۆ خۆی لە هەموو ناشیرینیەكانی دەوروبەر داتدەبڕێ و بۆ چەند ساتێكی كەمیش بێت ئۆخژەنی بە دڵی شەكەت و نائاراممان دەبەخشێ.
دەستنووس لە ڕابردوودا بۆ میللەتان بایەخێكی ئێجگار گرنگی هەبووە، بەڵام ئێستا لەم سەردەمی گەشەكردنی تەكنەلۆژییەدا، زۆربەی نووسەران بەرهەمەكانیان تایپ دەكەن و دەستنووسیان نییە.
لە نامەی ژمارە حەڤدەدا (كۆتا نامە) نیما نووسیویەتی: (عالیەی ئازیزم، خۆشەویستییە ڕواڵەتییانەكان زوو لەناو دەچن، بەڵام هەر كە ناواخن و حەقیقەتێكی هەبوو، بۆ هەمیشە دەبێتە فەرمانڕەوای دڵی مرۆڤ، لەبەر ئەوەی كە لە كاتی نەمانی روخسار، ناخ دەبێتە جێگرەوەی روخسار ل 68).
نووسین، فێربوون و ئاشنابوونمانە بە وشە و زاراوەی نوێ كە ڕەنگە هیچ بوارێكی دیكە هێندەی نووسین و خوێندنەوە فێری زاراوە و وشەی تازەمان نەكات. ئەمە وێڕای ئەوەی كە خۆمان لە زمانی دایكدا دەیزانین و فێری بووین، لە هەمانكاتدا زمانی خۆمانی پێ دەوڵەمەند دەكەین.
نووسین هەڵدانەوەی پەڕەكانی كتێب نییە بەو ئەندازەیەی هەڵدانەوەی نهێنییەكانی ناخە، پیاسەكردنی ڕۆحە لەگەڵ شتە زۆر تایبەت و نهێنییەكاندا. لە بیرتان نەچێت ئەوەی كە سبەینێ دەمێنێتەوە تەنیا بەرهەمی جوانە. بەرهەمی جوان ئەو گەوهەرەیە كە لە بەرد بەتەمەنترە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ