زەبەلاحەكان

28-11-2018
عومەر كەریم بەرزنجی
نیشانەکردن زەبەلاحەكان
A+ A-

دەمەو نیوەڕۆیەكی هاوین بوو، بەڵام لە زەردەپەڕی ئێوارەیەكی پایزی دەچوو، خۆر چرایەكی كزی بێنەوت بوو بەتاقی ئاسماندا هەڵواسرابوو، شار كش و خامۆش لەبەر دەرگای ماڵەوەدا پاڵی بەدەرگای حەوشەوە دابوو، خۆی بەكەسێكی گەورە و مرۆڤێكی باڵا دەزانی، لەگەڵ چاوی بەو كەوت... لە گەورەیی خۆی كەوتە گومانەوە و بەراوردی خۆی و ئەوی كرد، خۆی بەكەسێكی گرگن و بوودەڵە دەهاتە پێش چاو، قێزی لە خۆی دەكردەوە، ئەو زوو ون بوو، نەیدەزانی بەرەو كوێ‌ چوو بە ونبوونی ئەو... هەستی بەشڵەژانی خۆی و تەواوی خەڵكی دەوروبەری كرد، تاكوتەرا خەڵكی بەرچاوكەوت، بەبێدەنگی ملی رێیان گرتبوو، ماندوو شەكەت و شپرزە دیاربوون، وەك لە خەوی غەفڵەت بەئاگا هاتبن، ئەو خەڵكە بەرەو دەرەوەی شار، بەرەو پشتی ئەو زنجیرە چیایەی پشتی شاری گرتبوو هەڵدەهاتن. 

بێئەوەی بیر لە هەڵهاتن بكاتەوە، بەدوای ئەودا دەگەڕا تا بەراوردی خۆی لە گەڵیدا بكات، دەنگێك كە لەدەنگی ئەو دەچوو، دەیگوت:"بەدوای مندا مەگەڕێ‌ بڕۆ شار جێبێڵە، گەڕان بەدوای مندا خۆفریودانە، بەشوێن ئەو خەڵكانەدا بڕۆ چاوەڕێی چی دەكەیت، خۆت لە كەڵبەی ئەو دڕندانە بپارێزە، زووكە هەڵبێ‌.

لەبەرخۆیەوە بیری لەوە دەكردەوە و دەیگوت: دەبێت ئەو دڕندانە چیان لەم شارە بوێت، دەبێت وەچەی ئەو جەلادانە بن کە بەخوێنی قوربانییەكان خۆیان مەست دەكرد، تەپوتۆزێكی زۆر لە رۆژئاوای شارەوە سەرنجی راكێشا، تادەهات نزیكتر دەبووەوە و شاری دادەپۆشی، چاوی بەملاو بەولایدا گێڕا چەند كەسێكی لە دوورەوە بەرچاو كەوت کە بەرەو دامێنی چیاكە دەرۆیشتن، بەرەو لای ئەوان هەڵات، چەند جارێك بانگی كردن، كەسیان ئاوڕیان نەدایەوە، وەك هیچیان بەرگوێ‌ نەكەوتبێ‌ بەردەوامبوون لە رۆیشتن. 

هەنگاوەكانی خێراتر كرد، هەستت بە تەپەیەكی زۆر دەكرد كە لەتەپەی پێی زەبەلاحەكان دەچوو، ئاوڕت دایەوە، چەند تارماییەكی زەبەلاح زارەترەكیان كردیت، تادەهات شار لە تەپوتۆزدا ون دەبوو، تارماییەكانیش نزیكتر دەبوونەوە، ئەو تارماییانە لە داینەسۆر دەچوون، لەشكرێكی گرگنیان بەشوێنەوە بوو، لە شێوەدا لە زەبەلاحەكان دەچوون، بەڵام تا زەبەلاحەكان نەجووڵابان، ئەوان نەیاندەتوانی لە شوێنی خۆیاندا بجووڵێن... لەگەڵ گەیشتیتە پشتی زنجیرە چیاكە، وچانێكت دا و ئاهێكت بەبەردا هاتەوە. 

لەپشت زنجیرە چیاكە، حەشاماتێكی زۆر دەتگوت شارەمێروولەن مۆڵ درابوون، لە رۆژی حەشر دەچوو، تێكڕا دەستیان بۆ ئاسمان بەرز دەكردەوە و دەپاڕانەوە.

دەنگی پیاوە گەورەكە هاتە گوێت، هەستت كرد تەواوی خەڵكەكە گوێ‌ بۆ شتێك رادەگرن كە پێدەچوو ئەو دەنگە بێت دەیگوت: لەوێدا پشوو بدەن، پەناگەیەكی ئارامە، ئەو دڕندانە لە توانایاندا نییە بەچیاكەدا هەڵزنێن، ئەگەر نزیكیش ببنەوە چیاكە قووتیان دەدات، بەناخی زەویدا رۆدەچن.

حەشاماتەكە هەموویان سوجدەیان برد بۆ خواوەند، ویستی بپاڕێتەوە پڕ بەگەرووت هاوارت كرد دەنگت دەرنەدەهات. چاوت نوقاند، دەستت بەرز كردەوە و لەبەرخۆتەوە دەتگوت: خودایە تێناگەم ئەمە كۆتایی ژیانە یان تراژیدیایەكی خوێناوییە، خودایە ئەو جەلادانەمان لە كۆڵ كەرەوە كە بەخوێن سەرمەست دەبن و گڕی ناخیان خامۆش دەبێت.

زەبەلاحەكان لە چیاكە نزیك بوونەوە، دەنگێكی گەورە كە لە شەقار شەقاربوونی زەوی دەچوو، حەشاماتەكەی راچڵەكاند، زەبەلاحەكان بەناخی زەویدا رۆچوون، تەمەكانی سەرشار دەرەوینەوە، پرشنگی خۆر دنیای رۆشن دەكردەوە.

لەدوای ئەو ڕووداوە، تەواوی كوچە و كۆڵانەكانی شار و شارۆچكەكان پڕبوون لە پەیكەری ئەو زەبەلاحانە.

پەیكەرتاشەكان پەیكەری زەبەلاحەكانیان لە شێوەی جۆراوجۆردا دروستدەكرد و لە فولكە و باخچە و شوێنە گشتیەكاندا دایاندەنان و ناوی ئەو شوێنانەیان بەناوی یەكێك لەو زەبەلاحانەوە ناودەنا.

هەندێك كەس وەك نەفرەتلێكراوێك سەیریان دەكرد، بۆ ئەوەی لەیادیان نەكەن و ئەو مەترسیەیان لەبیرنەچێتەوە، بەپێویستیان دەزانی ئەو پەیكەرانە هەبن.

هەندێك كەسی تر وەك شتێكی پیرۆز دەیانبینی و وەك پەرستراوێك لێیان دەڕوانی، هەندێكیان لەترسی نەفرەتی زەبەلاحەكان سوجدەیان بۆ پەیكەرەكان دەبرد و دەیانپەرستن، هەفتانەش دەچوونە سەردانی و قوربانییان بۆ دەكردن.

پێیانوابوو كە نەفرەتی زەبەلاحەكان و تووڕەییان دەبێتە هۆی وێرانبوونی شارەكەمان، هەر بۆیە نەدەبوو كارێك بكەین كە رۆحی زەبەلاحەكان تووڕە و بێزار بكات، بۆ ئەوەی شارەكەمان پارێزراوبێت، دەبێت خۆمان لە تووڕەكردنی زەبەلاحەكان بپارێزین، ئەگینا خۆشمان پارێزراو نابین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە