پێنج سوودی فێربوونی زمانی دووەم

29-03-2018
هۆشەنگ دارا
نیشانەکردن زمان
A+ A-

رووداو - هەولێر

لە چەند دەیەی دواییدا لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە زمان فراوانتربوون و تەنها لە چوارچێوەی بابەتی زماندا نەماونەتەوە. لە زانستی نوێدا باس لە زمان دەکرێت وەک بابەتێک کە پەیوەندیی بە بابەتە زانستییەکانی دیکەوە هەیە، وەک زمانناسی، سایکۆلۆژیای زمان، کۆمەڵناسیی زمان و چەندین بابەتی دیکە کە لە کاریگەریی زمان و فێربوونی زمان لە سەر هزر، دەروون و رەفتاری مرۆف دەکۆڵنەوە. 

زاناکان لە سەر ئەوە کۆکن کە فێربوونی زمانی دووەم کار دەکاتە سەر تێگەیشتن و تێڕوانینی مرۆڤ و گۆڕانکاریی لە هزری مرۆڤەکاندا دێنێتەئاراوە. هەموو لێکۆڵەرەوان هاوڕان لە سەر ئەوەی کە کاریگەرییەکانی فێربوونی زمانی دووەم لە سەر مرۆڤ ئەرێنین و لە گرنگترین ئەو کاریگەرییانەش دەتوانرێت ئاماژە بەچەند خاڵێک بکرێت لەوانە:

یەکەم: فێربوونی زمان دەبێتە هۆی کرانەوەی بیر. واتە ئەوانەی فێری زمانی دیکە، جگە لە زمانی دایک دەبن، کراوەتر بیردەکەنەوە. هاوکات رێخۆشکەرە بۆ باشتربوونی کوالیتیی ژیانیان. ئەم کەسانە ئاسانتر لەوانی دیکە بیرۆکە نوێکان وەردەگرن و پەسندیان دەکەن. ژمارەیەک لە توێژەرانی زانکۆی سیدنی ئوسترالیا لە توێژینەوەیەک بەو ئەنجامە گەیشتوون ئەوانەی زمانی دووەم دەزانن "باشتر دەتوانن لەگەڵ بۆچوونە جیاوازەکاندا هەڵبکەن و رێز لە ئازادیی ئەوانی دیکە دەگرن". 

دووەم: فێربوونی زمانی نوێ دەبێتە هۆی پێشکەوتنی هۆشیاریی کولتووری. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی هاوبەشی زانایانی زانکۆی بازرگانیی لەندەن و زانکۆی بازرگانیی نانیانگی سەنگافورە، زمانی دووەم هۆشیاریی کولتووریی کەسەکە دەباتە پێش و بە هۆیەوە ئاسانتر هێما و ئاماژە کولتوورییەکان درک دەکات، ویستی بۆ تێکەڵاویی زیاتر دەبێت و شارەزایانەتر لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکاندا رەفتار دەکات.

سێیەم: فێربوونی زمان کارکردنی مێشک چالاکتر دەکات. زانایانی زانکۆی ئێدنبرەی سکۆتلەندا دەڵێن، مێشکی ئەو کەسانەی کە زیاتر لە زمانێک دەزانن درەنگتر پیر دەبێت، ئەوەش لەبەرئەوەی مێشکیان چالاکترە و بەکاربردنی دوو زمان وادەکات هەموو دەمار و شوێنە جیاوازەکانی مێشکیان لە جووڵەدا بێت و ئەوەش بەهێزی و چالاکیی زیاتری مێشک بە دوای خۆیدا دێنێت و نەخۆشییەکانی وەک لەبیرچوونەوە دوادەخات.

چوارەم: فێربوونی زمانی نوێ داهێنەریی لە کەسەکاندا زیاتر دەکات. زانینی زیاتر لە زمانێک دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە زیاد لە جۆرێک بیرکردنەوەی هەبێت و ئەوەش گرنگترین تایبەتمەندیی کەسانی داهێنەرە. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئەمریکی لە شارقە فێربوونی زیاد لە زمانێک توانای داهێنەری لە کەسەکاندا زیاتر دەکات و هاندەرێکی باشە بۆ ئەوەی بیرکردنەوەی داهێنەرانە گەشە بکات. 

پێنجەم: فێربوونی زمانی دووەم رێگای فێربوونی زمانی سێیەم و چوارەم خۆش دەکات. لە دیدی زانایان، فێربوونی زمانی دووەم لە رۆژگاری ئەمڕۆدا پێویستییەکی گرنگە و یارمەتیدەرێکی باش دەبێت بۆ ئاسانکردنی پەیوەندییەکانی مرۆڤ لەگەڵ جیهانی دەرەوەی خۆیدا. زاناکان لەو باوەڕەدان فێربوونی زمانی دووەم لەوانەیە کارێکی ئاسان نەبێت، بەڵام وادەکات فێربوونی زمانی سێیەم و چوارەم ئاسانتر بێت، چونکە مێشکی کەسەکە بۆ وەرگرتنی زمانی دیکە کراوەتر دەکات و بە هۆیەوە ئاسانتر لە زمانی دووەم فێری زمانی سێیەم دەبێت.

پێداچوونەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە