میتاسەرهات* ، مردنی چیرۆکی یەکەم

28-12-2018
حەمە مەنتك
نیشانەکردن میتاسەرهات
A+ A-

میتاسەرهات شێوازێکی نوێی گێڕانەوەیە، لەم شێوازەدا کۆمەڵێ بنەمای گێڕانەوە تێکدەشکێندرێ.

ئەم بنەمایانە بۆ ماوەیەکی زۆر وەکو یاسایەکیان لێ  هاتبوو. ئەم شێوازە هەر بنەمای گێڕانەوەی حەکایەتی کۆنی نەگۆڕی، بەڵکو بنەمای ڕۆمان و چیرۆکی نوێی گۆڕی. بۆ نموونە ئەو وەهمەی لەو ڕۆمانانەی بە تەکنیکی شەپۆلی هۆش نووسراون، کە بونیادێکی سەرەکیی خەیاڵە، سڕیەوە. 

لە ڕۆمان و چیرۆکی کۆندا کارەکتەرێک، شوێنێک، چیرۆکێک...تاد سەنتەر بوو. لەلایەکی دیکەوە یەك وەگێڕ دەسەڵاتی تەواوی هەبوو، سەنتەری گێڕانەوە بوو. ئەمەیش هەوڵێک بوو بۆ کلیلدانی شێوازی گێڕانەوە، هاوکات یەك چیرۆك دەکرا بە سەنتەر، ئەم بە سەنتەربوونە ڕێگر بوو لەبەردەم لە دایکبوونی چیرۆکی دیکە. ئەمەیش بە بڕوای ڕۆماننووسان و چیرۆکنووسان بۆ لاسەنگ نەبوونی بونیادی ڕۆمان، یان چیرۆکە. کەواتە میتاسەرهات بابەتی فەلسەفەی پۆستمۆدێڕنەیە، ئەویش کار لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی بە سەنتەربوون دەکا. ئەدەبیاتی پۆستمۆدێڕنە بە گشتی هەوڵی تێکشکاندنی ناوەند و بە سەنتەربوونی یەکێک لە توخمەکانی ڕۆمان و گێڕانەوە دەدا. ئەمەیش واتای مردنی وەگێڕ و کارەکتەری سەرەکییە. کەواتە سەرهاتگەلێکمان هەن کار لەبارەی سەنتەربوونەوە ناکەن، بەڵکو هەوڵی فرەیی لە هەموو توخمەکانی گێڕانەوەو ڕۆمان دەدەن.

گەمەی میتاسەرهات، گەمەیەکە لەسەر مەبەستی نووسین وەکو ئەدەبێکی خەیاڵکردە وەستاوە. ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ هوشیارییەکی خودی، کەرەسەکانی گێڕانەوە دەکاتە هۆکارێك بۆ ئاشکراکردنی ئەو فێڵ و گەمەیەی لە ناوەوەی سەرهاتەکەدا هەیە. لەم گێڕانانەوەدا زۆربەی جاران وەگێڕ جێناوی قسەکەرە، لەپێناو پیشاندانی نیەتپاکی و ڕوونی لە چۆنیەتی نووسین و گێڕانەوەدا. لێرەدا گێڕانەوە پتر لە سەرهاتێکی تۆبیۆگرافی دەچێت.

میتاسەرهات چیرۆکی سەرەکی، چیرۆکی یەکەمی سەرهات دەکوژێت. واتە هەمان کارکردنی مێتۆدی ڕەخنەی هەڵوەشانەوەگەرایە، کە "جاك دریدا" پێشەنگ و دامەزرێنەری بوو. ئەویش هەوڵی لەناوبردنی عەقڵسەنتەری لە ڕۆژئاوا دەدا. بە بڕوای "دریدا" ئەوە تەنێ عەقڵی ڕۆژئاوا سەنتەری پێشکەوتن و ژیان نییە، سەنتەری مەعریفە و فەلسەفە و شارستانییەت نییە، بەڵکو ڕۆژهەڵاتیش لە بەرهەمهێنانی ئەو مەعریفە و شارستانییەتەدا بەشدارە و دەبێ. میتاسەرهات هەوڵێکە بۆ کوشتنی ئەو چیرۆکەی هەوڵی بە سەنتەربوون دەدا. بە کوشتنی چیرۆکەکە، بوار و دەروازەی دیکە بۆ چیرۆك و شێوازی گێڕانەوەی دیکە دەکاتەوە. (( هەروەك "جۆن هۆکس" وادەبینێ، کە نووسینی ڕۆمان بەم گریمانەیە، کە دوژمنی ڕاستەقینەکانی: گرێچن، کەسایەتی و شوێن و بابەت و مرۆش لە ڕێگای بیرکردنەوەی مەئلوف دوور دەکەوێتەوە بۆ ڕۆمانەکە، بەڵام بە تەواوی دەمێنێتەوە بێ شک سەرتاپاگیری ڕوانین و بنەمایەتی.))١  شکاندنی چیرۆکی یەکەم خزمەت بە لایەنی تەکنیك و شێوازی گێڕانەوە و تێمەی ڕۆمانەکە دەکات. میتاسەرهات فۆرمێکی کراوە بە دەقی ڕۆمان و چیرۆك دەبەخشێ، ئەویش بە کەرتکردنی دەوروبەر(السیاق)ی دەق و بەشی سەرەکی دەقەکە، لە ڕێی هاتنەناوەوەی چەند وەگێڕێکی دیکە بۆ پێشکەشکردنی بیرکردنەوە و گۆشەنیگای دیکە. ئەمەیش گواستنەوەی دەقە لە دەوروبەرە کاتی و شوێنیەکەی بۆ ئاستێکی دیکە، بۆ ئەوەی ئەو وەهمە لای خوێنەر بەرانبەر گێڕانەوە هەیە بشکێنێ. کەواتە میتاسەرهات هەوڵی هەڵوەشانەوەی ڕەگەزە واقیعییەکان دەدات، لە ڕێی خەیاڵەوە بونیادیان دەنێتەوە. زۆر تەکنیك و ڕێ هەیە بۆ ئەوەی ئەم پرۆسێسەی شکاندن و بونیاتنانەوە ئەنجام بدرێت. بۆ نموونە لە ڕۆماندا سوود لە مەزراندنی هونەرەکانی ڕێپۆرتاژ، ژیاننامە، وتار و نامە...تاد دەدرێت، بەمەیش ڕەوت و یەكشێوازی گێڕانەوە دەشکێندرێت. هەموو ئەو هونەرانە بۆ ئەوەیە گێڕانەوە یەكڕەوتی نەبێت، هاوکات شێوازی جۆراوجۆر بخاتە بەردەم کارەکتەرەکان تاکو گوزارشت لە خۆیان بکەن. لێرەدایە خوێنەر دەزانێت چ شێواز و تەکنیکێك بۆ نووسینی ئەو دەقە بە کار هاتووە. ئەمە شکاندنی واقیعیەتی دەقی گێڕانەوەییە.

* مەبەست لەو زاراوەیە (Metafiction)ی ئینگلیزییە، کە بە عەرەبی دەبێتە (ما ورا‌و الروایە)، بە فارسی دەبێتە (فراداستان). هەرچەندە توێژینەوەی کوردیدا پێشتر زاراوەگەلی وەکوو (میتا ڕۆمان)ی بۆ بەکارهاتووە، بەڵام بە بڕوای من پڕ بە پێستی نییە، چونکە سەرهات واتە گێڕانەوە، کە چیرۆک، ڕۆمان، هەقایەت...تاد دەگرێتەوە، بەڵام (میتا رۆمان) ئاماژەیە بە تەنیا جۆرێکی گێڕانەوە، کە ڕۆمانە. لە بنەڕەتدا ئەم زاراوەیە یەک جۆر گێڕانەوە ناگرێتەوە، بەڵکوو چیرۆکیش دەگرێتەوە.
١. ڕۆمانی کوردی – خوێندنەوە و پرسیار-، سابیر ڕەشید، بەشی یەکەم،ل١٢٩.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە