لە 17ی كانوونی دووەمی 2019 لە رووماڵێكی راستەوخۆدا لەسەر سەیرانی خەڵك بۆ نێو بەفر لە چیای ئەزمەڕ، بە تۆپەڵە بەفر لەلایەن گەنجانی سەیرانییەوە لێیدرا و دیمەنی شەڕە بەفرەكە لە لاپەڕەی فەیسبووكی رووداو زیاتر لە 700 هەزار بینەری هەبوو، دواتریش لەلایەن گرووپێكی هونەرییەوە كرایە كاریكاتێر. هەروەها لە ساڵەكانی پێشتر ئەوەی بەسەرهاتبوو لە ئەزمەڕ، بەڵام جاری دوایی زۆرترین بینەری هەبوو.
لە 26ی حوزەیرانی 2019 ڤیتی لەسەر بڵاوبوونەوەی نەخۆشی هەوكردنی ڤایرۆسی جگەری لەنێو پەنابەرانی كەمپی عەربەت كرد، لە ئەنجامدا وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان و رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان دەستیانكرد بە هەوڵدان بۆ چارەسەركردنیان و ئێستا رێوشوێنی تەندروستی پێویست گیراوەتەبەر بۆ رێگریكردن لە زیاتر بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.
لە 14ی ئابی 2019 ڤیتی لەسەر خەڵاتكردنی خوشك و برایەكی قوتابی خەڵكی هەڵەبجەی شەهید كرد كە لە وڵاتی سوێد دەخوێنن كە لە سوێد لەلایەن پاشاوە خەڵاتكرابوون، ئەو ڤیتییە لەلاپەڕەی فەیسبووكی رووداو زیاتر لە 630 هەزار بینەری هەبوو، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای بینینی ڤیتییەكە پەیوەندی بە خێزانەكەوە كرد و پێیگوتبوون كە لە ڤیتیەكەی رووداوەوە ئێوەم بینیوە، دەستخۆشی لێكردبوون و بڕیاری بینینی خێزانەكەی دا.
رووماڵی كۆنگرەی هەنگەوانانی وڵاتانی عەرەبی كرد لە وڵاتی لوبنان لە 10ی ئابی 2018. هەروەها لە 20ی نیسانی 2015 رووماڵی رێككەوتنی نێوان كۆمپانیای ئاسیاسێل و هونەرمەند كازم ساهیری كردووەو، چەند پرسیارێكی لە كازم ساهیر كردووە.
سامان بەشارەتی، لە ساڵی 1988 لە هەڵەبجەی شەهید لەدایكبووە. خوێندنی ئامادەیی لە سلێمانی تەواوكردووە.
لەساڵی 2005 دەستی بە كاری رۆژنامەڤانی كردووە، لە رۆژنامەی كوردستان راپۆرت، رۆژنامەی رۆژنامە و تەلەڤزیۆنی كەی ئێن ئێن پەیامنێر بووە .
جگە لە زمانی كوردی، زمانی عەرەبیش دەزانێت، خێزاندارە و باوكی سێ منداڵە.