لە روانگەی (ئۆشۆ)وە

28-09-2016
حەمەسەعید حەسەن
نیشانەکردن ئۆشۆ
A+ A-

(8)

کە لە ژوورێکی پیس و تاریک و بۆگەندا خەوتووین و بەیانی لە خەو ڕادەبین و پەنجەرە دەکەینەوە، دەبینین دونیا گەش و ڕووناکە و مەلان بە ئازادی دەفڕن و دەخوێنن، ئەوسا لەناکاو هەست بە فراوانیی ئاسمان، جوانیی تیشکی خۆر، شەنگیی درەخت و ڕووی گەشی گوڵ دەکەین، ئیدی دەخوازین، چی زووترە ئەو ژوورە ناخۆشە جێ بهێڵین. ئینسان کە بە سامادهی گەییشت، دەرک بە جیاوازییەکانی ناوەوە و دەرەوە، ژیانی نێو زیندان و ئازادی دەکات، بەڵام ئەوانەی خۆیان فێری ئەوە ناکەن، جیاوازییەکانی نێوان ژوورێکی پیس و مێرگێکی جوان ببینن، تا دەڕزێن لە هەمان جێدا دەژین. 

ئەوە چەپاندنە و تەقینەوەی خراپی بە دوادا دێت، ئەگەر ڕەبەنی بەسەر خۆماندا بسەپێنین، ئەوە نەخۆشییە ئەگەر بەربەست لەبەردەم چەمی ئارەزووەکانی جەستەماندا ڕۆ بنێین و بە خەیاڵ قەرەبوویان بکەینەوە، بۆیە وا باشترە، بە گژ سێکسدا نەچینەوە، لێی تێبگەین و بە پیرۆزی بزانین. چونکە ئەفراندنی ژیانی نوێ، زادەی کردەی سێکسە، بۆیە سەروەختی جووتبوون، خوا لێمانەوە نزیکە، ئاخر ئەوە خوایە ژیان دەبەخشێت، هەر لەم سۆنگەیشەوە، دەبێت کە نیازی سێکسمان هەبێت، وا هەست بکەین، بەرەو پەرستگا بەڕێوەین، ئاخر دەبین بە ئامێرێک بە دەست خواوە کە منداڵێکی پێ دەخوڵقێنێت.

ئەگەر بە ئاوەزێکی ڕۆشن و بە ڕێزێکی زۆرەوە سەرنجی سێکس بدەین، سەروەختی جووتبوون، نووری خوا دەبینین، بەڵام چونکە لە کاتی کردەی سێکسدا، وا هەست دەکەین خەریکی ئیشێکی خراپین، وەک گوناهکار خۆمان دەبینین و  ویژدانمان ئازارمان دەدات، بۆیە بێ ئاگاین لەوەی خوا لێمانەوە نزیکە. ئینسان ئەگەر ئازاری هەبێت، تووڕە بێت، نیگەران بێت، نائومید بێت، یان خەمبار، هەق نییە لە سێکس نزیک ببێتەوە، کەچی بە پێچەوانەوە، کەسانێکی زۆر، بۆ ڕەواندنەوەی تەمی ناخۆشییەکانیان، هانا بۆ سێکس دەبەن. وەک چۆن سەماکارێک ئەگەر شپرزە و تووڕە و خەمبار بێت، ناتوانێت سەمایەکی جوان پێشکەش بکات، سێكسیش وەهایە، پێویستی بە هێوری و ئاسوودەیی هەیە، ئاخر ئەگەر ڕۆح لەژێر گوشاردا بێت، جەستەیش ماندوو دێتە بەر چاو.

زۆر کەس وەک هەڵاتن لە کوێرەوەری بۆ باوەشی سێکس دەچن، هەرچەندە سێکس ناتوانێت تینوویەتی ڕۆحیی خەمناکان بشکێنێت. بۆ ئەوەی زەلیلی بن دەستی سێکس نەبین، لە زیندانی سێکس قوتار بین و بۆ بەرزایی هەڵبکشێین، پێویستە هەست بە ئاسوودەیی، دڵنیایی و بەختەوەری بکەین، ئەوسا لە سێکس نزیک ببینەوە، ئەگەر نا هەرگیز بەربەستی سێکس تێناپەڕێنین و ناگەینە نێو دونیای ڕووناکی سامادهی. نەمامێک کە لە ڕەگوڕیشەوە هەڵدەکێشرێت، چەند تامەزرۆیە بۆ گەڕانەوە بۆ باوەشی خاک، کۆرپەیەک کە پێ دەنێتە دونیاوە، چەند بە پەرۆشە بۆ ئامێزی دایکی، ژن و پیاویش وەها شەیدای ئاوێزانبوونی یەکترین کە لە جووتبووندا خۆی نمایش دەکات.

یەکگرتنی نەمام و خاک، کۆرپە و دایک، ژن و پیاو، وەک یەکگرتنی ئینسان و گەردوون وایە، کە لە ئەنجامی سامادهییەوە دێتە ئاراوە. سێکس دوو کەس یەک دەخات و کاتەکییە، ئاخر با توندیش یەکیان لە ئامێز گرتبێت، دوای ئۆرگازم لێک جودا دەبنەوە، بەڵام سامادهی، ئینسان و گەردوون یەک دەخات و هەمیشەیییە. لە سامادهیدا ئینسان بەجۆرێک لەگەڵ گەردووندا یەک دەگرێت، ناسنامەی خۆی بزر دەکات. جیاوازیی نێوان مووچڕکی خۆشیی جووتبوون و ئاسوودەییی سامادهی، وەک جیاوازی نێوان تیشکی مۆمێک و تیشکی خۆر وایە، کە یەکەمیان ژوورێک و دووەمیان دونیا ڕووناک دەکاتەوە. سێکس ئامانج نییە، هەنگاوی یەکەمە بەرەو سامادهی، بۆیە پێویستە ئەو هەنگاوە بە وریایی و هۆشیارییەوە باوێین، ئاخر هەتا لە تیشکی مۆم تێنەگەین، ئەستەمە لە مانای خۆر حاڵیی ببین و تا نەزانین دڵۆپێک ئاو چییە، پەی بە مانای ئۆقیانووس نابەین.

مەسیحمان لە خاچ دا کە دژی توندوتیژی بوو، گاندیمان دایە بەر گوللـە کە دوژمنی زەبروزەنگ بوو. ئەو هەموو خواناس و زانایانەی باسی ئاشتییان بۆ کردین، ڕەنجیان بەفیڕۆ چوو، هێشتا دونیا گیرۆدەی دەستی شەڕە، ئاخر ئینسان هەڵگری ڕۆحێکی نەخۆشە، بۆیە نە بوودا هیچی بۆ کرا، نە عیسا. باسی تۆلێرانس دەکەین و دڕندەیی دونیای گرتووەتەوە،  تۆلستۆی و بێرتراند ڕاسڵ باسی پێکەوە ژیانیان بۆ دەکردین و کەچی ژمارەی قوربانییەکانی دووەمین جەنگی دونیاگرەوە، لە ژمارەی قوربانییەکانی  یەکەمین جەنگی دونیاگرەوە هەڵکشاوتر بوو. ئاینشتاین گوتوویەتی: جەنگی جیهانگرەوەی چوارەم ڕوو نادات، چونکە لە جەنگی جیهانگرەوەی سێیەمدا کەس قوتاری نابێت.

ئەگەر جووتبوون نەبێتە کردەیەکی ڕۆحی و پیرۆز، ئەگەر زادەی پێکەوە گونجاندن نەبێت، ئەگەر دەرگایەک نەبێت بۆ گەییشتن بە بەهەشتی سامادهی، وەچە نەخرێتەوە باشترێکە، ئەگەر نا  مرۆڤایەتی، لە خراپەوە بۆ خراپتر بەڕێوە دەبێت و دونیا دەبێتە نەخۆشخانەیەکی گەورەی تایبەت بە شێتووێتان. بەگوێرەی توێژینەوەیەک، تەنیا لە سەددا هەژدەی خەڵکی نیویۆرک لە ڕووی ئاوەزەوە سرووشتین و ئەگەری ئەوە لە ئارادایە، هەر یەکێک لە ئێمە لە ئەنجامی نسکۆیەکی سۆزدارییەوە، عەقڵ لە دەست بدەین و شێتانە هەڵسوکەوت بکەین. ئەگەر دونیا بوو بە شێتخانەیەکی بەرین، ئەوسا پێویستمان بە دەروونناس نابێت، ئاخر یەکێک لە نیشانەکانی شێتی ئەوەیە، ددان بەوەدا نانێت، عەقڵی لە کیس چووە.

پێویستە ئینسانی نوێ لە دایک ببێت، ڕۆحی ئینسانی نوێ تامەزرۆی ئەوەیە بەرزهەڵکبشێت، وەک ئەستێرە بدرەوشێتەوە، وەک گوڵ بکرێتەوە و بەدەم موزیک و سەماوە گەشە بکات. ڕۆح ئازار دەچێژێت و خەریکە لە تینوواندا بخنکێت، کەچی ئینسان هەر لە هەمان بازنەدا خول دەخوات و ناتوانێت بیشکێنێت و خۆی لێ دەرباز بکات، چونکە شێتانە سێکس دەکات و ناتوانێت سێکس بکاتە پەنجەرەیەک بەسەر سامادهیدا بڕوانێت.

21ی 9ی 2016
ستۆکهۆڵم

(1) أوشو، من الجنس إلی أعلی مراحل الوعی، نقلە إلی العربیە: أیمن أبو ترابی، دار الفرقد 2011 دمشق.
(2) أوشو، الحب و الحریە و الفردانیە، ترجمە: میتم الچایع، دار الحوار 2013 اللاژقیە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە