ئاڵا بەرزنجی 119 خواردنی كوردەواری بە بەریتانیەكان دەناسێنێ

29-12-2015
نەوزاد مەحموود
نیشانەکردن خواردن
A+ A-

رووداو- سلێمانی 

لە لەندەن و شارەكانی دیكەی بەریتانیا، ئەوانەی حەزیان لە خواردنی كوردەوارییە، چیدی پێویستیان بەوە نەماوە خۆیان لە كوردی تاراوگەنشین نزیك بكەنەوە بۆ ئەوەی تامی ئەو خواردنانە بكەن، ئێستا لەسەر رەفەی كتێبخانەكان كتێبێك دەبینن كە یەكێك لە خەونە مەزنەكانی ژنێكی كوردیشی هێنایەدی.  

ئاڵا بەرزنجی، بە درێژایی ئەو ساڵانەی لە بەریتانیا و وڵاتانی دیكەی ئەوروپا نیشتەجێ بووە، هەمیشە بە نێو كتێبخانەكاندا گەڕاوە، بەڵام هیچ كتێبێكی لەبارەی خواردنە كوردەوارییەكانەوە نەبینیوە، لەكاتێكدا زۆر كتێبی بە ئینگلیزی چاپكراوی بینیوە لەبارەی كولتوور و خواردنی میللەتانی دیكەوە. ئاڵا دەڵێ "ئەوە وای لێكردم بیر لە نووسینی كتێبێك بكەمەوە لەبارەی چۆنێتی دروستكردنی خواردنە كوردەوارییەكان بە زمانی ئینگلیزی". 

ئاڵا دەڵێ پرۆژەكە لە رواڵەتدا وا دەردەكەوێ‌ تەنیا پرۆژەیەك بێت بۆ ناساندنی خواردنی كوردی "بەڵام ئەوە رەسەنایەتی و كولتووری نەتەوەكەشمە". 

كاتێك ئاڵا بەرزنجی، لە ماڵەكەی خۆیدا خواردنی بۆ هاوڕێی منداڵەكانی، یان بەشێوەیەكی خێرخوازی بۆ قوتابخانەی منداڵەكانی ئامادە دەكرد، تێبینی كردبوو كە بیانییەكان زۆر حەز بە خواردنی كوردی دەكەن "رۆژئاواییەكان هەمیشە بە دوای خواردنی نوێ و باشتردا دەگەڕێن، ئەو كتێبە دەتوانێ‌ فێریان بكات خواردنی كوردی چۆن دروست دەكرێ‌". 

ئاڵا بەرزنجی، كچی شێخ عوسمان شێخ مەحموود بەرزنجییە، لە بنەماڵەی شێخ سەبری قازییە كە بنەماڵەیەكی نێوداری شاری سلێمانین. داپیرەی ئاڵا، كچە خاڵی حەفسەخانی نەقیبە. ئاڵا ساڵی 1995 چووەتە لەندەن، ماستەری لە كۆمپیوتەر و سیستمی زانیاریدا هەیە. كتێبەكەی ئاڵا (Traditional Kurdish Food) لە 21/3/2015 كەوتە بازاڕەكانی ئەوروپاوە. 

مامۆستا گەورەكەی ئاڵا، ئافرەتێكی دونیادیدە بوو كە بەردەوام لە نێو چێشتخانەی ماڵەكەی خۆیان لە سلێمانی بە بۆنی خواردنەكانی، میوانانی دڵخۆش دەكرد، ئەویش دایكی بوو. ئاڵا دەڵێت "دایكم یەكێك بوو لە شاژنە ناسراوەكانی سلێمانی، تام و چێژی خواردنەكانی زۆر نایاب بوو، هەمیشە هانی دەدام بۆ ئەوەی ئەو خواردنە كوردەواری و رەسەنانە بكەمە نووسراو، زۆر كوردپەروەر و دڵسۆزی نەتەوەكەی بوو". 




سەبارەت بە بۆچوونی بەریتانییەكان لەبارەی كتێبەكەی، ئاڵا دەڵێت دەستخۆشی زۆری لێكرا كاتێك كتێبەكە كەوتە بەر چاوی بەریتانییەكان "هەیانبوو دەیگوت من پێشتر زۆر بۆ كتێبێك گەڕاوم فێری خواردنی كوردیم بكات". 

ئاڵا نهێنی تامەزرۆیی رۆژئاواییەكان بۆ خواردنی كوردی رووندەكاتەوە و دەڵێ‌ "خواردنە كوردەوارییەكان هەمیشە بە كەرەستەی تازە و تەڕوبڕ دروست دەكرێن، ئەگەر یەك دوو كەرەستەشت بۆ پەیدا نەكرێ‌، زۆر كار ناكاتە سەر تام و چێژی خواردنەكە، بۆ نموونە ئەگەر گۆشتنەخۆرێك بیەوێ‌ ئامادەی بكات، دەتوانێ‌ بەبێ‌ گۆشت دروستی بكات، بۆیە زۆرتر گۆشتنەخۆرەكان پێشوازی لێدەكەن". 

كتێبەكەی ئاڵا بەرزنجی باسی چۆنێتی دروستكردنی 119 خواردنی كوردەواری دەكات كە بەسەر 8 بەشدا دابەشی كردوون و 204 لاپەڕەیە.  

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستكەوتنی كەرەستەی ئەو خواردنە كوردەوارییانە لە وڵاتێكی وەكو بەریتانیا، ئاڵا دەڵێت "ئینگلیزەكان پەكیان لەسەر ئەوە ناكەوێ‌ كەرەستەی خواردنەكان چۆن پەیدا بكەن. بۆ نموونە لەو ناوچەیەی من لێی دەژیم لە رۆژئاوای لەندەن، هەموو جۆرە كەرەستەیەكی خواردنی كوردەواری دەستدەكەوێ‌، سماق، رەشكە، شمڵی، هەموو پێكهاتەیەكی دیكە". 

تاوەكو ئێستاش، لە كوردستان خواردنە كوردەوارییەكان سفرەی میواندارییە تایبەتییەكانن. هەروەك چۆن چەند خواردنگە و رێستورانتێكی نوێش پەیدا بوون دەیانەوێ‌ كڕیارەكان بە ناونیشانی خواردنی كوردەواری بۆلای خۆیان پەلكێش بكەن. ئەو دەڵێ‌ لە ئەوروپا كوردی تاراوگەنشینی زۆری بینیوە كە دەستڕەنگینن لە ئامادەكردنی خواردندا "بەڵام كتێبەكە هاوكاریی هەموو لایەك دەكات". 

دڵخۆشیشە بەوەی ئەمڕۆ كتێبەكە لەچوارچێوەی بەریتانیا نەماوەتەوە "براوەتە ئەمریكا و ئەوروپا، هەروەها لەلایەن كۆمپانیا گەورەكانی بڵاوكردنەوەی كتێبەوە ستایشی زۆر كراوە، چونكە شێوازێكی ئاسانی ئامادەكردنی خواردنە". 

ئەستێرەی ئاڵا بەرزنجی، ئەو ئافرەتەی بە رێگای تام و بۆنی خواردنە كوردەوارییەكانی دایكیدا هەنگاوی نا، زۆرتر دەگەشێتەوە. ئێستا كتێبەكەی بانگهێشت كراوە بۆ بەشداریكردن لە پێشانگا گەورەكان. لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا، كۆمپانیای پیپسی هانیان دا كتێبەكە و نموونەی خواردنەكان لە پێشانگایەكی گەورەدا نمایش بكات "زۆر دڵخۆش بووم كاتێك بینیم لەو پێشانگایەدا خەڵك سەرەیان گرتبوو بۆ ئەوەی تامی خواردنەكان بكەن، دوای تامكردنی، كتێبەكەیان دەكڕی و دەیانپرسی كە ئاخۆ من رێستورانتم هەیە تاوەكو بێنە ئەوێ‌؟".
 
ئاڵا دەڵێت "دوو شێفی بەنێوبانگی سەرشاشەی تەلەڤزیۆن لە بەریتانیا پۆڵ هۆڵیۆد و مێری بێری، هاتن بۆلام و ستایشێكی زۆریان كردم".  ئەو بەهیوای ئەوەیە پرۆژەكەی بتوانێ‌ تەواوی رۆژئاوا بگەڕێت و جیهان بتوانن لە نێو ماڵەكانی خۆیانەوە تامی  خواردنی كوردی بكەن. 

ئەو رۆژەی كتێبەكەی چاپخانەی جێهێشتووە، ئاڵا ئاهەنگێكی رێكخستووە و ژمارەیەك كوردی تاراوگەنشین و هاوڕێكانی لە نەتەوەكانی دیكە بانگهێشت كردووە "هەموو دڵخۆش بوون بەوەی كە ئیدی بە زمانی ئینگلیزی دەتوانی بزانی خواردنی كوردەواری چییە و چۆن دروست دەكرێ". 
  
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە